ئایا ھاوسەرگیری مەحرەم لە ئاینی زەردەشتیدا ڕاستییە یان بوهتانە؟

ئایا ھاوسەرگیری مەحرەم لە ئاینی زەردەشتیدا ڕاستییە یان بوهتانە؟

ئایا ھاوسەرگیری مەحرەم لە ئاینی زەردەشتیدا ڕاستییە یان بوهتانە؟

نویسندهئاستانەئاستانە
دوازده دقیقه برای خواندن ۲۵۴۳ بازدید ۲۸ مارس ۲۰۲۱

ئایا ھاوسەرگیری مەحرەم لە ئاینی زەردەشتیدا ڕاستییە یان بوهتانە؟


یەكێك لەو باسانەی كە بووەتە هۆی نووسین و گوتەگەلێك كە دەربارەی ئایینی زەردەشتی بگوترێت هاوسەرگیری ئەو كەسانە بووە كە پێت ناشێن، واتە: نزیكەكانتن. ئەوانیش پێكهاتوون لە: دایك، خوشك، پوور، خوشكەزا، برازا و ...هتد. زەردەشتییەكان ئەمە بە تۆمەت دەزانن كە موسڵمانەكان دەیخەنە پاڵیان، بەڵام ئایا بزانین ئەوەی ئەوان دەیڵێن ڕاستە؟

واژەی «خوێدۆداهـ» و ڕەنگدانەوەی لە كۆمەڵگای ئێرانی دێریندا و گوتەی مێژوونووسان لە سەری:
بەتەنگەوە بوونی پاكی ڕەچەڵەك و خوێنی خاوخێزان بە یەكێك لە تایبەتمەندییە بەرچاوەكانی كۆمەڵی ئێرانی دادەنرا، هەتا ئەو شوێنە كە زەماوەند لەگەڵ ئەو كەسانەشیان بە ئازاد دادەنا كە وەچەی نزیك بوون و پێكتر نەدەشیان. بەم چەشن و زەماوەندەیان دەگوت: خویدودە - بە زمانی ئەڤێستایی خویتڤەدەسە. ئەم دەستەواژەیە مەبەست لێی دەربڕینی زەردەشتییەكان بووە بۆ هاوسەرگیری نێوان خوشك و برا و دایك و كوڕ و باوك و كچ كە لە شەریعەتیاندا هەیە. بێجگە لەو دەستەواژانەی سەرەوە نووسیمان چەند دەستەواژەیەكی دیکە دەخوێندرێتەوە؛ وەكوو: "خڤەیتڤیداسا – Xvaetvadatha" و "خوێدۆداهـ - Xwēdōdah" یان "یدخوێدۆداس"، هەر چەندە هەندێك لە نووسەرە زەردەشتی و ئێرانییە نوێكان هەوڵیانداوە واتای دیکە بۆ ئەم وشەیە داتاشن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون. وە ئەم كارە گرنگییەكی زۆری هەبووە و لە بوغ نەسك "دینكەرد: پەرتوکی ۹: بەشی ٦۰: كۆپلەی ۲ – ۳" و ڤەرشتمانسەر نەسك "دینكەرد: پەرتوکی ۹: بەشی ٤۱: كۆپلەی ۲۷" باسی پاداشتی ئەم كارە كراوە، بۆ نموونە زەماوەندی نێوان خوشك و برا لە ڕێی شان و شەوكەتی ئێزەدیدا هەڵدەگیرسێت و دێوان ڕادەماڵێت و دەیانتارێنێت. نەرسەی بووزەڕمێهری شیكار، بانگەشەی كردووە كە "خویدودە" گوناهەكانی گەورە دەشواتەوە "شایست نی شایست ۸: ۱۸" لە ڕۆژگاری ساسانییەكاندا نەك تەنها پەرتوکە هاوچەرخەکانی وەك ئاگاسیاس و ئەم بەرهەمەدا كە بە ناوی ئیبنوو دەیسانەوەیە باسی ئەم دابونەریتە كراوە، بەڵكوو لە ڕووداوەكانی ئەو سەردەمیشدا چەند وێنەمان وە‌بەرچاو دێت. «پاتریكی مارەبەهای» هاوچەرخی نۆشیروان لە بابەتێكی پەرتوکی مافی سۆریانیدا كە باسی زەماوەند دەكات، دەڵێت: "دادپەروەری تایبەتی ئاهورامەزدا پەرستەکان بە چەشنێك باڵی دەنگێوێ كە پیاو بۆی هەیە لەگەڵ دایك و خوشك و كچی خۆی ژن و مێردایەتی بكات." هەروەها چەند نموونەیەكی هێناوەتەوە كە زەردەشتییەكان بە مەبەستی پەسەند و بەپیرۆزدانانی ئەم كردەوەیە گێڕاویانەتەوە. لە دەقە ڕێبازییەکانی پەهلەویدا هاتووە، مارەكردنی حەوت خوشك یەكێك بووە لە پێداویستییەكانی (میعراج). مهران گنشسب و نرسی بزرگمهر گوتوویانە (خویدوگدس) گوناهی مەزن دەشواتەوە. مێژوونووسانی ئێرانی دەریانخستووە لە سەردەمی هاخامەنشییەكاندا "ئەخمینی" موغەكان دایكی خۆیان مارە دەكرد. لە سەردەمی ئەشكانییەكانیشدا ئەم كارە ئاسایی بووە، هەندێك لە شاكانی ئەشكانی، مارەكردنی هاوشیرەیان بە تەنها ڕێگەیەك بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و ڕەچەڵەك و خوێنپاكی دادەنا. عەبدوڵڵا قەرەداغی دەڵێت: "بەپێی هەندێك سەرچاوە؛ پادشاكانی ماد خوشكی خۆیان مارە كردووە."

هەندێك لەو كەسانەی ئەم كردارەیان ئەنجام داوە: هەڵبەست عەلی دەڵێت: "هەر لەگەڵ دەقەكانی پەهلەویدا دەمێنینەوە هەتاوەکوو شتی سەیر و سەمەرەی فرەتر ببینین، لە "یەسنا ٤: ٤٥"ـدا هاتووە كە: "ڤۆهومەنا - Vohu Manah" كوڕی ئاهورامەزدا بووە و "سپانتا ئارماییتی - Speņtā Ārmaiti" كچی ئاهورامەزدا بووە، تيايدا دەڵێت: باشترین شت "داندرا بێت - dād" بریتییە لە: "خویدوداهـ -Xwēdōdah " و نازناوی ڤۆهۆمەنا بریتییە لە "دوانەهاتوو - Varezaiiņtō" كە باس لەوە دەكات بۆیە وەهای پێ دەگوترێت، چونكە دەمێك ئاهورامەزدا "وەرزید - Warzīd "ـی دروست كرد لە ڕێی خوێدوداهەوە مەبەست لێی هاندانی زیندەوەران بووە بۆ زۆر بوون و زاوزێ كردن و لەولاوەش ئارماییتی وەڵام دەداتەوە "كارێكی چاكت كرد! hu - šiiaǿanā"."
واتە سەرەتا ئاهورامەزدا خویدوداهی لەگەڵ كچەكەی كردووە كە چلۆن لەگەڵ كوڕەكەی سەرجێی بكات و وەچە بخاتەوە بە حوكمی ئەوەی یەكەم ئافرێندراو بوون، بەمەش هانی زیندەوەرانیدا بۆ زۆربوون. لە پەرتوکی پەهلەویدا (دادستانی دینك): بەشی ٦٥: دەقی ۱ – ۲ دەڵێت: "پرسیار و وەڵامی شەست و چوار كە گوتی: كەی و لە چيی بوونەوەر گەشەی كردووە و كەی هاوسەرگیریی نزیكەكان (مەحرەم) هەبوو و لە چ شوێنێك؟
وەڵام: یەكەم ھاوسەرگیری نزیكەكان لە نێوان ماشای و ماشایو بوو كە خوشك و برای یەكدى بوون، وە لە هاوسەرگیرییەکەدا كوڕێك پەیدا بوو و هاوسەرگیركەیان یەكەم هاوسەرگیری نزیكەكان بوو. لە بوندەهێشنیشدا ئاماژە بە هەمان كردار كراوە لە بەشی ۱٥: دەقی ۱۹ - ۲٤ دا دەڵێت:
"ماشيا ڕويشت و شيرى مانگای هێنايه‌وه‌ و ڕشتیە به‌شى باكوور، بۆيه‌ شه‌يتانه‌كان به‌هێزتر بوونه‌وه‌ و به ‌هۆی ئه‌وان ئاويان وشك بوون بۆ ماوه‌ى په‌نجا زستان و ئاره‌زوى جوتبوون لەلايان نه‌ما، بۆیه‌ كاتێك جووتبوونیان ده‌كرد منداڵ نه‌ده‌بوو. دواى ته‌واوبوونى په‌نجا ساڵ هه‌ستى جووتبوون به‌رز بوو، يه‌كه‌م جار له‌ ماشيا و دواتر له‌ ماشايو، ماشيا به‌ ماشايوی گوت: كاتێك تۆ ده‌بينم شه‌رمم زياد ده‌بێت. ماشايو گوتی: برام ماشيا! كاتێك تۆ ده‌بينم به‌ ئاره‌زوویەكى مەزن‌ هێج ده‌بم. دواتر ده‌بوو ئاره‌زووه‌كانيان له‌گه‌ڵ يه‌كدى ته‌واوى بكه‌ن و به‌يه‌كه‌وه‌ گوتيان: ئه‌ركمان له‌و په‌نجا ساڵه‌دا ئه‌وه ‌بوو ئه‌مه‌ بكه‌ين. له‌و دەمەدا جووتێك په‌يدابوو. نێر و مێ و به ‌هۆى نه‌رمى نه‌وه‌ دايك يه‌كێكيان خوارد و باوك يه‌كێكى خوارد و دواتر ئا‌هورامه‌زدا نه‌رمى نه‌وه‌ى هه‌ڵگرت؛ بوويه‌ خواردن به‌ منداڵ بدرێت و به‌ ساغى بمێنت و له ‌ئه‌وان حه‌وت جووت په‌يدابوون نێر و مێ و هه‌ر برايەك له‌گه‌ڵ خوشكێك و گشتیان له‌گه‌ڵ يه‌كدى بۆ ماوه‌ى په‌نجا ساڵ، مناڵ پە‌یدابوون و مردن له‌ دواى سه‌د ساڵ."

زەردەشتیش ئەم كردارەی لەگەڵ پورەچیستای كچیدا كردووە كە تەمەی ۹ ساڵ بووە داویەتی بە جاماسپ؛ پێش ئەوەی بیدات بە جاماسپ خویدوداهی لەگەڵ پورەچیستا كردووە هەتاوەكوو ڕایبهێنێت و فێری بكات، وەك چلۆن لە یەسنا: هاتی ٥۳ٓ : بەندی ٤ دا دەڵێت:
"جاماسپ به‌ دڵگه‌رمى ڕێنمايى پوروه‌چيست ده‌كه‌م بۆ باوه‌ڕى، كه‌ خزمه‌تى باوك و مێردى خۆى بكات و جوتيار و پياوى خانه‌دان..."
چ خزمەتێكی دەكات؟!
وەڵامەكەی لە ڕاڤەکەیدایە كە لە دینكەرد ۹: بەشی ٤٥: دەقی ٤ دەڵێت:
"سەبارەت بە ستایشی پوروەچیست؛ كچی زەردەشت بوو، ژیانی دینپاكی لەگەڵ ژیری و پەیڕەوكردنی ئایینی چاك و خۆبەخشین لە خزمەتی ژنانە (هاوسەرگیری) لەگەڵ زەردەشت دەكات بە تەواوكردنی ئەرك و ڕێزگرتن و دوای زەردەشت هەمان خزمەتی ژنانە (هاوسەرگیری) دەكات لەگەڵ جاماسپ، بە هەمان شێوە دیاری مەزنی ئاهورامەزدایە بە هۆی دینپاكی و خۆبەخشینەكەی بۆ كاری پیرۆز."
وە زەردەشت ڕێگەخۆشكەر بووە بۆ ئەم هاوسەرگیرییە؛ چونكە پورەچیستا دەداتە جاماسپ كە جاماسپ مامی دایكی بووە. وە كاتێك مێهران گوشنەسپ باوەڕی بە ئایینی مەسیحی هێنا و ئەمەش وەهای لێ كرد كە لە ژنەكەی خۆی كە خوشكی بوو جودا ببێتەوە. كەمبوجیە دوو خوشكی خۆی لەژێر هاوسەرداریدا بوون كە یەكێكیان ناوی ئاتۆسا بوو. داریووشی دووەم (پەریساتیس)ـی خوشكی خۆی هێنا و ئەردەشێری دووەم لەگەڵ دوو كچی خۆی بەناوی ئاتۆسا و ئامێستریس زەماوەندی كرد و داریووشی سێهەم (ئێستاتئێرا)ـی كیژی خۆی كردە ژنی.

چەند دەقێكی پەرتوکە پیرۆزەكانی زەردەشتیەت سەبارەت بەم كردارە:
لە یەسنا: هاتی ۱۲: بەندی ۹ دەڵێت:
"من ستایشی باوەڕی مەزدا دەكەم، ئاشتی، چەك ڕاگر، و باورەی هاوسەرگیری نزیكەكان (مەحرەم)، گەورە لەنێوان بوونەوەرەكانی ئاییندە و باشتر و جوانتر لەنێوان ئاهوراییەكان و زەردەشتییەكان. من دان بە گشت چاكەیەكدا دەنێم بۆ ئاهورامەزدا كە دەبێت ئەم باوەڕە ئەهورامەزدا بپەرستین."
یەسنا: هاتی ٤۸: بەندی ۱۲ دەڵێت:
"خوشك و برا دەبێت خویدوداهـ ئەنجام بدەن بەمەش منداڵی جوان دەخەنەوە و منداڵێك دەخەنەوە كە نەزانێت درۆ بكات."
ڤێسپەرد: بەشی ۳: بەندی ۳ دەڵێت: "بانگی گەنجانی خاوەن بیری پیرۆز دەكەم، قسە و كردار و خاوەن ویژدانی چاك، و گەنجانی خاوەن قسەی چاك، كە زەواج لەگەڵ نزیكەكانی (مەحڕەم)ـدا دەكات، من نزا لە پاسەوانان دەكەم، خاوەن هونەری جۆراوجۆر و سەرۆكی خێزان."
ڤەندیدات: ڤارگەری ۸: دەقی ۱۳ دەڵێت: "ئاهورامەزدا وەڵامی دایەوە: قژ و لاشەی مردوو بە میزی گا و مەڕ دەشۆردرێت، نەك بە میزی ژن و پیاو، جگە لە میزی ژن یان پیاوی لە هاوسەرگیری هاوشیرەکان."
لە ویشتاسپ یەشت: كوردەی ۳: بەندی ۱۷ دەڵێت:
"گشت گەنجانی خاوەن بیری چاك گوتەی چاك كرداری چاك و خاوەن ئایینی چاك و گەنجانی خاوەن گوتەی چاك كە هاوسەرگیری هاوشیرەکان دەكەن. هەر پاسەوانان سەرۆكی خێزان كە پەیڕەوی شەریعەتن."
دینكرد: پەرتوکی ۹: بەشی ٦۷ دەڵێت:
"پێش ئەوەی كچ بچێته لای مێردی خۆی؛ دەبێت بچێته لای باوكی خۆی بۆ جووتبوون بۆ ئەوەی فێری ڕەفتاركردن بێت لە لای مێردەكەی."
دینكەرد: پەرتوکی ۹: ڤارگەردی ۱۸ (٤۱): دەقی ۲۷ دەڵێت:
"هەروەها ئەوان پاش ئەوە ئارەزوویان دەبێت؛ خوشك و برا یەكدى بخوازن، پاشان دەبێت هاوسەرگیری نزیكەكان (زەواجی مەحرەم) لەگەڵ یەكدى بكەن بە كۆمەڵ."
لە زاد سپارام: بەشی ۲۳: دەقی ۱۳ دەڵێت: "سەبارەت بەو سێ شتەی كە لەلای زەردەشت بە باشترین شت وەسف كراوە: یەكەم شت: بەبێ ئەوانی ديكه نەرو مەگەر بە دەسەڵاتی یاسایی نەبێت. دووەم شت: ئەگەر وەها بیر بكەن كارەكانت نایاساییە بزانە كردارەكانت بە شێوازێكی شەرعی لەپێشترە. سێیەم شت: هاوسەرگیری لەگەڵ نزیكەكان (مەحرەم) بۆ ئەوەی ڕەگەزت بە پاكی بمێنێت و باشترین كاری ژیان كە ئامادەیە منداڵ ببێت."
شایست نی شایست: بەشی ۱۸: دەقی ۱ - ٤ دەڵێت:
"له‌ سروشدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌شێم چوو بۆ لاى ئه‌هريمه‌ن و گوتی: من ناڕۆمه‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وى چونكه‌ ئا‌هورامه‌زداى خوداوه‌ند سێ شتی داهێناوه‌ له‌ گێتیدا كه‌ ئيدى ناتوانم هيچ شتێك بكه‌م. ۲. ئه‌هريمه‌ن گوتی: بڵێ ئه‌و سێ شته‌ چييه‌؟ ئه‌شيم گوتی: وه‌رزى جه‌ژنى گاسنبار و ڕۆژووى پيرۆز و هاوسەرگیری هاوشیرەکان. ئه‌هريمه‌ن گوتى: له‌ وه‌رزى جه‌ژن! ده‌بێت ديارى تاقانه‌ له‌ جه‌ژن بيدزن و جه‌ژن تێك بده‌ن و مه‌سه‌له‌ به‌ گوێره‌ى ئاره‌زووه‌كانه. له‌ ڕۆژووگرتنى پيرۆزدا! ده‌بێت جەنجاڵی تێدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕۆژووى پيرۆز تێك بچێت و بابەت‌ به‌ گوێره‌ى ئاره‌زوه‌كانه، به‌ڵام دووركه‌وتن له‌ هاوسەرگیری نزيكه‌كان (مه‌حره‌م)! چونكه‌ من هيچ چاره‌م بۆى نييه‌ و ئه‌وى چوار جار بچێته‌ لاى ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاهورامەزدا و فريشته‌ مەزنانەدا‌)."
شایست نی شایست: بەشی ۸: دەقی ۱۸ دەڵێت:
"ئەم سێ قسەیەی گوت: هاوسەرگیری نزیكەكان (مەحرەم) گشت گوناهەكان دەسڕێت. لقی داری پیرۆز كە دەشۆی و دەیكەی داری وەكوو سووتاندن و كاتێك پیاوێك ژنی لێی دووگیان دەبێت."
دادستانی دنك: بەشی ۳۷: دەقی ۸۲ دەڵێت: "ڕێكخستنی پەرەسەندنی بونەوەرەكان بەبێ شەڕفرۆشتن بوو كە مرۆڤ بە تەنها بوو كە ناوی كەیومەرس بوو و خراپ بوو؛ گەڕاوە بۆ سەر زەوی, وەكوو ژن و پیاوێك كە ناویان ماشیا و ماشیانو بوو و منداڵ بوون و جووت بوونی ڕەگەزەكان دەستی پێ كرد؛ لە ڕێگەی هاوسەرگیری لەگەڵ (مەحرەم) خوشك."
دادستانی دنك: به‌شى ۷۸: ده‌قى ۱۹ دەڵێت:
"هەتاوەکوو پياو يان ژن بسووڕێتەوە له‌ ڕێككردنى خراپ، به‌ ستايشى مردوو و پاڕانەوە، يان لە لايەن پەرێشانى (فانگيم) و ترس و نوێنەرايەتيى ديكە، لێوە كە ڕێككردنى خراپ و نەريتى خراپ؛ بۆ فەرمان هاوسەرگيريى هاوشیرەکان..."
دادستانی دینك: به‌شى ۷۷: ده‌قى ٦ دەڵێت:
"ياسا و ئايين ڕێگه‌ پێدراوه‌ وه‌كوو ئاره‌زووى گونجاو، كه‌ پێش ده‌كه‌ون له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى په‌يوه‌ندييان تايبه‌ته، نه‌ك ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ل هى خۆيان نين و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى كه‌ هاوسەرگیری نزيكه‌كان (مه‌حره‌م) ده‌كه‌ن، ئه‌ركه‌ بنه‌ڕەتييه‌كان و حه‌زى منداڵ بوون و گشت په‌يوه‌نديه‌كانى له‌ گێتی و ئه‌مە كاتى ئاوه‌دانكردنى گه‌ردوون له‌وێ هه‌ڵده‌ستێ."
دین مەنوگ خیراد: به‌شى ٤: ده‌قى ۱-٤ دەڵێت:
"ساجه‌ پرسيار له‌ گیانی ژيرى كرد؛ ئه‌وه‌يه‌: كامه‌ كردارى چاك مەزنتر و چاكتره‌؟ گیانی ژيرى وه‌ڵامى دايه‌وه؛ ئه‌وه‌يه‌: مەزنترين كردار لێبووردنه‌، دووه‌م ڕاستى و هاوسەرگیری هاوشیرەکانە."
دین مەنوگ خیراد: به‌شى ۳٦: ده‌قى ۱ - ۷ دەڵێت: "ساجه‌ پرسيار له‌ گیانى ژيرى كرد كه‌: كام گوناهـ له‌ گشتیان خراپترن؟ گیانى ژيرى وه‌ڵامى دايه‌وه‌. ئه‌وه‌يه‌: ئه‌و گوناهه‌ى كه‌ خه‌ڵك ده‌يكات كه‌ زينا خراپترينه‌. دووه‌م: ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نێربازى بكات يان پێ بكرێت له‌گه‌ڵ پياوێك. سێهه‌م: ئه‌وه‌يه‌ سه‌يرى كه‌سێكى چاك بپه‌ڕێنت. چواره‌م: ئه‌وه‌يه‌ واز له‌ هاوسەرگیری هاوشیرەکان بێنن."
دین مەنوگ خیراد: به‌شى ۳٦: ده‌قى ۱ - ۱۲, ۱۲ دەڵێت:
"ساجه‌ پرسيار له‌ گیانی ژيرى كرد كه‌ به‌ چه‌ند ڕێگا و كردارى چاك مروڤ ده‌چێته‌ به‌هه‌شت؟ گیانی ژيرى وه‌ڵامى دايه‌وه‌... نۆهه‌م ئه‌وه‌يه‌: كه‌ ئارەزووی له‌ كاريگه‌رى گیانی هاوسەرگیری له‌گه‌ڵ هاوشیرەکان بێت."
ياڤاشت فه‌ريان: به‌شى ٤: ده‌قى ٤ - ۱٤ دەڵێت:
"ياڤاشتى فه‌ريان بەم جۆرەی گوت: چەنده‌ بەهاى تۆوى يەك كيووبيتى خاك؟ دووەم ئەوه‌ بوو ئەمە پرسيارى كرد چەنده‌ بەهاى كێڵانى يەك گاجووتە؟ سێيەم ئەوه‌ بوو ئەمە پرسيارى كرد: چەنده‌ بەهاى ئەركەكە و كارى باشى يەك هاوسەرگیری هاوشیرەکان؟ ئاخت، جادووكەرەكە، نه‌يده‌زانى، بەم جۆرە گوتى: ده‌نگى سروشت سەر هەڵ دەدات، و ئەوە خووەكە نييە هەتا پەنهانییەکە‌ ڕوون بكاتەوە بۆ ئەوانه‌ى پرسيار دەكەن. ياڤاشتى فه‌ريان بەم جۆرەی گوت: بڕۆ و بەرەوخوار دادەنيشم لە شوێنێكى نزيك و ئامادە دەبم بۆ ده‌نگى سروشت و دووبارە بەخێرايى دێت و بە تەواوى ئەمانە سێ پەنهانییە ڕوون دەكاتەوە؛ چونكە ئەگەر تۆ بڵێت بەم جۆرە: "من نا دەزانم،" پاشان من خێرا دەتكوژم. ئاخات، جادووكەرەكە، بەناو جادوو، به‌ نه‌فره‌ت بێت! چەند بەهاى تۆوى يەك كيووبيتى خاكه‌ و دووەم: چەند بەهاى كێڵانى يەك گايە و سێيەم، چەند بەهاى ئەركەكە و كارى هاوسەرگیری هاوشیرەکانە‌, ئەهريمەنى به ‌نه‌فره‌ت هاوار كرد بۆ ئاخت، جادووكەرەكە، بەم جۆرە: من توانام نييه‌ ئەم پەنهانییە خۆت وەڵام بدەمەوە."

کەواتە هەتاوەکوو ئێرە گەیشتینە ئەو ڕاستییەی با ئێستاکەش ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە ڕەت بکرێتەوە لە لای پەیڕەوکارانی زەردەشتی، بەڵام ناتوانن ڕەتی ئەم مێژووە پڕ دەقە بکەنەوە کە ڕەگی داکووتیوە لە مێژوویاندا و سڕینەوەی کارێکی نەك نەکردە، بگرە مەحاڵیشە!
بەڵام ئەوە هەیە کە بەپێی زانستی مێژوو لە بیرمەندەکاندا گوتەیەك هەیە کە دەڵێت: مێژوو پێویستە بە چاوی سەردەمی خۆیەوە سەیر دەکرێت، هەڵەی پەیڕەوکارانی زەردەشتیش لێرەدایە! چونکە ئەم هاوسەرگیرییە کاتێك بووە عەیبە لایان کە تێکەڵی مەسیحی و موسڵمانان و پەیڕەوەکانی دیکە بوون، بەڵام لە ڕابردوودا وەك هۆکاری پاکی ڕەگەز بیندراوە، کەواتە ئەم کردارە لە سەردەمی دەسەڵات و یاسادانانی زەردەشتیدا شتیکی بێزراو نەبووە، بەڵکوو کاتێك بووە بێزراو کە گەشتنە نەتەوە و ئایینەکانی دیکە.

ھامنۆ ئەیوب ھەورامی

مترجم
ئاستانە
ئاستانە
تهیه‌کننده
ئاستانە
ئاستانە

بیشتر از کورد

مشاهده همه