ئەسپە ئاوییەکانی پابلۆ ئیسکۆبار چ ئاژاوەیەکیان ناوەتەوە؟
ئەسپە ئاوییەکانی پابلۆ ئیسکۆبار چ ئاژاوەیەکیان ناوەتەوە؟
کاتی خۆی پابلۆ ئیسکۆبار باخچەیەکی ئاژەڵانی تایبەت بە خۆی هەبوو، کە چەندان ئاژەڵی نامۆی بە ژینگەی کۆڵۆمبیای تێدا کۆ کردەوە؛ فیل، زەڕافە و، لەوانەش ئەسپی ئاوی. کاتێک ئیسکۆبار کوژرا، ئاژەڵەکان بەسەر باخچەکاندا بڵاو کرانەوە، جگە لە ئەسپە ئاوییەکان نەبێت کە ڕایان کرد.
ئەسپەکان چوار دانە بوون و لە کەناری ڕووباری (ماگدەلینا) لە کۆڵۆمبیا جێگیر بوون. ئێستا ئەسپەکان بوونەتە کێشەیەکی جیددیی ژینگەیی؛ ژمارەیان ئێستا لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ دانەیە و، پێشبینی دەکرێت بگەنە هەزار دانە لە چەند دەیەی داهاتوودا.
کێشەکە ئەوەیە ئەم ئاژەڵە سەر بە ژینگەی کۆڵۆمبیا نییە؛ ڕۆژانە هەر تاکێک سەروو ٥٠ کیلۆ سەوزە دەخوات، هەمان ئەو سەوزە و خواردنانەی ئاژەڵانی تر دەیخۆن، ئەمەش کێبڕکێیەکی توند دروست دەکات. پاشان خواردنی زۆر، پاشەڕۆی زۆریشی بەدوادا دێت؛ کە بووەتە هۆی پیسکردنی ڕووبارەکان و کوشتنی ماسییەکان. ئەمە لەگەڵ مامەڵەی توندیان لەگەڵ ئاژەڵانی تردا و، پەلاماردان و شکاندنی سیاجی ماڵ و باخەکانی چواردەور.
جیا لەمانە، ژینگەی کۆڵۆمبیا بۆ ئەم ئەسپانە ژینگەیەکی زۆر خۆش و سادەیە؛ لە چاو ژینگەی قورسی ئەفریقا و هەبوونی چەندان ئاژەڵی دڕندە و کەمیی ئاو و خۆراک، کە هاوسەنگییەکی دروست کردووە و ناهێڵێت ژمارەی ئەم ئاژەڵە زۆر زیاد بکات، بە پێچەوانەی ژینگەی کۆڵۆمبیاوە.
بیهێنە بەرچاوت دوای دە ساڵی تر و زیادبوونی ژمارەی ئەسپەکان بۆ دە هێندە، چ کارەساتێکی ژینگەیی دروست دەکات! کە ئەمەش وای کردووە کۆڵۆمبیا بیر لە کوشتنی هەموویان بکاتەوە.
ئەمە وردی و ناسکیی سیستەمی ژینگەییمان نیشان دەدات؛ بە جۆرێک کە ئەگەر دەستکارییەکی زۆر بچووکیش بکرێت، دەکرێت چ کارەساتێک بنێتەوە.
#ئاستانە_Astana