لە داڤۆس، سەرۆکی ئەرجەنتین ئەجێندای «لەباربردنی منداڵ و فێمینیزم»ـی تەقاندنەوە

لە داڤۆس، سەرۆکی ئەرجەنتین ئەجێندای «لەباربردنی منداڵ و فێمینیزم»ـی تەقاندنەوە

دیمەنێک کە شایستەی هەڵوێستە کردنە لەسەری، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیدا لە داڤۆس، «خاڤیێر میلەی» سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین، هێرشی کردە سەر «ئەجێندای لەباربردنی خوێناوی»ـی جیهانگەرا و وڵاتە زلهێزەکان و هەردوو ئەجێندای لەباربردن و فێمینیزمی ورووژاند.

بەگوێرەی سایتی ڕێکخراوی (c-fam)، کە داکۆکی لە خێزان دەکات، ئایپاس (IPAS) -کۆمپانیای زەبەلاحی لەباربردنی منداڵ- هاوپەیمانیی لەگەڵ ڕێکخراوە هاوبیرەکانی دەبەستێت، بۆ ئەوەی ویلایەتە ئەمریکییەکان ناچار بکات یاساکانیان سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ بگۆڕن. ئایپاس بە دابەشکردنی ئامێری گەڕۆکی لەباربردنی منداڵ ناسراوە، بۆ بەکارهێنانی لە خێوەتگەکانی پەنابەران لە دۆخی قەیراناویدا.

ئیدارەی بایدن و یەکێتیی ئەورووپا دەیانەوێت لە پەیماننامەیەکی نوێی پابەندکەردا دژایەتیکردنی پرسەکانی هاو.ڕەگـ.ـەزباز.یی و ڕەگەزگۆڕین و منداڵ لەباربردن بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسێنن. هەر بۆیە لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، لە داڤۆسی سویسرا لەم هەفتەیەدا، سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین، «خاڤیێر میلەی» هێرشێکی توندی دژ بە فێمینیزمی توندڕەو و مەترسی کەشوهەوا ڕاگەیاند و وتی: "جیهانگەراکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێمەی مرۆڤ هەسارەکە لەناو دەبەین و دەبێت بە هەر نرخێک بێت پارێزراو بێت. تەنانەت گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بانگەشە بۆ میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان و ئەجێندای لەباربردنی خوێناوی دەکەن."

بەپێی سایتی (Family Watch International)، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەوان -واتە سۆشیالیستەکان- پێیان وایە مرۆڤەکان زیان بە هەسارەی زەوی دەگەیەنن؛ بۆیە داکۆکی لە میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان، یان ئەجێندای خوێناوی لەباربردن دەکەن و، ئەم بیرۆکە زیانبەخشانە بەتوندی کۆمەڵگەیان گرتووەتەوە."

میلەی، لە وتارێکی ٢٠ خولەکیدا لە «دەستبەسەرداگرتنی مارکسیستە نوێیەکان بەسەر ڕۆژئاوا»دا لەلایەن هێزە سۆشیالیستەکانەوە، هۆشداری دا و ئاماژەی بەوە دا کە چۆن سۆشیالیزم لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەژاری و، چۆن دەوڵەت «چارەسەر نییە»، بەڵکوو «خۆی کێشەکەیە» و هەروەها چۆن چەپگەرایی لە سەرانسەری جیهاندا دیموکراسییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێنداکەی بەکار دەهێنێت.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە دوای شکستە گەورەکەی شیوعییەت لە سەدەی بیستەمدا، سۆشیالیستەکان ناچار بوون ئەجێندای خۆیان بگۆڕن. ئیتر نەیانتوانی ڕاستەوخۆ بڵێن پێویستە حوکوومەتەکان هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە دەستیان کرد بە بەکارهێنانی مەترسیی کەشوهەوا و ئایدیۆلۆژیای جێندەری وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ململانێی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەکان و ژیانی ئابووری. میلەی وتی: "لە ئەنجامی ئەم ململانێ کۆمەڵایەتییەدا، زۆربەی بژاردە سیاسییەکانی ئەمڕۆ کە لەبەردەستدان، تەنیا جۆرە جیاوازەکانی سۆشیالیزمن."

میلەی فێمینیزمی ڕادیکاڵی بە «گاڵتەجاڕانە و دژەسروشت» وەسف کرد و وتی: "بۆ کۆمەڵگە زیانبەخش بووە، چونکە بەبێ پاساو هانی ناکۆکی لەنێوان ژن و پیاودا دەدات کە لە ئێستادا بە پێی یاساکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا مافی یەکسانییان هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا شتێک کە فێمینیزمی ڕادیکاڵیی زیادی کردووە، دەستتێوەردانی بەرفراوانتری دەوڵەتە لە پرۆسە ناڕوونەکانی بواری ئابووری و، هەلی کاری بۆ ئەو بیرۆکراتە جێندەرییانە ڕەخساندووە کە هیچ شتێک بۆ کۆمەڵگە زیاد ناکەن، هەروەها وەزارەتەکانی جێندەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتن بە پێشخستنی ئەم ئەجێندایەیان دامەزراند". شایانی باسە دوای ماوەیەکی کەم لە گرتنەدەستی دەسەڵات، میلەی هەردوو وەزارەتی ژینگە و یەکسانیی جێندەری لە ئەرجەنتین هەڵوەشاندەوە.

ناوبراو بە نوخبەی داڤۆسی وت: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا بۆ دووبارە گرتنەبەری ڕێگەی خۆشگوزەرانی بانگهێشت بکەین"، هۆشداریشیدا کە هۆکاری پاشەکشەی ئەرجەنتین لە گەورەترین ئابووری جیهان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بۆ یەکێک لە هەژارترینی وڵاتانی جیهان، لەخۆگرتنی سۆشیالیزم بوو، وتیشی: "ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە، چونکە ئەوانەی بڕیارە بەهاکانی ڕۆژئاوا بەرز ڕابگرن، بە جیهانبینییەک گەمارۆدراون کە بەرەو سۆشیالیزمیان دەبات و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەژاری."

میلەی وتی: "هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە سۆشیالیزم هەمیشە و لە هەموو شوێنێک دیاردەیەکی هەژارکەرە؛ لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە تاقی کرایەوە، شکستی هێنا." ئاماژەی بەوەش کرد کە: "سۆشیالیزم شکستێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری بوو، هەروەها گیانی ١٥٠ ملیۆن مرۆڤی لەناو برد."

میلەی ڕوونی کردەوە کە چەپ توانیویەتی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت "بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی میدیا و ڕۆشنبیری و زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەمەش مەترسیدارترینە، چونکە کاریگەرییان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان هەیە". هەروەها هانی خاوەنکارەکانی دا لە خەبات بۆ دروستکردنی بەها بۆ کۆمەڵگەکان بەردەوام بن و بە «خێرخوازیی مرۆڤایەتی» ناوزەدی کردن و وتی: "مەهێڵن نوخبەی سیاسیی دەسەڵاتدار و ئەو مشەخۆرانەی کە بە دەوڵەت دەژین، بتانترسێنن."

میلەی وەک «لیبراڵێکی ڕادیکاڵ» خۆی دەناسێنێت و لە هەمان کاتدا خۆی بە لایەنگری ژیان ناو دەبات. ڕەنگە لیبراڵەکانی ئەمریکا ئەمە بە شتێکی سەیر و سەمەرە بزانن. زۆرجار هەندێک لە لیبراڵەکان، نەک هەموویان لە ئەمریکا دەڵێن دژی هەر ڕێسایەکی لەباربردن دەوەستنەوە. بەڵام میلەی لە چەندین بۆنەدا باسی لەوە کردووە کە پاراستنی ژیان شانبەشانی ئازادی و بەرگریکردن لە موڵکدارێتیی تایبەت، بنەمایەکی بنەڕەتی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمە.

سەرۆک کۆماری ئەرجەنتین لەباربردنی منداڵی شەرمەزار کرد و وتی: "هەموومان هەمان مافمان هەیە، ئەو مافانەی کە لەلایەن خالقەوە پێمان بەخشراوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە: "سۆشیالیزم و ئەجێندای چەپگەرایی توندڕەوی لەباربردنی منداڵ خەریکە جیهان لەناو دەبات." 
 
ساڵی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ «تاکەر کارلسۆن» پێشکەشکاری موحافیزکاری تەلەڤزیۆنی، میلەی وتی: "لە ڕووی فەلسەفییەوە، من لەگەڵ مافی ژیانم. لەوەش زیاتر، ڕاستییەکی زانستی هەیە کە ژیان لە دووگیانییەوە دەست پێ دەکات، هەر لەو چرکەساتەدایە کە بوونەوەرێکی نوێ بە (DNA)یە ناوازەکەی خۆیەوە دەست بە پەرەسەندن دەکات." 
 
لە هەمان چاوپێکەوتندا میلەی لەباربردنی منداڵی بە «تاوانی کوشتن» ناوبرد و ڕوونی کردەوە: "لە کاتێکدا ڕاستە کە ژنان مافی جەستەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەو منداڵەی لە سکی ژن دایە، جەستەی ئەو نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوە لەباربردن دەکاتە تاوانی کوشتن کە بە هۆی ناهاوسەنگی هێزەوە لە دژی منداڵێک کە هیچ ڕێگەیەکی بۆ بەرگریکردن لە خۆی نییە، خراوەتەگەڕ." 
 
لە ساڵی (٢٠٢٠)دا ئەنجوومەنی پیرانی ئەرجەنتین پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە لەباربردنی منداڵ تا چواردەیەمین هەفتەی دووگیانی یاسایی کرد، جگە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی، یان ئەگەر دووگیانییەکە مەترسی لەسەر تەندروستیی دایکەکە هەبێت. چەند ڕۆژێکیش پێش هەڵبژاردنی میلەی بۆ سەرۆکایەتی ئەرجەنتین، ئەو و «ڤیکتۆریا ڤیلاروێل» کە لەو کاتەوە بووەتە جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەرجەنتین، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە: "هەردووکیان لایەنگری مافی ژیانن و سەبارەت بە پرۆژەیاسای لایەنگری لەباربردنی منداڵ کە کۆنگرێسی ئەرجەنتین لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پەسەندی کرد، دەبێت گفتوگۆ هەبێت." 
 
ڤیلارێل لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی ئەرجەنتینی «تەنیا یەک جاری دیکە» (Solo Una Vuelta Má)، سەبارەت بە یاسای لەباربردنی منداڵ لە ئەرجەنتین ئاماژەی بەوە کرد: "گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە دەبێت لەسەر بنەمای زانستی و ئارگیومێنتی جددی ئەنجام بدرێت و بەو شێوە ئایدیۆلۆژییە نەبێت کە ڕەنگدانەوەی لە دەرچوونی یاساکەدا هەیە." 
 
میلەی، تەمەنی ٥٣ ساڵە و خۆی بە «سەرمایەداری ئەنارکۆ» ناودەبات، بە ٥٥،٧٪ ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بەرانبەر سێرجیۆ ماسا کە ٤٤،٣٪ ی بەدەست هێنا. لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ئێستای منداڵ لەباربردن لە ئەرجەنتین، میلەی وتی: "کاتێک لەسەر بنەمایەکی هەڵە بنیات دەنێیت، ئەنجامەکەی خراپ دەکەوێتەوە. چۆن دەکرێت توانای کوشتنی مرۆڤەکانی تر بە مافێکی بەدەستهێنراو هەژمار بکرێت؟ من وەک لیبراڵێک باوەڕم بە مافی بێسنووری ژیان هەیە کە لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە ژیان و ئازادی و موڵکدارێتی دامەزراوە. من بەرگری لە ژیان دەکەم، بایۆلۆژیش دەڵێت «ژیان لە دووگیانییەوە دەست پێ دەکات»." 

نووسین و ئامادەکردنی: د. بێخاڵ ئەبوبەکر
 
سەرچاوە: 
• https://c-fam.org/friday_fax/argentinas-milei-attacks-bloodthirsty-abortion-agenda-of-globalists-at-davos/ 
• https://www.lifenews.com

1/23/2024 10:48:23 PM