پرۆسەی هاوسەرگیری لە فەلسەفەی ئۆشۆدا

پرۆسەی هاوسەرگیری لە فەلسەفەی ئۆشۆدا 

ئۆشۆ - ڕاجنیش - (Osho Bhagwan Shri Rajneesh)  (١٩٣١ ز- ١٩٩٠ ز)، ناوی تەوای: چاندرا موهان جاین، فەیلەسووفی هیندیی بووزی و عیرفانی (تەسەوفی فەلسەفی)، یەكێكە لە مامۆستا مولحیدە ڕۆحییە باتنییەكانی مۆدێرنە. 

فەلسەفەی هاوسەرگیری لە لای ئۆشۆ ناشیرینترین دامەزراوەیە لەنێو هەموو ئەو دامەزراوانەی كە مرۆڤایەتی لەوەتەی هەیە دروستی كردوون، هاوسەرگیری بە دژی سروشت دەبینێت و، بە پرۆسەیەكی بێكەڵک بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە قەڵەمی دەدات. 

ئۆشۆ لە فەلەسەفە ئیلحادییە ڕۆحییەكەی خۆیدا بەئاشكرا پشتگیریی هەموو جۆرە لادانێكی سێكسی كردووە و، هاوڕەگەزبازی و سێكس لەگەڵ كچ و كوڕ و كچەزا و خوشكەزا و تاد ... لای قبووڵكراو بووە و بە كارێكی باشیشی زانیوە، ئەمەیشی بە كردار لەگەڵ خوشكەزایەكی خۆیدا كردووە، بەبێ ئەوەی هیچ گرێبەستێكی هاوسەرگیریش لە نێوانیاندا ئەنجام درابێت!

هەروەها بە ئاشكراش دانی بەوەدا ناوە مرۆڤ لە ڕێی سێكسەوە نەبێت ناتوانێت بگات بە قۆناغەكانی ئاگایی و ڕوناكبوونەوەی ڕۆحی و گەیشتن بە یەكێتیبوون و یەكگرتن و بەخوابوونی مرۆڤ!

هەر بۆیە كاتی خۆی ئۆشۆ لە پەرستگەكانیدا لە پێناو حەزە سێكسییەكانی خۆی و كارە بەدڕەوشتییەكانی، لەباربردنی منداڵ و نەزۆكی بەسەر كچ و ژنە شوێنكەوتووەکانی خۆیدا سەپاند و، لەگەڵ ڕەتكردنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری و بەخێوكردنی منداڵیش لە ئەستۆی خێزاندا ناهێڵێت و بڕوای بەوەیە كە دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بەخێوی بكات. مرۆڤی مۆدێرنە دروست نابێت ئەگەر بێتو ئەم منداڵە لە پرۆسەی خێزانی ڕزگاری نەبێت، ڕزگاربوونی منداڵیش لە ژینگەی خێزانی لە ڕووی پەروەردەی عەقڵی و دەروونی و ڕۆحی و سیاسی و تاد ...، هۆكارە بۆ دروستبوونی ئەم مرۆڤە مۆدێرنە كە ئەمەش لووبی  فەلسەفەكەیەتی!

ئەم فەلەسەفە ئیلحادییە ڕۆحییەی ئۆشۆ خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی بگەیت بە قۆناغی ئەم مرۆڤە مۆدێرنە، دەبێت بمریت لەبارەی هەموو ئەو شتانەی كە كۆنن و خۆت لەسەری پەروەردە كردووە و سەرلەنوێ لەدایک ببیتەوە و، بۆ گەیشتن بەم قۆناغەش پێویستیت بە سێ ڕەهەندە: 
ڕەهەندی ئاگایی، ڕەهەندی خۆشەویستی و ڕەهەندی داهێنان.

ئەمە و فەلسەفەی هاوسەرگیری لای ئۆشۆ لە لایەكەوە بۆ چەسپاندنی فەلسەفەی بەڕەڵایی سێكسی و لەناوبردنی هەموو جۆرە بیروباوەڕێک و ڕەتكردنەوەی پابەندبوونی یاسایی و شەرعییەكانی پرۆسەی هاوسەرگیری بووە، كە لەژێر ناوی دروستبوونی مرۆڤی مۆدێرنە بانگەشەی بۆ دەكرد و، لە لایەكی تریشەوە بۆ چەسپاندنی فەلسەفەی یەكێتیبوون و بەخوابوونی مرۆڤ بووە، چونكە مرۆڤی مۆدێرنە لە فەلسەفەی ئۆشۆدا بە هەموو بەش و پارچەكانی گەردوون و خوداوە گرێ دراوە و هەمووان لە چوارچێوەی یەک وەحدەدا دەخولێنەوە، ئەوە نییە ڕەتكردنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری باو بێت لە لای و ڕەخنەیەک بێت بۆ چاكسازكردنی پرۆسەی هاوسەرگیریی مۆدێرنە و دانانی پڕۆژەیەكی نوێ بێت بۆ ئەم پرۆسەیە!

خودی فەلسەفەی ئۆشۆ لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە لەسەر بنەمای بەهەڵەدابردنی ڕۆحی بنیات نراوە و، لێك دژی و موغاڵەتەی لۆژیكیی زۆری تێدا بەدی دەكرێت و دژی سروشت و فیتڕەی مرۆڤە. لە كاتێكدا خۆی دەڵێت دژی پرۆسەی هاوسەرگیریم، كەچی كاتێک لە ژیاندا بوو دەستی بەسەر كۆمەڵێک كچ و ژنانی شوێنكەوتووانی خۆیدا گرتبوو و، بەوپەڕی دەستبەسەرداگرتنیانەوە مامەڵەی لەگەڵیاندا کردووە و، بە ئارەزووی خۆی ئەملا و ئەولای پێ دەكردن، هەروەها لە لایەكی ترەوە خۆی لەباربردنی منداڵ و نەزۆكیی بەسەر ئەم كچ و ژنانەیدا سەپاندووە. ئەی چۆن پەروەردەی منداڵ ڕادەستی كۆمەڵەگە تایبەتەكەی بكات و مرۆڤە مۆدێرنەکە و ئەم کۆمەڵگایە دروست بێت، لە کاتێکدا تۆ نەزۆکی و لەباربردنی منداڵت سەپاندووە؟! ئەی چۆن دەبێت ئەم هەموو لێک دژانە لە یەک کاتدا پێکەوە کۆیان بکەیتەوە؟!

نووسینی: عەلی موحەممەد كەریم – لێكۆڵەری دكتۆرا لە بەراوردی فەلسەفەی ڕۆح لە نێوان ئیبن سینا و ڕۆحانییەكانی مۆدێرنە – لە فەلسەفەی ئیسلامی.


سەرچاوە: 
1-  فەلسەفەی ئیلحادی ڕۆحی، عەلی موحەممەد کەریم، لێكۆڵینەوەكە كۆتایی هاتووە، ئێستا لەژێر پێداچوونەوەیە.
2-  ماڵپەڕی: www.osho.com
3- الزواج و الاطفال عند أوشو: https://ar.allreadable.com/
c348C44

#ئاستانە_Astana

3/31/2024 11:03:54 PM