«حەبی مەنع» و «منداڵ لەباربردن»، دوو دەستکەوتی فێمینیزم!

«حەبی مەنع» و «منداڵ لەباربردن»، دوو دەستکەوتی فێمینیزم! 

چەمکی «لەباربردن» و «حەبی مەنع -حەبی دژە سکپڕبوون-» لە شەپۆلی دووەمی فێمینیزمدا!

«کڵۆدیەن مونتی» -فێمینیستێکی شەپۆلی دووەمی فێمینیزمە و هاوڕێیەکی نزیکی «سیمۆن دی بۆڤوار»ـە- دەگێڕێتەوە کە لە ساڵانی ١٩٧٠دا فەڕەنسا وڵاتێکی زۆرینە کاسۆلیک بوو، ئاسان نەبوو زاتی ئەوە بکرێت کە باسی لەناوبردنی کۆرپەلە بکرێت. لە فەڕەنسادا دەستەواژەی «لەباربردن» نامۆ بوو. دەتوانم بڵێم هیچکات ئەو دەستەواژەیەم لە میدیاکانەوە نەبیستبوو. تەنانەت ساڵی ١٩٤٣ دەوڵەت ژنێکیان لەناو برد لەسەر ئەوەی کۆرپەلەکەی سکی کوشتبوو. سەرەڕای ئەوەش لە دەیەی (١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠) ژمارەیەکی زۆر لەباربردنی نایاسایی لە فەڕەنسادا ئەنجام دران کە بووە مایەی کەمئەندامبوون و مەرگی ژنان. 

دەڵێت: جارێکیان چوومە ناو شوقەکەی «سیمۆن دی بۆڤوار» کە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ کۆبوونەوەی تاقەتپڕووکێن لەلایەن ژنانی فێمینیستەوە لەو شوقەیەدا بەڕێوە دەچوو؛ دوای ئەوەی سیمۆن قسەی دەکرد لەگەڵ یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ژنان، تەماشایەکی منی کرد و گوتی: "بە بۆچوونی تۆ بۆ گشتاندنی پرسی لەباربردنی کۆرپەلە دەبێت چی بکەین؟" منیش پێشنیازی ئەوەم کرد کە کارێک بکەین کە میدیاکان ناچار بکەین دەستەواژەی «لەباربردن» بەکار بهێنن. پاش ئەو کۆبوونەوەیە لە کۆبوونەوەیەکی تردا کە چوومە ماڵی سیمۆن دی بۆڤوار، لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژنەکان بڕیارماندا کەمپین و بەیاننامەیەک ڕابگەیەنین و تێیدا بنووسین کە «ئێمە منداڵمان لەبار بردووە» و پاشان خەڵکی ناودار و هونەرمەندانمان کۆکردەوە، تا واژووی بکەن. ئەگەرچی خۆم لەباربردنم نەکردبوو، بەڵام بەیاننامەکەم واژوو کرد -ئەم هەنگاوە لە کوردستان بە بانگهێشتکردنی هونەرمەندان بۆ پشتگیری کەمپینی «ناوی من ناوی دایکمە» لاسایی و دووبارە کرایەوە-.

پاش واژووکردنی بەیاننامەکە گەیشتین بە بەشە قورسەکەی کارەکەمان، ئەویش ئەوە بوو کە کام ڕۆژنامە بەیاننامەکە چاپ دەکات؟ دەمانزانی زۆرێک لە ڕۆژنامەکان ئامادەیی ئەوەیان نییە کە بڵاوی بکەنەوە، چونکە بەشێک لە ڕۆژنامەکان کاسۆلیکی بوون. تەنیا گۆڤاری «ئێکسپرێس» و «نوڤڵ ئبستراتور» ئامادەیی هاوکاریکردنیان هەبوو. لە کۆتاییشدا لەگەڵ گۆڤاری «نوڤڵ» ڕێک کەوتین؛ هەر چەندە ئەوان لە ڕاگرتنی ئەو ژمارەیە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەترسان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان پێ داین کە بەیاننامەکەمان بە مانشێتی سەرەکی، لەسەر بەرگی گۆڤارەکەیان چاپ بکەن. بۆچوونەکانی ئێمە تەواو دەرچوون، لە ڕۆژی ٤ـی نیسانی ١٩٧١ هەرایەک بەرپابوو نەبێتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەڕەنسادا ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکان، چەندین و چەندین جار دەستەواژەی «لەباربردن»یان بەکارهێنا. 

جگە لە دەستەواژەی لەباربردن، حەبی مەنع ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە شەپۆلی دووەمی فێمینیزم، کە بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە ئەم جۆرە حەبە کەوتە بازاڕەکانەوە و فێمینیستەکان بەکاریان دەهێنا. لە تێڕوانینی فێمینیتسەکانەوە هاتنەکایەی حەبی دژە سکپڕبوون، ئازادییەکی زیاتر بە جەستەی ئافرەت و چۆنیەتی بەکارهێنانی جەستەی لەلایەن خۆیەوە دەبەخشێت؛ پێیان وابوو کە ئەم حەبە وادەکات ژیانی سێکسی ئافرەت مانایەکی دیکە وەربگرێت. واتە تەنیا بۆ دروستکردنی منداڵ نەبێت، ئەسڵەن هەلی ئەوە بە مێ دەدات کە هەر نەبێت بە دایک. 
  
دوو تێبینی: 

یەکەم: ئەگەر لە مامەڵەی فێمینیستەکان ورد ببینەوە، دەبینین کارە قێزەون و نامرۆیی و نائایینی و نائەخلاقییەکانیان بە «هێنانەکایە و دروستکردنی چەمکی نوێ» لەبەرچاوی خەڵکیدا جوان کردووە، کوشتنی کۆرپەلەی میهرەبانیان بە چەمکی «لەباربردن» بۆیە کردووە، ئاخر لە کوێی دونیادا مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە ڕۆح لە ڕۆحلەبەرێک وەربگرێتەوە بە ناوی «بەدەستهێنانی مافی ئافرەت و ئازادی جەستە»؟ تەنیا لەبەر ئەوەی فێمینیستێک توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی کۆرپەلەیەکی نییە؟ تەنیا لەبەر ئەوەی نایەوێت بۆ ماوەیەک جەستەی تێک بچێت! تەنیا لەبەر ئەوەی کۆرپەلە لەنێو منداڵدانی ئافرەتێک دایە مانای ئەوە نییە کە بەشێکە لە جەستەی، بەڵکوو لەنێو ئەودا بوونێکی سەربەخۆیە، بۆیە ناکرێت بڵێیت (My Body, My Choice) هەر ئەم تەوەرەشە وایکردووە لە ڕۆژئاوادا دیبەیتێکی گەورە لە نێوان موحافیزکارەکان و لیبراڵەکاندا لەم بارەیەوە هەبێت. 

ئاخر سەیرە ئافرەتێک کۆرپەلەیەک بکوژێت و توانای بەخێوکردنی کۆرپەلەیەکی نەبێت، بێت لەسەر تیڤییەکان و ڕۆژنامەکان باسی ماف و ئازادی و هەلی کار بکات؟! 
من لەوە تێناگەم ئافرەتێک کە پاش ئەوەی کۆرپەکەی خۆی لەناو بردووە و کوشتوویەتی، دێتە سەر تەلەفزیۆن باسی بەدەستهێنانی ماف دەکات؟ کامە ماف؟ من نازانم ئەم فێمینیستانە چۆن دەربارەی «ماف» دەستیان دەچێتە نووسین، لە کاتێکدا مافی ژیان لە کەسێک وەردەگرنەوە؟!

 

دووەم: لە کۆبوونەوەکەی فێمینیستەکان کە سیمۆن داوای بۆچوونی کلۆدیەن دەکات، کلۆدیەن لە وەڵامدا ئاماژە بە تەقاندنەوەی چەمکی «لەباربردن» لەناو خەڵکی و میدیاکاندا دەکات، بۆ ئەوەی ئەو چەمکە زۆر باس بکرێت تا ئەو کردارە لای خەڵکی ئاسایی ببێتەوە. ببین کە چ سیاسەتێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی چەمکی لەباربردن بەکارهێناوە. ئێستاش پاش ٥٠ ساڵ زیاتر، فێمینیستەکان هەمان سیاسەت بەکاردەهێننەوە بۆ ئاساییکردنەوەی چەمکی «هاوڕەگـ.ـەزبـ.ـازی و فرە جێنـ.ـدەری و ... تاد» دەیان چەمکی تر کە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا قێزەون بوون و ئێستا وا ئاسایی دەبنەوە! ئەم هەوڵانەش ببووە هۆکاری ئەوەی کە پیاوانی ڕۆژئاوا بە فێمینیستەکان بڵێن «قـ.ـەحـبـ.ـە نەزۆککەرەکان».

لە ساڵانی ١٩٨٠ بزووتنەوە فێمینیزمەکان بە زۆرێک لە ئامانجەکانیان گەیشتبوون، بە جۆرێک زیادەڕەوییان کردبوو کە بزووتنەوەی پیاوان سەری هەڵدا. جگە لە بزووتنەوەی پیاوانیش، گرووپێکی تر دروستبوون لە ژێر ناوی (دژە فێمینیزم - Anti Feminism). دژە فێمینیزم، دژی فیکر و بیرکردنەوە و بنەما فێمینیزمییەکانە، بەشێک لە لایەنگران و نووسەرانی ئەم گرووپە بریتیبوون لە «کامیل پاگلیا، کریستیانە ھۆف سۆمێرس، ئیلیزابێس فۆکس». 

«دەفنێ پاتی و نۆرێتا کۆرتاگ» ئەنتی فێمینیزمیان بەکار ھێنا لە دیبەیتە ئەکادیمییەکانیاندا بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کەموکورتییەکانی فێمینیزم. ئەوانەی لایەنگری ئەنتی فێمینیزم بوون، لە بەرانبەر لایەنە خراپەکانی فێمینیزمدا بوو ئەم کاردانەوە تیۆرییەیان نواند. وەک ئەوەی کە فێمینیزم ھەمیشە ھەستی ڕقلێبوونەوەی بەرانبەر پیاوان زیاد کردووە، بە تایبەت لەوێوە ڕەخنە لە فێمینیزمی ڕادیکاڵ گیرا، کە ئازار و زیانی بە ھەردوو پێگەی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا گەیاندووە و، بیروبۆچوونەکانیان بە ڕادەیەک توند بوون، بە بیروبۆچوونی 
ڕادیکاڵی لادەر ناسران.
#ئاستانە_Astana

1/22/2024 5:07:12 PM