ڕاڤەی سوورەتی «البروج» و ڕاستکردنەوەی پێوەرەکان​

ڕاڤەی سوورەتی «البروج» و ڕاستکردنەوەی پێوەرەکان 


هەندێک لە ڕاڤەکارانی قورئانی پیرۆز و لە سەرووی هەمووشیانەوە (فخر الرازی) لێکدانەوەیەکی سەیریان بۆ (سبب نزول)ـی سوورەتی ئەلبورووج کردووە؛ بەوەی بۆ دڵخۆشکردنی پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵانی بێت، وتم: "چۆن چۆنی لە کاتێکدا چیرۆکەکە بە سووتاندنی باوەڕداران کۆتایی دێت؟" لەوەش سەیرتر سوورەتەکە مەککەییە کە ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم سوورەتە کاتێک دابەزیوە موسڵمانان پێویستیان بە چیرۆکێک بووە کە بە ڕزگاربوونی پاڵەوانەکانی کۆتایی بێت، تا ئومێد و هیوا لە نێویاندا بڵاو بکاتەوە. ئەمە بەپێی پێوەرە زەمەنییەکان، وەلێ بە پێوەری ئیمان کە گوتارەکە لەو قۆناغە مەککەییەدا ئاراستە کراوە بۆ باسکردن لە ئیخلاسی پێشینەکان بووە کە هەموو ڕۆژێک تووشی تاقیکردنەوە و ناڕەحەتی بوون، بەڵام ئیمان و باوەڕیان پێی زیاد بووە و، ئەوەندەی لە ئایینەکەیان ڕوانیوە تۆزقاڵێکی ئەوە لە خودی خۆیان و دونیایان نەڕوانیوە، بۆیە دڵخۆشی و دڵدانەوەیان لە ڕێی ئەو ئیمان و ئایینە بووە کە لەنێو دڵ و سینەیاندا بوو.


سوورەتەکە پێیان دەڵێت: "هیچ ترسێکتان نەبێت لە ئایینەکەتان کە هەموو شتێکی بۆ دەکەنە قوربانی، بەر لە ئێوە ڕووداوی زۆر لەوە توندتر و سەختتر ڕووی دا و {وَاللَّهُ مِنْ وَرَائِهِمْ مُحِيطٌ}." 


عەبدوڵڵا عوسمان


#ئاستانە_Astanat

6/4/2024 1:22:58 PM