یادگە قەڵغانە!

یادگە قەڵغانە!

دەڵێن ئەگەر گای ئیسپانی توانیی لە گۆڕەپانی نماییشی گادا ڕزگاری ببێت، ئەوا جارێکی تر نایهێننەوە نێو گۆڕەپان، ئەمەش خەڵات نییە بۆ گاکە کە تەوانیویەتی لە گۆڕەپانەکە ڕزگاری ببێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە گای ئیسپانی خاوەنی یادگەیەکی بەهێزە و زوو جوڵە و تاکتیکەکان فێر دەبێت، بنەمای ئەم نماییشەش لەسەر نەزانی بێ یادگەیی گاکان وەستاوە، هەتا کەسی نماییشکەر بتوانێت بەئاسانی جووڵەکانی ئەنجام بدات و، گاکەش تێنەگات لەو جووڵانەی کەسی نماییشکەر ئەنجامی دەدات، لە کۆتاییشدا کەسی نماییشکەر گاکە دەکوژێت بۆ چێژی بینەر و تەماشاکەر.

یادگە قەڵغانە ...

یادگە ڕێگای و دەروازەی ئازادبوونە ... [١]
یادگە زۆر گرنگە، هەر میللەتێک یادگەی نەبوو، ناتوانێت ئازاد بێت، ناتوانێت بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵگرێت، هەمیشە لە ژێردەستەیی و داماوییدا دەمێنێتەوە، چونکە هەر میللەتێک بێ یادگە بوو هەمیشە ئەو سووکایەتییانەی پێی دەکرێت، ئەو ساتانەی کە خوێن بەرۆکی دەگرێت و گۆمی خوێن لە وڵاتەکەیدا هەڵدەستێت، یەک یەک نەوەکانی دەبینێت چۆن بەدەستی دوژمن خەڵتانی خوێن دەکرێت، سەدان و هەزاران لاشەی بێ گیان لەبەردەمیدا کەتوون، بەڵام، بەڵام زۆر خێرا یادگەی خاڵیدەبێتەوە و، هیچ کام لەو کارەساتانەی بینیویەتی لە یادگەیدا نامێنێت و بیری هیچی نابێت، بۆیە زاڵم و دوژمنە گەورەکەی خۆی لێدەگۆڕێت بۆ پیاوچاک و فریادڕەس، دەچێتەوە بەر دەرگای بکوژەکەی خۆی هەتا ببێتە فریادڕەس و ئازدی بکات، ئەویش دووبارە دەیکۆژێتەوە، ئەتکی نامووسی دەکاتەوە، سەروەت و سامانی دەدزێتەوە.

 پاشان چی؟ دووبارە یادگەی خاڵی دەبێتەوە و هەموو ئەمانە لەیاد دەکات، دیسان دەچێتەوە بەردەرگای بکوژەکەی و داوای یارمەتی لێ دەکات! دۆخی ئەم میللەتە بەردەوام وا دەبێت، ناتوانن ڕزگار بن، ئەگەر یادگە دروست نەبێت و نەبنە خاوەنی یادگە، چونکە هەر میللەتێک یادگەی بەهێز بوو، کارەساتەکانی هەڵگرت و لەبیری نەکرد، ئەو زەلیلی و سەرشۆڕی و سوکایەتییەی پێی کراوە کردییە شوعلەی هەڵگیرسانی کڵپەی شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەوا دەتوانین بەرەو ئازادیی و سەربەخۆیی بڕوات.

هەر لەم ڕوانگەیەوەیە داگیرکەر و ستەمکاران بەردەوام هەوڵیان داوە یادگەی گەلەکان بسڕنەوە، بۆ ئەوەش چەندین ڕێگایان گرتووەتە بەر، هەوڵیان داوە هیچ شوێنەوارێک جێ نەهێڵن لەو کدە کۆمەڵکوژییانەی ئەنجامیان داوە، یان بەلایەنی کەم بەڵگەکان بشێوێنن، یاری بەژمارەکان بکەن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر کات ئەو ڕێگەیەیان گرتووەتە بەر، گەلە ڕەسەنەکانیان قڕ کردووە، بەڵام ئێستا باسی یەک دوو ملیۆن دەکەن کە لەناویان بردوون، زۆر زۆر بڕۆن دەگەنە ١٠ ملیۆن، وا پیشان دەدەن کە ئەمان چوونەتە شوێنێک تەنیا چەند بەڕبەڕییەکی تێدا ژیاوە و، خاکەکە خاکێکی چۆڵ بووە، یان وەک هیرتزل، مونەزیری ئیسرائیل دەڵێت: "خاکێکی بێ گەل بۆ گەلێکی بێ خاک! لە کاتێکدا شتێکی بەڵگەنەویستە کە هیچ کات فەلەستین خاکێکی بێ گەل نەبووە، هەروەها ئیسرائیل هەموو کات کاری لەسەر سڕینەوەی یادگەی خەڵک کردووە، وای نیشان داوە کە کوشتوبڕ و ستەمی نەکردووە! ئەم میکانیزمە کاری خۆشی کردووە، ئێستا زۆر موسڵمان پێیان وایە ئیسرائیل ئەم جەنگەی کۆتایی لێ دەربچێت ژمارەی هەموو ئەوانەی لە ١٩٤٨ کوشتوونی ناگەنە ١٠ هەزار، بەڵکوو زۆر کەمتریش!

ئەمە لە کاتێکدا جوولەکە توانییان هۆڵۆکۆست و نەهامەتییەکانی تریان بخزێننە نێو یادگەی کۆی کۆمەڵگا مرۆییەکانی سەردەمەوە، لەو ڕێیەشەوە توانییان بگەن بە زۆر ئامانج و مەبەستی گەورە، بەپێچەوانەی موسڵمانانەوە کە لەو ڕووەوە زۆر لاوازین.

بۆیە یادگە کلیلی هەستانەوە و بەخۆداچوونەوەیە، کلیلی سەربەخۆیی و ئازادییە، هەم وەک کورد، هەم وەک کۆی جیهانی ئیسلامی، ئەگەر یادگەی گشتی چالاک نەکەین و تەوزیفی نەکەین ناتوانین بێینەوە سەر تەختی سەروەریی و، هەردەم ڕووبەڕووی هەمان کارەسات و هەمان شکست دەبینەوە کە دەیان سەدان جار ڕووبەڕووی بووینەتەوە.
 
[١]  ئەو بەسەرهاتەم لە هۆنراوەیەکی تەمیم بەرغوسی وەرگرتووە.

6/25/2025 3:04:18 PM