دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو ماڵدا!

بەخێوکردنی ئاژەڵ
 
لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستان ئاژەڵبەخێوکردن لەنێو ماڵدا بووە بە باو و خەڵکێکی زۆر پێوەی خەریکن، لەنێو ماڵ و لەسەر سیسەم و باوەشی خۆیاندا ئاژەڵەکانیان دەخەوێنن، لەم وتارەدا بەخێرایی تیشکێک دەخەینە سەر ئەو بابەتە و شەنوکەوێکی خێرای دەکەین.

بابەتەکەش لە سێ تەوەر پێک دێت، تەوەری یەکەم تیشک دەخاتە سەر ئاژەڵبەخێوکردن لە ڕۆژئاوا، تەوەری دووەم ئاژەڵبەخێوکردن لە کوردستان، تەوەری سێیەم باسی ئاژەڵدۆستی و زیادەڕەوی لە بەرزکردنەوەی پێگەی ئاژەڵ دەکەین.

تەنهایی و بەخێوکردنی ئاژەڵ لە ڕۆژئاوا
 
لە ڕۆژئاوا دوای ئەوەی ژیانی مۆدێرنە زاڵ بوو بەسەریاندا و، تاکگەرایی بوو بە بەشێک لە ژیان و کولتووریان، سەرەڕای زاڵبوونی سەرمایەداریی و قورسبوونی بارودۆخی ژیان و گوزەران، بە جۆرێک پێویست بکات هەر تاکێک کاتێکی زۆر کار بکات هەتا بتوانێت پێداویستییەکانی ژیانی دەستەبەر بکات.

جگە لەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕۆژئاوا بە گشتی و وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە تایبەتی، خێزان بەردەوام بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمەش شتێکی نامۆ نییە، چونکە سیستەمەکە خۆی کار دەکات بۆ لاوازکردنی خێزان و لێسەندنەوەی ئەو پێگە بەرز و گرنگەی پێشتر هەیبوو، هەروەها هەموو ئەو ڕۆڵانەی پێشتر هەیبوون یان بەتەواوی لەدەستی داوە یان تەواو لاواز بووە.

ئەم ناسەقامگیریی و زاڵبوونی چێژگەراییەی لە ڕۆژئاوا بڵاو بوویەوە بووە هۆی ئەوەی خێزان وەک پێشتر نەمێنێت، بەڵکوو کوڕ و کچ پەیوەندی سێکسی ببەستن و مومارەسەی بکەن بەبێ ئەوەی بووبنە هاوسەری یەکتر، بەڵکوو زۆر جار دیومانە دوای دوو سێ منداڵ دوو کەس ڕایانگەیاندوە کە خێزانیان پێکهێناوە، ئەمەش دیارە ناسەقامگیری و بێمتمانەییەکی زۆر دروست دەکات، بە تایبەت پیاوان زیاتر بەدوای چێژە جەستەییەکانیانەوەن، ئەو ڕێگەیەش ڕێگەیەکی باش و سەلامەتە بۆ ئەوان، خۆیان لە بەرپرسیارێتی لادەدەن و خۆیان دەدزنەوە.

هەروەها ڕۆژئاوا بە هۆی ئەوەی خودای ون کردووە و، هەتا ئێستاش دەناڵێنێت بەدەست بێمانایی و بڵاوبوونەوەی پوچگەرایی لە ژیانیاندا، ئەم هەموو پاڵەپەستۆ دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و هزرییەی لە ڕۆژئاوا هەیە پاڵی پێوە ناون کە گرنگی بدەن بە بەخێوکردنی ئاژەڵ، ئەمەش بێ هۆ نییە، ئاژەڵ وەک منداڵ نییە، منداڵ پێویستی بەچاودێری ورد و گرنگیپێدانی زۆر هەیە، هەم لە ڕووی جەستەیی، هەم لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەڵام ئاژەڵ ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی ناوێت، هەر کەسێک دەتوانێت لە ماڵەوە بەتەنیا بەجێی بهێڵێت، دواتر دوای ئیش و کار بێتەوە بۆ لای و لەگەڵیدا هەندێک یاری بکات، یان پیاسەیەکی پێ بکات، لە هەموو ئەو بەرپرسیارێتیانەش ڕزگاریان دەبێت کە لە خێزاندا دەکەوێتە سەریان، هەروەها لە ڕووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە وەک ڕۆژهەڵات نین، بە جۆرێک لە ڕۆژهەڵات دەرودراوسێ و خزم و کەسوکار پەیوەندییان هەیە بەیەکەوە و سەردانی یەکتر دەکەن.

خاڵێکی تری جەوهەریش هەیە دەبێت تیشکی بخەینە سەر، ئەویش ئەوەیە زۆرینەی تیۆرە دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و بایلۆجییە ڕۆژئاواییەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ نزیکە، لەگەڵ ئاژەڵ یەک باوانیان هەیە، لە ڕووی ڕەفتاریشەوە وەک پاڤلۆڤ و دەیانی تر تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵ کراوە و، دواتر بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە، ئەمەش لە ڕووی بایلۆجی و فیکری و دوروونیی و ڕەفتارییەوە مرۆڤ زۆر لە ئاژەڵ نزیکخراوەتەوە، جگە لەوەش ڕۆژئاوا لە ڕووی ڕەفتاریشیەوە تووشی لادانی زۆر بوون.

لەو بارودۆخە سەختەی ڕۆژئاوا ڕەنگە بەخێوکردنی ئاژەڵ بەشێک لەو پاڵەپەستۆ و زەختە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەیان کەم بکاتەوە، بەڵام باشە بۆ ئێرە و بۆ کوردستان چ زەرورەتێک هەیە؟ لە تەوەری دووەمدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە.
 
بەخێوکردنی ئاژەڵ لە کوردستان
 

ئایە لە کوردستان زەرورەتی بەخێوکردنی سەگ و پشیلە هەیە؟ بە ڕوانین لە دۆخی کوردستان دەتوانین بڵێین هێشتا لە کوردستان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەکان تا ئاستێک ماون، خێزان هێشتا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت ئەگەرچی زۆر هەوڵی ئەوە دەدرێت خێزان لاواز بکرێت، هەروەها لە ڕووی ئایینی و پەیوەستیی ئایینییشەوە هێشتا تا ئاستێکی باش ئایین ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت.

بە بۆچوونی من نە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نە لە ڕووی دەروونییەوە نە لە ڕووی ئایینییەوە، زەرورەتی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوونی نییە لە کوردستان، هەڵبەت کاتێک باسی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەین لەنێو ماڵدا، نەک بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ بژێوی، یان پاسی ماڵ و مەڕوماڵات.

ئەوەی لێرە هەیە زیاتر دووبارەکردنەوەی کولتووری ڕۆژئاوایە، واتا وەک جۆرێک لە خۆنواندن و پۆزلێدان ئاژەڵ بەخێو دەکەن، بە تایبەت پشیلە و سەگ، بە جۆرێک لە جۆرەکان لایان وایە لەڕێگەیەوە دەتوانن خودی خۆیان دەرخەن و کەسایەتیان پیشان بدەن، ئەمە بەشێک لەوانە دەگرێتەوە کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن.

بەشێکی تر لەوانەی ئاژەڵ بەخێو دەکەن تەنیا بەخێوکردنێکی سادەی ئاژەڵ ئەزموون ناکەن، بەڵکوو دەیانەوێت ئەو کولتوور و پاشخانەی لە ئەورووپا هەیە لەپشت بەخێوکردنی ئاژەڵەوە بیهێنن و لە ژیانی خۆیاندا ئەزموونی بکەن، هەروەها هەوڵی ئەوەش دەدەن لەنێو خەڵکیشدا بڵاوەی پێ بکەن.

ئەوانە مەرج نییە لادین یان بێباوەڕبن، بەڵکوو هەیانە ڕیشێکی درێژی هەیە، نیقابە، باڵاپۆشە، قورئانخوێن و، هەندێک جار بانگخواز و قسەکەری دینییە، بەڵام  لە جەوهەریاندا گوزارشت لە ژیانێکی بەمۆدێرنکراو دەکەن، هەوڵی خۆدابڕین دەدەن لە دەوروبەر، هەموو سەرنجیان ژیانی تایبەتی خۆیان و، چێژە تایبەتەکانی خۆیانە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێویست ناکات منداڵت هەبێت و خۆت بژاکێنیت، پێویست ناکات بۆ ماڵ و مێرد خۆت کەر بکەیت، هەوڵبدە لەبریی ئەوە زۆرترین چێژ وەربگریت، بۆ خۆت بژی، تەنیا خەمی خۆتت هەبێت، لەبریی منداڵ پشیلەیەک بەخێو بکە، لە ماڵی خەسوو و خەزوورت دوور بە، لە ژیانتا هیچ شتێک بێبەرانبەر مەکە ... ئەم خۆپەرەستیی و تاکگەراییە کە هەموو شتێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی و ئارەزووە کەسییەکانی خۆیەوە دەبینێت، هاوکاتە لەگەڵ خۆبواردن و خۆلادان بەرانبەر ئەوانی تر و بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان، بەم جۆرەش دەیەوێت ئەو ژیانە کۆمەڵایەتییە پڕ بە رپرسیارێتییە بگۆڕێت بە ژیانێک کە خۆی تەوەر و سەنتەرە و هە موو شتەکان بە دەوری خودی خۆیدا دەسوڕێتەوە و، تەنیا هەوڵی تێرکدرنی ئارەزووە کەسییەکانی دەدات، جگە لەوەش بە بەخێوکردنی ئاژەڵێک ئەو بۆشاییە کۆمەڵایەتییە پڕ بکاتەوە.

بۆیە ئاژەڵبەخێوکردن دیاردەیەکی نەشاز و ناڕێکە بە کولتوور و ئایینی ئێمە، بە تایبەت بەخێوکردنی سەگ و پشیلە و مەیمون ... خەواندنیان لە ناوماڵ و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک ئەندامێکی خێزانەکە، هەندێک جار زیاتر لە منداڵێک گرنگی پێ دەدرێت، جگە لەوەی گەڕاندن و هێنان و بردنی لەناو بازاڕ و کوچە و کۆڵانەکان ناقۆڵاو ناڕێکە، بە تایبەت بۆ مرۆڤی موسڵمانی پەیوەست بە دین.
 
ئاژەڵ و ئاژەڵدۆستی
 
گومانی تێدانییە لە ئیسلامدا هەموو بوونەوەرەکان ڕێزلێگیراون، داواکراوە لێمان بەجوانی و بەسۆزەوە مامەڵە بکەین لەگەڵ ئاژەڵدا، ئازاریان نەدەین و نەیانکەینە هۆکاری سەرگەمی و، بیاندەین بە شەڕ و چیژ لەو شەڕەیان ببینین، یان تونی و برسییان بکەین و ئەشکەنجەیان بدەین، بۆیە موسڵمان لەم ڕووەوە دەبێت تەواو پابەندی شەریعەت بێت و مامەڵەیەکی زۆر جوان نەک تەنیا لەگەڵ ئاژەڵ، بەڵکوو لەگەڵ سروشتیشدا بە گشتی بکات.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئاژەڵ بهێنرێتە ئاستی مرۆڤ و ئەو سنورانەی دانراون پشتگوێیان بخەین و ڕەچاویان نەکەین، بە تایبەت ئێستا دەبینین لە ناوەندی شار و قەزاکان سەگێکی بەرەڵای زۆری لێیە، چەندنین جاریش ئەم سەگانە ئازاری منداڵ و گەورەشیان داوە و پەلاماری خەڵک دەدەن، هەندیک کەسیش  ئەو پاساوە دەهێننەوە کە سەگ پەلامار نادات و، هەتا ئازاری نەدەیت ئازارت نادات، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، سرووشتی ئاژەڵ لە سرووشتی مرۆڤ جیاوازە، ئاژەڵ بە گشتی و سەگ بە تایبەتی کەسی نەناس ببینیێت پێی دەوەڕێت و پەلاماری دەدات، بە تایبەت ئەگەر هەست بکات کەسەکە لێی دەترسێت و ڕا دەکات، ڕاستەوخۆ پەلاماری دەدات، بۆیە نابێت ئەو بیانووە بهێنینەوە، بە تایبەت ئێمە ناتوانین ئەو هەموو خەڵکە کۆنترۆڵ بکەین کە ئازاری ئاژەڵ نەدەن، ناشکرێت کەسێک ئازاری بدات و پەلاماری کەسێکی داماو بدات، بۆیە دەبێت بە ناوی بەرگریی لە ئاژەڵ و ئاژەڵدۆستی فەزڵی سەگ و پشیلە بدەن بەسەر مرۆڤدا.

ناشکرێت کەسێک کە سەگبازە (لێرەدا مەبەستمان سوکایەتی نییە کە دەڵێین سەگباز) یان زۆر شارەزایە لەمامەڵە لەگەڵ سەگ، بێت و بڵێت ئەی بۆ من ناگرێت؟ ئاخر هەیە مار دەگرێت، دەبێت ئەو کەسە بێت و بڵێت مار مەترسیدار نییە؟ نەخێر.

لێرەدا دەبینین هاوکێشە سروشتییەکەمان تێکداوە بە ناوی دڵسۆزی بۆ ئاژەڵ، ئاژەڵ ژیانی لەناو شاردا نییە، بە تایبەت سەگ و چوارپێکان، یان تەیر و تویرەکان، ئەوان ژیانیان لە دەشت و دەر و شاخ و دارستانەکانە، بۆیە دەبێت چارەسەری باشیان بۆ بدۆزرێتەوە، نەک ئاوا هەتا بێت زیاتر بن و زۆرتر بڵاو ببنەوە.
 
کۆتایی
لە کۆتاییدا تیشک دەخەینە سەر ئەوەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو ماڵەکاندا هیچ زەروورەتێکی نییە لە کوردستان، نابێت موسڵمانیش بچێتە ژێرباری ئەم کولتوورەوە، هەروەها دەبێت بزانین هاتن ئەم کولتوورە تەنیا هاتنی بەخێوکردنی ئاژەڵ نییە بەتەنیا، بەڵکوو یەک دونیا دیاردە و پاشخانی تری پێوە دێت، جگە لەوەش هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ئاژەڵ لەنێو ماڵ و شارەکاندا یەکەم جار ستەمە لە خودی ئاژەڵەکان پێش ئەوەی ستەم بێت لە مرۆڤ، چونکە خودا ئاژەڵی بۆ ئەو ژیانە دروست نەکردووە کە ئێستا دەیانەوێت بیهێننە نێو شار و ماڵەکان، وەک چۆن باخچەی ئاژەڵان ستەمە لە ئاژەڵەکان و هەڵکەندنیانە لە شوێنی سرووشتی خۆیان.

دەبێت هەمووان بەدوای ڕێگەچارەی گونجاو بگەڕێین بۆ کۆتاییهێنان بە بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو ماڵ و شەلتەرەکان.
 

6/1/2025 1:14:27 PM