بچنە ماڵەکانی خودا و وڕکی لێخۆشبوون بگرن!

بچنە ماڵەکانی خودا و وڕکی لێخۆشبوون بگرن!

لە‌ كولتووری عە‌شایە‌رێتی كوردیدا، ئەگە‌ر پیاوێک لە‌ بنە‌ماڵە‌یە‌ک بكوژرێت،‌ ھە‌موو بنە‌ماڵە‌كە‌ لە‌ كە‌میندا دە‌بن بۆ كوشتنە‌وە‌ی بكوژە‌كە‌، ئەگە‌ر سوڵح نە‌كرێت و لێی خۆش نە‌بن، شتێک نییە‌ بە فریای بگات، مە‌گە‌ر ئە‌وە‌ نە‌بێت لە‌ تاریكیی شە‌ودا فرسە‌ت بھێنێت و خۆی ھە‌ڵباتە‌ ماڵی كوژراوە‌كە‌ و داوای لێخۆشبوون بكات.

لە‌ كوردە‌واریشدا شوورە‌یی و عە‌یبە‌یە‌ خە‌ڵک لە‌ ماڵە‌كە‌ی خۆیاندا بكوژن، یان دە‌ربكە‌ن، بۆیە‌ بكوژە‌كە‌ ئە‌م یاسایە‌ دە‌قۆزێتە‌وە‌ و مان دە‌گرێت و لە‌سە‌ر بە‌ڕە‌كە‌یان ناڕوات تا لێی خۆش نە‌بن، یان دە‌رگای سوڵح نە‌كە‌نە‌وە‌. 

ببینن مرۆڤگە‌لێک ھە‌ن شە‌رم لە‌وە‌ دە‌كە‌ن سزای بكوژی كوڕە‌كانیان بدە‌ن لە‌ ماڵی خۆیاندا، یاخود لێی خۆش نەبن! دە‌بێت خودا چۆن بێت بۆ بە‌ندە‌گە‌لێک کە لە‌م شە‌وانە‌دا پە‌نا دە‌بە‌‌نە‌ حە‌وشە‌ی ماڵە‌كانی خودا، وڕک دە‌گرن و ناڕۆنە دە‌رە‌وە‌ بە‌ داوای لێخۆشبوونە‌وە‌ نە‌بێت؟!

بچنە‌ ماڵە‌كانی خوداوە، بە‌پێوە‌ بوە‌ستن و تكا بكە‌ن، بچنە‌ ڕكوع و تكا بكە‌ن، سوژدە‌ ببە‌ن و ھە‌ڵمە‌ستنە‌وە‌، پەڕتووکەکەی بگرن بە‌دە‌ستە‌وە‌ و بلاڵێنە‌وە‌، یادی بكە‌ن و دوعا بكە‌ن، مە‌ڕۆنە‌ دە‌رە‌وە‌ بە‌وە‌ نە‌بێت لێتان خۆش بێت.

دانـــیـــــاڵ ژاکـــــــاو

#ئاستانە_Astana

3/12/2026 1:41:33 PM