باشترین بن بۆ خێزانەکانتان!

باشترین بن بۆ خێزانەکانتان!

وەسیەتی پەیامبەر (ﷺ) بۆ یاران و ئوممەتەکەی ئەوە بوو کە باشترین بن لەگەڵ ژن و کەسوکارەکەیان، دەیفەرموو: (خيركم خيركم لأهله وأنا خيركم لأهلي)¹ واتا: «باشترین کەستان ئەوانەن کە باشترینن بۆ خاوخێزانەکانیان، منیش لە هەمووتان باشترم بۆ خێزانەکانم.» لەم فەرموودەیەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە فروستادەی مرۆڤایەتی (ﷺ) هانی هاوەڵان و ئوممەتەکەی داوە کێبڕکێ بکەن لەگەڵ یەکتریدا لەسەر باشبوون لەگەڵ خێزانەکانیان. 

پێوەری باشی ئەوەیە بۆ ژنەکەت باش بیت نەک لەناو خەڵکیدا باش دەربکەویت و چاکەیەکت بۆ خێزانەکەت نەبێت. هەربۆیە هاوەڵانی وا ڕاهێناوە کە بەشداریی جەنگ نەکەن ئەگەر خێزانەکانیان نەخۆش بوون و پێویستیان بە مێردەکانیان بوو؛ بە نموونە لە جەنگی بەدردا کاتێک خەلیفەی سێیەمی موسڵمانان عوسمانی کوڕی عەففان ژنەکەی نەخۆش بوو، پەیامبەر (ﷺ) ئامۆژگاریی کرد بەوەی کە نەیەت بۆ جەنگەکە و لە لای خێزانەکەی بمێنێتەوە. ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی کە کەسێک ویستی لە داهاتوودا ببێت بە قائید و خەلافەت بگرێتە ئەستۆ، دەبێت بۆ خێزانەکەی باش بێت، سەرکردەبوون لە خێزانەوە دەست پێ دەکات، ئەسڵەن من پێم وایە خودا سەرکەوتن نادات بە گەلێک کە بۆ خانەوادەکانیان باش نەبن، چونکە خێریان نییە و لە باشەکان نین!

سەرچاوە:
[1] صحیح ابن حبان، الرقم: ٥٦٧٦

#ئاستانە_Astana

3/27/2024 5:57:28 PM