ئایا ئەمە وێناکردنێکی دروستی خودایە؟!
سپەنتامینوو:
زەردەشت بە ڕێنوێنی ئەوەی لە کەشوهەوای وردبوونه و بهخۆداچوونهوهدا بوو و پهرده لهسهر دڵی لادرا، ئیدی بەتوندی کەوتە بەربەرەکانێ لەگەڵ دێو پەرستی - ئەو کەسانەی بێباوەڕ بوون بە پەیامی زەردەشتییەت- کە لە ڕێوڕەسمێکی پڕ لە شۆر و مەستی بە خواردنەوەی ئاوی «ئاڕماک»، ئەنجام دەدرا. «دێو» لێرە بەم واتا زاراوەیيیەوە، بۆ شوێنکەوتنی ئەو کەسانە بەکار هاتووە کە ئاهورامەزدا ناپەرستن.
زەردەشت لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵە دێوانەدا، خودای مەزن -واتە مەزدا يان مەزدا ئاهورا یان ئاهورامەزدا-ی ڕاست کردەوە، کە لهلای ئەو خودای هۆزگەلێکی تایبەت نەبوو؛ بەڵکوو بە ئافەرێنەری ئادەمیزاد دادەندرا!
بە بڕوای ئەو؛ دێوهكان خوداوەندانی درۆ و چەپەڵکارین کە نەیاری ئاهورامەزدان. دژایەتی و دوژمنایەتی ئەو دوو كۆمهڵهیە لای ئەو بیرۆکەی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان دوو «گەوهەر = سروشت» یان دوو ئاوەزی بەدیهێنا کە لە سەرەتای ئافراندنی گێتییەوە هەبوون.
ئەم دوو گەوهەرە: یەکەمیان «سپێنتە مینیوو»ە، (سپێنتە: واتە خاوەن دەسەڵاتێکی ئەودیو سروشت و مینیوو: واتە بەهەشت، واتەی سپەنتامینوو پێکەوە واتای گیانی خێر «پیرۆز» دەگەیەنێت) واتە گەوهەر یان ئاوەزی توانایە کە چەشنێکە لە ڕەنگدانەوەی خوودی مەزدا و چاکە و پاكی و پیرۆزیش هەر ئەوە.
جارێ باسی گەوهەری دووەمیان ناکەین، بەڵام بیرتان بێت کە گوتمان ئەویش هاوشێوەی ئاهورامەزدا بووە لە بەدیهاتندا! کەوابوو بۆمان دەردەکەوێت کە سەرهەڵدان و دروستبوونی ئاهورامەزدا و گەوهەری دووەم لە یەک خاڵدا بووە و پێکەوە دروستبوون!
کەواتە؛ هەڵەیە ئاهورامەزدا بە خودای ئەزەلی و ئەبەدی دابنێین؛ چونکە لە خاڵێکدا دەست پێ دەکات و هێز و توانای لەگەڵ گەوهەری دووەم یەکسانە و بەردەوام لە شەڕدان دژی یەکتری!
ئەمانە گشتی نیشانەی پرسیار لەسەر تێڕوانینی خودا لهلای زەردەشتییەکان دروست دەکەن کە هەمان هێز نییە لەگەڵ ئاهورامەزدادا و ناتوانێت زاڵ ببێت بەسەر ئەهریمەندا، ههتاکوو کۆتایی گێتی!
با بگەڕێینەوە سەر گەوهەری یەکەم و باشتر بیناسین کە ئەویش ئاهورامەزدایە!
ئاهورامەزدا بە چەند شێوەیەک هاتووە، لەوانە:
«ئاهورامەزدا یاخود ئەهورەمەزدە یان مەزدائەهورە» کە زەردەشت ئەم وشەیەی بۆ خودا بەکارهێناوە لە گاثاوەکاندا -پێكهاتەی یەکەم بەشی ئاوێستا- و پاش چەندین سەدە لە زمانی گاثاوەکانەوە هاتە ناو سەرجەم ئاوێستا و گەیشتە ناو زمانی «پارسی دێرین»، واتە فۆرس کە زمانی سەردەمی هەخامەنشییەکان بووە. پاشان هاتە ناو زمانی پالەوی و لەوێشەوە بۆ ناو زمانی فارسی کە لەم زمانەشدا هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا هات، وەک: «هورمەزد، هورموزد، ئورمەزد، هرمز، ئورمەز و هرمزد» کە ئەمانیش گشتیان کورتکراوەی هەمان «ئەهورەمەزدە»ن.
وشەی «ئاهورا» کە لە ئاڤێستادا وەرگیراوە؛ هەمان «ئەسوور»ی ویداکانە -پەڕتووکی پیرۆزی نەتەوە ئارییە دێرینەکان بوو و ئێستاش پەڕتووکی پیرۆزی هیندۆسەکانە- کە هەردووکیان لە وشەی «ئەسوو» وەرگیراون و بە واتای سەروەر و دۆست دێت.
مەزداش لە زمانی ڕەسەنی سانسکریتدا «مێزەس»ـی پێ دەگوترێت، بە واتای «هۆش و هزر و و زانست» هاتووە، بە گشتی لە ناوی «ئاهوورامەزدا»شەوە؛ واتای «دۆستی هۆشمەند، سەروەری زانا، ئەمیری ئاگا و یاوەری ژیر» دێتە دەست.
کەواتە؛ ڕیشەی ناوەکە بۆ پێش زەردەشتییەت دەگەڕێتەوە؛ ئەویش بەو پێوەرەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پەڕتووکی پیرۆزی ئارییەکان (ویدا) و زمانی پیرۆزی دێرینی سانسکریتی پڕۆتۆ هیندۆرئوپییەوە هەیە کە ئێستا یەکێکە لە زمانە مردووەکان کە هیندییەکان و ئایینی «ساناتانادارما» خۆیان بە میراتگری ڕاستەوخۆی دەزانن.
هەروەها ناوەکە بەم شێوەیەش لێکدانەوەی بۆ کراوە:
"«ئاهورامەزدا»؛ «مەزدا» بە واتای ئەندێشە و ژیربێژی، «ئاهورا» بە واتای (ربَّ) پەروەردگار و خاوەن، «ئاهورامەزدا» واتە: خاوەنی بیر و هۆش و ژیری پاك و مەزن، واتە (حکیم)."
لەگەڵ هاتنە کایەی زەردەشتییەوە بۆ مەیدانی ئایینی ئارییەکان؛ ئاهورامەزدایان بە مەزنتر لە خوداوەند «میترا» دانا کە خوداوەندی لەمێژینەی گەلانی ناوچەکە بوو و لە سەرجەم خواکانی ديكەش بە مەزنتری زانی و بە پەروەردگاری سەرجەم گەردوون و خودای خێروخۆشی ناوبرد. هەروەها بێجگە لەو لێکدانەوەیەی کە ڕێبازی زۆروانی زەردەشتی بۆ ئاهورامەزدایان کردووە کە کوڕی زوروانە و برای ئەهریمەنە.
سەرەڕای ئەوە؛ بەپێی بیروڕای زەردەشتییەکان، «ئاگر»ی دیار و بەرچاو کە لە ئاوێستادا بە «ئاتەر» و لە زمانی پارسی ناوەڕاستدا «ئادوور»ە، بە کوڕی «ئاهورامەزدا» ناوبراوە؛ واتە: ئاگر کوڕی ئاهورامەزدا -خودا-یە.
کەواتە لە ئەنجامی ئەم شیکارییەدا چەند ئەنجامێکی ڕاستەوخۆمان دەستگیر دەبێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ئاهورامەزدا وەک سەرداری بەرەی چاکە و ئەهریمەن وەك سەرداری بەرەی خراپە لە یەک ماوەدا هاتوونەوە کایەوە و کەوتوونەتە ململانێیەکی هەمیشەیی توندەوە، کەواتە هەم دروست بوون؛ هەم ناکۆک.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە بپرسین:
"ئایا ئەمە وێناکردنێکی دروستی خودایە!؟"
نووسینی: هامنۆ هەورامی
#ئاستانە_Astana

ئایا ئەمە وێناکردنێکی دروستی خودایە؟!
ئایا ئەمە وێناکردنێکی دروستی خودایە؟!
نویسنده
ئاستانە
چهار دقیقه برای خواندن ۱۸۹۸ بازدید ۲۵ سپتامبر ۲۰۲۱



