ئاهی غـ.ـەززە و پارووە ژەهراوییەکان!
ئاهی غـ.ـەززە و پارووە ژەهراوییەکان!
هەموو پاروویەک، لە گەروودا دەبێتە خۆڵەمێش. هەر هەناسەیەک، سزایە.
نان تامی تاوانی لێ دێت.
ئاو، بیرهێنەرەوەی تینویەتیی ئەوانە.
ئارامیی ماڵەکانمان، بووەتە گۆڕێکی سارد بۆ ویژدانمان.
نوێژەکانمان، هەوڵێکی بێهیوایانەن بۆ داپۆشینی ئەم شەرمەزارییە.
تێریی ئێمە، برسیترین حاڵەتی ڕۆحە.
غـ.ـەززە، ئەو حەقیقەتە ڕەهایەی کە هەموو ژیانی ئێمەی کردووە بە درۆیەکی بێشەرمانە.
ئەوان لەناو ئاگردا، لەسەر بەرماڵی سووتاو، بە خودا دەگەن. ئێمە لێرە، لەناو نیعمەتدا، لەناو مزگەوتە ڕازاوەکانماندا، خودا ون دەکەین.
سەبریان، وەک کێوێک، لە بەرانبەر زریانی ئاگردا خۆی ڕاگرتووە. مردن لە لای ئەوان، کۆتایی نییە، بەڵکوو دەستپێکی دیدارێ شکۆمەندانەیە.
ئەوێ ڕووخساری ڕاستەقینەی ئێمەیە. ڕووخساری بێدەسەڵاتی و شەرمێک کە ئێسک ورد دەکات.
غـ.ـەززە چیتر جوگرافیا نییە. حاڵەتێکی ڕۆحییە کە تێکەڵی هەناسەکانمان بووە.
برینێکە؛ نەک لەسەر جەستەی کات، بەڵکوو لە قووڵایی ویژدانی بووندا. برینێک کە ساڕێژ نابێت، چونکە بە خوێن نەبەستراوە. ئەم برینە، بە ڕۆح بەستراوە، برینێک لەسەر ڕوومەتی ئیمانمان.
بۆیە، ئێمە چیتر ناژین. ئێمە لەناو ئەم برینەدا قەتماغەمان بەستووە.
نیشانەیەکە، تا قیامەت، بەسەر ویژدانمانەوە دەمێنێتەوە.
شاهیدی زیندووی قیامەتێکین و تاوانباری بێدەنگیی خۆمانین. ئەمە چارەنووسیان ئێمەیە. تا هەتایە، تا هەتایە ...
سەنا محی الدین