دیاردەی سووتانی دەروونی چییە؟!

فەیلەسووف «بیۆنگ چۆل هان» باس لە دیاردەی سووتانی دەروونی دەکات کە بووەتە تایبەتمەندییەکی دیاری سەردەمی ئێستامان. ئەم دیاردەیە پەیوەستە بە زیادەڕۆییکردن لە ئەرێنیبوون و خواستی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکاندا، تەنانەت وتراوە کە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ تەمبێکردن بە زیندان و نۆرینگە پزیشکییە تایبەتەکانیان (کە تایبەت بوون بە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە) گۆڕیوە بە تەمبێکردنی گشت کۆمەڵگە، بە دەربڕینێکی تر: تەمبێکردن بە بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان! 

ئۆفیسی دامەزراوەکان، یانە وەرزشییەکان، هۆڵەکانی وانەوتنەوە، پۆلەکان و ئەو شوێنانەی مەدالیا و ملوانکە و پلەیان تێدا بەدەست دێت، هەموویان ئامرازی ستەمی نوێ و شوێنگرەوەیەکن بۆ زیندانە سامناکەکان.

ئیتر چاودێریی ورد تەنیا لەسەر زیندانەوانەکان قەتیس نەکراوە، بەڵکوو بەڕێوەبەر و بەرپرس و ڕاهێنەر و پڕۆفیسۆر و مامۆستاش هەمان ئەرک ئەنجام دەدەن! هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی ئەرێنیبوونی لە ڕادەبەدەرە. هەموو شتێک پێویستە بە چاوێکی ئەرێنییانە لێی بڕوانرێت و، تاریکی بە ڕووناکی بگۆڕدرێت. ڕۆحە خراپە نەرێنییەکان بە فریشتەی ئەرێنیبوون شوێن بگیرێنەوە؛ زیندانەوانەکان جلە ڕەشەکانیان بە پۆشاکێکی نوێ گۆڕیوە، قات و بۆینباخ، یان چاکەت، یان جلی وەرزشی، یان بەرگ و جامانەیەک ...

هەموو کۆمەڵگە ئاهەنگ بۆ خوێندکارە یەکەمەکانی قۆناغی ئامادەیی، یان ئەوانەی نمرەی بەرزیان بەدەست هێناوە و، یەکەمەکانی زانکۆ و، خاوەن مەدالیا زێڕینەکان و، ئەو کارمەندە لێهاتووانەی زۆرترین فرۆشیان هەیە و ... دەگێڕن؛ تەنانەت لە ڕۆشنبیریشدا ژمارەکان گرنگی زۆریان پێ دەدرێت، چەند پەرتووکت نووسیوە، یان چەندت خوێندووەتەوە؟ چەند لاپەڕەت تێپەڕاندووە؟ چەند و چەند و ...

پرسیاری ئەوەی چ دەستکەوتێکت هەبووە؟ پرسیارێکی نوێی کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردنە. پرسیاری دەستکەوت پرسیارێکە بۆ زانینی بەها و ماهییەت و شوناسی کەسەکە. ئەگەر هیچ دەستکەوتێکی نەبێت کە لە ڕووی ماددی، یان بە ژمارە و ڕێژەی سەدی بپێورێت، ئەوە واتە هیچ بەهایەکی مرۆیی نییە، واتە بوونی هیچ واتایەکی نییە! ئەمەش دەبێتە هۆی سووتانی دەروونی مرۆڤ تا دوا خاڵی بەخۆڵەمێشبوونی جەستە ماندووەکەی، یان ئەقڵە «ئەرێنی»ـیەکەی!

ئێستا، چۆن دەستکەوتی دایک و باوکێک بپێوین کە سەرەڕای سەختیی بارودۆخیان چاودێریی منداڵەکانیان دەکەن و خۆشەویستییەکی بێمەرجیان پێ دەبەخشن؟ چۆن ئەو دڵنیایی و ئاسوودەییە بپێوین کە مرۆڤێک لە ڕکووع، یان سوجدەدا هەستی پێ دەکات کاتێک دڵی ڕوو لە ئاسمانە؟ چۆن دەستکەوتی کەسێک بپێوین کە خاوەن دڵێکی باش و پاکە و، خراپەکاریی و ئیرەیی نازانێت، هیوای باشە بۆ هەموو مرۆڤەکان دەخوازێت؟ چۆن دەستکەوتی پیاوێک، یان ئافرەتێک بپێوین کە قوربانییان بە کار، یان خوێندن، یان ... هتد. داوە لە پێناو ئەندامێکی خێزانەکەیاندا کە پێویستی بەوەیە ئەوان لە لای بن!؟

چۆن دەستکەوتی هاوڕێیەک بپێوین کە لە پشتی هاوڕێکەی وەستابێت، هیچ شتێکی گەورەی نەکردبێت -کە بە دڵنیاییەوە گەورەییە-، بەڵکوو تەنیا کاتێک بە بایەخەوە گوێی بۆ گرتبێت و، لە خەم و پەژارەکانی هاوخەم بوو بێت، یان لە شادیی و خۆشییەکانی ئامادە بووبێت؟ چۆن دەستکەوتی چاکەکاری، لێبوردەیی، ئەمانەتپارێزی، ڕاستگۆیی، دڵپاکی، ناسکیی ڕۆح، بێخەوشیی ژیان، قسەی چاک، ڕەواندنەوەی ئازار، ڕزگارکردنی کەسێک لە ناڕەحەتی، بەردەستبوون لە کاتی پێویستیدا، پاراستن لە پاشملە، پاراستنی شەرەف و ... تاد. بپێوین؟!

چۆن دەستکەوتی پابەندبوون و هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی و مرۆڤایەتیی مرۆڤ بپێوین؟ ئەمانە شتگەلێکی گەورەترن لەوەی لە چەند پێوەرێکی «ماددیی ئەرێنی» بچووک بکرێنەوە کە نازناوی دەستکەوتیان لێ نراوە، ئەمانە شتانێکی تەواو جیاوازن لەو پێوەرانە!


نووسینی: فالیح فلەیحان

#ئاستانە_Astana

4/9/2024 1:54:34 PM