تێگەیشتن لە گەورەیی حەج قورسە لەسەر ئەوانەی لە باوەشی ماددییەتدان!

هەرچەندە بۆ ئەوانەی لە باوەشی ماتریاڵیزمی ڕۆژئاوادا گەورە بوون، سەختە پەی بە واتای دروشمەکانی حەج ببەن و لە گرنگییەکەی تێبگەن و، لە لایەنی تیۆرییەوە قبووڵی بکەن؛ وەلێ سەرباری ئەوەش، کاریگەرییەکەی لەسەر دەروونیان بە چەشنێکە کە هیچ شتێک نایسڕێتەوە و هەرگیزیش دووبارە نابێتەوە! تەنانەت گەورە نووسەر و بیرمەندە ڕۆژائاواییەکان پەرتووک و یاداشتنامەکانی خۆیان بۆ تەرخان کردووە، لەوانەش: «موڕاد هۆفمان، زەینەب کۆبڵد، موحەممەد ئەسەد، تاکیشی سۆزوکی، ماڵکۆم ئێکس، عەبدول کەریم جێرمەینەس» و دەیانی دیکەش.


ڕابمێنە لە وتەکانیان دەربارەی یەکەمین جار کە کەعبەیان بینی،  چۆن هەیبەت و شەوکەتی کەعبە سەرنجیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، تەنانەت هەندێکیان قاچەکانیان توانای هەڵگرتنی ئەو خشووع و ترسەی نەماوە و کەوتوونەتە سەر زەوی! یان سۆزە گریێنەرەکەیان، کاتێک پێیان خستە مەدینەی پێغەمبەر (ﷺ) و، کاتێک گۆڕی ڕێزداریان بۆ یەکەم جار بینی، ئیدی چاوەکانیان بەبێ وەستان و بە لێشاو فرمێسکی دەڕشت!


یاخود هەستەکانیان دەربارەی شکۆی ئەو کۆمەڵە ئیماندارەی کە هەموویان بە یەک دەنگ و بەیەک وشە دەڵێن: (لبیك اللهم لبيك)، هەروەها کاتێک بۆ یەکەم جار هەستیان بە واتای برایەتیی ئوممەت کرد. «عەرەب فەزڵی نییە بەسەر غەیرە عەرەب -عەجەمی-، و غەیرە عەرەبیش فەزڵی نییە بەسەر عەرەبدا تەنیا بە تەقوا و لە خوداترسان نەبێت»، «باوەڕداران لە نێو خۆیاندا خاوەن بەزەیی و سۆز و میهرەبانین.»


حەج پەرستشێکە کە خودا ڕێز و شکۆی لە دڵدا و خۆشەویستی لە فیترەتدا چاندووە، پەرستشێکی شکۆدار و ئیلهامبەخشە و  کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر دەروون هەیە کە نە دووبارە دەبێتەوە و نە دەسڕێتەوە. دروشمگەلێک ڕەنگە هەموو کەس لە مەبەست و حیکمەتەکەی تێنەگات، بەڵام دەروونیان دەشواتەوە. چ شۆردنێک! سۆز و تاسەیەکی بێوێنەیان تێدا دروست دەکات، دەیانخاتە ناو حاڵ و دۆخێکی جیاواز لەوەی پێشتر لەسەری بوون.


مەبەستی گەورەی حەج لە بەشێکی چیرۆکی ئیبراهیمدا (علیە السلام) دەردەکەوێت کە لە کۆمەڵە ڕێوڕەسم و دروشمێکدا پایەدار بوون و، پەرستشی خودایان پێ دەکرێت تا هاتنی قیامەت، خەڵکی خۆیان پێ لە خودا نزیک دەکەنەوە؛ هەموو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گوێڕایەڵی و ملکەچبوون {وَإِبْرَاهِيمَ الَّذِي وَفَّى}. چیرۆکی ئیبراهیم (علیە السلام) مەزنترین چیرۆکی باوک و کوڕێتییە لە تەواوی بووندا، بەڵام سەرباری گەورەییەکەی، لەبەر سێبەری حەقی پەروەردگاری و ئەو ملکەچی و خۆبەدەستەوەدانەی واجبی دەکات، هیچ نییە!


موحەممەد وەفیق


#ئاستانە_Astana

6/19/2024 10:06:45 AM