ئینگلیزییەکەت زۆر باشە!
ئینگلیزییەکەت زۆر باشە!
کاتێک ترەمپ بە جارێک لەگەڵ سەرکردەی پێنج وڵاتی ئەفریقی کۆ بوویەوە، یەکێک لەوانە سەرۆکی وڵاتی لیبیریا بوو، پێشەکی هاوشێوەی ئەوەی لە قوتابخانەیەک دانیشتبێت و قوتابییەکان هەستێنێت، وتی: "لە پێشدا هەر یەکێکتان ناوی خۆی و وڵاتەکەی بڵێت"، چەند جارێک وتی: "ئەگەر بکرێت قسەکانتان کورت بکەنەوە، چونکە خشتەی کارەکانمان زۆرن."
دواتر کاتێک سەرۆکی لیبیریا دەستی کرد بە قسەکردن، ترەمپ قسەکانی پێ بڕی و وتی: "ئینگلیزییەکەت زۆر باشە، لەکوێ فێری بوویت؟" ئەویش وتی: "هەر لە لیبیریا."، ترەمپ وتی: "زۆر جوانە، بڕوا دەکەی هەیە لەگەڵمدا لەسەر ئەم مێزە دانیشتووە و ناتوانێت ئاوا بەو توانستەوە قسە بکات؟".
جا ئایا ئەم قسەیەی ترەمپ لە نەزانی بوو بە مێژووی داگیرکاری وڵاتەکەی، یان چاوداگرتنێکی ڕەگەزپەرستانە بوو، نازانین! چونکە ئەسڵەن زمانی ڕەسمی لیبیریا ئینگلیزییە، جیا لەوەش لە بنەڕەتدا ئەمریکییەکان ئەو وڵاتەیان دروست کرد، کاتێک بڕیاریاندا هەندێک لەو ئەفریقییانەی کە لە کۆندا برابوون بۆ کۆیلایەتی بۆ ئەمریکا، بیانگەڕێننەوە بۆ ئەفریقا و زەوییەکیان بۆ تەرخان کردن و وڵاتێکیان بۆ دروست کردن، تەنانەت پایتەختی وڵاتەکەش بە ناوی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا «جێمس مۆنرۆ» ناو نرا «مۆنرۆڤیا».
بە ئەنقەست بوو بێت یان نا، ترەمپ مێژوویەکی ڕەشی داگیرکارییەکانی ئەمریکای زیندوو کردەوە، هەر ئەو ئینگلیزییە باشەی سەرۆکی لیبیریا دەرخەری مێژوویەکی دوورودرێژی سڕینەوەی زمان و کولتوور و شوناسی ئەفریقییەکانە لە لایەن سپیپێستەکانەوە کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت تارمایی ئەو سڕینەوەیە بەسەریانەوە ماوە.
#ئاستانە_Astana