هەواڵە «ترێند»ـەکانی تاڵیبان و سواڵی (ئەکتیڤ)
هەواڵە «ترێند»ـەکانی تاڵیبان و سواڵی (ئەکتیڤ)
زۆرجار هەواڵی سەیر و سەمەرە دەبینین لەسەر ئەفغانستان؛ تاڵیبان وای کرد و ئەمەی کرد، تاڵیبان نانخواردن و خەوتنی قەدەغە کرد ...!
با نموونەیەکی تازە وەربگرین
ماوەیەک لەمەوبەر، میدیایەکی دیاری کوردی هەواڵێکی ئەفغانستانی تەقاندەوە، کە گوایە حکوومەت چوونی زاوای بۆ ماڵی خەزووران قەدەغە کردووە، لەگەڵ چەند بڕیارێکی تر، بە ئومێدی ئەوەی ببێتە «ترێند» و تۆزێک (ئەکتیڤ) ڕابکێشێت. تەنانەت ئەمڕۆ بینیم کە تەنیا بە پۆستەکە دانەکەوتوون، بگرە ڤیدیۆیەکیان لەسەر کردووە.
هەرچۆنێک بێت، ویستم بەدوای هەواڵەکەدا بڕۆم. گەڕانێکی زۆرم کرد بەنێو میدیا ڕەسمییەکاندا، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی هەواڵەکە نەبوو. تێبینیم کرد لە پۆستەکەدا نووسیبوویان سەرچاوە «ڕۆژنامەی هەشتی سوبح»ـە. دووبارە، گەڕان بەدوای ئەو میدیایەشدا قورس بوو؛ بۆ نموونە، کەناڵی یوتیوبەکەیان ٨ (سەبسکرایبەر)ی هەیە، تویتەرەکەیان سێ ساڵە وەستاوە و، هەبێت و نەبێت، پەیجی فەیسبووک و ئینستاگرامیان لەگەڵ سایتێکدا بە ناوی «8ی سوبح... 8ی بەیانی» چالاکە.
ڕۆژنامەکە بەڕوونی ئۆپۆزسیۆنە و دژ بە حکوومەت قسە دەکات و، خۆیان بە «گەورەترین میدیای سەربەخۆ» دادەنێن. با بڵێین ڕۆژنامەکە هیچ کێشەی نییە، ئەی هەواڵەکەیان چی دەڵێت؟ ڕۆژنامەکە دەڵێت: «بەپێی چەند سەرچاوەیەکی لۆکاڵیی ویلایەتی پەکتیکا...». واتە، یەکەم شت، بڕیارەکە هی هەموو ئەفغانستان نییە. دووەم شت، سەرچاوەکانیش ڕەسمی نین و بەقسەی چەند هەواڵدەرێکی ناوخۆیین. (هاوشێوەی ئەوەی میدیاکانی خۆمان دەڵێن: «شارەزایان وا دەڵێن»).
کەواتە، نە هەواڵەکە هی هەموو ئەفغانستانە، نە ڕەسمییە و نە بڕیاری حکوومەتە و، نە میدیا ڕەسمییەکانیش باسیان کردووە. بەڵکوو هەواڵێکی (لۆکاڵ)ـی نێوخۆییی ویلایەتی پەکتیکایە کە میدیاکە هیچ سەرچاوەیەکی بۆ نەهێناوە. ئەمە جیا لەوەی، کۆمێنتێکی زۆرم بینی کە دەیگوت ئەمە لە کۆنەوە دابونەریتی تایبەتی ئەو ویلایەتەیە و، پیاوماقووڵانی ناوچەکە ئەو بڕیارەیان داوە.
بەم جۆرە، لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر هەواڵەکەش ڕاست بێت، بابەتەکە بڕیارێکی ناوخۆیی و نافەرمیی یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەفغانستانە. بەڵام چونکە هەواڵەکە بەو جۆرە نابێت بە «ترێند»، دەبێت لەمسەیەکی سیحریی لێ بدرێت: هەواڵەکە دەکەین بە هی هەموو ئەفغانستان، پاشان دەڵێین ڕەسمییە و، بەتایبەتیش دەبێت بنووسین «تاڵیبان» دەری کردووە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشین. ئەمە هەمووی بە چاوپۆشیکردنە لە ڕاستی و دروستیی ئەو میدیایەی بڵاوی کردووەتەوە.
سواڵی (ئەکتیڤ)، چی بە مرۆڤ دەکات!
پرسیارەکە لێرە ئەوەیە: بۆچی ئەم هەموو (تەرکیز)ە لەسەر تاڵیبان و ئەفغانستان هەیە، بەتایبەت لە میدیا عەلمانییەکانەوە؟ تۆ بڵێی باسەکە ترسێکی جددی بێت لە هەبوونی بەدیلێکی ئیسلامی بۆیان؟ یان دەشکرێت بابەتەکە دەروونی بێت؟ کاتێک دەسەڵات شکستی خۆی لە هەموو بوارەکاندا دەبینێت، دەبینێت کە ئابووری، زانست، سیاسەت و هەموو کایەکانی شکستیان هێناوە، دەیەوێت پێت بڵێت: «خۆ هەر من نیم فاشیل؟ هەموویان فاشیلن! هێشتا دەبێت مەمنوونیش بیت تاڵیبان حوکمت ناکات»، تا بەم جۆرە شتێک لە شکست و شەرمی دەسەڵات و ئەزموونی خۆی بشارێتەوە.
هەندێک جاریش، ئەم هەواڵانە لەنێو هەندێک میدیادا دەبینین کە جۆرێک لە (باکگراوند)ـی ئیسلامییان هەیە، کە دەکرێت ئەمەیان بەهۆی کاریگەربوون بێت بە هەژموونی ڕۆژئاوایی و (مۆدێرنە)؛ بە ڕادەیەک کەسەکە لەو بڕوایەدا نەبێت کە ئەزموونێکی ئیسلامییانەی دەوڵەتداری لەم سەردەمەدا مومکین بێت و، بەم جۆرە دەیەوێت ئەستۆپاکیی خۆی لەو جۆرە ئەزموونانە دەربخات.
هەرچۆنێک بێت، ئەوەی لێرە گرنگە ئەوەیە باوەڕ بە هەموو هەواڵێک نەکرێت، بەتایبەت کاتێک لە میدیا و لایەنێکەوە دێت کە ڕوونە دنیایەک گرێی دەروونی و فیکریی هەڵگرتووە.
ئارامی مەلا نووری