ئێوەش هەستتان پێ کرد؟!

ئێوەش هەستتان پێ کرد؟!


لە ئاستانەوە فێر بووم، کاری ئوممەتی و یەکجەستەبوونی موسڵمانان خەون نییە، بەڵکوو لێنەوین و لێبڕانی دەوێت. چاوەکان بە دوو کاتژمێر خەو تێر دەبوون، کاتێک کە مامۆستا «دانیال»یان دەبینی، پێش هەمووان بەخەبەرە و بە ڕوویەکی گەشەوە پێشوازیت لێ دەکات.


بە چا و قاوەکەی مامۆستا «بابان» و کاک «زانا» نەک سەرقورسی و سەرئێشە، بەڵکوو ئازاری هەموو جەستە دەڕەوییەوە هێندە بە دڵەوە بۆیان ئامادە دەکردین.


کە مامۆستا «ئیسماعیل»ـت دەبینی بە سەر و ڕیش و ڕدێنی سپییەوە جێ بە جێ دەگەڕا تا کوپێک، پەرداخێکی خاڵی، دەبە ئاوێکی بەتاڵ کۆ بکاتەوە، ئێمەش شەرم دەیگرتین کە ئەوەی دێتە ڕێمان پاکی نەکەینەوە.


دەک ئافەرین بۆ مامۆستا «ئامانج»ـی ئافەرین کە پەیتا پەیتا لە گشت جێیەک بەدەر دەکەوت تا هەر کەموکوڕییەک هەبێت پڕی بکاتەوە، ناوە ناوەش بە باسێک بمانخاتە پێکەنین و دووبارە شەحن ببینەوە.


مامۆستا «نزار»تان بینی؟ باوەڕناکەم، چونکە ئەو وەک سەربازێکی ون لە ژوورێکی سەرەوەدا خەریکی ڕێکخستنی وێنە و ڤیدیۆکان بوو، تا تەواوی چالاکییەکان بە شێوەیەکی نموونەیی بڵاو بکاتەوە.

کاکە «ڕاید» چۆن فریا کەوت لەگەڵ هەمووان دانیشتن و گفتوگۆ بکات، چۆن تاقەتی لێ نەبڕا؟! وەک خاوەن ماڵ بە دەوری هەمووانەوە بوو، کەچی وەک میوانێک خۆی نیشان دەدا!


کێ دیقەتی کاک «دکتۆر عەبدولواحید»ـی نەدا، کاممان شەرم نەیگرتین کە بەو تەمەنەوە خواردن و میوەی لە بەردەمی هەموومان دادەنا، دڵخۆشی بە دەموچاوییەوە دیار بوو، وەک گوڵ دەگەشایەوە کە ئێمە نانمان دەخوارد.


(الصلاة خیر من النوم)ـەکەی مامۆستا «شاخەوان» بۆناڵێیت کە دانە دانە دەهاتە سەر سەرمان و بە نەرمییەکەوە چەندجار دوبارەی دەکردەوە تا بەخەبەر بێین، ﴿وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا﴾، ئەو ئێمەی بە هیی خۆی دەزانی.


مامۆستا «مەودوود» بە دەنگێکی نەرم و شێوازێکی سادە چەند جوان پەیامی دەگەیاند، بەبێ گوێدانە شێوازی مۆدێرنە و کەوتنە ژێر کارگەریی ڕۆشنبیریی زاڵ. مامۆستا «ڕزگار» کە سفرە ڕا دەخرا تا کۆ دەکرایەوە ئەو خزمەتی دەکرد، ئێ خۆ خۆیشی وەک ئێمە برسی بوو!


ئەوەی گوێمان لێ بوو، ئەوەی بینیمان ستەیج، مەنەسە، مایکرۆفۆن، بڵندگۆ، دەنگ بڵندکەر و تەواوای ڕووناکی ئەمانەش کاری مامۆستا «ئومێد» و ستافە چوار کەسییەکەی بوو کە پێویستی بە دەیان کەس دەکرد، بەڵام ئەوان بێ وچان و بێ کەموکوڕی ئەنجامیان دا، پێش هەمووان لەوێ بوون و دوای هەمووانیش ئەوێیان بەجێ هێشت.


لەمانە جودا تر، هەمووان وەک پارچەی پەزڵ وێنەیەکی زۆر جوانمان دروست کردبوو، کەس هیچ شتێکی لە برایەتی لا گرنگتر نەبوو، موبایلەکان کە هەموو زانیارییەکی تایبەتی و کەسی تێدابوو، بێ هیچ دوودڵییەک دەمانخستە ناو دەستی برایەک و لەناو کارتۆن و سندووق و، دواتر لەسەر مێزێک بێ هیچ دڵ لەدوابوونێک، چ هەستێک بوو یا ڕەب!


ئەمانە و دەیان بابەتی تریش کە هەست و شعوری ئێمەی گەیاندە پلەی باڵا، دەبا وەک مامۆستا دەڵێت هەر لە دەرەوەی ئەوێش ئاوا بین، تا ️«بەردی بەنداوێک بین» و پێکەوە گیانی یەکبوون و یەکڕیزی و یەکپارچەیی ئوممەت دروست بکەینەوە.


بڕیار قادر



کۆڕبەندی «ئایینی ئیبراهیمی، فریوی چەمکبازان، یان جەنگی پاوانخوازی؟»

#کۆڕبەندی_ئایینی_ئیبراهیمی

#دووەمین_کۆڕبەندی_ئاستانە

#ئاستانە_Astana

6/17/2025 8:49:45 AM