ئەم هەموو ماندووێتییە بۆ؟

ئەم هەموو ماندووێتییە بۆ؟

ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە ئەگەر چەند جارێکی کەمیش بێت، ئەو هەستەی بۆ دروست بووە کە زۆر ماندووە، لە کاتێکدا کارێکی قورسی ئەنجام نەداوە، بەڵکوو ڕەنگە زۆربەی کاتەکە لە ماڵەوە دانیشتبێت یان خەوتبێت.

کەواتە دەبێت بپرسین بۆچی بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤی ئەمڕۆ هەست بە ماندووێتیی و شەکەتییەکی زۆر دەکات، ئەو هۆکارە چییە وای کردووە زۆرینەی هەرە زۆرمان ماندوو دەربکەوین و هەست بە ماندووێتی بکەین، دەبێت چی وای کردبێت لە منداڵێکی بچووکی چوار پێنج ساڵ، هەتا گەنجێک و کەسێکی بەتەمەن، هەمووان ماندوو و شەکەت دەربکەون، ئەم بێزاریی و دڵتوندیی و تووڕەییە چییە یەخەی گرتووین؟

ئارسەر ئاسا بێرگەر نموونەیەک دەخاتە ڕوو، باسی گەنجێک دەکات کە خوێندکاری ڕاگەیاندنە، بەیانی لەخەو هەڵدەستێت و خۆی دەشوات، نانی بەیانی دەخوات و خۆی ئامادە دەکات هەتا بچێت بۆ زانکۆ، خوێندکارەکە بەرەو زانکۆ بەڕێ دەکەوێت، لە ڕێگا لەنێو سەیارەکەیدا گوێ لە ڕادیۆ دەگرێت هەتا دەگاتە ئەو بەشەی لێی دەخوێنێت کە بەشی ڕاگەیاندنە.

هەتا دوای نیوەڕۆ لە زانکۆ دەخوێنێت، پاشان لە دەچێت بۆ یانەیەکی وەرزشی و  بەشێوەی پارت تایم وەک ڕاهێنەر کار دەکات، مۆسیقای پۆپ ئیش پێ دەکات لە ڕێگای بڵندگۆوە هەتا سەعات پێنج، دواتر بەڕێ دەکەوێت بۆ ماڵەوە، لەنێو سەیارەکەی گوێ دووبارە گوێ لە ڕادیۆ دەگرێت.

گەنجەکە دەگاتە ماڵەوە و خواردنی ئێوارە گەرم دەکاتەوە بە مایکرۆ، بەدەم نانخواردنەوە سەیری تەلەفیزیۆن دەکات، پاشان نزیکەی کاتژمێرێک بە ئەرکەکانی ماڵەوەی خەریک دەبێت و لە هەمان کاتدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت.

دواتر بە تەلەفون لەگەڵ هاوڕێکەی قسە دەکات و لەسەر ئەو فیلمە ڕێک دەکەون کە دەیانەوێت هەینی بچن سەیری بکەن، پاشان سێ بۆ چوار سەعات تەماشای تەلەفیزیۆن دەکات، دوای ئەوە ئیمێڵەکەی دەپشکنێت هەتا بزانێت هیچ ئیمێڵێکی نوێی بۆ نەهاتووە، دواتر نیو سەعات یاری دەکات، پاشان ددانەکانی دەشوات و لە ئەلەرمی موبایلەکەی دڵنیا دەبێتەوە و دەخەوێت، بەیانی کاتێك لەخەو هەڵدەسێت و لە خۆی دەپرسێت: "ئەی هاوار باشە بۆ ئەوەندە ماندووم؟"*

باشە دەبێت بۆچی ئەم گەنجە هێندە ماندوو بێت؟ دەتوانین بڵێین لەبەرئەوەی چووە بۆ زانکۆ، دواتر چووە کاری کردووە هەتا سەعات پێنجی ئێوارە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەست بەو ماندوێتییە زۆرە بکات. 

ئەم گریمانەیە بەشێک یان دیوێکی چیرۆکەکەیە، خوێندن و کار مرۆڤ ماندوو دەکەن، کێشەش لە خوێندن و کاکردندا نییە، بەڵکوو گرفتەکە لە شوێنێکی تردایە، لە جێگەیەکدایە کە زۆرینەمان هەستی پێ ناکەین، گرفتەکە زۆر قوڵترە، بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ بۆئەوەی بژیێت و لە ژیان بەردەوام بێت هەوڵ و تەقەلای زۆری داوە، زۆر ماندوو بووە، کاری زۆری کردووە، بەڵام دوای هەر ڕۆژێک و ئەنجامدانی کارە قورسەکان هەوڵی داوە ساتێک بحەوێتەوە و ماندووێتیی جەستە و گیانی دەربکات، ڕاکشاوە، هەندێک خەوتووە ... بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیسراحەتی کردووە، بە تایبەت شەوان کاتێکی زۆر باش بووە هەتا تێیدا بحەوێنەوە، لە دوای حەوانەوە، بەیانیان زوو بە جەستەیەکی چالاکەوە هەستاونەتەوە بۆ دەستکردنەوە بە کاری جۆراوجۆر.

لێرەدا دەپرسین، باشە خۆ مرۆڤی ئەمڕۆش بە هەمان شێوە دوای کاروباری ڕۆژانە دەحەوێتەوە، ئیسراحەت دەکات و ماندووێتیی جەستەی دەردەکات، ئەی بۆچی ئێمە هەر هەست بە ماندووێتی دەکەین؟ تەنانەت کەسانێکیش کە هیچ کارێکیان نییە و لە ماڵەوە دانیشتوون بە هەمان شێوە هەست بە ماندووێتی دەکەن و هیلاکن، ئەمە بۆچی؟

نهێنی بابەتەکە لێرەدایە: "ئێمە پرۆسەیەک کە ماندووکەر و وزەبەرە، کردوومانە بە پرۆسەیەک بۆ ئیسراحەت و ڕەواندنەوەی ماندووێتی." ئەگەر ئەمە ڕوون بکەینەوە، هەر یەکێک لە ئێمە کە کارێک دەکەین، لە نیوەی کارەکەدا وچانێک دەدەین و دەمانەوێت هەندێک ئیسراحەت بکەین، کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە لەو وچانەدا ئێمە هەر خەریکی کارین، خەریکی چالاکییەکی زۆر ماندووکەرین و واش دەزانین دانیشتووین ئیسراحەت دەکەین، ئەو پرۆسە ماندووکەرەش بەکارهێنانی مۆبایل و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنە.

لەو ساتانەی دەمانەوێت ماندووێتیمان بەڕەوێتەوە خەریکی بەکارهێنانی مۆبایلین، ئەمەش لەباتیی ئەوەی ماندووێتیمان دەربچێت زیاتر ماندوومان دەکات، دەڵێین با ئەم نیوسەعاتە چاوێک بە فەیسبووک یان ئینیستاگرام، یان تیکتۆکدا بخشێنم، نازانین ئەم چاوپیاخشاندنە هێندەی تر جەستە و دەروونمان ماندوو دەکات.

ئەمەیە نهێنی ئەو هەموو ماندوێتییەی مرۆڤی ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنێت، مۆبایل، تەلەفیزیۆنن، ڕادیۆ و کونسوڵەکانی یاریکردن (پلەیستەیشن، پی. ئێس. پی، نێنتێندۆ، ئێکس. بۆکس...) ئەم کەرەستانە کە ئێمە بەکەرەستەگەلی ئارامکەرەوە و ئیسراحەتهێن ناوزەندیان دەکەین، لە ڕاسیدا کەرەستەگەلێکی ماندوکەر و هیلاککەرن، بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و دەروون و جەستەمان دادەنێت.

هەر بۆیە بەردەوام هەست بە ماندووبوونێکی زۆر دەکەین، بە تایبەت کە یەکێک لە هەرە گرفتە گەورەکانیش ئەوەیە کە کەمتر لایەنی نەرێنی ئینتەرنێت و ئامێرە زیرەکەکان دەبینین، بە بەراورد بە تەلەفیزیۆن، لەو بارەیەوە ئیریک میغری دەڵێت: "لەسەر پارچەیەک کاغەز ئەم ڕستەیە بنووسە، {تەلەفیزیۆن مرۆڤ ...} دەڵێت بیدە بە خەڵک با خۆیان بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە، هەتا بزانین تەلەفیزیۆن مرۆڤ چی لێ دەکات و بەرەو کوێی دەبات، دەڵێت دەبینین زۆربەی وەڵامەکان وەڵامی نەرێنین، تەلەفیزیۆن مرۆڤی نەرێنی دروست دەکات، تەلەفیزیۆن مرۆڤی توندوتیژ دروست دەکات، تەلەفیزیۆن مرۆڤ دەکاتە کۆیلە، تەلەفیزیۆن مرۆڤ گێل دەکات، تەلەفیزیۆن مرۆڤی نەخۆش دروست دەکات ... بەڵام ئەگەر هەمان ڕستە بنووسینەوە و لەبریی تەلەفیزیۆنەکە وشەی کۆمپیوتەر یان ئینتەرنێت دابنێین ئەوا وەڵامەکان جیاواز دەبن، ئەو کات دەبینین کۆمپیوتەر مرۆڤ زیرەک دەکات، مرۆڤی کراوە دروست دەکات ... کەمتر وێنای سلبی دەبینین بدرێنە پاڵ کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت.**

ئەمەش وا دەکات هەر یەکێک لە ئێمە کەمتر لایە نەرێنییەکانی ئینتەرنێت و موبایل ببینین، لە کاتێکدا بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ زوو ئاڵوودە دەبێت بە موبایلەوە، نیشانەکانی ئەو ئاڵوودەییەش خۆی لە بێزاریی، توڕەیی، ماندوێتی، هۆگری ... دەبینێتەوە.

هەر یەکێک لە ئێمە ڕۆژانە چەندان کاتژمێر بەدیار ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دادەنیشین، هەست بە تێپەڕینی کاتیش ناکەین، لەو ماوەیەدا دەیان بابەتی جۆراوجۆر و لێکدابڕاو دێتە پێشچاومان، دەیان بابەتی وەک تەرفیهی، وەرزش، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، تاوانکاری، بابەتی پووچ و بێ ناوەڕۆک، لەگەڵ دیمەنی جۆراوجۆری دەیان دراما و فیلم، بابەتی زانستی و ڕۆشنبیری، وێنە و ڤیدیۆی خواردن و هۆکارەکانی گواستنەوە، لایڤ و بەرنامە ڕاستەوخۆکان ... ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی جار بابەتە ناڕێک و پووچ و بێسودەکان تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا دەتەنێت، ئەم هەموو دیمەنە لێکدابڕاو و جۆراوجۆرە کە هیچ پەیوەندییەک نییە لەنێوانیاندا و شتێک نییە پێکەوە گرێیان بدات، وا دەکات مێشک، دەروون و جەستەش هەموو پێکەوە ماندوو بن، دواتریش نازانین هۆکاری ماندوێتێکەمان چیە.

دڵان توند بووە و هۆکارەکەی نازانین، لە خۆمان دەپرسین باشە بۆ وا بێتاقەت و خەمبارم؟ نازانین دەیان بابەتی تاوانکاریی و ناخۆشمان بینیوە، دەیان پۆست و کۆمێنتی نزممان خوێندووەتەوە کە پڕ بوون لە جنێو و سووکایەتی، نازانین گوێبیستی هەواڵی درۆ و ئیستیفزازی دەیان بێژەری ئاست نزم بووین کە بە خەڵکی ڕادەبوێرێت و سووکایەتی بە تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات.

تەنانەت گەیشتووینەتە قۆناغێک قورئانیش لە مۆبایلەکەماندا دەخوێنین، لە کاتێکدا لە ماڵەوەین، یان لە مزگەوتاین و زۆر بە ئاسانی موسحەفمان دەست دەکەوێت، کەچی دێین لە مۆبایلەکەماندا قورئان دەخوێنین، لە مۆبایلەکەماندا سەیری یاری و فیلم دەکەین، لە کاتێکدا تەلەفیزیۆنیشمان لە بەردەستدایە، ئەمانە هەمووی هۆکارن هەتا هەر یەکێک لە ئێمە بەردەوام هەست بە نائارامی و دڵەڕاوکێ و ماندوێتی بکات.

کۆتایی:
مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان بوونەتە بەشێک لە ژیانمان، بۆشاییەکی زۆری ژیانمانی داگیرکردوە، لە زۆر ڕووەوە ئاسانکاری بۆ کردووین، بەڵام ئەگەر بۆشاییەک دانەنێین لەنێوان خۆمان و ئەو ئامێرانەدا، ئەوا خۆشمان بەرەو بە ئامێربوون دەڕۆین، لە ژیانی ڕاستەقینە و کۆمەڵگا دادەبڕێین و لەنێو دونیایەکی گریمانەییدا گیر دەخۆین، گۆشەگیەر دەبین و، ناتوانین لەنێو مەجلیس و میوانییشدا دەست لە مۆبایلەکەمان هەڵبگرین.

ئەگەر بمانەوێت ئارامیمان بۆ بگەڕێتەوە و هێندە هەست بە ماندوبوون نەکەین، ئەوا دەبێت بزانین ئینتەرنێت و تەلەفیزیۆن کەرەستەگەلێک نین هەتا بمانحەوێنێتەوە و لەڕێگەیەوە ماندووێتیمان دەربچێت، بەڵکوو بۆ خۆیان کەرەستەگەلێکی ماندووکەرن لە هەموو ڕووەکانەوە، هەم لە ڕووی دەروونی، هەم لە ڕووی جەستەییشەوە، بۆیە دەبێت بۆشیاییەک دروست بکەین لەنێوان خۆمان ئامێرە زیرەکەکاندا، کاتێکیش ویستمان ئیسراحەت بکەین، دەبێت بەتەواوی دوور بین لەو ئامێرانە و بەکاریان نەهێنین.  
 
* وسائل الاعلام والمجتمع، ارثر اسا بیرغر، ترجمة. صالح خلیل ابو اصبع، عالم المعرفة، 2012، ص 16.
** سوسیولوجیا الاتصال والمیدیا، ‌اریک میغری، ترجمة. نصرالدین العیاضی، هیئة البحرین للثقافة والاثار، 2018، ص49-50.

7/8/2025 11:45:01 AM