چی دەبوو گەر ئەورووپییەکان زەکاتیان دەربکردایە؟!

سەرفیترە (زكاة الفطر) 

ئەگەر لە هەر وڵاتێکی ئەورووپی بووایە ئەوا کەرنەڤاڵیان بۆ ساز دەکرد، ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک گەورەترین هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی لە جیهاندا تۆماری دەکرد، چونکە سەرفیترەی موسڵمانان جوانی و مەزنییەکی زۆری تێدایە. بیهێنە پێش چاوت نزیکەی دوو ملیار موسڵمان لە سەرانسەری جیهاندا هەن کە یەکی دوو کیلۆ و نیو خۆراک دەبەخشن؛ وێنای بکە لە یەک کاتدا پێنج ملیار کیلۆ خۆراک بۆ هەژاران دەچێت!

ئەمە جگە لە ڕەهەندە ئابوورییەکەی کە بە هۆی بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی نزیکەی پێنج ملیار کیلۆ خۆراک جووڵە و فرۆش و بووژانەوە دەخاتە بازاڕەکانەوە. هەروەها ڕەهەندێکی دەروونیی گەورەی هەیە، چونکە هەژاران بۆ یەکەم جارە پێویستە زەکات بدەن. بەڵێ، هەژارەکانی ئێمە ئەگەر ساڵی جارێکیش بێت دەبەخشن و هەست بە جوانیی بەخشین دەکەن، هەتا بزانن کە هەمیشە لەوان هەژارتر هەیە و شوکرانەبژێر بن.

هەروەها ڕەهەندێکی پەروەردەیی هەیە، کاتێک باوک دەستی منداڵەکانی دەگرێت و باسی زەکاتی سەرفیترەیان بۆ دەکات،  پێکەوە دەچن دانەوێڵەکان دەکڕن و دەیخەنە ناو کیسەوە و دەیبەن بۆ هەژاران. لایەنێکی دامەزراوەییشی هەیە، کاتێک ڕێکخراو و دامەزراوە خێرخوازییەکان وەک شانەی هەنگ پێکەوە کار دەکەن بۆ کڕینی دانەوێڵە بە هەرزانترین نرخی کۆ لە بەرژەوەندیی هەژاران و، ڕێکخستنی ڕێساکانی ئامار و تیمی گەنجان بۆ دابەشکردنیان.

هەروەها ڕەهەندی پەرستشی هەیە، چونکە سەرفیترە ڕۆژووەکەمان لە هەڵە و کەموکوڕی پاک دەکاتەوە هەتا بە پاکی و جوانی بەرز ببنەوە و لە لای خودا نزیکتر بن لە وەرگرتن. هەروەها ڕەهەندی مرۆڤایەتی هەیە، بۆ ئەوەی هیچ ماڵێکی موسڵمان بەبێ خواردن نەبێت، نەوەک خەمی برسییەتی شادیی جەژنیان لێ بشێوێنێت. بەڵام ئێمە زۆرجار هەموو ئەم جوانی و مەزنییەی زەکاتی فیتر دەشاریینەوە بەو ڕاجیاییەی کە گوایە دروستە لە بری خواردن پارە ببەخشرێت.

فەوزی حافز
#ئاستانە_Astana

4/3/2024 11:26:23 PM