دیدی شێخ عەبدولقادر دەربارەی هاوەڵان (ڕەزای خودایان لێ بێت.)

  دیدی شێخ عەبدولقادر دەربارەی هاوەڵان (ڕەزای خودایان لێ بێت.)

بەدرێژایی مێژوو، دیاردەی خۆدانە پاڵی مرۆڤە ناودار و گەورەکان بوونی هەبووە، ئەمەش دیاردەیەکی ئاسایییە و لەگەڵ هەست و سۆزی مرۆڤبووندا هاونەوایە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە ئەوەیە ئەو کەسەی خۆی دەداتە پاڵ یەکێك لەو ناودارانە پێچەوانەی بکات، بەڵکوو دژایەتی بکات ...!

شێخ عەبدولقادری گەیلانی (ڕەحمەتی خودای لێ بێت.) یەکێکە لەو زانا و ناودارانەی زۆرێک خۆیان دەدەنە پاڵی، بەڵام کەمینەیەك وتە و ئامۆژگارییەکانی جێبەجێ دەکەن.

یەکێک لەو بابەتەی هەندێك لە بانگەشەکارانی شوێنکەوتنی شێخ عەبدولقادر (ڕەزای خودای لێ بێت.) تەواو پێچەوانەی خودی شێخ دەکەن، بریتییە لە بابەتی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوەڵانی پێغەمبەر (ﷺ)! لێرەوە پێویستە بزانین دیدی شێخ چۆن بووە بەرانبەر بە هاوەڵان ...   

دیدی شێخ عەبدولقادر دەربارەی هاوەڵان بەشێوازێکی گشتی (ڕەزای خودایان لێ بێت.)

شێخ لە پەڕتووکی (الغنية لطالب طريق الحق ١/١٥٧)دا دەربارەی هاوەڵان بەشێوازێکی گشتی فەرموویەتی: "ئەهلی سوننە باوەڕیان وایە ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) باشترینی ئوممەتانە، باشترینی ئەم ئوممەتەش ئەو کەسانەن پێغەمبەریان (ﷺ) بینیوە و باوەڕیان پێ هێناوە و بە ڕاستیان زانیوە و پەیمانیان پێ داوە و شوێنی کەوتوون و لەگەڵیدا تێکۆشانیان کردووە و یارمەتییان داوە بە ڕۆح و ماڵ و سامان و بەڕێز و قەدرەوە یارمەتییان دا و پشتیوانییان کرد."

دیدی شێخ دەربارەی پلەبەندی نێوان هاوەڵان

شێخ لە هەمان پەڕتووکدا، لە بارەی پلەبەندی نێوان هاوەڵان فەرموویەتی: "باشترینی ناو هاوەڵان، ئەو هاوەڵانەن لە حودەیبیەدا پەیمانیان دا بە پێغەمبەر (ﷺ) کە ژمارەیان هەزار و چوار سەد هاوەڵ بوو."

پاشان فەرموویەتی: "باشترینی ئەو هەزار و چوار سەد هاوەڵە، هاوەڵانی بەدرە ـ ئەوانەی لە جەنگی بەدردا بەشدارییان کرد ـ کە ژمارەیان سێ سەد و شازدە هاوەڵ بوو بە ئەندازەی هاوەڵانی تالووت."

پاشان فەرموویەتی: "باشترینی ئەو سێ سەد و سێزدە هاوەڵە، ئەو هاوەڵانەن لەگەڵ عومەری کوڕی خەتابدا (ڕەزای خودایان لێ بێت.) ـ ژمارەیان بوو بە چل هاوەڵ - لە ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەرقدا کۆ دەبوونەوە."

پاشان فەرموویەتی: "باشترینی ئەو چل هاوەڵە، بریتین لەو دە هاوەڵەی پێغەمبەر (ﷺ) مزگێنی بەهەشتی پێ دان، ئەوانیش: «ئەبوو بەکر و عومەر و عوسمان و عەلی و تەڵحە و زوبەیر و عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف و سەعد و سەعید و ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح»ـن  (ڕەزای خودایان لەسەر بێت.)"

پاشان فەرموویەتی: "باشترینی ئەم دە هاوەڵە بەڕێزەش بریتین لە چوار خەلیفە مەرد و بلیمەتەکە."

پاشان فەرموویەتی: "باشترینی ئەو چوار خەلیفەیەش ئەبوو بەکرە، پاشان عومەر، پاشان عوسمان، پاشان عەلی  (ڕەزای خودایان لێ بێت.)"

پاشان فەرموویەتی: "ئەو چوار خەلیفەیە سی ساڵ خەلافەتیان کردووە ... پاشان موعاوییە خەلافەتی گرتە دەست نۆزدە ساڵ، پێش ئەوەش عومەر کردی بە والی شام بیست ساڵ (ڕەزای خودایان لەسەر بێت.)."

دیدی شێخ دەربارەی خولافای ڕاشدین (ڕەزای خودایان لەسەر بێت.)

شێخ دەربارەی خولافای ڕاشدین فەرموویەتی: "خەلافەتی ئەو چوار خەلیفەیە بە ڕەزامەندی و کۆدەنگی و هەڵبژاردنی هاوەڵان بوو، هەروەها لەبەر فەزڵ و مەکانەتی هەریەکێکیان بوو لە سەردەمی خۆیدا بەسەر جگە لە خۆیانەوە، هەرگیز بە چەك و هێز و زاڵبوون نەبوو، هەرگیز لە کەسێکیان زەوت نەکرد کە شیاوی بێت."

دیدی شێخ دەربارەی دەسەڵاتداری موعاوییە (ڕەزای خودایان لێ بێت.)

شێخ دەربارەی دەسەڵاتداری موعاوییە فەرموویەتی: "ئەمما خەلافەتی موعاوییەی کوڕی ئەبوو سوفیان  (ڕەزای خودای لێ بێت.) خەلافەتێکی چەسپاو و حەقە كه لە پاش كۆچی دواییی عەلی (ڕەزای خودای لێ بێت.) بوو، کاتێك حەسەنی كوڕی عەلی (ڕەزای خودای لێ بێت.) دەستی لێ هەڵگرت و ڕادەستی موعاوییەی كرد (ڕەزای خودای لێ بێت.)، لەبەرئەوەی بۆچوونی حەسەن وا بوو، هەروەها بۆ بەرجەستەبوونی بەرژەوەندی گشتی کە پاراستنی خوێنی موسڵمانانە، هەروەها هاتنەجێی وتەی پێغەمبەر (ﷺ) کە فەرموویەتی: "ئەم کوڕەم گەورە و شکۆدارە، خودا دەیکاتە هۆکاری سوڵحی نێوان دوو کۆمەڵی گەورە." موعاوییە بوو بە خەلیفەی موسڵمانان بەهۆی ئەوەی حەسەن (ڕەزای خودای لێ بێت.) خەلافەتی ڕادەست کرد، ئەو ساڵەش ناونرا بە ساڵی کۆبوونەوە، بەهۆی نەمانی گرفت و دوو بەرەکی لەنێوان موسڵمانان و شوێنکەوتنی هەمووان بۆ موعاوییە (ڕەزای خودای لێ بێت.) لەوکاتەشدا کەسی سێیەم نەبوو داوای خەلافەت بکات. ـ واتە دوو کەس هەبوون ئەوانیش حەسەن و موعاوییە (ڕەزای خودایان لێ بێت.) حەسەن خەلافەتی ڕادەستی موعاویە کرد. ـ"

پاشان فەرموویەتی: "خەلافەتی موعاوییە باس کراوە لەم وتەیەی پێغەمبەر (ﷺ) کە فەرموویەتی: "دەستاڕی ئیسلام سی و پێنج، یان سی و شەش، یان سی و حەوت ساڵ دەسڕێتەوە." مەبەست بە دەستاڕ لێرەدا هێز و دەسەڵاتە، پێنج ساڵیش لەو ماوەیە لە خەلافەتی موعاوییەیە لەگەڵ تەواوی نۆزدە ساڵ و چەند مانگێك، لەبەرئەوەی سی ساڵی سەرەتا بە کۆتاییی خەلافەتی عەلی (ڕەزای خودای لێ بێت.) کۆتایی هات وەك پێشتر ڕوونمان کردەوە.

تێڕوانینی شێخ بۆ سەدەی زێڕین

شێخ دەربارەی سەدەی زێڕین فەرموویەتی: "ئەمە ئەو سەدەیە کە خودا وەسف و سەنای کردووە، ئەوەش سەدەی هاوەڵانە لە مەهاجیر و ئەنسار کە خودا دەربارەیان فەرموویەتی: {لا يَستَوي مِنكُم مَن أَنفَقَ مِن قَبلِ الفَتحِ وَقاتَلَ أُولئِكَ أَعظَمُ دَرَجَةً مِنَ الَّذينَ أَنفَقوا مِن بَعدُ وَقاتَلوا وَكُلًّا وَعَدَ اللَّهُ الحُسنى وَاللَّهُ بِما تَعمَلونَ خَبيرٌ} [الحديد:١٠] ((چوونیەك نین ئەو کەسەتان کە پێش (فەتح) و (ئازادکردنى مەککە) ماڵ و دارایى خۆى بەخشیوە و لەگەڵ دوژمنانى خوادا جەنگاوە، لەگەڵ ئەوانەى تردا کە پاش فەتحى مەککە دێن و ماڵ و دارایى خۆیان دەبەخشن و دەجەنگێن، ئەوانە کە لە پێش فەتحى مەککەوە ماڵیان بەخشیوە جەنگاون، پلەیان گەورەترە لەوانە کە لە پاش فەتحى مەککەوە ماڵیان بەخشیوە و جەنگاون، خوداش بەڵێنی بەهەشتی بە هەموویان داوە."

هەڵوێستی شێخ لەهەمبەر ناکۆکی و گرفتی نێوان هاوەڵان (ڕەزای خودایان لێ بێت.)

شێخ لەهەمبەر ناکۆکی و گرفتی نێوان هاوەڵان فەرموویەتی: "ئەهلی سوننە کۆدەنگن لەسەر بێدەنگبوون لەو کێشە و گرفتانەی لەنێوان هاوەڵاندا ڕوویداوە و باسنەکردنی هەڵە و کەموکووڕییەکان و باسکردنی فەزڵ و مەکانەت و چاکەیان، هەروەها ئەو ناکۆکی و گرفتانەی ڕویداوە لەنێوان عەلی و تەڵحە و زوبەیر و عائشە و موعاوییە (ڕەزای خودایان لێ بێت.) دەیدەنە دەستی خودا بەو شێوازەی پێشتر باس کرا، ڕێز و فەزڵی خاوەن ڕێزان دەگرن، وەك خودا فەرموویەتی: {وَالَّذينَ جاءوا مِن بَعدِهِم يَقولونَ رَبَّنَا اغفِر لَنا وَلِإِخوانِنَا الَّذينَ سَبَقونا بِالإيمانِ وَلا تَجعَل في قُلوبِنا غِلًّا لِلَّذينَ آمَنوا رَبَّنا إِنَّكَ رَءوفٌ رَحيمٌ } [الحشر:١٠] (ئەوانەش لە دواى هاوەڵانەوە هاتوون، دەڵێن: ئەى پەروەردگارمان! لە ئێمە و لەو برایانەمان پێش ئێمە باوەڕیان هێناوە خۆشببە، هیچ بوغز و قینێک مەخە دڵمانەوە بەرانبەر بەو کەسانەی باوەڕیان هێناوە، ئەى پەروەردگارى ئێمە! بەڕاستى تەنها ئەتۆى بە سۆزى میهرەبان.)"

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت جیاوازی نێوان شێخ عەبدولقادری گەیلانی و ساختەکاری هەندێك لە بەناو شوێنکەوتوانی!

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو بەڵاتەچییەی لە خەڵکی هەڵ دەدات لەبەر ناوهێنانی موعاوییە  (ڕەزای خودای لێ بێت.) پێش ئەوەی لە خەڵکی هەڵ بدات لە بیروباوەڕی شێخ عەبدولقادری گەیلانی (ڕەزای خودای لێ بێت.) هەڵداوە!

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت لەژێر ناوی شێخ عەبدولقادری گەیلانیدا (ڕەزای خودای لێ بێت.) کار بۆ بیروئایدیای نامۆ و شاز دەکرێت!


3/26/2022 9:23:37 PM