نهێنییەک لە دڵی قوڕ و لیتەکاندا

نهێنییەک لە دڵی قوڕ و لیتەکاندا

هەموو بەیانییەک، کاتێک جیهان بەو شێ و تەڕییەی بەرەبەیان خەبەری دەبێتەوە، گوڵێک لەنێو دڵی زەلکاوەکاندا هەڵدەستێت، بەبێ ئەوەی پەڕ و گەڵاکانی قەترەیەکیش قوڕی پێوە بێت، ئەم نهێنییەی «گوڵی لۆتەس» هەمیشە جێی سەرسوڕمان بووە، چۆن گوڵێک کە لە دڵی زەلکاو و قوڕاوەکانەوە سەر دەردێنێت و، وەها پاکیزەییەکی هەڵگرتووە.

هەر بۆیە لە ئەدەبیات و باوەڕی کۆندا، گوڵی لۆتەس هەمیشە ڕەمزی پاکی و پاکیزەیی بووە، بەڵام ئەم پاکێتییە نهێنییەکی جوانی خەڵق و کارسازی خوای تێدایە، هەر لە حەفتاکانەوە کاتێک توێژینەوەی وردبینی لەسەر ڕووکاری ڕووەکەکان دەستی پێ کرد، شتانێکی سەرسوڕهێنەر دەرکەوتن.

دەرکەوت گوڵی لۆتەس بە دوو میکانیزمی نانۆیی ورد پاکێتی خۆی دەپارێزێت، ئەویش هەبوونی زبرییەکی نانۆیی ورد کە پڕە لە گرێ و گۆڵی ورد کە (١٠) بۆ (٢٠) مایکرۆمیتەر دەبێت، لەگەڵ چینێک بلووری مۆمی مایکرۆیی کە کۆمەڵێکی زۆر گیرفانی هەوایی دروست بێت، دڵۆپەکانی لەسەری دەوەستن بەبێ ئەوەی بدەن لە ڕووکاری گەڵا و گوڵەکە.

بەم جۆرە تەنها گۆشەیەکی بچووکی لاربوونەوە، ئاو و قوڕەکە فڕێ دەدات، ئەم میکانیزمە ئێستا لە زۆر شتدا بەکار دێت، لەو بۆیە و بۆیاغانەی کە پێکهاتەیەکی لەم جۆرەی تێ کراوە تا تۆز و پیسی نەگرێت؛ پلێتەکانی وزەی خۆر، کۆمەڵێک کۆمپانیای جلوبەرگ و قوماش، کەرەستە و ڕووکاری پزیشکی، تەنانەت پۆشاک و کەرەستەکانی گەشتەکانی بۆشایی ئاسمان و چەندین نموونەی تر.

ئەمەش چیرۆک و نهێنی پاکیزەیی گوڵی لۆتەس، لە دڵی زەلکاوەکانەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.

#ئاستانە_Astana

4/13/2026 9:51:17 AM