شیکەرەوەکانی سێرک
شیکەرەوەکانی سێرک
«جوڤیناڵ»ـی شاعیری ڕۆمانی دەیوت: "نان و سێرک بدەن بە خەڵک و حەقتان نەبێت." هەرچەندە ئەم وتە زیاد لە هەزار ساڵ لەمەو پێش وتراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش کاری خۆی دەکات، بگرە خەڵک هەندێک جار خەریکە واز لە مافی نانیش دێنێت و تەنیا بە سێرک مەمنوونە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولەکانی ئەورووپا دەبینیت دە هەزار کەس بەجارێک دانیشتوون بەدیار شیکەرەوەیەکی سێرکەوە، هەمووان شێوازی ژیانیان تێک چووە و خەو لە چاویان دەزڕێت بە دیار تەحلیل و خۆتێکدانێکی بێتامەوە دادەنیشن.
بەبێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، تەماشا دەکەین لە چێژ و وەرزشێکی سادەوە باسەکە گۆڕاوە بۆ لایەنداریی و ئینتیمایەکی توند، هەستێکی کۆمەڵەیی ساختە، دەیان ڕەمز و سیمبوول و کەسایەتی کە لە ئەنجامی کۆتاییدا ئەمانە جگە سەرقاڵکردن هیچ کاریگەرییەکیان بەسەر ژیان و واقیعی تاکەوە نییە.
باجی ئەم سەرقاڵییە و چوونە نێو ئەم فەزا ساختە و گریمانەییە ناهۆشیاری و دوورکەوتنەوەیە لە واقیع و ژینگە و ژیانی تاک، زۆر جاریش لەبیرچوونی کۆمەڵێک دۆزی حەقیقی ئاوێتە بە بیروباوەڕ و بوونمان.
#ئاستانە_Astana