لە کۆڕبەندی ئایینی ئیبراهیمی چی باسکرا؟

سوپاس بۆ خوا بەشدار بووین لە دووەمین کۆڕبەندی ئاستانەدا سەبارەت بە بابەتی «ئایینی ئیبراهیمی، فێڵی چەمکبازان، یان جەنگی پاوانخوازی»، بە بەشداری چەندین مامۆستا و زانا و بانگخواز. 


سوپاسێکی تایبەت بۆ مامۆستا «دانیاڵ ژاکاو» و هەموو ئەو هاوڕێ و مامۆستایانەی ئەم کۆڕبەندەیان بەڕێوە برد، خودا پاداشتیان بە باشترین شێوە بداتەوە. زۆر دڵخۆش بووین بە ناسینی چەندین هاوڕێ و مامۆستای بەڕێز.


بە کورتی ناوەرۆکی کۆڕبەندەکە پێکهاتبوو لە پێشکەشکردنی (٨) وانەی گرنگ بۆ بەشداربووانی بەڕێز لە ماوەی دوو ڕۆژدا، بابەتەکانی پێشکەش کران بریتیبوون لە:


یەکەم/ ئایینی ئیبراهیمی، چەمک، واتا و مێژوو

لە لایەن مامۆستا «عەلی خان»ـەوە پێشکەش کرا، تێیدا چەمکی ئیبراهیمی و مێژوو و واتاکەی خستە بەر لێکۆڵینەوە.


دووەم/ ئایینی ئیبراهیمی، میکانیزم و مەترسییە سیاسی و ئایینی و ئابوورییەکان

لە لایەن دکتۆر «عیماد گوانی»ـیەوە پێشکەش کرا، تێیدا ڕووناکی خستە سەر مەترسییەکانی پرۆژەی ئیبراهیمی لەسەر جیهانی ئیسلامی.


سێیەم/ ئایینی ئیبراهیمی لەنێوان سڕینەوەی شوناسە ڕۆژهەڵاتییەکان و زاڵکردنی هەژموونی ڕۆژئاوا

ئەم بابەتە لە لایەن مامۆستا «ئاڤار قەرەداغی»ـیەوە پێشکەش کرا، تێیدا باسی لە ناوەندییەتی ڕۆژئاوا و هەوڵ و میکانیزمەکانی بۆ لەناوبردنی کولتووری میللەتی ئێمە کرد، ئەو ڕێگا و میکانیزمانەی ڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت بۆ سەپاندنی کولتووری خۆی بەسەر هەموو جیهاندا.


چوارەم/ خەنجەری ٧ـی ئۆکتۆبەر لە سنگی تطبیع و ئایینی ئیبراهیمیدا

لە لایەن دکتۆر «عەبدولواحید موحەممەد ساڵح» پێشکەش کرا، تێیدا ڕووناکی خستە سەر کاریگەری ٧ـی ئۆکتۆبەر لە تێکدان و لەناوبردنی پیلانی قەوارەی سەهیۆنی و تێکدانی وێنەی ئەو قەوارەیە و پیلانەکانی لایەنگرانی.


پێنجەم/ یەکبوونی ئایینەکان و ئایینی ئیبراهیمی لە بێژینگی دەق و توراسی سێ ئایینە ئاسمانییەکە

لە لایەن دکتۆر «ئاماد کازم بەرواری» پێشکەش کرا، لە سەرەتاوە دکتۆری بەڕێز لە ڕووی لۆژیکی و عەقڵییەوە ئایینی ئیبراهیمی لای هەر سێ ئایینەکان هەڵسەنگاند، پاشان لە ڕووی نەقڵیشەوە هەڵوێستی هەر سێ ئایینەکانی دیاری کرد.


شەشەم/ یەکبوونی ئایینەکان و ئایینی ئیبراهیمی لە تەرازووی شەرعدا

لە لایەن دکتۆر «بەختیار نەجمەددین» پێشکەش کرا، هەڵوێستی شەریعەتی ئیسلامی بەرانبەر ئەم پرۆژەیە دیاری کرد، بەڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە بە هیچ شێوەیەک جێگای خۆی ناکاتەوە لە ئیسلامدا و بە تەواوی دژی دەقە ڕوونەکانی ئیسلامە.


حەفتەم/ زەروورەتی هەبوونی ئایینی ئیبراهیمی لە کۆمەڵگەی کوردیدا

لە لایەن بەڕێز «هامنۆ ئەیوب هەورامی» پێشکەش کرا، هامنۆ مێژووی جوانی پێکەوەژیان و هەڵسوکەوتی جوانی موسڵمانانی بەرانبەر ئایینەکانی تر لە کۆمەڵگەی کوردیدا دیاری کرد، پاشان باسی لەوە کرد مادام ئێمە خاوەنی ئەم ئەزموونەین چ پێویستیمان بە پرۆژەیەکی بەم شێوە ناسکە نییە.


هەشتەم/ ئەرکی پرۆژەی ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی ئایینی ئیبراهیمیدا

لە لایەن دکتۆر «عەبدوڕەحمان موحەممەد عارف» پێشکەش کرا، ئەرکی تاک و پرۆژەی ئیسلامی خستە ڕوو لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرۆژەیە و هەر پرۆژەیەکی تر کە کولتووری موسڵمانان لاواز بکات.


وارهین نادر

6/24/2025 7:46:41 AM