کوشتارگە شاراوەکە
کوشتارگە شاراوەکە
تاوانکاری و دەستی چڵێس و خوێناویی ڕۆژئاواییەکان دیار و ڕوونە بە درێژایی مێژووی داگیرکاریی ڕۆژئاوایی، کوشتارگەی هیندییە سوورەکان، دەستدرێژی، ڕەشبگیری، لەناوبردنی جەزائیرییەکان، قۆرغکردنی ئابووری چین و هندستان و چەندەها تاوانی دیکە کە لە ژماردن نایەن.
لەناو ئەم تاوانانەدا تاوانگەلێک هەن بە ئەستەم لەناو پەڕاوە مێژووییەکان دەیانبینیت، وەکوو ئەوەی پەردەی شەرم و حەیای لەسەر بێت و شاردرابێتەوە، ئەویش مێژووی بازرگانیکردنە بە کۆیلەوە، بەڵام بە جۆرێک هەرگیز نەتبیستووە.
بەرچاو تەسکی و تەماحی سپیپێستەکان پەرەی سەند کاتێک زانییان بازرگانیکردن و هاوردەکردنی کۆیلە ڕەشپێستەکان پارە و سامانێکی زۆری تێدایە، هەستان دەستی ژەهراوییان خستە ناو ئەم کارەوە و لێکەوتەی زۆر ترسناک و سەختی بەدوادا هات بۆ ڕۆڵە خێر لە خۆ نەدیوەکانی ئەفریقا.
سەرەتا پرتوگالییەکان دەستیان کرد بەم کارە لە سەرەتای سەدەی پازدەیەم تاوەکوو سەدەی شازدە کە لە مینای «ئەنگۆلا» و «مۆزەمبیق»ەوە زیاد لە (١٠) هەزار ئەفریقییان هاوردە کرد، وێڕای ئەوەی ژمارەکان ڕوون نین، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوەی پورتوگالی دەڵیت: "تەنیا پورتوگالییەکان بازرگانیان کردووە بە زیاد لە دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار کۆیلە لە ئەفریقا"، بارودۆخی ئەم کۆیلانە لەوپەڕی خراپیدا بوون، بە جۆرێک لەڕێی بەلەمی بچووکەوە دەیانگواستنەوە و بەیەکەوەیان دەبەستن کە ژێر قاچیان پڕ بوو لە پاشەڕۆ و پیسی و خوێنی خۆیان، بەشێکی زۆریان تووشی نەخۆشی کوشندە دەهاتن و هەندێکیان سەرگەردانانە خۆیان دەکوشت و خۆیان فڕێ دەدایە ناو زەریاوە تا لە دەستی ئەم سپیپێستە خوێنخۆرانە ڕزگاریان ببێت.
لە دوای پرتوگال، بەریتانیا دەستی کرد بە هەوڵی نا بەربەرەکانی پورتوگال، بۆیە بە شێوەیەکی سەیر کۆیلەی هاوردەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرد و دەیخستنە بەردەسی سەرمایەدار و خاوەن زەوییەکان لە ئەمریکا، ئەوانیش (١٥) بۆ (١٨) کاژێر لەبەر خۆر کاری دروێنە و لۆکەیان پێ دەکردن، هەندێک جار یەک ژەمیان پێ دەدرا لە رۆژێکدا و بە چەندەها جۆری لێدان و ئەشکەنجە ئازار دەدران.
بە نزیکەیی (٨٥٠) هەزار ئەفریقی لە کەناراوەکانی ئەفریقیادا مردن تەنیا لە کاتی هەناردەکردنیان بۆ ئەمریکا، ئەمەش پرۆسەیەکی تایبەت بوو، تیایدا کۆیلەکان ئامادە دەکران بۆ فرۆشتنەوەیان لە پرۆسەیەکدا پێی دەوترا (seasoning)، لەم ناودا نزیکەی ٥ ملیۆن رۆحی ماندوو ونبوون و دیار نەمان بەهۆی ئەشکەنجە و نەخۆشی و کەمئاوی و چەندەها نەگبەتی کە لەسەر دەستی سپیپێستەکان تووشیان بوو، بە جۆرێک خەمڵێنراوە تەمەنی بەشێکی زۆر لەو کۆیلانە تەنها ٧ ساڵ بووە.
پاش ئەو تەنگەژە و نەهامەتییانە بە نزیکەیی ٢٠ ملیۆن ئەفریقی بەهۆی چڵێسی و سروشتی دزێوی سپی پێستە داگیرکەرەکان گیانیان لە دەست دا، ئەم زانیارییانەش بە لایەنی کەمەوە داندراون، چونکە سەرچاوەکانی تر نزیک دەبنەوە لە ٥٠ ملیۆن کەسی کۆیلەکراو.
ئەمانە مشتێکن لە خەرمانی وەحشیگەریی دێو و دڕندەکانی ئەورووپا، وەکو عەرەب دەڵێت: (ما خفی اعظم)، واتە: «ئەوەی بزرە گەورەترە.»