پێناسی فێمینیزم، چەمکی فێمینیزم، زیاتر لە پێناسەیەک
پێناسی فێمینیزم
چەمکی فێمینیزم، زیاتر لە پێناسەیەک
"ڕۆژێک منداڵەکەم پرسیاری لێ کردم: دایکە، فێمینیزم چییە؟ منیش لە وەڵامدا وتم: پەیوەستبوونە بە کێشە تایبەتییەکانی ڕەگەزی مێیینە کە پیاوان بە هیچی دەزانن."
فێمینیستی فەڕەنسی «میلێر»
چەمکی فێمینیزم زیاتر لە لایەن ئەو ڕێکخراوانە، یان ئەو ئافرەتانەوە بەکار دێت کە داوای یەکسانیی ڕەهای نێوان ئافرەت و پیاو دەکەن؛ یاخود بە شێوەیەکی گشتی داوای مافی ئافرەت دەکەن.
ئەگەر بە شێوەیەکی سادە چەمکی فێمینیزم پێناسە بکەین، ئەوا پێناسەکەی «ڕیبیالیۆن» کە فێمینیستێکی فەڕەنسییە وەک پوختترین و سادەترین و گشتگیرترین پێناسە دادەنێین کە دەڵێت: "فێمینیزم فیکرێکە بۆ دەستخستنی مافی یەکسانیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی مێیینە."
یاخود بە سادەیی شیکردنەوە بۆ چەمکەکە دەکەین لە ڕووی زمانەوانییەوە وەک ئەوەی کە (feminism) وشەیەکی لاتینییە و ڕیشەکەی (femina)ـە و بۆ ژن (woman) بەکار هاتووە. دواتر لە زمانی ئینگلیزیدا (feminine) بەکار هاتووە، لە فەڕەنسیشدا (feminism) و (feminin) بەکار هاتووە. هەروەها (ism)یش لە پاشبەندی لاتینیی (ismus)ـەوە هاتووە. هەندێکی تریش دەڵێن ڕەگەزی (female) کە بە مانای مێ دێت، واتە لە بنەچەدا وشەکە لە فیمیڵیزم (femalism)ـەوە هاتووە.
لە زمانی کوردیشدا هەندێک جار نووسەر، یان وەرگێڕە کوردەکان چەمکی فێمینیزم وەردەگێڕن بۆ «مێگەرایی»، یان «ئافرەتگەرایی»، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیە، هەڵەیەکی زانستی و فیکرییە. چونکە «مێگەرایی و ئافرەتگەرایی» بە واتای فەزڵیەتدانی ئافرەت دێت بەسەر پیاودا. بەڵام بەشێکی زۆر لە فێمینیستەکان دژی ئەوەن کە فەزڵی ئافرەت بدرێت بەسەر پیاودا. هەروەها زۆرێک لە فێمینیستەکان دەڵێن فێمینیزم مافدانە بە ژن، نەک سەرخستنی ژن بەسەر پیاودا. بۆیە وا باشترە چەمکی «فێمینیزم» وەکوو خۆی بەکار بهێنرێت.
بەڵام لە ڕاستیدا لە لایەن فێمینیستەکانەوە پێناسەیەکی یەکگرتوو نادۆزرێتەوە بۆ چەمکی فێمینیزم! چونکە هەر فێمینیستێک لە ئاراستەی خۆیەوە پێناسی پێ دەدات.¹ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەر کۆمەڵگەیەک و لە هەر سەردەمێک مامەڵەیەکی جیا لەگەڵ ئافرەتدا کراوە. ئافرەتەکانیش بەپێی بارودۆخ و داواکاری و سەردەم و شوێنەکە پێناسەیان کردووە.
فێمینیزم پێناسەیەکی تەواو لە خۆی هەڵناگرێت، چونکە وەکوو «مادلین پلێتی»¹ دەڵێت: "هەر فێمینیستێک، فێمینیزمی تایبەت بە خۆی هەیە." خاڵێکی تریش کە هۆکارە بۆ زۆربوونی پێناسەکانی تایبەت بە چەمکی فێمینیزم، زۆربوونی ئاراستە تیۆرییەکانی بزووتنەوەکە و ناکۆکیی نێوان قوتابخانە فێمینیزمییەکانە.
هەمەڕەنگی و تەوژمەکانی فێمینیزم مرۆڤ تووشی سەرلێشێواوی دەکات: فێمینیزمی لیبراڵی، لایەنگیریی مافی یەکسان، فێمینیزمی سروشتی، فێمینیزمی مارکسیستی²، فێمینیزمی سۆسیالیستی (ئەویش خۆی دەبێتە دوو لقی فێمینیزمی تیۆری سیستمە یەکگرتووەکان و دووفاقییەکان)، فێمینیزمی ڕادیکاڵی، فێمینیزمی شۆڕشگێڕانە، فێمینیزمی کولتووری، فێمینیزمی ئێگزستانشیلیزم (وجوودی)، فێمینیزمی دەروونشیکارانە (کە ئەمیش دوو لقە)، فێمینیزمی پۆستمۆدێرن، فێمینیزمی جیهانی سێیەم، فێمینیزمی ڕەشپێستەکان، فێنینیزمی جـ.ـوولەکەکان، فێمینیزمی ئاسیایی، فێمینیزمی چیکانا (کە ئەمیش سێ لقە: چیکانای لیبراڵ، نیشتیمانی-کولتووری و چیکانای شۆڕشگێڕانە)، فێمینیزمی دایکانە، فێمینیزمی پۆست سترەکچەڵیزم، فێمینیزمی پۆست کۆڵۆنیاڵیزم، فێمینیزمی جوتیار و فێمینیزمی پێگەتەوەر، یان مانەوەتەوەر و ... تاد.
هێشتا ئەمانە هەموو جۆرەکانی فێمینیزم نین. لە ڕابردوودا چەندین ڕەوتی تر هەبووە وەک «کاترین ئەنتۆنی» ئاماژە بە فێمینیزمەکانی ئەڵمانیا دەکات کە بریتی بوون لە «فێمینیزمی بۆرجوا، پارێزکار، فێمینیزمی میانڕەو، ڕادیکاڵ، فێمینیزمی مەسیحی و بێلایەن، فێمینیزمی بەساڵاچووان و لاوان ...»
لەبەر ئەمەیە کە دکتۆرە (نورة فرج المساعد) دەڵێت: "هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان فێمینیزم بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو نەبووە، بەڵام لە چەند ڕەوتێکی جیاواز پێک هاتووە."²
بۆیە ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی باش لە چەمکی فێمینیزم تێبگەین، پێویستە شارەزای مێژوو و قوتابخانەکانی بین. هەروەها بزانین ئەو هۆکارانە چی بوون کە فێمینیزمیان دروست کرد. ئایا پێش ئەم هەموو جۆرە ئاراستە فێمینیزمییانە، فێمینیست بوونی هەبووە؟ جیاوازی چییە لە نێوان ئاراستە فێمینیزمییەکان؟ ئایا هەموو قوتابخانە فێمینیزمییەکان یەک داواکارییان هەبووە؟ دەکرێت بە یەک چاوەوە سەیری هەموو فێمینیستەکان بکرێت؟ یان ئاراستەیەکی تیۆری فێمینیزمی سەدەی ٢١ هەمان ئەو ئاراستە تیۆرییەیە کە لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا هەبووە؟ ئەسڵەن فێمینیستەکانی ئێستا دان بە داواکاریی فێمینیستەکانی سەدەکانی ڕابردوودا دەنێن؟ ئایا فێمینیستە سپیپێستەکان ڕازین بەوەی کە فێمینیستە ڕەنگامەپێست (ڕەش و زەرد و سوور)ـەکان بە ناوی ئەمانەوە قسە بکەن و وشەی «ئێمە» بەکار بهێنن بۆ داواکارییەکانی ژنانی جیهان؟
ڕەنگە گرنگترین جیاوازیی تیۆرییەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ پێشینان لە ساڵانی ڕابردوودا، جیاوازیی نێوان فێمینیزمی لیبراڵی «دادگەر، یان لایەنگری مافی یەکسان» لە لایەکەوە و فێمینیزمی کولتووری لە لایەکی ترەوە بێت. ئەو ڕەوتەی کە ئەمڕۆ بە فێمینیزمی کولتووری ناوی دەبەین، هاوشێوەی هەمان ئەو قوتابخانەیە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە فێمینیزمی کۆمەڵایەتی، یان دایکانە ناوزەند دەکرا. کەسانێک پێیان وایە فێمینیزم هەمیشە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا لە هاتوچۆدا بووە و دیارە بەڵگەش بۆ قسەکانیان دەهێننەوە.
جیاوازیی ئاراستەکانی فێمینیزم چییە و بۆچی ئەم جیاوازییە گرنگە؟
فێمینیزمی لیبراڵی (فێمینیزمی لایەنگری مافی یەکسان) لە سەدەی هەژدەدا هاتە ئاراوە. پێداگری لەسەر لێکچوونی نێوان پیاوان و ژنان دەکات. بەڵام فێمینیزمی کولتووری جەخت لەسەر جیاوازییان دەکاتەوە. یەکەمیان بەتەمای هێنانە ئارای کۆمەڵگەیەکە کە هیچ جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی تێدا بەدی نەکرێت. وەک «جودیت لاربێر» دەڵێت: "ئامانجی درێژخایەنی فێمینیزم دەبێت لەوە کەمتر نەبێت کە ڕەگەز وەک ڕێسای پێکهێنەری کۆمەڵگەی پۆست پیشەسازی بسڕێتەوە."³
لە لایەکی ترەوە فێمینیستە کولتوورییەکان ڕوانگەیەکیان هەڵبژاردووە کە دەتوانرێت بە «ژن تەوەر» ناوزەند بکرێت. واتە ڕوانگەیەک کە پێداگری لەسەر ئەو بەها فێمینیستییانە دەکاتەوە کە هەڵقوڵاوی ئەزموونی فێمینیستەکانە. بە باوەڕی ئەمان چاوپۆشیکردن لەم بەهایانە خۆ ڕادەستکردنە بەرانبەر بە پێوەرە پیاوانەکان کە یەکسانی بە هەمان لێکچوونی لە قەڵەم دەدەن.
ئەگەر فێمینیزم بە چالاکییەک بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ژنان و پیاوان پێناسە بکرێت؛ پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا فێمینیستەکان دەیانەوێت لەگەڵ کام پیاوانەدا یەکسان بن؟
بۆیە فێمینیستە کولتوورییەکان لەگەڵ ئەو جۆرە پێناسەکردنەی فێمینیزمدا کۆک نین کە هەوڵی دەستەبەرکردنی یەکسانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ماف دەدات! لە بری ئەوەش دەلێن دەبێت فێمینیزم بە گوێرەی ئاستی پەرەسەندنی سەربەخۆیی ژنان پێناسە بکرێت و سەرکەوتنیشیان بە گوێرەی پانتایی ئەو بەهایانە هەڵبسەنگێنرێت کە بەسەر کۆمەڵگەیدا دەسەپێنن. دەشڵێن ئەم پێناسەیە هۆکار نییە بۆئەوەی ڕێگری لە پیاوان بکرێت کە فێمینیست بن.
بەڵام جۆرەکانی فێمینیزمی کولتووری لە ڕابردوودا هەمیشە بەم شێوەیە واتایەکی ڕادیکاڵیان نەبووە. بۆ نموونە، بابەتی دایکایەتی لە تەوژمی یەکەمی فێمینیزمدا لەبەرچاو بگرن؛ لەو ڕووەوە کە زۆرێک لە ئەزموونەکانی ژنان بەستراوەتەوە بە دایکایەتییەوە. زۆربەی فێمینیستەکان هەوڵیان داوە لە جیاتی ڕەتکردنەوەی، سەرلەنوێ بایەخی کۆمەڵایەتیی ئەم بابەتە بورووژێننەوە. زاراوەی فێمینیستی دایکانەش هەر لێرەوە سەرچاوەی گرتووە.
لێرەوە کۆمەڵێک پرسیاری تر دروست دەبێت؛ ئایا ئەمە کردەوەیەکی تێکدەرانە بووە، یان گوزارش لە چۆکدادان دەکات؟ ئایا فێمینیزمی دایکانە لە ڕێگەی بەپێوەرکردنی ئەزموونەکانی ژنانەوە لە بنەڕەتدا ڕادیکاڵ بوو؟ یان بە سازشێک لەگەڵ بۆچوونە ڕەگەزەکانی سەبارەت بە ژنان لە پێگەی دایکدا دێتە ئەژمار؟
ئەگەر بمانەوێت ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی دیکە بخەینە ڕوو، دەبێت بپرسین ئایا جیاوازیی نێوان هۆشیاریی ژنانە و هۆشیاریی فێمینیستی چییە؟
پەرچەکرداری ژنان بەرانبەر بە سووکایەتیپێکردن، دەشێت شانازیکردن بەو بەهایانەوە بێت کە کۆمەڵگە بە هیچی نازانێت؟
وردە وردە لەگەڵ چوونە ناو چەمکەکەوە کۆمەڵێک پرسیار دێنە پێشەوە کە بۆ وەڵامدانەوەیان پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بەر لە دروستبوونی چەمکەکە. بۆ دۆزینەوەی وەڵام دەبێت هەلومەرجی مێژوویی تاوتوێ بکەین.
لە سەدە تاریکەکانی ڕۆژئاوادا ئافرەت بە ڕێژەیەکی زۆر سەرکوت کراوە و کۆمەڵێک مافی لێ زەوت کراوە. جگە لەوەش، زۆر جار سزای تاوان وەک سزای زیناکار تەنیا بۆ ئافرەتان هەبوو، پیاوانی نەدەگرتەوە. ئەگەر ژن و پیاوێک زینایان بکردایە ئەوا تەنیا بە ئافرەتەکە دەوترا «زیناکار»، یان «داوێنپیس».
لە بەرانبەر ئەم کارانەدا ئافرەتان کۆمەڵێک هەوڵ و چالاکییان دەکرد کە لە ئێستادا فێمینیستەکان ئەو چالاکییانەی کە ئافرەتانی پێش سەرهەڵدانی فێمینیزم دەیانکرد زۆر جار بە چالاکیی فێمینیستی، یان هۆشیاریی فێمینیستی ناوی دەبەن. هەندێک لە چالاکییەکانی تریش بە ناوی هۆشیاریی ژنانە ناوزەند دەکەن، لە دیدی ئەواندا هۆشیاریی فێمینیستی لە دەرەوەی ڕۆڵی ڕەگەزی و خێزان و بنەماڵەدایە.
«تما کاپلان» سەرچاوەی چالاکییەکانی ژنانی ماڵەوەی بارسێلۆنا دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆشیاریی ژنانە نەک هۆشیاریی فێمینیستی. چونکە ئافرەتانی بارسێلۆنا بە گوێرەی ڕۆڵی ڕەگەزی دەجووڵانەوە؛ پاڵنەری خانمانی بارسێلۆنا لە پێگەی دایک و هاوسەردا، بەختەوەریی بنەماڵەکانیان بوو.⁴
هەر لەبەر ئەمەشە «مارلین لێ گەیت» کە فێمینیستێکی نوێیە، داواکارییەکانی «کریستین دی پیزان» لە سەدەی پازدەدا بە داواکاریی فێمینیستی نازانێت! لە کاتێکدا هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە «کریستین دی پیزان» یەکەم فێمینیستە.
بەڵام لە حەقیقەتدا هەم «مارلین لێ گەیت» هەم هەر فێمینیستێکی تری ئەم سەردەمە بە عەقڵی ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ ئافرەتان و فێمینیستەکانی سەدەکانی ڕابردوو بکات؛ هەڵە دەکات، چونکە بارودۆخی ئێستا و ڕابردوو زۆر جیاوازە، قوتابخانە و دیدیان جیاوازە، کەواتە داواکاریشیان جیاوازە.
گرنگە ئاماژە بە بابەتێکی تریش بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە چەمکی «فێمینیست» جیایە لە «چالاکوانی بواری ژنان»، چونکە فێمینیست ئەفکار و بیرکردنەوەی فێمینیستی هەیە و زیاتر هەوڵ دەدات ئافرەت لە خێزان و یاساکانی کۆمەڵگە بهێنێتە دەرەوە. «چالاکوانی بواری ژنان»یش کار دەکات بۆ هێنانەدی مافە شەرعی و ڕەواکانی ژنان، بۆیە ناکرێت ئەم دوو دەستەواژەیە لە جیاتیی یەکتری بەکار بهێنرێن. بەڵام لێرەدا گرنگە باس لەوە بکرێت کە دەکرێت فێمینیست هەبێت خێزانی قبووڵ بێت و ئامادە بێت لە ژێر سەرپەرشتی پیاوێکدا بێت؟ وەکوو «باربارا لێ سمیت بۆدیشۆن»ـی فێمینیستی بەریتانی، لە لایەکی تریشەوە دەکرێت ئافرەت هەبێت لە ژێر ناوی «چالاکوانی بواری ژنان»دا ئەفکاری فێمینیستی بڵاو بکاتەوە -هەندێک جار ئەم نموونانە لە نێو ناوەندە ئیسلامییەکاندا دەبینین، کەسانێک هەن لە ژێر ناوی چالاکوانی بواری ژنان و بەدەستهێنانی مافی ژنان، ئەفکاری فێمینیستی بڵاو دەکەنەوە-، بەڵام پێویستە بزانرێت کە ئەم دوو چەمکە جیاوازن.
بۆیە ناکرێت یەک پێناسە بۆ فێمینیزم دابنرێت، یان وا پیشان بدرێت کە هەموو فێمینیزمەکان دژی پیاوان و خێزانن، یان هەموو فێمینیستەکان هەوڵی سەرخستنی ڕەگەزی مێ دەدەن. لە ئەمڕۆدا فێمینیستەکان هەوڵی بەسەنتەربوونی مێ دەدەن. ئاڵای جەنگیان دژی پیاوان بەرز کردووەتەوە و بە ڕەهایی پیاو ڕەت دەکەنەوە؛ بگرە هەوڵی گۆڕینی هەندێک چەمک و وشە دەدەن کە بۆنی پیاوی لێ دێت، وەک هەوڵی گۆڕینی مێژوو (HISTORY) دەدەن بۆ (HERSTORY). واتە مێژووی ئافرەت لە ئینگلیزیدا نابێت بە (HIS) دەست پێ بکات کە بۆ کوڕ بەکار دێت، بەڵکوو دەبێت (HER) دابنرێت کە بۆ کچ بەکار دێت. یاخود نابێت کۆی ژنان (WOMEN) بەم شێوازە بنووسرێت، بەڵکوو دەبێت پاشگری پیاوان (MEN) لەخۆ نەگرێت و بگۆڕدرێت بۆ (WOMYN). ئەم جۆرە فێمینیستانە هەموو شتێک لە ڕوانگەی «مێ»ـوە دەبینن.
بگرە ئەم جۆرە ئەسڵەن ئافرەتیان لە مێبوون و سروشتی خۆی بردووەتە دەرەوە. ئافرەتی خستووەتە جەنگێکەوە کە هیچ شتێک نەزانێت جگە لەوەی دژی بڕیارەکانی پیاو بوەستێتەوە. لە چەمکی «ململانێ»ـوە دەڕواننە جیهان. بەشێکیشیان لە لایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە ئاراستە دەکرێن. بە ناوی ئازادییەوە ڕەسمی ئافرەت بۆ فرۆشتنی کاڵاکانیان (شامپۆ، سابوون، بابەتی جوانکاری ...) بەکار دەهێنن. بۆیە ناکرێت ئێمە بە یەک چاوەوە تەماشای ئەمان و «کریستین دی پیزان» بکەین کە یەکەم فێمینیستە و دەڵێت: "ئەو ژنە یان ئەو پیاوەی کە بەرزترین بەهای چاکەی تێدایە، لەوی تریان باشتر و بەرزترە. پایەداری یاخود بێپایەیی کەسێک لە جەستە و ڕەگەزەکەیدا نییە؛ بەڵکوو لەوەدایە کە چەند بەهای چاکەی هەیە و چەندێک کامڵانە ژیان بەڕێوە دەبات."⁵
هەروەها «دی پیزان» بە مێژووی ژیانی دەستەواژەی «پیاوسالاری» بەکار نەهێناوە و دەسەڵاتی پیاوانیشی ڕووبەڕووی پرسیار نەکردووەتەوە. بەڵکوو ڕەخنەی لەو جۆرە هەڵسوکەوتە دەگرت کە بەرانبەر ژنان دەکرا و هەوڵی چاککردنی دەدا. هەر لەبەر ئەمەشە کە «مارلین لێ گەیت» سەرەڕای ڕێزێکی زۆر بۆ چالاکییەکانی «دی پیزان»، هێشتا داواکاری و چالاکییەکانی بە کاری فێمینیستی ناو نابات.
بۆیە ناکرێت ئێمە بە هەمان چاوی فێمینیستی ڕادیکاڵی، یان فێمینیستی مارکسی و سۆسیالیستی و لێزبیانی (هـ.ـاوڕەگـ.ـەزبازی) لە دیپیزان و فێمینیستەکانی تر بڕوانین. بەڵکوو هەر قوتابخانە و پێناسەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە.
سەرچاوە و تێبینییەکان:
[1] Madeleine Pelletier:
مادلین پلێتی پزیشکی دەروونیی فەڕەنسییە و، فێمینیستێکی سەر بە شەپۆلی یەکەمی فێمینیزمە و لە ١٨ی ئایاری ١٨٧٤ لە پاریس لەدایک بووە، لە کانوونی دووەمی ١٩٣٩ مردووە.
[2] پەرتووکی: (النسویة: فیکرها واتجاهاتها)، نووسینی دکتۆر (نورة فرج سعید)
[3] Judith Lorber,”Dismantling Noah,s Arc,” in gender in intimate relationships: A microstructural Approach,ed Barbara J.Risman and pepper schartz.
[4] A History of Feminism In Western Society: Marlin Le Gate. Part” the discovery of feminism”.
[5] Christine de Pizan: The city of ladies