مێژوویەک بۆ پەڕتووکی «مەسیح چی گوت؟»

مێژوویەک بۆ پەڕتووکی «مەسیح چی گوت؟»

ئەمشەو گەڕانم بۆ بابەتێک دەکرد، لەپڕ ئەو پۆستە هاتە بەر دەمم کە ئێستا لە وێنەکەدا دیارە، ئەمە منی بردەوە بۆ یادەوەری چەندین ساڵ پێش ئێستا! هەڵە نەبم ساڵی ٢٠١٥ بوو، جار جار چاوم بە چەند ڤیدۆیەکی هەردوو کەسایەتی ناودار «دکتۆڕ زاکیر نایک، شێخ ئەحمەد دیدات» کەوت کە باسیان لە پەڕتووکی پیرۆز و ئینجیل و تەوڕات دەکرد، دەقەکانیان دەهێنایەوە، ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێش و تاڕادەیەکیش قورس بوو بۆ ئەوسای من، بەڕاستیش حەزم دەکرد لەسەری بخوێنمەوە و بزانم بەڕاستی ناواخنی ئەم پەیامانە چین؟

ڕۆژێکیان لە کتێبخانە گشتییە خنجیلانەکەی شارەدێی تەوێڵەدا، خەریکی گەڕان بووم بەدوای پەڕتووکی نوێدا بۆ خوێندنەوە، سەرنجم دا لە سووچێکدا کۆمەڵێک پەڕتووکی نامۆ و جیاوازی تێدابوو، ئەمە ناوەکانیان بوو «پەیدابوون، ئینجیل، ئینجیلی لۆقا»، تەنانەت لەبەر ئەوەی نەمدەزانی چۆنن، چوار نوسخەی هەمان ئینجیلی لۆقای تێدابوو، کەچی وامدەزانی بەرگی یەکترین، لێرەوە دەستمکرد بە خوێندنەوە و بەراوردکردن، تەنانەت ئەو کاتەی سەردانی بەڕێز «قەشە سامان»ـم کرد، نوسخەی ئینجیلێکی قورسترم لێ وەرگرت -بە دیاری- کە زمانێکی لاهووتی تێدا بەکارهێندرابوو، پاش ئەوە هەموو پەڕتووکی پیرۆزم پێکەوە دەست کەوت، بە نزیکەیی ١٥ جار نوسخە جیاوازەکانم بە کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بەراورد کرد و تێبینییەکانم دەنووسییەوە و بە خشتە بابەتەکانم جودا دەکردەوە، ئەو دەقانەی کە بۆ هەر بابەتێک پێویستم بوون دەمنووسینەوە.

دواتر لە گروپ و ئەکاونت و پەیجەکانی فەیسبووک تایبەت بەم بوارە دەستم بە پۆستکردن کرد، بەم هۆکارەشەوە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو. بەنزیکەیی ئەمە بۆ سێ ساڵ بەردەوام بوو، هەتا ساڵی ٢٠١٨ کە فیکری ئەوەم بۆ هات؛ ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی داومە وا بەزایە نەڕوات، بۆیە دەستم کرد بە نووسینی وەک پەڕتووکێک، لەبەر ئەوەی ئەو دەم کۆمپیوتەرم نەبوو، ناچار گشتیم لە نۆتی مۆبایلەکەمدا نووسییەوە. پەڕتووکێکی سەروو ٢٠٠ لاپەڕەییم گشتی بە دەست نووسییەوە، بە جۆرێک هەندێک کات وای لێدەهات پەنجەم گۆی نەدەکرد ئیدی بنووسم، ئێستاش دوو پەنجەم گەر زۆر پێی بنووسم ئازاری تێدا دروست دەبێت و هەست بە ماندووێتی دەکەم. بە هەرحاڵ ساڵی ٢٠١٩ یەکەم نووسینی تەواو بوو، لە ساڵی ٢٠٢٠دا جارێکی دیکە دووبارە نووسیمەوە و گۆڕانکاریم تێدا کرد و  بەشێکی نوێشم بۆ زیاد کرد، لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئاستانەوە بڵاوم کردەوە.

نابێت ئەوە لەیاد بکەم سوودم لە چەندین کەس بینی لەم بەرهەمەمدا کە زۆر لەم بوارەدا هاوکارم بوون، بەتایبەت بەڕێزان «کوردە خۆرهەڵات، چاوەڕوان کازم، سعد دیدات، سەردار کەریم». ئەوە ڕووداوەکانی پشت ئەو پەڕتووکە بوون کە هەوڵ و ماندووبوونەکەی لێکۆڵینەوەی ٧ ساڵی خایاند و لەکۆتاییشدا بەرهەمێکی ٢٨٠ لاپەڕەیی لێوە هاتە کایە، ئێستاش دەتوانن لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، لە ناوەندی تەفسیر، بەشی پەڕتووکەکانی ئاستانە بەدەستی بێنن.

نووسینی: هامنۆ هەورامی

#ئاستانە_Astana
#ئاستانە_لە_پێشانگەی_نێودەوڵەتیی_هەولێر_بۆ_کتێب

 

3/19/2023 8:30:54 PM