ڕووداوەکان و دەربازبوون لە ئەگۆنیزم لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیادا

ڕووداوەکان و دەربازبوون لە ئەگۆنیزم لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیادا

لە ڕابردوودا، «ئەگۆنیزم» (Agonism) بارێکی نامۆڕاڵی بوو کە نوخبەیەکی فیکری تووشی دەبوو؛ ئەو نوخبەیەی دەمارگیرییەکی پەڕگیرانەی هەبوو بۆ ئەو بنەمایانەی خۆی یان قوتابخانە فیکرییەکەی باوەڕی پێی بوو. بۆیە لە مشتومڕ و مێزگردی بەرامبەردا، بە تەواوی بوونییەوە، هەر لە دەستپێکی وتووێژەکەوە تەنیا بۆ ئەوە گوێی لە ئارگومێنتەکانی بەرامبەر دەگرت کە بەرپەرچی بداتەوە. واتە لە جەدەلێکی بێبنەماوە کە لەسەر ڕیتمی «نێرە بیدۆشە» بونیاد دەنرا، مشتومڕی دەکرد و، ئامانج لێی گەیشتن نەبوو بە ڕاستی و داننان بەو حەقیقەتانەی پێویستە ئەخلاقییانە دەربخرێن.

لە دوای پەیدابوونی سۆشیاڵ میدیا و پۆست و کۆمێنت و چاتەوە، نابەختیارانە ئەم دیاردە نامۆڕاڵییە وەک درمێکی کوشندە دابەزییە ناو عەوامی کۆمەڵگە و، نزیکەی ڕەهای هەموو ئەو لێدوان و گفتوگۆ و مشتومڕە جیاوازانەی داگیر کردووە کە لەسەر هەر ڕەهەندێکی سیاسی، ئایینی، وەرزشی... هتد دەکرێت. تەنانەت ئەو توێژە دیندارە موحافیزکارەشی گرتووەتەوە کە ڕەنگە دەیان جار لە کۆبوونەوە و وتاری جەماوەریدا لەسەر ئاداب و ئەخلاقی ئاخافتن و سەرنەخستنی نەفس و حەقویستن قسەت بۆ بکات، بەڵام کە لە باسێکدا دیدێکی جیاوازت لەو هەبوو، دەبینیت هەستەوەرەکانی وەرگرتنی داخراوە و بڕیاری داوە تێ نەگات. بە زمانە بازاڕییەکەی کۆمەڵگە: «شەبەکەی نییە» و، دوور نییە هەزار تەعلیق و ڕابواردن و تەشهیر و تەنانەت تۆمەتیشت بداتە پاڵ.

کارەساتەکە ئەوەیە؛ لانی کەم ئەو نوخبە فیکرییە ئەگۆنیستەی ڕابردوو، تەمەنێک موتابەعە و خەرمانێکی گەورەی پاشخانی مەعریفیی هەبوو؛ دوای تەمەنێک خوێندنەوە و موتاڵا ئینجا هەقی بە خۆی دەدا کە مشتومڕ بکات.

بەڵام لە دوای هاتنی سۆشیاڵ میدیاوە، هەرچی عەوامە بە هەگبەیەکی بەتاڵ و نەبوونی ئەدەبی حیوارەوە، حەقی ئەوە بە خۆی دەدات قسە لەسەر هەموو شتێک بکات، «تەحلیل» بۆ هەموو شتێکیش بکات، و هەڵسەنگاندنی هەیە بۆ هەموو کەسایەتی و ڕەوت و ڕووداو و پێشهاتێک! سەرچاوەکانی زانیارییشی لە فەیسبووک، ئینستاگرام و تیکتۆک تێناپەڕێت؛ زۆرجاریش دەروێشانە لە نووسەرێک، کەسایەتییەک یان بانگخوازێک دوو قسەی وەرگرتووە و کوێرانە دەیڵێتەوە.

باشترین بژاردە بۆ ئەوانەی خەمی تەندروستیی عەقڵ، پاکژیی دڵ و دەروون و «قیامەت-سەنتەری»ی خۆیانە، ئەوەیە کە دوور بن لە هەر چەشنە مشتومڕێکی ئەگۆنیزمییانە لەگەڵ بەرانبەردا. چاودێریی پێشهات و وەرگرتنی زانیارییەکان بە میتۆدێکی ئەخلاقی دەکات و بێدەنگ دەبێت، یان ئەگەر پەیامێکی هەبێت دایدەنێت و لەسەر ڕیتمی مەعریفیی خۆی بەردەوام دەبێت. باکی نییە بەوەی لە خوارەوە چی لە کۆمێنتدا دەنووسرێت، یان بەرانبەرەکان چۆن تێدەگەن و، سەرقاڵ نابێت. لەوە گەڕێ کەسێک بەرپەرچت دەداتەوە و پێی وایە تۆ شکستت هێناوە بۆیە بێدەنگیت و، بە عەقڵی «بردنەوە و دۆڕان» پۆست و کۆمێنتەکان دابەش دەکات. ڕووداوەکان تێ دەپەڕن و مشتومڕەکان بیر دەچنەوە، بەڵام مۆڕاڵەکە بە برینداری دەمێنێتەوە و سیجلی قیامەتیش بە لەکەداری. لەم بارودۆخەدا، ئامانجی سەرەکی پێویستە دانەبەزینی تۆ بێت بۆ ناو زەلکاوەکە، نەک نەشتەرگەریی ئەو هەموو عەقڵە تووشبووە بە شێرپەنجەی هزری و ئیمانی و ئاکاری. پەیامەکە بگەیەنە و لە باقیی تردا سەرگەرمی وێرد و نزا و قورئان و کەشی ئیمانیی خۆت بە.

قال الله تعالى:
﴿نَّحْنُ أَعْلَمُ بِمَا يَقُولُونَ ۖ وَمَا أَنتَ عَلَيْهِم بِجَبَّارٍ ۖ فَذَكِّرْ بِالْقُرْآنِ مَن يَخَافُ وَعِيدِ﴾

دانیاڵ ژاکاو

#ئاستانە_Astana

4/13/2026 9:51:38 AM