وەرچەرخانێکی مەزن!

وەرچەرخانێکی مەزن!


قورئان دەخوێنینەوە و ئەو پرسیارەمان لە لا گەڵاڵە دەبێت: "بۆچی ئێمەش هاوشێوەی هاوەڵان بە قورئان کاریگەر نابین؟ بۆچی دەست ناکەین بە گریان؟ وەک چۆن هاوەڵان (ڕەزای خودایان لێ بێت) دەگریان، ئەی لەبەر چی لە کاتی خوێندنەوەیدا هۆش و بیرمان لە شوێنێکی ترە؟ بگرە هەندێک جاریش تووشی بێزاری دەبین."


ئایا وەڵامەکە دەزانن؟ چونکە هاوەڵان بە دەروون و نیەتێکی جیاواز لە دەروون و نیەتی ئێمە گوێبیستی قورئان دەبوون. ئەوان بە دڵ و دەروونێک گوێبیستی دەبوون هاوشێوەی ئەو کەسەی چاوەڕێی فەرمانەکەیە، تاوەکوو بە زووترین کات جێبەجێی بکات، ئەمەش بە هۆی خۆشەویستی و بەمەزندانانیان بوو بۆ پەروەردگاریان، هاوتا لەگەڵ ترس و ئومێدیان بەو زاتە.


ئەوان چاک لەو ئایەتە تێدەگەیشتن و کاریان پێ دەکرد کە پەروەردگار دەفەرمووێت: {وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍۢ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى ٱللَّهُ وَرَسُولُهُۥٓ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ ٱلْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ} [الأحزاب: 36]، واتە: «بۆ هیچ پیاوێکی ئیماندار، یان ژنێکی ئیماندار نییە کاتێک که خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی بڕیاری شتێک بده‌ن ئه‌وان سه‌رپشک بن -له ئه‌نجامدانی ئه‌و کارە-.» چونکە بژاردەی نێوان گوێڕایەڵیی پەروەردگار و سەرپێچیکردنی لە لای ئەوان بوونی نەبوو. ئەوان وەک مەشخەڵێکی ڕووناککەرەوەی تاریکییەکان لە ئایەتەکانیان دەڕوانی، دەروونیان لە چاوەڕوانیی وتەکانی پەروەردگاردا هاوشێوەی زەوییەکی تینوو وابوو کە چاوەڕێی بارانێکە تاوەکوو بیخواتەوە و لە تۆوی ئیمان ناوازەترین بەرهەمی لێ بەرهەم بهێنێت.


ئەوان هەموو توانستیان لەوەدا چڕ کردبووەوە: "چۆن چۆنی فەرمانی خودا بەو شێوەیەی کە خۆشی دەوێت جێبەجێ بکەین." هەرکات دەروونێکی پاکی لەم شێوەیە بەرکەوتنی لەگەڵ سروش (وەحی)ی پەروەردگاریدا هەبێت، هەر بە زوویی دڵی جۆش دەگرێت، دەنگی دەبێتە نووزە و لەرزۆک دەبێت، چاوەکانی دەبنە ڕووباری فرمێسک، ناخی ڕادەچڵەکێت و ئەندامەکانی جەستەشی وەڵامی داواکارییەکانی ئەو سروشە دەداتەوە. 

 

ئەی چی دەربارەی ئێمە؟ با لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین! زۆربەمان بە دەروونێکی تەمەڵڵانەوە قورئان دەخوێنینەوە! دەیەوێت لە فەرمانەکانی خودای گەورە هەڵبێت و خۆی بداتە دەست هەوا و ئارەزووەکانییەوە. ئەگەر بەسەر ئایەتێکدا تێپەڕ ببێت کە فەرمان و قەدەغەکردنێکی تێدا بێت و لەگەڵ حەز و ئارەزووی ئەودا نەگونجێت، کۆڵێک بیانوو دەهێنێتەوە تاوەکوو خۆی لە ملکەچبوون بدزێتەوە!



لە پەرتووکی: «شوێنپێی ئەوان هەڵبگرن»

نووسینی: «پ. د. ئیاد قونەیبی»


#ئاستانە_Astanat

5/22/2024 5:45:24 PM