{بَلْ تُؤْثِرُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا}

{بَلْ تُؤْثِرُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا}

بە ویستی خوای گەورە، دوای سەد ساڵی دیکە، هەموومان لەگەڵ هاوڕێکانمان و کەسە نزیکەکانمان لەژێر زەوین و، چارەنووسی ئەبەدیمان بە ڕوونی لە بەرچاومانە، ماڵ و کار و سامانەکەمان دەبێتە هیی کەسانێکی دیکە کە هیچ شتێکیان لەبارەی ئێمەوە لەبیر نییە، کام لە ئێمە بیر لە باوکی باپیرمان دەکەینەوە؟!

دەبینە دێڕێک لە یادەوەریی هەندێک کەسدا و، ناو و شێوەمان لەبیر دەکرێت؛ کەواتە بۆچی گرنگی بە بیرکردنەوەی خەڵکی دەدەین دەربارەمان و، داهاتووی ماڵ و سامانمان و خێزانەکانمان! هەموو ئەمانە دوای سەد ساڵی دیکە هیچ نرخ و بەهایەکیان نامێنێت، بوونمان تەنیا هێندەی بروسکەیەکە لە تەمەنی گەردووندا کە لە چاوترووکانێکدا لەنێو دەچێت.

لە دوای ئێمە دەیان جیلی دیکە دێن و بەخێرایی دونیا بەجێ دەهێڵن و دەڕۆن و ئاڵاکە تەسلیمی جیلی دواتر دەکەن بەبێ ئەوەی چارەکێکی خەونەکانیان بەدی هێنابێت! بۆیە با قەبارە و کاتی ڕاستیی خۆمان لەم گەردوونەدا بزانین، چونکە زۆر بچووکترە لەوەی کە وێنای دەکەین. لە دوای سەد ساڵ لە ناوەڕاستی تاریکی و بێدەنگیدا، بۆمان دەردەکەوێت کە دونیا چەند بێنرخ بوو، خەونەکانمان چەندە گاڵتەجاڕانە بوون، تەمەننای ئەوە دەکەین کە هەموو تەمەنمان لە ئامانجەباڵاکان و کۆکردنەوەی چاکە و توێشوو و بە تایبەتیش لە سەدەقەی جارییەدا بەسەر ببردایە.

ئەی برای موسڵمانم، مادەم هێشتا تەمەن ماوە با بیر بکەینەوە و خۆمان بگۆڕین، ئەمە گەشتێکە کە لە پشتی باوکەوە دەست پێ دەکات بۆ سکی دایک، لە سکی دایکەوە بۆ پشتی زەوی، لە پشتی زەوییەوە بۆ ژێرزەوی، هەروەها لەژێر زەوییەوە بۆ ڕۆژی ئامادەبوون و لێپرسینەوە، لە هەموو وێستگەیەک شتانێکی سەرسوڕهێنەر دەبینیت، هەروەها لە کۆتاییدا مەنزڵمان یان بەهەشتە، یان جەهەننەم.

ئەی برا و خوشکی موسڵمانم، دوو کەس زۆر جێگای داخن، یەکێکیان پیاوێکە کە تەنیا بە مردوویی دەچێتە مزگەوت و، ئەوی دیکەیان ئافرەتێکە کە خۆیی دانەپۆشیوە بە کفن نەبێت، چەندە بێئاگاین، تا کەی بەم شێوەیە بەردەوام دەبین؟ 

ڕاستییەکی تاڵە؛ لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبین بۆ چوونە سەر کارەکانمان و، پێش کاتی خۆی لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبین و، بۆ چوونە نەخۆشخانە پێش کاتی خۆی ئامادە دەبین، بەڵام لە کاتی نوێژدا دەخەوین و دەڵێین: "خەومان قورسە."

بەڵکوو ڕاستییەکەی بەو شێوەیە کە خوای گەورە دەفەرمووێت: {بَلْ تُؤْثِرُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا} واتا: «بەڵكوو ئێوە ژیانی دونیا پێش دەخەن و گرنگی و بایەخ بە ژیانی دونیا دەدەن، لەگەڵ ئەوەی كە دونیا بێنرخ و فانییە و لەنێو دەچێت و كۆتایی پێ دێت.»

ئەمە وانەیەکە بۆ من و تۆ و ئەوانەی دوای ئێمەش، خوایە داوای عاقیبەتخێریت لێ دەکەین.

#ئاستانە_Astana

3/17/2024 9:27:29 PM