بۆچی هاوکینگ کەسێکی بەناوبانگە؟
چەندین جار لەگەڵ «ستیڤن هاوکینگ» دەرگیر بووین، لە کتێبی (العلم ليس إلهاً) و لە شوێنی دیکەش بەڵگەمان پێ هێناوەتەوە، لەو بابەتانەی کە چەندین جار ئاماژەمان پێ کردووە، یان باشترە بڵێم: "ئەو هەڵانەی کە ڕاستمان کردوونەتەوە." ئەو بۆچوونە بوو کە پێی وایە هاوکینگ زانایەکی مەزنە!
لە کاتێکدا ئەو پیاوە زانایەکی زۆر ئاساییە بە بەراورد بە زانا مەزنەکان، بەراورد ناکرێت بە نیوتن کە بوو بە شوێنگرەوەی پێگەکەی لە «کامبریج»، یان بە ئەنیشتاین، یاخود «پۆڵ دیراک»، هیچ دەستکەوتێکی نییە کە کەمێک نزیک بێت لە دەستکەوتەکانی «ماکس پلانک»، یان «ئیروین شرۆدینگەر»! ئەگەر هەندێک لە کارەکانی دەربارەی کونە ڕەشەکان و مێژووی گەردوون هەڵاوێر بکەین، ئەوا وەک هەر کەسێکی ئاساییە، بەڵکوو تەنانەت بەراورد ناکرێت بەو زانایانەشی کە زۆر لەو زانایانە پلەیان نزمترە و، دەستکەوتە فیزیاییەکانی زۆر ئاسایین.
«هاوکینگ» ٧٦ ساڵ ژیا، لە ماوەی ژیانی ئەودا دەیان زانا توانییان زیاتر لە جارێک خەڵاتی نۆبڵ وەربگرن، بەڵام ئەو هەتا مردن بۆنی ئەم خەڵاتەی نەکرد.
سەرەڕای ئەوەش هەموو جیهان «هاوکینگ» دەناسن، بەڵام نیوەی ئەو زانایانە ناناسن کە گەورەترین خەڵاتیان بەدەست هێناوە لەو بوارەی کە پسپۆڕییان تێیدا هەبووە، ئیدی لێرەوە ڕاست نییە بڵێین: "هاوکینگ زانایەکی مەزنە." بەڵکوو دەڵێین: "زانایەکی بەناوبانگە." بێگومان ناوبانگ یەکسان نییە بە مەزنی.
لەوانەیە بپرسیت: "بۆچی هاوکینگ زانایەکی بەناوبانگە؟"
لە کتێبەکەمدا ئاماژەم پێ کردووە کە «هاوکینگ»، «داوکینز»، «کارل سیگن»، «نیل دیگراس تایسۆن» و «لۆڕێنس کراوس» بە هۆی کارە ئایدیۆلۆژییەکانیانەوە لە بواری زانستە باوەکاندا (کە لە بواری میدیای بانگەشەکردن پارەیەکی زۆریان بۆ دابین دەکرێت) بەناوبانگ بوون، هەروەها بە هۆی چالاکییە ئیلحادییەکانیانەوە، نەک بە هۆی دەستکەوتە زانستییەکانیانەوە! ئەگەر هەموویان کۆ بکەیتەوە و بیانخەیتە ناو ئامێری گەردانەوە، ئەوا یەک زانای وەکوو «نێڵز بۆرد»، یان «موحەممەد عەبدولسەلام»یان لێ دەرناچێت!
چونکە ئەوان بە هۆی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و میدیا و ئایدیۆلۆژیاوە بەناوبانگ بوون، بە تایبەتی هاوکینگ لەو کاتەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی (تاريخ موجز للزمان _ Brief History of Time) لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاو کردەوە، ناوبانگی دەست پێ کرد کە کتێبێکی زانستی ئایدیۆلۆژی بوو. هەروەها کتێبەکەی تری بە ناوی (دیزاینی مەزن _ The Grand Design) زیاتر ناساندی.
هەروەها دۆخی تەندروستیی هاوگینکیش ڕۆڵی هەبوو لە بەناوبانگبوونیدا، بە هۆی ئەو نەخۆشییەی (التصلب الجانبی) تووشی بووبوو کە لە ڕێگەی کۆمپیوتەرێکی بەستراو بە کورسییە گەڕۆکەکەیەوە پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکدا دەکرد. لێرەدا هەستی مرۆڤ بەرانبەری دەبزوێت و دەرگای زیادەڕەوی دەکرێتەوە، بە تایبەتی کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە زانایەکی درەوشاوەی فیزیاییەوە هەبێت، بەڵام ناگاتە ئاستی مەزنی کە نموونەیەکی میدیایی دیار نیشان دەدات، کەسایەتییەکی کەمئەندام کە توانیویەتی بەسەر بارودۆخیدا زاڵ ببێت و چەندین دەستکەوت بەدەست بهێنێت کە کەسانی تەندروستباش نەیانتوانیوە بەدەستی بهێنن!
ئێمەش ڕێژەیەک هاوسۆزیمان بەرانبەر هاوکینگ نیشان دا، سەرەڕای ئەوەی کە لە پووچەڵکردنەوەی هەڵە کارەساتبارەکانیدا توند بووین، نەک تەنیا بە هۆی بارودۆخی تەندروستییەوە بۆی بووبووە نیعمەتێک، ئەگەر هەستی پێ بکردایە؛ بەڵکوو بە هۆی بارودۆخی دەروونییەوە کە هۆکاری بێدینییەکەی دەدەینە پاڵی، هاوکینگ مولحیدێک نەبوو کە دوژمنایەتی خۆی بۆ ئایین ڕابگەیەنێت وەک «داوکینز» و «هاین»، بەڵکوو لە دیدی ئێمەوە زیاتر لە کەسێکی بێئایینی سەرگەردان دەچوو وەک لە مولحیدێکی ڕاشکاو، هەروەها هەڵوێستی لەسەر پرسی فـ.ـەلـ.ـەستین لەو هەڵوێستە شەرەفمەندانەیەتی کە مێژوو فەرامۆشی ناکات.
بەڵام سەبارەت بە تێوەگلانی لەو فەزیحەتە ئەخلاقییەی کە پەیوەستە بە «جێفری ئێپستین»ـەوە تووشی سەرسوڕمان نەبووین و دڵخۆش نین بە باسکردنی، چونکە لە ڕوانگەی ئێمەوە فەزیحەتەکە گەورەترە، کارەساتەکەش مەترسیدارترە، چونکە ئەوە خودی ئیلحادە.
چۆن عەقڵێکی زیرەک ئەوەندە ساویلکە و گەمژە دەبێت؟ زانایەکی درەوشاوە کە تەمەنی لە گەڕان بە دوای حەقیقەتدا بەسەر بردووە بەرەو لەناوچوون هەنگاو بنێت و شوێن پێی خۆشی بەجێ بهێڵێت؟!
لە دیدی ئێمەوە کەسێکی وەها نەزانە، هەرچەندە ئاستی زیرەکیی هزریی (IQ) بەرزیش بێت، چونکە ئەو زانستە هیچ سوودێکی بە خاوەنەکەی نەگەیاندووە و کەڵکی بۆی نەبووە.
هەر زانستێک خاوەنەکەی بەرەو حەقیقەت ڕێنمایی نەکات، لە بەهیلاکچوون و نەزانین ڕزگاری نەکات، ئەوە زانستێکی کرچوکاڵە و هیچ بەرەکەت و سوودێکی نییە.
بەزەییم بەو مرۆڤە هەژارانەدا دێتەوە کە خۆیان بە کەسێکی زیرەک دەزانن، بەڵام گەمژەترینی گەمژەکانن، ئەوانە جڵەویان دایە دەستی نەفسیان هەتا بەرەو فەتارەتی بردن.
هیچ ئابڕووچوون و تاوان و بەڵایەک لەوە گەورەتر نییە، ئیلحاد گەورەترین کارەساتە کە دوای ئەوە هیچ تاوان و فەزیحەتێک ڕوو نادات. خوای گەورە ڕاستی فەرمووە کە دەفەرمووێت: {أَفَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَٰهَهُ هَوَاهُ وَأَضَلَّهُ اللَّهُ عَلَىٰ عِلْمٍ وَخَتَمَ عَلَىٰ سَمْعِهِ وَقَلْبِهِ وَجَعَلَ عَلَىٰ بَصَرِهِ غِشَاوَةً فَمَن يَهْدِيهِ مِن بَعْدِ اللَّهِ ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ}. [الجاثية: 23]
(محمد أمين خلال)
#ئاستانە_Astana