زیاتر لە (٨٠٪)ـی ئەو منداڵانەی لەلایەن سۆشیاڵەوە لە خێزانەکانیان دوور دەخرێنەوە، کەسانی تاوانکاریان لێ دەردەچێت

زیاتر لە (٨٠٪)ـی ئەو منداڵانەی لەلایەن سۆشیاڵەوە لە خێزانەکانیان دوور دەخرێنەوە، کەسانی تاوانکاریان لێ دەردەچێت.

یاسای سۆشیاڵی سویدی، مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتەوە و موسڵمانانی سوید کە گەورەترین زەرەرمەند بوون بەتوندی دژی ئەم یاسایە و ڕێکخراوەکانی سۆشیاڵ وەستانەوە کە بە ناوی پاراستنی منداڵەکانیان لە توندوتیژی و تاوان لە خێزانەکانیان وەردەگرێت و بە خێزانێکی دیکەی دەدات، چەندین ڤیدیۆی پڕ ئازار لەم بارەوە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاو کرانەوە کە سۆشیاڵی سویدی بەزۆر منداڵەکان لە خێزانەکان وەردەگرێت، ئەمە هەمووی بە ناوی پەروەردەکردنێکی تەندروستەوە، هەرچەندە زۆرێک لەو خێزانە موسڵمانانە لە میدیاکان ئاماژەیان بەوە دەکرد منداڵەکانیان فێری خواردنەوە و تەنانەت بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریش بوون دوای ڕفاندنیان لەلایەن سۆشیاڵەوە! بەڵام سوید ئامادە نەبوو گوێ بۆ سەرنج و داواکارییەکانیان بگرێت.

بەم دواییە ڕاپۆرتێکی سویدی دوای وردبوونەوە لە ئامارەکان؛ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو گەنج و منداڵانەی لەلایەن سۆشیاڵەوە ڕفێنراون دراون بە خێزانی تر، یان دەزگاکان، زۆرینەی ئەم منداڵانە کەسانی تاوانباریان لێ دەرچووە. بۆ نموونە ٨ لە هەر ١٠ منداڵێک کە لە ژێر چاودێری زۆرەملێن دواتر تێوەدەگلێن لە تاوان، واتە ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبووە.

وە لە ٢٤٠ کەیسدا کە لەلایەن دەزگاکانەوە سەرپەرشتی کراون ٢٠١ کەسیان دواتر دەستییان کردووە بە تاوانکاری واتە ٨٤٪ و، هەروەها ٦٧٪ زیاتر لە جارێک تاوانیان کردووە. زۆرینەیان بە دەستدرێژی و ماددە هۆشبەرەکان و، ٣١ کەس بە تاوانی دزی و، ٨ کەس بە کوشتن و هەوڵی کوشتن بەگشتی.

ئەو منداڵانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئامارەکەیان خراوەتە ڕوو، هەروەها بە منداڵی لەلایەن سۆشیاڵەوە ڕفێنراون؛ زیاتر لە ٨٠٠ تاوانیان ئەنجام داوە. ئەمەش شکستی سۆشیاڵی سویدی دەردەخات کە بە بیانووی پاراستنی منداڵان لە پەروەدەی دایک و باوکیان دووریان دەخەنەوە، تا ڕووبەڕووی جیهانێکی پڕ لە تاوان ببنەوە.

سەرچاوە:
‏https://www.tv4.se/artikel/2QqABAzXLqtWGmyUY2vvPv/8-av-10-lvu-barn-hamnar-i-brottslighet

#ئاستانە_Astana

1/19/2024 10:55:28 PM