چاوەڕێی چی له زیندان دەکەیت؟!
چاوەڕێی چی له زیندان دەکەیت؟!
نازدار فەرمووبووی «الدنیا سجن المؤمن»؛ پاش دواهاتەکانی ئەم سەدەیەی پێشوو بە تایبەت ڕووخانی خەلافەت و سایکس بیکۆ و دروستبوونی کیانی ئیسرائیلی، هەروەها ڕووداوەکانی غـ.ـەززە و سودان و سوریا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی؛ مرۆڤ ئەگەر دەستگیرۆییەکی نەبێت، وا هەست دەکات کە ئوممەت کەوتووەتە ناو موهلەکەی خنکانەوە و کەس نییە ڕزگاری بکات، بەڵام پەیامبەری ئەکرەم فەرمایشتێکی هەیە وەکوو لامپایەک وایە لەم تاریکیی ژینەدا کە تێی کەوتووین، ئەویش ئەوەیە کە دەفەرمووێت «الدنیا سجن المومن»، ئەم فەرمایشتە پێمان دەفەرمووێت کە ڕوانینمان بۆ دونیا بەو جۆرە نەبێت کە لە لای ئەوانی دی هەیە، پێویستە ڕوانین و چاوەڕوانیمان زۆر کەمتر بێت لەوەی کە هەیە، هەندێک جار هێندە گیرۆدەی دونیاین و تێکەڵی بووین کەوا بیرمان دەچێتەوە لەوەی کە ئەم دونیایە خۆ (دار المجاز)ـە، چەند ساتێکە و تێ دەپەڕێت و هەمووان بە عەدەم دێن، وەکوو سالم دەڵێت:
قافڵەی عومری گرانمایە لە ئیقلیمی وجوود
چەند چالاک و سەبوکڕەو، بە عەدەم هات و گوزەشت
خۆ ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە تەواو دەستبەرداری دونیا بین و کونجی خەڵوەت بگرین تا ڕۆژی قیام، بەڵام بۆ ئەوەیە کە دونیا لە سنووری خۆیدا بهێڵینەوە و بیرمان کەوێتەوە کە چییە، هەر ئەوە بەسە کە زانایانی زمانەوانی (لوغە) هەندێکیان دەفەرموون (سمیت الدنیا لدنائتها) دونیا بۆیە ناونراوە دونیا لەبەر ئەوەی شتێکی دەنی و کەمە بەراورد بە ڕۆژی دوایی،
بۆیە بۆمان دەردەکەوێت ئەم دونیایە سەبەتەی کۆکردنەوەی توێشووەکانی قیامەتە، براوە ئەو کەسەیە بە تێشوویەکی پڕەوە ئەو زیندانە تێپەڕ دەکات، ئەو ئاستەنگ و ناڕەحەتی و غوربەتەشی تێی کەوتووین هەمووی ڕەنگدانەوەی فەرمایشتەکانی نازدارە کە بەخەبەرمان دەهێنێتەوە لەوەی کە دونیا وەکوو خۆی بناسین.
هەروەها ئیمامی غەزالیش لە کتێبی (ایها الولد) ئاماژە بە بابەتێکی جوان دەکات کە چیرۆکی «حاتیمی ئەسەم»ـمان بۆ دەگێرێتەوە کە دەفەرمووێت: "ڕوانیم لەناو خەڵکیدا؛ بینیم کە هەر یەکێکیان ئازیز و خۆشەویستێکی هەیە کە خۆشی دەوێت و عاشقیەتی و، هەندێکیان ئەو خۆشەویستانەیان لەگەڵدایە تاوەکوو نەخۆش دەکەون لەسەر جێگا و دەمرن و، هەندێکیان تا لێواری قەبر لەگەڵیان دێن، بەڵام دوایی بەجێیان دەهێڵن و بەتەنیا دەمێننەوە لە گۆڕەکەدا و، کەسیش لەگەڵیاندا نایەتە ناو گۆڕەوە؛ بۆیە بیرم کردەوە و وتم: باشترین خۆشەویستی مرۆڤ ئەوەیە کە بێتە ناو گۆڕەکەشەوە لەگەڵیدا و هاوڕییەتی بکات و، منیش هیچم پەیدا نەکرد بێجگە لە کردەوە باشەکان، بۆیە کردم بە خۆشەویستی خۆم تا ببێت بە لامپایەک لە گۆڕەکەمدا و یاوەرێتیم بکات و بەتەنها بەجێم نەهێلێت."
ئێمەش دەڵێین: دە با دونیا و خۆشییەکانی بۆ ئەوان بێت و، با قیامەت و بردنەوە مەزنەکە بۆ موسڵمانان بێت {إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَهُمْ جَنَّاتٌ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ۚ ذَٰلِكَ الْفَوْزُ الْكَبِيرُ}
سەرمەد فوئاد
#ئاستانە_Astana