کۆتا نووسینی ژنە نووسەری بەریتانی «پێترۆنێلا وایت»

"ھەموو دووشەممانێک، کۆمەڵێک ھاوڕێی مێینەم دەبینم، لەسەر مێزێک دادەنیشین و باسی ژیانمان دەکەین. ھەموو ئەم ئافرەتانە لە کۆمەڵێک خاڵدا ھاوبەشین: سەرجەممان لە پەنجاکانی تەمەنمانداین، بڕوانامەی بەرزمان ھەیە، بەڵام ژیانمان بۆشایی گەورەی تێدایە؛ کەسمان ھاوسەر و منداڵمان نییە!"


ئەمە کۆتا نووسینی ژنە نووسەری بەریتانی «پێترۆنێلا وایت»ـە کە داد و بێدادیی خۆی و ھاوەڵە فێمینیستەکانییەتی لەدەست ئەو ھەڵەیەی کردوویانە و ڕۆژانێک وەکوو فێمینیستێک بیریان کردووەتەوە و مامەڵەیان کردووە، ئێستاش باجەکەی دەدەن و نازانن چۆن ئەو ژیان و تەمەنەی فێمینیزم پێی لەدەست دان؛ بیگێڕنەوە.


ھەروەھا باس لەو زەمەنە دەکات کە ئەو و ھاوتەمەنەکانی بڕوایان بە وەھم و سەرابی فێمینیزم کردبوو، پێیان وا بوو ئافرەت دەبێت تەواو سەربەخۆ بێت و ھیچ پیاوێک نەکاتە مایەی پشتپێبەستن، بەڵکوو خۆی بچێت شەو و ڕۆژ کار بکات و ئابووریی سەربەخۆی زۆری ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بێز لە ھاوسەرگیری و منداڵبوون بکاتەوە، چونکە دەبنە ڕێگر لە بەردەم کار و سەرکەوتنەکانی و ھەر خودی بیرۆکەی ھاوسەرگیری بە پرۆسەیەکی کۆن و دواکەوتووانە لە قەڵەم دەدات. 


«وایت» پێی وایە ڕۆژئاوا زۆر بەقورسی فەلسەفەی فێمینیزمی گەورە کرد و ئافرەتانیش خواردنیان بەم بیرۆکەیە دا تاوەکوو کردیان بە خۆرەی ژیانی خۆیان. ئێستا نەوەیەکی بە دوای خۆیدا بەجێ ھێشتووە کە تەنیا و نەخۆش و بێ ماڵ و منداڵن، ئافرەتیان لەو سروشتەی داڕنی و زۆریان لێ کرد وەکوو ئافرەت نەژی و بیر نەکاتەوە.


لە کۆتایی نووسینەکەیدا، وایت دان بەوەدا دەنێت کە: "ئەو فێمینیزمەی من لە تەمەنێکی گەنجیمدا بەخێوم کرد، بووە ھۆی ئەو ھەڵەیەی کە بە ھاوتەمەنەکانم بڵێم تاوەکوو وەکوو پیاو مامەڵە بکەن و وەکوو ئەوانیش بیر بکەنەوە. ئەو ھەڵەیەش کوشندە بوو، ئێستاش من و ئەو ئافرەتانەی وەکوو من بوون باجەکەی دەدەین."


ھەر بۆیە ئافرەتانی گەنجی ئەم نەوەیە ئاگادار دەکاتەوە کە ڕێگە نەدەن فێمینیزم بێت و ژیان و بیرکردنەوەیان تێک بدات و ھەڵەیەکی وایان پێ بکات کە بۆ ھەموو ژیانیان باجەکەی بدەن! 


#ئاستانە_Astanat

#سەرابی_فێمێنیزم


سەرچاوە: 

https://www.dailymail.co.uk/femail/article-13435575/PETRONELLA-WYATT-single-childless-Feminism-failed-generation.html

5/22/2024 5:36:11 PM