«بلیتی دڵخۆشی... مەچنە دەشت، وەرنە شاری یاری»

«بلیتی دڵخۆشی... مەچنە دەشت، وەرنە شاری یاری»

لە ڕواڵەتدا، شاری یاری وەک فەزایەکی بێتاوان بۆ کاتبەسەربردن و ڕزگاربوون لە کۆتوبەندەکانی ژیانی ڕۆژانە دەردەکەوێت؛ شوێنێک کە تاک تێیدا لە فشاری کار، ژاوەژاوی شار و قورسایی ئەرکەکان ڕادەکات. بەڵام ئەم تێڕوانینە سەرپێییە، پێکهاتەیەکی قووڵتر دەشارێتەوە؛ لەوێدا شاری یاری دەبێتە نموونەیەکی چڕکراوەی شێوازی کارکردنی دەوڵەتی مۆدێرن و سیستەمی سەرمایەداری، بۆ داڕشتنەوەی مرۆڤ و ئاراستەکردنی ئارەزووەکانی.

ئیتر کاتبەسەربردن تەنیا چالاکییەکی لاوەکی نییە، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە سیستمێکی تەواوکاری بۆ بەڕێوەبردنی مرۆڤ: لە کارکردنەوە بۆ بەکاربردن، پاشان بۆ شەحنکردنەوەی وزە... و لە کۆتاییدا گەڕانەوە بۆ سەر کار.

لە سروشتەوە بەرەو جێگرەوەی پیشەسازی
بە درێژاییی مێژوو، سروشت یەکەم پەناگە بووە بۆ حەسانەوەی دەروونی مرۆڤ: چیاکان، ڕووبارەکان و فەزا کراوەکان. لەوێدا مرۆڤ هاوسەنگییەکی بێمەرج دەدۆزێتەوە و، دووبارە کارلێک لەگەڵ ئەو سروشت و خاکوخۆڵە دەکات کە کۆنکریتە ڕەقوتەقەکانی شار لێی دوور خستووەتەوە؛ ئاسمانی پڕ نەخشی ئەستێرە، کە باڵەخانەی بەرز و وایەر و کێبڵی ئاڵۆزکاو بە دەگمەن دەهێڵێت چاوت پێی بکەوێت. بەڵام لەگەڵ شارنشینییە خێراکاندا، وردەوردە سروشت لە ژیانی مرۆڤ وەلا نرا، نەک تەنیا لە ڕووی جوگرافییەوە، بەڵکوو لە ڕووی دەروونیشەوە.

لێرەدا، شاری یاری وەک جێگرەوەیەکی پیشەسازی دانراوە کە بە وریاییەوە دیزاین کراوە بۆ ئەم ئەرکە. شاری یاری «حەسانەوە» پێشکەش ناکات، هێندەی ئەوەی «نمایشی حەسانەوە» (Simulation) پێشکەش دەکات: ڕەنگی گەش، دەنگی بەرز، ورووژاندنی خێرا و ژەمی چڕی دۆپامین. هەموو شتێک ئەژمار کراوە بۆ ئەوەی هەستێکی کاتی بە بەختەوەری ببەخشێت، بێ ئەوەی دەرفەتی ڕامان یان ئەو بێدەنگییە ڕاستەقینەیەت بداتێ کە سروشت دەیبەخشێت.

کاتبەسەربردن وەک درێژکراوەی کار
شاری یاری، تەواوکەری خودی سیستمە مەرکەزییە سەرمایەدارییەکەیە و، شوێنی نمایشێکی بچووککراوەی سەقەتە؛ وەک بڵێیت: «تۆ شەش ڕۆژ کارت کردووە، ماندوو بوویت، ئافەرین، بژیت، بەڕاستی تاکێکی عاقڵیت! دەی هەر وەرە لێرەش تۆزێک سەر گەرم بکە با کەمێک وزەت بۆ بگەڕێتەوە بۆ گەڕێکی نوێ». واتە، شاری یاری تەعبیری خودی ئەو سیستمە داخراوەیە کە بۆ هەموو شتێکی مرۆڤ بەدیلێکی دەستکردی داناوە و، ژیانی مرۆڤی لە قاڵبێکی توندوتۆڵ داوە.

دووبارە سەرمایەداری و کەسابەت
جیا لەمانە، ئەم پاداشت و دیارییە شایستە بە ماندووبوونی هەفتەکەت، بێبەرانبەر نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە خولە ئابوورییە داخراوەکە. تاک بە درێژاییی هەفتە کار دەکات... مووچە وەردەگرێت... پاشان بەشێکی لە کاتبەسەربردندا خەرج دەکات، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ سەر کار بۆ ئەوەی ئەوەی خەرجی کردووە بەدەستی بهێنێتەوە.

لەم سۆنگەیەوە، شاری یاری چوونەدەرەوە نییە لە سیستم، بەڵکوو قووڵکردنەوەی سیستمەکەیە. ئەوە ساتەوەختی بەکاربردنێکە کە پێویستیی بە کارکردن دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە، نەک ساتەوەختی ڕزگاربوون لێی. واتە؛ تۆ هەرگیز لە سیستمەکە دەرنەچوویت، تۆ لە کار نەوەستاویت و، ئاشی سیستمەکە بەردەوامە لە هاڕینی جەستە و دەروونت. تۆ تەنیا لە بەش و پارچەکانی هاتوچۆ دەکەیت و هیچی تر.

داڕشتنەوەی مرۆڤ
لێرەوە مرۆڤ دووبارە قورمیش دەکرێتەوە بە بنەماکانی ماددییەت؛ خۆشبەختیی تۆ بەوەیە کە چەند بەکار دەهێنیت، چەندت پێ خەرج دەکرێت و چەندت پارە پێیە. هەموو شتەکان پێوانە کراون و بڕیان بۆ دانراوە؛ بلیت دەبڕیت و دەچیتە نۆرە و ڕیزەوە و، چاوەڕێی چەند خولەکێک چێژیت... بەتایبەت منداڵ فێری ئەوە دەکرێت کە بەختەوەری لە دەرەوە دێت، لەو ئەزموونەی بۆی دیزاین کراوە و، لە کاڵا و کڕینەوەیە، نەک ئەوەی چێژ و خۆشبەختی لە ناخی خۆیدا بێت، یان خۆی بۆ خۆی دروستی بکات لە جیهانێکی سادەترەوە، وەک دەشتودەر و خۆڵ و قوڕ و ئاو.

بە کورتی
شاری یاری تەنیا فەزایەکی کاتبەسەربردن نییە، بەڵکوو نموونەیەکی بچووککراوەی جیهانێکی گەورەترە، کە تێیدا ژیانی مرۆڤ لە نێوان کار و بەکاربردن، لە ناو بازنەیەکی توندوتۆڵدا هەڵدەسووڕێت. کە وەهمی ڕاکردن و دەربازبوون لە سیستمەکە دەبەخشێت، لە کاتێکدا تاک دووبارە تێکەڵی هەمان سیستم دەکاتەوە کە دەیەوێت لێی ڕا بکات.

لە سەردەمێکدا کە فەزا سروشتییەکان کەم دەبنەوە و فشارە دەروونییەکان زیاد دەکەن، پرسیارەکە جیددیتر دەبێت: ئایا ئێمە بەدوای حەسانەوەدا دەگەڕێین... یان بەدوای جێگرەوەگەلێکی پیشەسازیدا کە قەناعەتمان پێ دەهێنن کە حەساوینەتەوە؟

ئارامی مەلا نووری

 

4/26/2026 2:29:10 PM