پێتوایە ئازادی؟ ئادەی جگەرەیەک بکێشە! - ڤلۆگەرەکان چۆن دروست بوون؟
پێتوایە ئازادی؟ ئادەی جگەرەیەک بکێشە!
ڤلۆگەرەکان چۆن دروست بوون؟
«ئیدوارد بێرنێز»، یەکێک لە ناوە دیار و کاریگەرەکانە لە دونیای ئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا، بێرنێز زۆر هەڵوێست و کاری هەیە کە جێگای لەسەر وەستان و تێڕامانە، بەڵام ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین یەکێک لە کارە بەناوبانگەکانییەتی، دواتر دەیبەستینەوە بە کۆمەڵگەی کوردییەوە.
لە سەدەی بیستدا، یەکێک لە کێشە گەورەکان لە بەردەم کارگەکانی دروستکردنی جگەرەدا، ئەوە بوو کە لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا ئافرەتی جگەرەکێش خوازراو نەبوو، بە دوای ڕێگەیەکدا دەگەڕان تاکوو ئەو تێڕوانینە بگۆڕن، هەم ئافرەت دەست بکات بە جگەرەکێشان، هەم کۆمەڵگەش لە لای ئاسایی بێت و قبووڵی بکات.
لەم ساتەدا ڕۆڵی ئیدوارد بێرنێز دەرکەوت، کاتێک ستراتیژییەکی وردی بەکار هێنا، ستراتیژییەکە دەرکەوتنی ئافرەت بوو بە جگەرەوە، پاشان بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەم ئافرەتانە بە جگەرەوە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان، بەڵام تەنیا ئەمە نا، چونکە ئەمە بۆ خۆی کاریگەری کەمە، بۆیە بێرنێز پێشنیازی ئەوەی کرد دەبێت جگەرە ببەسترێتەوە بە بەهایەکی باڵاو و قبووڵکراوەوە، بەهایەکی وا کە لە لای خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیە ویستراو و جوان بێت، بێرنێز «ئازادی»ـی هەڵبژارد، هەستا جگەرەی بەستەوە بە ئازادییەوە، وا نیشان درا کە ئەو ئافرەتەی جگەرە دەکێشێت متمانەی بە خۆیەتی و ئازادە!
لەوێوە چەندین دروشمی گەورە گەورە دەنووسران و وێنەی ئافرەتی جگەرەکێشی لەسەر دادەنرا، بۆ نموونە «بژییت و متمانەت بە خۆت هەبێت» بەم جۆرە جگەرە لەناو ئافرەتانی ئەمریکادا بڵاو کرایەوە و لە لای کۆمەڵگەش ئاسایی کرایەوە.
لێرەوە ئەگەر بپەڕینەوە بۆ کوردستان، ئێستا بابەتی ڤڵۆگەر و پێشتریش بابەتی کچە مۆدێلەکان زۆر باو بوون، ئایە ئێمە بە پێی ئەم ڕوانگەیەی بێرنێز چۆن دەتوانین لێکی بدەینەوە؟ دەتوانین بە چ شێوەیەک شیکردنەوە بۆ ئەم دۆخە بکەین؟
بێرنێز لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەهایەکی باڵاوە کە «ئازادی» بوو، هەستا جگەرەکێشانی لە لای ئافرەتان ئاسایی کردەوە، ڕوانگەی کۆمەڵگەشی سەبارەت بە ئافرەتی جگەرەکێش گۆڕی، کەواتە ئەم دۆخەی ئێمە چۆنە؟
ئەگەر تەماشا بکەین ئەم ڤڵۆگەرانە جۆرێک ژیانی شاهانە، پارەداری، سەفەر، سەرمایە و خۆشبەختی نمایش دەکەن، لە دۆخێکی پڕ ئەزمەی وەک دۆخی کوردستان کە بوون بە خاوەنی سەروەت و سامان، سەیارە و خانوو، سەفەر و بەدەستهێنانی خۆشبەختیی خێزانی، ئامانجێکی گشتییە لە کۆمەڵگەدا.
بۆیە نمایشەکە بەم جۆرەیە:
ڤڵۆگەر و مۆدێلەکان دێن دەستکاری بەها و نۆرمەکانی نێو کۆمەڵگە دەکەن، ئەویش بە بەستنەوەی بە کۆمەڵێک پێداویستی و بەها کە تاکەکانی کۆمەڵگە ئامانجە لە لایان، ئەوان وا دەکەن تایبەتمەندییەکانی ناو خێزان نەمێنێت، شتێک نەمێنێت بە ناوی بواری تایبەت، حەزی دەرکەوتن و خۆنمایشکردن بخەنە ناو تاک تاکی خێزانەکانی کۆمەڵگەوە، ئەمان پێمان دەڵێن بەم دەرکەوتن و خۆنمایشکردنە دەبیتە خاوەنی ڤیو و بینەر، بەو ڤیوە دەوڵەمەند دەبیت و دەگەیت بە هەموو ئاوات و ئامانجەکانت!
بەڵام لەژێر ڕۆشنایی تیۆرەکەی بێرنێز دا ئامانجەکە گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەیە لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەو میکانیزمانەوە، هەموو ئەو بەهایانەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەن دەستکاری بکرێن، بەو دەستکاریکردنەش کۆمەڵێکی دیاریکراو سوودمەند دەبن، بە تایبەت تاکێکی بێ پێوەر و بێ کولتوور دروست دەبێت، تاکێک کە بەردەوام خەریکی نمایش بێت، هەموو ئەو بەهایانەی لە لای پیرۆزن و ژیانی لەسەر ڕێک دەخەن، لە لای کاڵ ببێتەوە و خودی ئەو کاڵایانە بخاتە خزمەت سەرمایەگوزارییەکەیەوە.
لێرەوە کاری ڤڵۆگەرەکان گۆڕینی بەهاکانە، ئەویش بە بەستنەوەی بە پێداویستی و بەها باڵاکانەوە، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی فشۆڵی بێناوەڕۆکە، دروستکردنی جیلێکی برسیی بەکاربەرە کە بەردەوام خەریکی گۆڕینی پێوەرەکانی بێت، بەردەوام کەلوپەل و کەرەستەکانی بگۆڕێت، هاوسەر و هاوڕێ، خێزان و کۆمەڵگە، ئایین و نیشتمان، هەمووی وەک مامەڵەیەکی بازرگانی سەیر بکات و بەردەوام بەکاریان بهێنێت بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی، پڕوپووچی و بێبەهایی ببێتە ئامانجی سەرەکی و کاری جیددیی و پرۆژەی ئامانجدار برەوی نەمێنێت.
ڤڵۆگەرەکانیش تەنیا ئەو کچ و کوڕانە نین کە خەریکی نمایشی خۆیان و کەلوپەل و ژیانی تایبەتی خۆیانن، بەڵکوو هەیانە مامۆستای ئایینییە و ئەو ڕۆڵە دەبینێت، پڕۆفیسۆرە و ئەو ڕۆڵە دەبینێت، دەروونناسە، ڕاگەیاندنکارە ... تاد.
بۆیە دەبێت وردتر و قووڵتر سەیری دیاردەکانی ناو کۆمەڵگە بکەین، بزانین چۆن لە نموونەکەی بێرنێزدا بەهای ئازادی تەنیا ڕووپۆشەکە بوو، ئەوەی مەبەست بوو بڵاوکردنەوەی جگەرە بوو، لە زۆرێک لەو نمایشانەشدا هەمان شتە، ئابووریی سەربەخۆ و سامان و خۆشبەختی ڕووپۆش دەکەن، ئەوەی مەبەستە شتێکی ترە، ئەوەی مەبەستە بەکاڵاکردنی هەموو پرۆسە و ئەکتەکانی مرۆڤە; نوێژ، ڕۆژوو، ڕەمەزان، حەج، باڵاپۆشی ...
هەموو ئەمانە بوونەتە جۆرێک لە نمایش و لە ناوەڕۆکەکەی خاڵی کراونەتەوە، جگە لەوەی دونیایەک سەرمایەگوزاری لەسەر ئەمانە و کۆی بەهاکانی تر دەکرێت و لە ناوەڕۆکەکەیان خاڵی دەکرێنەوە.
ئاڤار قەرەداغی