ئەخلاق و فێمینیزم:

ئەخلاق و فێمینیزم:

"مرۆڤ لە ساتێک لە ساتەکانی وجوودیدا ویستی ئازاد بێت و، ڕێگەی پێ درا ئازاد بێت، بە هەمان شێوە ڕێگەی پێ درا ئەو کۆت و بەندانە فڕێ بدات کە ئەوەندەی پارێزگاریی لە مرۆڤ کردووە، کۆتی نەکردووە. بۆیە لێرەوە ئەگەری ئەوە کرایەوە کە مرۆڤ ئازار بچێژێت بە هۆی ئازادبوونی لەوەی ناسراوە بە «کۆتوبەند». مرۆڤ بەو ڕێگەیەدا ڕۆیشت بەوپەڕی دڵنیاییەوە، تاوەکوو گەیشت بەو حاڵەتەی وەک نیچە بڵێت: «خودا مرد»، لێرەوە وجوود بوو بە زەمینەیەک بۆ هیچوپووچی و بێمانایی کە کردنی هەموو شتێک ڕێگەی پێ درا."¹
فەیلەسووفی ترادیشناڵ: «یولیۆس ئیڤۆلا»

 
ئەگەر ئاوڕێک بۆ مێژوو بدرێتەوە، دەردەکەوێت هەر سەردەمێک مرۆڤ دەسەڵاتی گرتبێتە دەست و خۆی یاساکانی دانابێت، زوڵمی لە کۆمەڵێک مرۆڤی تر کردووە؛ چونکە مرۆڤ کامڵ نییە، ناتوانێت یاسای کامڵ دابنێت. فێمینیزمیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئافرەتان یاسا بۆ کۆمەڵگە دابنێن، یان بە هاوبەشی لەگەڵ پیاواندا یاساکان دابڕێژنەوە. -واتا مرۆڤ یاساکان دابڕێژێتەوە-. هیچ قوتابخانەیەکی فێمینیزمی نییە داوای بەیاساییکردنی مافی ئافرەت نەکات! (ئەخلاق و یاسا و ماف)یش پەیوەستن بە یەکەوە. هەر یاسایەک دەردەکرێت، لایەنێکی ئەخلاقیی لەگەڵە؛ ئەگەر لایەنە ئەخلاقییەکەی باش بوو، ئەوا مافەکان پێشێل ناکرێت، ئەگەر لایەنی ئەخلاقی یاساکەش کێشەی هەبوو، ئەوا ماف دەستەبەر ناکرێت و نادرێت. بۆیە ئەگەر بمانەوێت مافی تەواو بۆ مرۆڤەکان دابین بکەین، دەبێت بەدوای یاسایەکدا بگەرێین کە سەرچاوەیەکی ئەخلاقیی تەواو و بێ کەموکووڕی هەبێت.

لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، ئایا ئەخلاق چییە؟
کەواتە «ئەخلاق» چییە؟²

بەهای ئەخلاقی ئەوە نییە کە لەنێو کۆمەڵگەدا باوە، بەڵکوو لە فەلسەفەی ئەکسیۆلۆجیدا بەهای ئەخلاقی ئەو پێوەرەیە کە چاکە و خراپە دیاری دەکات؛ واتە کاتێک کارێکی خراپ، یان باش ئەنجام دەدەین پێویستە بزانین ئەم کارە بۆ خراپە، یان بۆ باشە؟
مەبەستی ڕوونکردنەوەمان، ئەخلاقی بابەتییە نەک ئەخلاقی ڕێژەیی. مەبەست لە ئەخلاقیی بابەتی -یان ئەخلاقی ڕەها- ئەوەیە کە بزانرێت بابەتییانە ئەخلاق چییە، خودی ئەخلاق چییە! بەڵام ئەخلاقی ڕێژەیی -یان ئەخلاقی خودی- بەندە لەسەر مرۆڤەکان و بەپێی هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دەگۆڕێت.

قوتابخانە فێمینیزمییەکان، عەقڵ، یان کۆمەڵگە دەکەن بە پێوەر بۆ ئەخلاق، زۆرجاریش تەنیا عەقڵی ژن دەکەن بە پێوەر، بەڵام ئایا دەکرێت عەقڵ یان کۆمەڵگە پێوەر بێت؟

هیتلەر، یـ.ـەهوودییەکانی ھۆلۆکۆست کرد و «گۆبڵس» قەناعەتی بە زۆرینەی گەلی ئەڵمانیا کردبوو کە کوشتنی یـ.ـەهودییەکان کارە ڕاستەکەیە. ئایا ئەمە کارێکی خراپە؟ ئەگەر خراپە بۆ خراپە؟ خۆ زۆرینەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی لەگەڵیدا بوون! بە ژن و بە پیاوەوە.

ئەمریکا بە هۆی قڕکردنی هیندییە سوورەکانەوە ئەم شارستانییەتە گەورەیەی پێک هێناوە. ئایا کارێکی ناعەقڵانیی کردووە؟ ئەگەر ناعەقڵانییە بۆ؟ وەکوو خۆیان دەڵێن: «هیندییە سوورەکان مرۆڤانێکی ناشارستانی بوون» کەواتە بۆ خراپە؟

کۆمەڵگەیەک پشتگیریی کوشتنی کۆمەڵگەیەکی دیکە دەکات! کەواتە لێرەدا ئەخلاقی خودییانە شکستی هێنا. عەقڵ و کۆمەڵگە و بزووتنەوە، یان ڕەوتێکی فیکری، ناکرێن بە بنەمای ئەخلاقی.

بەڵام ئاییندارەکان بە تایبەت بڕواداران بە ئایینی ئیسلام دەڵێن بەبێ خودا (بەهای ئەخلاقی بابەتی، بەرپرسیارییەتیی ئەخلاقی و ئەرکی ئەخلاقی) بوونی نییە و مانا نادەن. وەک «عەلی عیززەت بیگۆڤیچ» دەڵێت: "ئەخلاق لە موحەڕەماتەوە هاتووە" واتە لە حەڵاڵ و حەرامەوە هاتووە. زانایانی ئەهلی سوننە تێکڕا کۆکن لەسەر ئەوەی جوانی و ناشرینی شەرعییە، نەوەک عەقڵی؛ واتا شەرع بۆمان دیاری دەکات کە چ شتێک باشە و چی خراپە.

لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا دکتۆر «ڕیچارد دۆکینز» کە یەکێکە لە پێشەوایانی ئیلحاد دەڵێت: "نەبوونی باوەڕ بە خودا لە بیروڕای مرۆڤایەتی پاڵنەرە بۆ ستەم و نەمانی ئەخلاق." واتە ئەگەر حەرام و حەڵاڵ نەبێت، بەهای ئەخلاقیش نابێت. حەڵاڵ و حەرامیش پێویستە لە لایەن خوداوە دیاری بکرێت، چونکە خۆی دروستکەری مرۆڤە و شارەزایەتی.

«حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس» دەڵێت: "ئەگەر خودا نەبێت، ئەوا ڕاستیی ئەخلاقیی بابەتیش نابێت." چونکە لە بواری ئاکاردا، بابەتی بوون بە مانای ئەوە دێت کە ئاکار نە پەیوەستە، نە سەرچاوەیشی گرتووە لە هۆشی یەکێک، یان هەستی کەسێک، لەم ڕووەوە بابەتە ئاکارییەکان لە دەرەوەی توانای سنوورداری مرۆڤە، هەر بۆیە بەشێک لە فەیلەسووفە ئیسلامییە نوێیەکان و بەشێک لە فەیلەسووفانی ڕۆژئاوا، لەڕێی ئەخلاقەوە بوونی خودایان سەلماندووە.

مادام ئاکاری بابەتی پشت بە توانا سنووردارەکانمان نابەستێت، کەواتە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستن: لە کوێوە هاتوون؟ سروشتیان چییە؟ بۆچی هاتوون و سەرەنجامیان چییە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بنەمای ژیرمەندانە پێویستە، ئەمە سروشتی بابەتیبوونیان ڕوون دەکاتەوە؛ ژیرانە پیشانمان دەدات کە لە کوێوە هاتوون.

ئەم پرسیارانە دەگەڕێتەوە بۆ بوارێکی فەلسەفی کە بە «ئۆنتۆلۆجیای ئاکار» ناسراوە. لە ڕووی ئۆنتۆلۆجییەوە مەبەستمانە کە بزانین خراپە بۆ خراپە و چاکە بۆ چاکە! کۆمەڵگەش پێوەر نییە بۆ ئەمە، چونکە دوور لە چاوی کۆمەڵگە هیچ کام لە کارە ئەخلاقییەکان بەهایان نامێنێت. دەکرێت لە کۆمەڵگەیەک شتێک ئەخلاقی بێت و لە کۆمەڵگەیەکی تر نائەخلاقی بێت. بۆیە ئەمە بنەچەی ئەخلاق نییە؛ وەڵامیشمان ناداتەوە کە بۆچی بەخشین و ڕێزگرتن ئەخلاقییە! ئیمانە کە بەهای بە ڕێز و بەخشین بەخشیوە. فێمینیستەکان کاریگەریی باگراوندی ئیمانی کۆمەڵگەیان لەسەرە بۆیە باس لە پرسە ئەخلاقییەکان و بەدەستهێنانی ماف دەکەن. بۆیە هەوڵ دەدەن چاک بن؛ ئەگەرنا بەبێ خودا ڕوون نابێتەوە کە بەهای کارە ئەخلاقییەکان چییە! یان ئایا هیچ بەرپرسیاریەتییەکیان لەبەردەمدایە کە کاری ئەخلاقی بکەن یان نا؟ وەک ئەرکێکیش لێی ناڕوانن.

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەخلاقی بابەتی (ڕەها):

ئەگەر پێناسەیەکی سەرەتایی و بنەڕەتیی بۆ دەستەواژەی «بابەت» بکرێت، ئەوا دەڵێین مەبەست لێی ڕەچاوکردن، یان خستنەڕووی ڕاستییەکانە بەبێ ئەوەی کارتێکراو بێت بە هەستی کەسی، یان ڕاوبۆچوونی تایبەتیی، لە بواری ئاکاردا بابەتیبوون بە مانای ئەوە دێت کە ئاکار نە پشتبەستووە نە سەرچاوەیشی گرتووە لە هۆشی مرۆڤێک، یان هەستی کەسێک. لەم ڕووەوە بابەتە ئاکارییەکان لە دەرەوەی توانستی سنوورداری مرۆڤە.

ڕاستیی ئەخلاقیی بابەتی خودییەتی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت و لەسەروویەوەیەتی. هەر وەکوو پرۆفیسۆر «ئان مارکهام» ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە زمانی ئاکارییمان ئاماژە و بەڵگەی هەندێک شتن لە سەرووی مرۆڤەوەن و دەڵێت: "بنەما و بنەڕەتی تایبەتمەندی زمانی ئاکاری بەڵگەیە لەسەر شتانێکی گەردوونی دەرەکی" کە ئەمەش لە فەلسەفەی ئاکارناسیدا پێی دەوترێت ئاکاری گەردوونی (MORAL UNIVERSALISM).

بۆیە بۆ داڕشتنەوەی یاساکان پێویستیمان بە خودا هەیە. ئەو سەرچاوەی ئەخلاقە و دانەری یاساکانە. ئەگەر بۆ دانانی یاسا بۆ لای ئەو بگەڕێینەوە، ئەوا تووشی زوڵم نابین، فێمینیست دەبێت بۆ لای خودا بگەڕێتەوە بۆئەوەی مافی خۆی دابین بکات بێئەوەی مافی پیاو بخوات. بەڵام هێشتا هەندێک لە فێمینیستەکان -ئەوانەی کە بڕوایان بە ئایین و خودا نییە- نکۆڵی دەکەن و ئەخلاق دەگێڕنەوە بۆ مرۆڤ. هەروەها دەڵێن کە دەکرێت ئەخلاق ڕێژەیی بێت و بەپێی کۆمەڵگە ئەخلاق بگۆڕێت.

لە وەڵامی ئەم جۆرەدا ڕوونکردنەوەیەکی «حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس» دادەنێین کە دەڵێت: "هەڵگری بیروباوەڕی ئەخلاقیی ڕێژەیی کە پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی ئاکار -ئەخلاق- ڕێژەییە بەپێی فۆرمە کولتووری و نەریتییەکان». باس لەوە دەکات کە گفتوگۆ لەسەر ڕەهایەتی و بابەتییەتی ئاکار ئەوە دەسەلمێنێت کە ئاکارەکان بابەتی نین و ڕێژەیین.

ئەوانەی پێیان وایە کە ئاکار بابەتییە، باس لەوە دەکەن کە باوەڕ و هەستی خەڵک، یان ئەوەی دەیکەن ناپەیوەندە و دوورمان ناخاتەوە لە ڕاستییە ئاکارییە بابەتییەکان (کە ئەمە بە وردی پێناسەی بابەتییە). لەم گۆشە نیگایەوە ئەخلاقی ڕێژەیی مایەپووچە، لەبەر وەڵامی کردە کولتوورییەکان بۆ شتێک کە بابەتییانە ڕاستە. ئەمە مەحکوومە بە شکست، چونکە پێناسەی ئاکاریی بابەتیی دەڵێت: "ئاکار سەربەخۆیە لە هەست و باوەڕ و کولتوورە کردارییەکان." کەواتە بەکارهێنانی ئەوانە بۆ ڕەتکردنەوەی بابەتی بوونی ئاکار بێمانایە.

ئەم بەشە هەندێک لێکەوتەی سەرسوڕهێنەری بۆ ئاتایست هەیە. ئەگەر ئاتایستەکان هەندێک ئاکار بە بابەتی دابنێن، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە خوا هەیە وەک تاکە بنەمای ژیرانەیە بۆ بوونی ئاکاری بابەتی، یان دەبێت بەناچاری جێگرەوەیەکی بەهێز دابین بکەن.

ئەگەر نەتوانن جێگرەوە دابین بکەن، دەبێت ڕەفتاری فیتڕییان فەرامۆش بکەن لە ناسینی چاکە و خراپەی بابەتی و هەموو چەمکی ئاکاری بابەتی بەیەکەوە ڕەت بکەنەوە. هەر کە ئەمەشیان کرد هەموو ئاماژەی پەنجەیان و ئەم هەموو حوکمە ئەخلاقییانەی بەسەر ئیسلامیدا دەدەن ئاستی لاواز دەبێت؛ دادەبەزێتە ئاستی خودییەتی کەسییەتی، بەڕاستی بەڵگەکە لە هەڵوێستی ئاکارییەوە ژیرانەیە لە هەمبەر بیرۆکەی ئیسلامییانە سەبارەت بە ئیلاھ.

خودا بەتەواوی چاکە و دانایە. فەرمانەکانی لەگەڵ سروشتی تەواویەتی خۆی دژ یەک نین لەبەر ئەوە فەرمانەکانی بەتەواوی باشن. زانینی ئەمە لەبارەی خوداوە بۆ ئاکارە بابەتییەکان بنەمامان دەداتێ؛ بە دەربڕینێکی تر خوداناسی و ناسینی خودا «ناسینی چاکەیە».³

دەرەنجام:
وەک لە سەرەتای ئەم بەشە ئاماژەی پێ درا، (ئەخلاق و یاسا و ماف) پەیوەستن بە یەکەوە. ئێستا ڕوون بوویەوە کە سەرچاوەی ئەخلاق خودایە. کەواتە یاسای مرۆڤایەتیش دەبێت خودا دایبنێت تا مافی مرۆڤەکان (بە نێر و مێ)وە دابین بکرێت و پارێزراو بێت.

هەر وەکوو خودا خۆی دەفەرمووێت: ﴿إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّـهِ﴾ واتە: «حوکم دەبێت حوکمی خودا بێت» بۆئەوەی ماف پێشێل نەکرێت و نێر زوڵم لە مێ نەکات و بەپێچەوانەشەوە مێ زوڵم لە نێر نەکات.

تێگەیشتن لەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە لە حەقیقەتدا هەڵبژاردنی فێمینیزم -بە هەموو قوتابخانە و جۆرەکانییەوە- بژاردەیەکی نائەخلاقییە؛ چونکە فێمینیزم دەرکردنی بڕیارە یاسایییەکان دەداتەوە عەقڵی مرۆڤ -عەقڵی مرۆڤێک کە هەمیشە لە گۆڕاندایە و ڕاڕایە و جێگیر نییە- و حساب بۆ یاسا خوداییەکان ناکات. واتا فێمینیزم هەوڵێکە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە نێر و مێ وە.

چۆن گەیشتینە ئەم دەرەنجامە؟
لەم بەشەی دواتردا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە فێمینیزم مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.
- نێر سالاری، یان مێ سالاری؟
- فێمینیزمی نوێ، تێڕوانینێکی مێیینانە بۆ جیهان.
- «مێ سەنتەری، گەل سەنتەری، نێر سەنتەری، تاک سەنتەری، خوا سەنتەری».

پێش دەستپێک، گرنگە بزانرێت کە ئافرەت لە هەموو سەردەمێکدا سەرکوت نەکراوە بەو شێوازەی زۆرێک لە مێژوونووسان و فیمینیستەکان دەیگێڕنەوە. هەندێک لە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە هەژموون و زاڵبوونی نێر بەسەر مێدا لە ئەنجامی جەنگێک، یان کۆمەڵە جەنگێکەوە بەدی هاتووە کە لە سەردەمانی زۆر کۆن و دێرینەوە ڕوویان داوە. وەک «عبدالوهاب المسیري» دەڵێت: "ئەو کاتەی کە سەرجەم کۆمەڵگەکان دایکانە و دایک سالاری (Matriarchy) بوون، مێیینە، یان دایکان خاوەنی هەژموون و زاڵێتی بوون لە کۆمەڵگەکاندا؛ خواوەندەکان مێیینە بوون، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی سیفەتی مێیینەیی هەبووە، نەرمونیانی و پێکەوەسازییان بەشێوەی ئەندامی مێیینە بووە."

بۆ نموونە لە هیندستان «مییت پەرواتی» خوداوەندێکی مێیینە بووە و بۆ مەبەستی خۆشەویستی و هێز و نوێبوونەوە پەرستراوە. لە یۆنانیش «ئەفرۆدایتی» خواوەندی جوانی بووە. پاش ئەوە نێرینە زاڵ بووەتەوە. نێر بووەتەوە بە سەنتەر و بووەتەوە بە خودا و زوڵمی لە ئافرەت کردووەتەوە. لە حەقیقەتدا ئافرەت لە هیچ کام لە دۆخەکاندا لە پێگەی خۆیدا نەبووە، نە دەبێت بکرێت بە خودا، نە دەبێت سووکایەتیشی پێ بکرێت و بە کەم سەیر بکرێت. پێویستە ئافرەت وەکوو ڕەگەزی مێ، وەک: دایک، کچ، ژن و خوشک تەماشا بکرێت، وەک چۆن پیاو وەکو: باوک، برا، مێرد و کوڕ تەماشا دەکرێت. ئەگەر نێر و مێ هەردووکیان لە سەنتەر لانەچن ئەوا جەنگەکە بەردەوام دەبێت.

لە سەدەکانی شازدە تا هەژدە، زۆرێک لە ئافرەتان لەوە تێگەیشتبوون کە نابێت نە نێر نە مێ ببن بە خودا و سەنتەر بن بۆ کۆمەڵگە، یاخود فەزڵی یەکێکیان بدرێت بەسەر ئەویتریاندا، وەکوو «کریستین دی پیزان» دەڵێت: "ئەو ژنە، یان ئەو پیاوەی کە بەرزترین بەهای چاکەی تێدایە، لەوی تریان باشتر و بەرزترە. پایەداری یاخود بێپایەیی کەسێک لە جەستە و ڕەگەزەکەیدا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە چەند بەهای چاکەی هەیە و چەندێک کامڵانە ژیان بەڕێوە دەبات".

بەڵام زۆرێک لە فێمینیستەکانی دوای «دی پیزان» و فێمینیستەکانی تری سەر بە قوتابخانەی فێمینیستی ڕادیکاڵ و مارکسیزم و سۆسیالیزم و قوتابخانەکانی تر بە تایبەت فێمینیزمی نوێ، فێمینیزمی کوردستان و جیهانی عەرەبی وا بیر ناکەنەوە؛ درێژە بە جەنگەکە دەدەن و هەوڵی بەسەنتەربوونەوەی مێ دەدەن و لە ڕوانگەی مێیینەوە دەڕواننە جیهان؛ دەبێت مێ حوکم بکات، دەبێت مێ دامودەزگاکان بەڕێوە ببات -وەک ئەوەی فێمینیزمی قوتابخانەی سۆسیالیست و ڕادیکاڵ و کولتووری-، مێ دەبێت هەموو شت بێت. لە بەرانبەریشدا زۆرێک لە پیاوان هەن کە نێر دەکەنەوە بە سەنتەر؛ لە ڕوانگەی نێرەوە شیکردنەوە بۆ بەها ئەخڵاقی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بیرکردنەوەیە داڕوخێنەری کۆمەڵگە و هەموو دامودەزگاکانە، چونکە وا لە مرۆڤ دەکات وەک تاک بیر بکاتەوە نەک کۆمەڵ، وەک ڕەگەز بیربکاتەوە نەک مرۆڤایەتی. حەز و ویستی تاک بەسەر گەل و خێزاندا زاڵ دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی مێیەک، یان نێرێک، بگات بە ویستەکانی و ویست و مافی ڕەگەزی بەرانبەر پێشێل دەکات؛ وەکوو مشەخۆر لەسەر حسابی بوونەوەری تر خۆیان تێر دەکەن. لە تاک سەنتەریدا کۆمەڵ بوونی نامێنێت، نەتەوەش لە کۆمەڵ و خێزان پێک دێت.

بۆیە (فێمینیزم و نێر سەنتەری و تاک سەنتەری و مێ سەنتەری) لە وشەیەکی تردا کۆ دەبنەوە کە پێی دەوترێت «چێژ سەنتەری»، تاک بەس بۆ ئەوەی بە حەز و ویستەکانی و دەسەڵات و چێژ بگات، هەموو شتێک دەکات. لە چێژ سەنتەریشدا کۆمەڵگە بوونی نامێنێت. ئەم فەلسەفەیەش ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوای دیموکراسی لەسەر بنیاتنراوە. لە پاش سەردەمی بوونگەرایی، ڕۆژئاوا تووشی بێئومێدی بوو لە دۆزینەوەی بەها ئەخلاقییەکان و بەهای ژیان؛ بۆیە ناچار بڕیاریاندا چێژ بکەن بە خواوەند و بیپەرستن.

فێمینیزم، تەنیا بۆئەوەی مێیەک بگەیەنێت بە دەسەڵات، خێزان و کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێتەوە. فێمینزمە هـ.ـاوڕەگـ.ـەزبـ.ـاز و هـ.ـاوڕەگـ.ـەزخـ.ـوازەکان خۆیان لە نێر دوور دەخەنەوە، سێکس تەنیا لەگەڵ ڕەگەزی خۆیان دەکەن.

یان وەک ڕادیکاڵ و لیبراڵ و مارکسیستەکان خۆیان لە خێزان دەدزنەوە و تەنیا بیر لە خۆیان دەکەنەوە و واز لە پەروەردەکردنی منداڵ و پاراستنی خێزان دەهێنن. لە باوەڕی ئەم جۆرانەدا شتێک بوونی نییە بە ناوی «بەرپرسیارییەتی» جا بەرپرسیارییەتی کۆمەڵ بێت، یان خێزان، دایکایەتی بێت، یان هاوسەرێتی. ئاشکراشە کە مرۆڤ ئەگەر لە بەرپرسیارییەتی خێزان و کۆمەڵ سەرکەوتوو نەبێت، هیچ کات ناتوانێت بەرپرسیارییەتی نەتەوەیەک بگرێتە ئەستۆ بەشێوەیەکی دادپەروەرییانە؛ تەنیا ئەوە نەبێت وەک ئەفرۆدایتی مێ ببێتەوە بە خودا و نێریش ببێت بە بەندەی، پاش ئەوانیش نێر ببێتەوە بە خودا و مێ بچەوسێنێتەوە.

ئەو جەنگە دروست دەبێتەوە کە ئافرەت بچێتەوە سەر شەقامەکان و لە ڕۆمان و کتێبەکاندا لەسەر پیاوان قسە بکەن و پیاوانیش لە وەڵامدا پێیان بڵێن: "قەحبە و ژنە جادووگەر و بێڕەوشت و نەزۆکەر."

کێشەکە لە سەنتەربووندایە. دەبێت فیکری زاڵبوونی ڕەگەزی و یاسایی مرۆیی لاببرێت، چونکە ئاشکرایە بەدرێژایی مێژوو هەرکاتێک مرۆڤێک وەک تاک بە عەقڵییەتی خۆی حوکمی کردبێت گەل و ڕەگەزێکی جیا چەوساوەتەوە. ئەگەر گەلیش حوکمی کردبێت ئەوا گەلێکی تر چەوساوەتەوە. بۆ چارەسەری کێشەکان دەبێت مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە بۆ «خوداسەنتەری». خودا کە بەدیهێنەری مرۆڤەکانە، لە مرۆڤەکان باشتر مرۆڤ دەناسێت، مافیشیان باش دەزانێت، بە شێوەیەک یاساکانی داناوە کە زوڵم لە هیچ مرۆڤ و ڕەگەزێک نەکرێت.

لە شەریعەتی ئیسلامدا نێر و مێ یادیان دەخرێتەوە کە ئەوان خوشک و بران، باوک و کچن، دایک و باوک و ژن و مێردن، کەسوکار و پشت و دڵسۆزی یەکترین.

دوور لەوەی کە مێ، نێر وەک دوژمن ببینێت و نێریش بە هەمان تێڕوانین تەماشای مێ بکات؛ وەک ئەو جەنگەی کە فێمینیزم لە نێوان مێ و نێر -باوک و دایک، خوشک و برا، ژن و مێرد- دروستی کردووە. لە تێڕوانینی فێمینیزمدا مێ هیچ شتێک نازانێت جگە لەوەی کە دژی بڕیار و عەقڵییەتی نێر بووەستێتەوە. لە شەریعەتی خودادا ناکرێت کەسیان زوڵم لەوی تریان بکات. ئەگەر کەسێکیشیان زوڵم بکات، لە دونیادا شەریعەت سزای دەدات و لە ڕۆژی سەڵاشدا خودا خۆی مافی وەردەگرێتەوە.

وەک «فەریدە خانم» دەڵێت: "خودا مافی خۆی و بەندەی هێندە پێکەوە بەستووەتەوە کە مافەکانمان لێ تێکەڵ دەبێت."⁴ مافی ئیمان بە خودا و چاکبوون لەگەڵ دراوسێ و دایک و باوکی بەیەکەوە بەستووەتەوە. وەک لە فەرموودەیەکدا پەیامبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: «کەسێک ئیمانی تەواو نییە، مەگەر ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ براکەشی پێی خۆش بێت.» واتە ئەگەر بۆ مرۆڤەکان باش نەبیت بە پێی تێڕوانینی ئیسلامی، ئیمانت تەواو نییە. لە فەرموودەیەکی تریشدا پەیامبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: «باشترینتان ئەوەیە کە بۆ خێزانەکەی باشە؛ منیش لە هەمووتان باشترم بۆ خێزانەکانم.» لەم فەرموودە و مامەڵەیەی نێوان پەیامبەر (ﷺ) و خێزانەکانی، ژن و مێرد (نێر و مێ) ورد ببنەوە، هیچ دوژمنایەتی و چەوساندنەوەیەک نییە جگە خۆشەویستی. چونکە بۆ حوکم بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە.

بۆیە ئەگەر مرۆڤ هەوڵی بەدەستهێنانی مافی مرۆڤ بدات، دەبێت بۆ لای خودا بگەڕێتەوە، نێر و مێ ناتوانن دەسەڵات وەربگرن و دادپەروەر بن، چونکە لە ڕوانگەی خۆیانەوە مافەکان دادەڕێژنەوە، خۆیان دروستکراون، دروستکراو ناتوانێت حوکمی دادپەروەرانە بدات بەسەر سروشتدا؛ چونکە دادپەروەری بە دروستکار (بەدیهێنەر) دەچەسپێت، خوداش دروستکارە و بەدیهێنەرە، ئەو دەزانێت مافی مرۆڤەکان چییە. ئەگەر نێر سەنتەر بێت بۆ یاسا، ئەوا تەنیا لە مافی خۆی تێ دەگات. هەرچەندێک هەوڵ بدات مافی مێ نادات، چونکە لە بوونیادی مێ تێنەگەیشتووە. لەبەرانبەریشدا ئەگەر مێ سەنتەر بێت، بە هەمان شێوە لە ڕوانگەی مێبوونەوە یاساکان دادەڕێژێتەوە و حوکم دەکات، دیسانەوە زوڵم لە بوونەوەرێکی تر دەکات. بەڵام خودا کە دروستکەری هەردووکیانە، شارەزای بوونیادی هەردووکیانە، مافی تەواویان دەدات.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: فێمینیزم ڕێگەیەکە بۆ لابردنی ڕەگەزی مێ لە پێگەی ئافرەتێتی و بردنی بۆ مەیدانێکی جەنگ کە لە کۆتایی جەنگەکەدا نێر یان مێ دەیباتەوە؛ سەربازانی ناو مەیدانەکەش تەنیا وەک ڕەگەز پێیان دەوترێت: مێ و نێر دوور لە هەموو سیفەتێکی ئافرەت و پیاوەتی. کۆتایی جەنگەکەش بە ڕووخانی خێزان و کۆمەڵگە تەواو دەبێت، جا هەر کام لە ڕەگەزەکە براوە بێت.


سەرچاوەکان:

[1] Revolt Against the Modern World

[2] بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەخلاق دەتوان سوود لە پەرتووکی: «بەڵگەکانی بوونی خوا»ی دکتۆر سامی عامری و، پەرتووکی: «حەقیقەتی ئیلاهی» حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس و، پەرتووکی: «ئیلحاد، بنکەنکردنی دیوارێکی لەرزۆک»ی مامۆستا زانا سەلام ببینن.

[3] پەرتووکی: «حەقیقەتی ئیلاهی»، لە نووسینی حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس

[4] دکتۆر فەریدە خانم، لە پەرتووکی: «Life and Teachings of the Prophet Muhammad»ەوە.

5/23/2024 8:46:31 PM