دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت، چونکە...

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت بۆ ئەو خەڵکانەی کە ستەمیان لێ کراوە و لە ماڵی خۆیان دەرکراون بەبێ هیچ تاوانێک تەنیا لەبەر ئەوەی گوتوویانە: "اللە خوامانە." ئەم دواکەوتنەش لەبەر حیکمەتێکە کە خوای مەزن دەیەوێت.

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت چونکە بونیادی ئوممەتی باوەڕدار هێشتا بەتەواوی پێنەگەیشتووە و هەموو هێزەکانی خۆی کۆ نەکردووەتەوە و، هێشتا هەموو خانەکانی پاڵ نەناوە و کۆی نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەوپەڕی هێز و ئامادەباشی تێدا ببینێت. هەتا ئوممەت لەسەر ئەم حاڵە بێت، ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەست بھێنێت زۆر بەزوویی لەدەستی دەدات، چونکە توانای ئەوەی نییە بۆ ماوەیەکی درێژ پارێزگاری لێ بکات.

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت بۆ ئەوەی ئوممەتی ئیماندار هەموو ئەوەی لە هەگبەیدایە لە هێز و توانا، بیخاتە گەڕ. هیچ شتێکی ئازیز و بەنرخی نەمابێت ئیللا بەئاسانی و سانایی لە پێناو خوادا بەخشیبێتی.

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت هەتا ئوممەت کۆتا هێزی خۆی تاقی بکاتەوە و، بۆی دەربکەوێت هیچ هێزێک بە تەنیا و بێ پاڵپشتیی خودا سەریان ناخات، بەڵکوو ئەو کاتەی هەموو توانای خۆیان دەخەنە گەڕ و پاشان کارەکە دەسپێرنە دەستی خودا، سەرکەوتنی خوایی دادەبەزێت.

لەوانەیە سەرکەوتن دوا بکەوێت هەتا ئوممەت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خودا پتەوتر بکات، کاتێک موبتەلا دەبێت و ئازار دەچێژێت و تەقەللا دەکات و جگە لە خودا هیچ پاڵپشتێک شک نابات، ئەو پەیوەندییەشی لەگەڵ خودا تاکە گرەنتیی ڕاستڕەوی و بەردەوامییەتی لەسەر ڕێگەکەی دوای ئەوەی خودای مەزن مۆڵەتی سەرکەوتنی پێ دەدات، بۆ ئەوەی لا نەدات و گومڕا نەبێت لەو حەقەی کە خودا بە هۆیەوە سەری خستووە.

لەوانەیە سەرکەوتن دوا بکەوێت چونکە هێشتان ئوممەت لە هەوڵ و کۆششەکانیدا خۆی بۆ خوا و بانگەوازیی ئایینەکەی یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵکوو بۆ دەستکەوت و دەمارگیری و ئازایەتی شەڕ دەکات، خوای گەورەش دەیەوێت جیهاد تەنیا و تەنیا بۆ ئەو و لە پێناوی ئەودا بێت. پرسیار لە پێغەمبەر (ﷺ) کرا دەربارەی پیاوێک کە لە پێناو دەمارگیریی هۆزەکەیدا شەڕی دەکرد و، پیاوێکیش لەبەر ئەوە شەڕی دەکرد تا پێی بگووترێت ئازا و بەجەرگە، پیاوێکیش لەبەر ئەوە شەڕی دەکرد تاکوو خەڵک بیبینن و بیناسن، ئایا کامەیان لە پێناو خودایە؟ ئەویش فەرمووی: «هەر کەسێک لە پێناو ئەوەدا شەڕ بکات کە ناوی خودا بەبەرزی بهێڵێتەوە، ئەوە لە پێناوی خودا شەڕی کردووە.»

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت، چونکە لەو خراپەیەدا کە ئوممەت دژی تێدەکۆشرێت هێشتا کەمێک چاکە ماوە، خوای گەورەش دەیەوێت هەموو چاکەکەیان لێ دابماڵێت هەتا تەنیا خراپەکان لەناو بچن، یەک تۆسقاڵ چاکە نەمابێتەوە بە هۆی ئەوەوە لەناو بچێت.

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت چونکە ئەو باتڵەی کە ئوممەتە ئیماندارەکە شەڕی لە دژ دەکات، هێشتان بەتەواوی خراپەکەی بۆ خەڵکی دەرنەکەوتووە، ئەگەر ئیماندارەکان لەو کاتەدا بەسەریان زاڵ ببن چەندین پشتیوان و سەرخەریان دەبێت کە پێیان هەڵخەڵەتاون کە هێشتان قەناعەتیان بە خراپەیان و پێویستیی لەناوچوونیان نەکردووە، خوای گەورەش دەیەوێت خراپە بمێنێتەوە تاکوو بەتەواوی ڕووی ڕاستی ئاشکرا بێت بۆ خەڵکی، هەتا کاتێک لەناو چوو کەس بۆی بەداخ نەبێت و خەمی لێ نەخوات.

دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت چونکە هێشتا ژینگەی گونجاو نەڕەخساوە بۆ پێشوازیکردن لە بەهاکانی ڕاستی و چاکە و داد کە ئوممەتی باوەڕدار نوێنەرایەتی دەکات، ئەگەر لەو ژینگە نەگونجاوەدا حەق سەر بکەوێت ئەوا لەنێوان ژینگەکە و ئوممەتەکە بەگژداچوون ڕوو دەدات، هەر بۆیە پێکدادان بەردەوام دەبێت هەتا دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەکە ئامادە دەبن بۆ پێشوازیکردنی و هێشتنەوەی حەق.

لەبەر هەموو ئەوانە و زۆر شتی دیکەش کە تەنیا خودا دەیزانێت دەکرێت سەرکەوتن دوا بکەوێت، قوربانییەکان و ئازارەکان چەند هێندە زیاتر دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا خودای گەورە بەرگری لە باوەڕداران دەکات و لە کۆتایدا سەریان دەخات.

سەید قوتب (بە کەمێک دەستکارییەوە)

#ئاستانە_Astana

3/27/2024 5:59:03 PM