کاری خوا لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکات کە لای ئێمە کۆتایی چیرۆکەکەیە
کاری خوا لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکات کە لای ئێمە کۆتایی چیرۆکەکەیە
ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لە چیرۆکی پەیامبەراندا (عليهم السلام)، ئەوەیە کە سەربوردەی گۆڕانکارییە گەورەکان لەو جێگەیەوە دەست پێ ناکات کە عەقڵ تەسەووری دەکات، بەڵکوو لە فڕێدانی منداڵێکەوە بۆ ناو ئاو، یان لە فڕێدانی لاوێکەوە بۆ ناو بیر، یان فڕێدانی پەیامبەرێک بۆ ناو ڕووبار، یان یەکێکی دیکە بۆ ناو ئاگر دەست پێ دەکات... هەموویان کۆمەڵێک دەستپێکن وەک ئەوەی کۆتاییی چیرۆکەکە بن.
ئەوەی مرۆڤ تەواو لەو دیمەنانە سەرسام دەکات ئەوەیە، ئەوانەی وا دەردەکەوت کە سەرەنجامی ئەوانی دیکەیان لە دەستە؛ سەرەنجامی خۆیان بە دەستی خۆیان دەکێشا. براکانی یووسف (عليه السلام) کاتێک فڕێیان دایە ناو بیرەکەوە، بە خەیاڵی خۆیان وایان زانی بەمە دەرگاکە دادەخەن، بەڵام ڕێگەیەکیان بۆ یووسف کردەوە. فیرعەونیش کە هەوڵی سەربڕینی ئەو منداڵانەی دەدا کە مەترسی بۆ دروست دەکەن، کەچی منداڵەکەی لە ناو کۆشکەکەی خۆیدا گەورە کرد... هەموو هەوڵ و کۆششێکیان، هەنگاوێک بوو بۆ دۆڕاندنیان.
سوننەتی خوای گەورە بەردەوامە لەسەر ئەوانەی کە کشوفش دەکەن بە هێز و دەسەڵاتیان؛ کاتێک کە دەگەنە ئەو ئاستە لە غروور کە وا دەزانن لە سەرووی شکستەوەن؛ ئیدی ڕێک لەو چرکەساتەدا، تۆوی شکست و دۆڕاندنی خۆیان دەچێنن. غروور بە هێز و دەسەڵات، تەنیا چاوی مەغروور کوێر ناکات بەرامبەر دوژمنەکانی، بەڵکوو کوێری دەکات بەرامبەر نەفسی خۆیشی، ئیدی هەر بڕیارێک کە دەیدات بە ئەندازەی هێز و دەسەڵاتەکەی، ڕێک بەو ئەندازەیە خۆیشی پەلکێش دەکات بۆ لەناوچوونی. فیرعەون نەیتوانی سەرکەوێت بەسەر مووسادا (عليه السلام) سەرباری هێز و دەسەڵاتی، بەڵکوو بەهۆی ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە هەیبوو، دۆڕا!
موعجیزەی گەورەی پەیامبەران لە سەرکەوتن و باڵادەستبوونیاندا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە ڕێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن و باڵادەستبوون ڕەنگڕێژ کرابوو بە هۆکاری شکستهێنانیان... قورئانیش بەسەرهاتی ئەوانمان بۆ دەگێڕێتەوە، تا نیشانمان بدات کە بەهێزترین هێز هێزی کەمینەیە گەر گەورەترین ئیمان و باوەڕی لەگەڵ بێت؛ لاوازیش مەرج نییە کە هێزی کەم بێت، بەڵکوو دەشێت ئیمانی لاواز بێت. ئیمان و باوەڕ هێزێکی هاوتەریبت پێ نابەخشێت، بەڵکوو بەسیرەتێکی جیاوازت پێ دەبەخشێت؛ ئەوە دەبینیت کە نابینرێت و، لە ڕێیەوە ئارام دەگریت لەسەر ئەوەی کە جێی تەحەممولکردن نییە و، ئەوەشی پێ دوور دەخرێتەوە کە توانا بەسەریدا ناشکێت.
هەر بۆیە، چیرۆکەکانی قورئان لە هەموو زەمەنێکدا زیندوون، چونکە (لە حەقیقەتدا) دەربارەی خودی فیرعەون و عاد بە تەنیا قسە ناکەن، بەڵکوو دەربارەی کۆمەڵێک ڕێسا و سوننەت قسە دەکەن کە ناگۆڕێت، گرنگترینیان: هێزی داماڵراو لە حەق، غروور و لەخۆباییبوونی یەکەم هۆکاری لەناوچوونییەتی...
﴿فَأَمَّا عَادٌ فَاسْتَكْبَرُوا فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَقَالُوا مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً ۖ أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّ اللَّهَ الَّذِي خَلَقَهُمْ هُوَ أَشَدُّ مِنْهُمْ قُوَّةً﴾.
موحەممەد وەفیق زەینولعابدین
#ئاستانە_Astana