مردنی ڕۆژئاوا!
مردنی ڕۆژئاوا!
«پاتریک جەی بوکانن» لە ساڵی ٢٠٠٢، کتێبێکی نووسی بە ناوی «مردنی ڕۆژئاوا». کتێبەکە باسی یەکێک لە گرفتە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ڕۆژئاوا و زۆرێک لە وڵاتە سەرمایەداری و پیشەسازییە گەورەکان دەکات، ئەویش بابەتی پیربوون و کەمبوونەوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەیە. وەک ڕوونە، هەر کۆمەڵگەیەک پێویستی بە دەستی کار و هێزێکی چالاک هەیە؛ ئەم سیفەتەش زیاتر لای گەنجان دەست دەکەوێت، بۆیە بوونی گەنج لە هەر کۆمەڵگەیەکدا سامانێکی مرۆییی زۆر گەورەیە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی بەردەوام ژمارەی دانیشتووانیان دادەبەزێت، ئەمەش هۆکاری زۆر و جۆراوجۆری هەیە. بەشێکیان پەیوەستە بە داڕشتنەوە نوێیەکانەوە دەربارەی خێزان و منداڵ؛ وەک فرەمنداڵی، پەیوەستبوونی ژن بە منداڵەوە و مانەوەی لە ماڵەوە، کە هەمووی کەوتە بەر لێدانی توند و، چیتر بەو چاوەی پێشتر سەیری خێزان نەدەکرا. وابڕیار درا کە دەبێت ئافرەت شانبەشانی پیاو کار بکات و، هەموو کەسێک پێویستە خۆی خۆی بژیەنێت؛ ئافرەت خاوەن و بڕیاربەدەستی ژیانی خۆیەتی، خۆی ئازادە لەوەی منداڵی ببێت یان نا. ئەگەر نەیوست دەتوانێت منداڵەکەی لەبار ببات و، ئەگەر ویستیشی دەتوانێت منداڵی ببێت.
تێڕوانینیان بۆ منداڵبوون و خێزان گۆڕانی بەسەردا هات. ئەوەی خۆی وابەستەی خێزانێک بکردایە، یان چەند منداڵێکی ببوایە و منداڵی لەبار نەبردایە؛ ئەمانە بە «کۆنەپەرست»، «لادێیی» و «مەسیحی» ناوزەد دەکران. بۆیە ئەوان کەمتر پەیوەستن بە دروستکردنی خێزانی تەقلیدییەوە، بەڵکوو زیاتر لە دەرەوەی خێزان مومارەسەی سێکسی دەکەن؛ ئەمەش وا دەکات ڕێژەی منداڵبوون کەم ببێتەوە، بەتایبەت کە منداڵبوون بەرپرسیارێتییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی دایک و باوک، بۆیە خۆیانی لێ دەپارێزن.
بەم شێوەیە لە ڕووی خێزانییەوە گۆڕانکارییەکی گەورە و ڕیشەیی دروست بوو؛ هەروەها لە ڕووی پیشەسازی و سروشتی کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاواشەوە، دیسان گۆڕانکاریی گەورە هاتە ئاراوە. ئەمە تەنیا ڕۆژئاوای نەگرتەوە بە چوارچێوە جوگرافییەکەیەوە، بەڵکوو وڵاتانی تری پیشەسازیی وەک ژاپۆن و ئەوانی تریش تووشی هەمان دۆخ بوون.
بۆکانن دەڵێت: «لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووان بەرز دەبێتەوە... وڵاتانی ڕۆژئاوا لە زیادبوون وەستاون، بەشێک لە وڵاتەکان لە زیادبوون وەستاون و بەشێکیشیان ژمارەی دانیشتووانیان ڕوو لە کەمبوونەوەیە. لەنێو (٤٧) گەلی ئەورووپیدا، تەنیا یەک گەل پارێزگاریی لە دانیشتووانەکەی کردووە، ئەویش ئەلبانیای موسڵمانە؛ ئەلبانیا هەتا ئێستا پارێزگاریی لە ڕێژەی پێویستی لەدایکبوون کردووە هەتا بە زیندوویەتی بمێنێتەوە، بەڵام جگە لە ئەلبانیا وڵاتانی تر دەستیان بە مردن کردووە».[١]
هەروەها دەڵێت: «لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئەورووپا لە ئایسلەنداوە بۆ ڕووسیا ٧٢٨ ملیۆن بووە، بەڵام بەپێی ڕێژەی لەدایکبوونی ئێستا و بەبێ کۆچی نوێ، ئەوا ژمارەی دانیشتووانی ئەورووپا بۆ ساڵی ٢٠٥٠ دادەبەزێت بۆ ٦٠٠ ملیۆن». [٢]
ڕەنگە بتوانین ئەوە بڵێین کە ژمارەی دانیشتووانی ئەورووپا زۆر لەوە خێراتر دابەزێت کە بۆکانن پێشبینی کردووە. کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون وای کردووە کە ژمارەی گەنج لەوێ کەم ببێتەوە و ڕێژەی بەتەمەنەکان زیاد بکات؛ ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان گرفتی گەورە لە ئەورووپادا.
بۆکانن یەکە یەکە لەسەر وڵاتانی ئەورووپا دەوەستێت و قسەیان لەسەر دەکات. لێرەدا یەک نموونە وەردەگرین تا لەو مەترسییە تێ بگەین کە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی بووەتەوە. جوزێف چامی (Joseph Chamie)، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی دانیشتووان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات: «بەپێی ئەو پێشبینییانەی کراون بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی هەتا ساڵی ٢١٠٠، ئەگەر ڕێژەی لەدایکبوون لە ئەڵمانیا وەک ئێستا بێت و ڕێژەی کۆچ (سفر) بێت؛ ئەوا بۆ ساڵی ٢١٠٠، ڕێژەی دانیشتووانی ئەڵمانیا لە ٨٢ ملیۆنەوە دادەبەزێت بۆ ٣٨.٥ ملیۆن، واتە بە ڕێژەی ٥٣٪ دادەبەزێت». [٣]
ئەم کەمبوونەوە مەترسیدارە، پاڵ بە بۆکاننەوە دەنێت کە بڵێت: «مردنی جیهانی یەکەم (ڕۆژئاوا) بەهۆی جیهانی سێیەمەوە نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی لەنێو خودی جیهانی یەکەمدایە، هۆکارەکەی لەنێو نیشتمان و ماڵەکانی جیهانی یەکەمدایە». [٤]
کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون لە ڕۆژئاوا، دەرەنجامی کەڵەکەبوونی کاریگەریی ئەو هەموو فەلسەفە ماددی و پراگماتییانەیە کە چەند سەدەیەکە کار لەسەر کۆمەڵگە، تاک، ژن و پیاوی ئەوێ دەکەن و، دیدوتێڕوانینیانیان گۆڕیوە دەربارەی کۆی بابەت و بوارەکان. دەیان قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی، خەڵکیان هان دا بۆ تاکگەرایی، دروستنەکردنی خێزان، بەردەستخستنی هۆکارەکانی لەباربردن، ڕێگری لە منداڵبوون و برەودان بە هاوڕەگەزبازی... واتە، کێشەی گەورەی ڕۆژئاوا کێشەیەکی ناوەکییە، پەیوەستە بە خۆیەوە، پێش ناچێت تەنیا بە خۆشی چارەسەر بکرێت.
هێرشی کۆچبەران
ئێستا لە ڕۆژئاوا چەندان ڕێکخراو و لایەن دروست بوون بۆ ڕێگری و دژایەتیکردنی کۆچبەران؛ دژی ئەوەن کۆچبەران ئاوا ڕوو لە وڵاتەکانیان دەکەن. زۆرجاریش گوێبیستی ئەوە دەبین: «خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئاسیا بە گشتی، یاخود ئەفریقا، بۆچی ڕوو دەکەنە ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا قسەشیان پێ دەڵێن؟!».
ئەوانەی ئەو قسەیە دەکەن وەک ئەوە وایە بڵێن وڵاتانی ڕۆژئاوا خێر بە کۆچبەران دەکەن کە وا ڕێگەیان دەدەن بچنە وڵاتەکانیانەوە، لە کاتێکدا لایەنەکانی تری دۆخەکە لەبەرچاو ناگرن. سەرەتا دەبێت بزانین کە ڕۆژئاوا بە گشتی و چەند وڵاتێک بە تایبەت، ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەیە لە تێکدان و پشتیوانیکردنی ستەمکارانی جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی تریش لە ئەمریکای باشوور و ئەفریقادا؛ جگە لەوەی ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەتاڵانبردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەو وڵاتانەدا.
لەلایەکی تریشەوە، خۆیان دەستی کاریان نییە، بۆیە زۆر پێویستیان بەوەیە دەستی کار لە وڵاتەکانیاندا زیاد بکەن. بۆ ئەمەش سوود لە کۆچبەران وەردەگرن؛ لە هەموو بوارەکاندا ئەو کۆچبەرانە سوودی زۆریان گەیاندووە بەو وڵاتانە. بۆیە چەندێک کۆچبەرەکان سوود وەردەگرن، سەد هێندە ئەو وڵاتانە سوود لە کۆچبەرەکان وەردەگرن. ئەمە جگە لەوەی ئەو کۆچبەرانە بە پرۆسەی توانەوەدا دەبەن و هەوڵ دەدەن ئەو شوناسەی هەیانە بیسڕنەوە. ئەو وڵاتانە بەتایبەتی هەوڵ دەدەن نەوەی کۆچبەرەکان لە ڕێگەی قوتابخانە و کەناڵەکانی پێگەیاندنەوە لەسەر شوناس و کولتووری ڕۆژئاوایی پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی نەچنەوە سەر شوناسی دایک و باوکیان.
بۆیە لێرەدا کۆچبەرەکان زۆرجار لەبری ئەوەی براوە بن، لە ڕاستیدا دۆڕاون لە ڕووە ئایینی و کولتوورییەکەوە؛ جگە لەوەی لەوێ ئەرکێکی زۆر دەکێشن هەتا پێگە و پلەیەک بەدەست بهێنن، دوای بەدەستهێنانیشی دەبێت بەردەوام لە خەمی پاراستنیدا بن، نەوەک (لە هەڵەی خۆیان نا) بەڵکوو بە هەڵەی موسڵمانێک یان ئاسیاییەک هەموو «ڕێسەکەیان ببێتەوە بە خوری» و بکەونە بەر هێرشی ڕەگەزپەرستی و، ژیانیان لێ تاڵ بکەن.
ئایا ڕۆبۆتەکان کۆتایی بە مرۆڤ دەهێنن؟
ئێمە بەردەوام بەر داهێنانی نوێ دەکەوین؛ داهێنانە زانستییەکان هەمیشە سوودبەخش نەبوون بۆ مرۆڤ، بەڵکوو زۆرجار بوونەتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیان و چارەنووسی مرۆڤ. ئێچ. جی. وێڵز دەڵێت: «سەختە بیسەلمێنین کە هەندێک شت نایەن و چیرۆک و ڕەگەزی مرۆڤ ناسڕنەوە. کێ ناڵێت شەو نایەتە خوارەوە و هەموو خەون و کۆششەکانمان نافەوتێنێت... بۆی هەیە شتێک لە بۆشایییەوە، یان نەخۆشییەکی درم، یانیش نەخۆشییەکی کوشندەی ناو بەرگەهەوا، ژەهرێکی دەرەکی، هەڵقوڵانی هەڵمێک لە ناخی زەوییەوە، یانیش ئاژەڵێکی نوێی دژ بە ئێمە، یانیش دەرمانێک، یان شێتیی ناو مێشکی مرۆڤ، تەواوی زەوی ڕەنبەخەسار بکات». [٥]
هەر لەو بارەیەوە، مارتن ڕیس دەڵێت: «لەوانەیە فشە و زیادەڕەوی نەکەین بڵێین لەپاش تەقینەوە گەورەکەوە، چارەنووسسازترین شوێن لە بۆشایی و کاتدا ئەم ساتەی ئێستایە لەسەر زەوی. بە بۆچوونی من، ئەگەری گەیشتنی ئەم نەوەیە بە سەدەی بیستودوو لەسەدا پەنجایە. دەکرێت کردار و هەڵبژاردنەکانمان داهاتوویەکی مسۆگەر بۆ ژیان لەسەر زەوی و دەرەوەی زەوی دابین بکەن؛ یانیش بە پێچەوانەوە، لەوانەیە بەهۆی نیازێکی خراپەوە، یان بەهۆی سەرکێشییەکی هەڵەوە، تەکنەلۆژیای سەدەی بیستویەک کۆتایی بە دەرفەتی ژیان بهێنێت و، قوفڵ لە داهاتووی مرۆڤ و (پاشمرۆڤ)ـیش بدات». [٦]
هەم مارتن ڕیس، هەم وێڵز، هەردووکیان درکیان بە مەترسییەکانی زانست کردووە؛ درکیان بەوە کردووە کە زانست چۆن دەتوانێت مرۆڤایەتی لە لێواری لەناوچوون نزیک بکاتەوە. تەنانەت مارتن ڕیس هێندە دڵنیابووە لە مەترسی و سەرکێشیی زانایان لەلایەک، و لەلایەکی تریشەوە لە بێدەنگی و ڕازیبوونی زانایان بۆ ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدار و سیاسییەکانەوە بەکاربهێنرێن، لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا گرەوێک دەکات! دەڵێت: «لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا گۆڤاری «وایەرد» کە گۆڤارێکی مانگانەیە و سەرنجی لەسەر کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنیاتە، دەستی کرد بە زنجیرەیەک گرەوی دوورمەودا، بیرۆکەکە بۆ کۆکردنەوەی پێشبینیکردن بوو دەربارەی گەشەکردنەکانی داهاتووی کۆمەڵگە و زانست و تەکنەلۆژیا... من لەسەر هەزار دۆلار گرەوم کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٠، هەڵەیەکی بایلۆجی یاخود تیرۆرێکی بایلۆجی، دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس». [٧]
مارتن ڕیس لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا کتێبەکەی بڵاو کردەوە؛ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ نەخۆشیی «کۆرۆنا» بڵاو بووەوە و هەزاران کەس لە تەواوی دنیادا بوونە قوربانی. لێرەدا، ئەگەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە ئەنقەست و پلانبۆداڕێژراو بووبێت، یان لەدەستدەرچوونێک بووبێت، دەگەین بەوەی کە بەڕاستی زانست، مرۆڤی خستووەتە بەر مەترسییەکی گەورەوە. ئەمەش تەنیا لایەنێکێتی، لایەنێکی تری بابەتەکە، کوشتنی مرۆڤە بە شێوەیەکی تر.
تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنە زانستییەکان ئێستا هەنگاویان ناوەتە قۆناغێکی ترەوە. بابەتی ژیریی دەستکرد و دروستکردن و پڕۆگرامکردنی ڕۆبۆتەکان، لەلایەکەوە هەڕەشەیەکی بەهێزن بۆ بێکارکردن و بێنیازبوونی زیاتر لە مرۆڤ. ڕەنگە بتوانین بڵێین؛ ئەو هەموو هەوڵە زۆرەی دەدرێت بۆ ئەوەی ڕۆبۆتەکان و ئامێرەکان زیاتر بتوانن کار بکەن و زیاتر ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن کە مرۆڤ دەیکات، هەوڵ دەدەن ڕۆبۆتەکان زیاتر لە مرۆڤ نزیک ببنەوە؛ بتوانن جۆرێک لە جۆرەکان هۆشیان هەبێت، بتوانن بڕیار بدەن... هەرچەندە ئەستەمە ڕۆبۆتێک وەک مرۆڤێک بتوانێت بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، بەڵام هەر بەوەی ئێستا زانست پێی گەیشتووە، دەتوانێت هەڕەشەی جیددی لە مرۆڤ بکات؛ دەتوانێت لەبری ئەوەی مرۆڤ بەکاربهێنرێت، سوود لە ژیریی دەستکرد و ئامێرەکان ببینرێت.
ئەم پرۆسەیەش هەتا بچێتە پێشەوە هەڕەشەی زیاتر دروست دەکات؛ هەتا توانا تەکنەلۆژییەکان زیاتر بن، پێویستییەکان بۆ مرۆڤ و دەستی کار کەمتر دەبنەوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ بەسەر مرۆڤدا هەڵدەدات و، فڕێی دەداتە نێو یەکێکی تر لەو قەیرانە قووڵانەی کە تووشی بووە.
ڕۆژئاواش ئەو شارستانییەتەی کە شانازیی پێوە دەکات، لە کۆتاییدا خۆی، خۆی دەخوات! هەموو ئەو وڵاتانەشی کە ئەو ڕێچکەیە دەگرنە بەر، هەمان چارەنووسیان دەبێت؛ چونکە ڕۆژئاوا دەیەوێت ئەو کورتهێنانەی بۆی دروست بووە لە دەستی کار، لە گەنج، لە دابەزینی ڕێژەی خستنەوەی نەوە، بە ئامێرەکان پڕی بکاتەوە. ئەوەش پاڵنەرێکی تر دەبێت بۆ ئەوەی کە زیاتر ڕێژەی دانیشتووان داببەزێت؛ نەک تەنیا لە ڕۆژئاوا، بگرە لە کۆی جیهاندا. چونکە ئەو تەکنەلۆژیایەی هەیە، کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان دادەنێت؛ لە ڕووی تێڕوانینەوە، تێڕوانینی خەڵکێکی زۆر دەگۆڕێت و هەزاران کەس بێکار دەکات و کۆمەڵێکیش پێی دەوڵەمەند دەبن، بەڵام لە کۆتاییدا دەکرێت زیانەکانی زۆر زیاتر بن لەو سوودانەی پێشکەشیان دەکات.
ئەو بەکارهێنانە زۆرە بە جۆرێک دەبێت، کە ڕەنگە ئەو شارستانییەتەی بە «شارستانییەتی مرۆڤ» ناسراوە، لە داهاتوودا پێی بگوترێت: «شارستانییەتی ژیریی دەستکرد» و «شارستانییەتی ڕۆبۆتەکان». لەبری ئەوەی بە شەقامەکاندا مرۆڤ هاتوچۆ بکات، ڕۆبۆتەکان دێن و دەچن؛ ئۆتۆمبێلەکان شۆفێریان نابێت؛ بارهەڵگر و کارگەکان بە چەند کەسێکی کەمەوە دەچن بەڕێوە؛ ئەوەی وانە دەڵێتەوە مرۆڤێک نییە (ئەو مرۆڤەی بە قۆناغە جیاجیاکانی تەمەندا ڕۆیشتووە، ئەو مرۆڤەی ناڕەحەتیی بینیوە، دڵخۆش بووە، خەمی خواردووە، نەخۆش کەوتووە، ئەو مرۆڤەی عاشق بووە، ئامانجی هەبووە لە ژیاندا، کەسوکار و هاوڕێی هەبووە، هەڵگری دەیان سیفەتی تایبەت و هەست و سۆز بووە...)، بەڵکوو لەبری ئەو مرۆڤە، ڕۆبۆتێک، شاشەیەک یان هەر ئامێرێکی تری ئالی وانە بە خوێندکاران دەڵێتەوە. لەو دۆخەدا چیتر مامۆستا پێویست نییە و ئەزموون گرنگ نییە، ئامێرێک پڕۆگرام کراوە و ئەرکی مامۆستایەک لەکۆڵ دەکاتەوە!
ئەمە بۆ هەموو بوارەکانی تریش ڕاستە. ڕەنگە بواری پزیشکی و سەربازی و... زۆرێک لە بوارەکان تا ڕادەیەکی باش بێنیاز بن لە مرۆڤ؛ بەڵکوو ڕەنگە مرۆڤ هەر بەربەست بێت لە بەردەم ئەو پرۆسەیەدا و، پێویست بکات بەشێکی باشیان لەکۆڵ بکرێنەوە. لێرەشەوە مرۆڤایەتی بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەت، بەرەو قەڵاچۆکردنی خۆیان هەنگاو دەنێن، بەرەو مردنی خۆیان دەڕۆن. مردنێک کە هۆکارەکەی لەنێو خودی شارستانییەتەکەدایە؛ مردنێک کە تێیدا کۆمەڵە کەسێکی کەم کە دەست دەگرن بەسەر تەکنەلۆژیادا سەر دەکەون و، باقییەکەی تری بە خێرایی یان بە هێمنی قڕ دەبن و لەسەر ئەم زەوییە شوێنەواریان نامێنێت.
کۆتایی
بەڵێ، ئێستا ڕۆژئاوا بەرەو کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار دەڕوات؛ ڕێژەی گەنجەکانیان تەواو دابەزیوە. پێش ناچێت لە هەبوونی ئەو هەموو بانگەشەکار و پاڵپشتەی هاوڕەگەزبازی و لادانەکانی تردا، بتوانێت بە ئاسانی خێزان بخاتەوە سەر پێ و ڕێز و شکۆی بۆ بگەڕێنێتەوە، هەتا وردەوردە نەوە دوای نەوە ڕێژەی منداڵبوون تێیاندا زیاد ببێت.
بۆیە هەتا ئێستا هەوڵی داوە سوود لە کۆچبەرانی وڵاتانی تر وەربگرێت، و خەڵکی ئەو وڵاتانەش سوودێکی زۆریان پێ گەیاندوون لە هەموو ڕوویەکەوە؛ بەڵام ئێستا لەلایەکەوە تەکنەلۆژیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆوە بینیوە، کە دەکرێت هەوڵ بدات لەو ڕێگەیەوە ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە؛ لەلایەکی تریشەوە، دەنگ و سەنگی (دژەکۆچبەر) زیادی کردووە و پێگە و دەسەڵاتیان بەرز بووەتەوە، ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی ڕێگری لە کۆچبەران بکرێت و، مافی مانەوە و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان پێ نەدرێت.
لەلایەکی تریشەوە، ڕەنگە ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێگری لە کۆچی بێشومار بۆ وڵاتەکانیان نەکەن، لە ساڵانی داهاتوودا زۆرینەی وڵاتەکان ببنە خەڵکی وڵاتانی تر و، خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکە ببن بە کەمینە؛ ئەمەش دیسان گرفتێکی ترە بۆ ئەوان. بۆیە گریمانەکان کراوەن و، دەکرێت تەکنەلۆژیا ببێتە ئەو جێگرەوەیەی کە جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە؛ سەرەتاش لە ڕۆژئاواوە دەست پێ دەکات و، دواتر بەرەو وڵاتانی تریش دێت. بەمەش ڕۆژئاوا جاڕی مردنی خۆی دەدات و، کۆمەڵگەی بەشەریەتیش فریای خۆی نەکەوێت و لە مردن نزیک دەبێتەوە.
سەرچاوەکان:
[١] موت الغرب، باتريك ج. بوكانن، ترجمة: محمد محمود التوبة، مكتبة العبيكان، الرياض، ٢٠٠٥، ص٣٢.
[٢] سەرچاوەی پێشوو، ص٣٣.
[٣] سەرچاوەی پێشوو، ص٣٨.
[٤] سەرچاوەی پێشوو، ص٥٥.
[٥] دواهەمین کاتژمێری ئێمە، مارتن ڕیس، و. بنار جەبار، فام، ٢٠٢٠، ل٢٤-٢٥.
[٦] سەرچاوەی پێشوو، ل٢٠-٢١.
[٧] سەرچاوەی پێشوو، ل١١٥-١١٦.