ئاوێنە شکاوەکە و ئۆباڵی قەییمەکان!

ئاوێنە شکاوەکە و ئۆباڵی قەییمەکان!


لە بازاڕی ئەم سەردەمەدا، دوو جۆر کاڵا هەن: یەکیان بریسکەی چاو دەبات  و، ئەوی دی لە بێدەنگیدا ڕۆح تێر دەکات. جا بێگومان بازاڕی یەکەمیان قەرەباڵغترە!

لەم بازاڕەدا، بتگەلێکی نوێ سەریان هەڵداوە؛ بتگەلێک لە گۆشت و خوێن، بەڵام ناخ و ڕۆحیان بۆشە. ڕووکەشیان بە مارکە و نمایش ڕازاوەتەوە، بەڵام ناوەوەیان تەنها زریکەی هەوا و هەوەسە. تەرازووی گەورەیی لە لای ئەوان ژمارەی "فۆڵۆوەرس"ـە. 

ئەوان بازرگانی وەهم دەکەن و، کڕیارەکانیان ئەو ڕۆحە تینووانەن کە لە بیابانی بێواتاییدا بە دوای قومێک ئاودا وێڵن. بەڵام ئەم بتانە خۆیان خۆیان نەتاشیوە. ئەوان ئەو کەڕووە ژەهراوییەن کە لەسەر داری ڕزیوی غەفڵەتی ئوممەت ڕواون. ئەو ڕێبوارە سەرلێشێواوەن کە شوێن ئاراستەی قیبلەنومای شکاوی ئوممەت کەوتوون.


ئافرەت، ئاوێنەی ڕۆحی ئوممەتە.


کاتێک ڕوون و بێگەرد بێت، نووری ئیمان و شکۆ دەداتەوە. کاتێک تۆزاوی بێت، شایەتی غەفڵەت و سستییە. بەڵام کاتێک شکا ... ئیتر هەر پارچەیەکی وێنەی نسکۆ و پارچەپارچەبوونی ئوممەت نیشان دەدات.


کێشەکانی ئافرەت، کێشەی سەربەخۆ نین. ئەوان نیشانەی نەخۆشییەکی قووڵن کە لە ڕەگوڕیشەی ئوممەتی داوە. کاتێک عەقڵی ئوممەت تووشی وەستان و سستی بوو، یەکەم قوربانیی ئەم وەستانە، ئافرەت بوو؛ چونکە ئەو ئەمانەتە پیرۆزەکەی ڕەسوولە (ﷺ) کە بە شان و شەوکەتی قەییمەکانی ئوممەت سپێردراوە.


زۆرێک لەو پیاوانەی ئەمڕۆ بە دەنگی بڵند هاوار دەکەن: "ئافرەت کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕۆژئاوا!"، خۆیان لە هەمان ئەو دەریایەدا مەلە دەکەن. عەقڵیان سوجدە بۆ بازاڕی سەرمایەداری دەبات، دڵیان تەواف بە دەوری بتی ماددە و ڕواڵەتدا دەکات، کردەوەکانیان ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو فەلسەفەیەیە کە لێی سکاڵا دەکەن. ئینجا ڕوو لە ئافرەت دەکەن و داوای لێ دەکەن ببێتە قەڵای پاراستنی ڕەسەنایەتی و ئیمان!

ئەو نسکۆیەی ئەمڕۆ ئافرەتی تێدایە، هەمان نسکۆی عەقڵی ئیسلامییە کە کانیاوە سازگارەکەی خۆی لەبیر کردووە و لە گۆمە لێڵەکانی فیکری ڕۆژئاواییدا بە دوای قومە ئاوێکدا وێڵە.

لەم بۆشاییەدا، ڕۆژئاوا وەک بازرگانێکی زیرەک؛ کاڵا بریقەدارە بێ ڕۆحەکانی ساغ دەکاتەوە. کاڵای ئازادی ... ئازادییەک کە لە بنەڕەتدا هەر بەندایەتییەکی دیکەیەی هەوا و هەوەسە. 


بەم شێوەیە ئافرەت لەنێوان دوو بەرداشی کوشندەدا دەهاڕدرێت: بەرداشی لاوازیی ئیمانیی قەییمەکانی ئوممەت و، سەرابی فریودەرانی دەرەوە.


چارەسەریش لە لۆمەکردنی ئاوێنەکەدا نییە، بەڵکوو لە پاککردنەوەی ئەو وێنەیەدایە لە بەردەمیدا وەستاوە. چارەسەر لەوەدایە کە قەییمەکان، سەرەتا خۆیان لەو بتە مۆدێرنانە ڕزگار بکەن کە لە دڵ و عەقڵیاندا دایانتاشیون، ئینجا داوای پارێزگاری لە ئەمانەتەکەیان بکەن.

چارەسەر لە گەڕانەوەدایە بۆ ئەو ئیسلامە ڕەسەنەی کە کەرامەتی بەخشی. گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆحەی کە ئافرەتی کردە هاوشانی پیاو لە بەندایەتیی خودا و هاوسەنگ لە پاداشت و لێپرسینەوەدا.


پرسی ئافرەت، پرسی چارەنووسی ئوممەتە، یان پێکەوە لەم نسکۆیەدا دەمێنینەوە، یان بە گەڕاندنەوەی شکۆی ئەمانەتەکە، بەرەو شەبەقێکی نوێ هەنگاو دەنێین.


سناء محي الدين


#ئاستانە_Astana

9/15/2025 9:24:18 AM