ئەرکی هەموو پێغەمبەرانمان لەسەر شانە

ئەرکی هەموو پێغەمبەرانمان لەسەر شانە


جگە لە تەوحید؛ ئەگەر پێغەمبەر (لوط) تەنیا بۆ نەهێشتنی هاوڕەگەزبازی هاتبێت، ئەگەر پێغەمبەر ئیبراهیم بۆ شکاندنی بتەکان و، مووسا بۆ ڕووخاندنی فیرعەون و پێغەمبەر عیسا بۆ سڕینەوەی چەواشەکارییەکانی پیاوانی مەعبەدی جـ.ـوولەکە هاتبێت، هەر پێغەمبەرە و بۆ کار و قەومێکی تر ... 

ئەوا بزانن لەم سەردەمەدا هەموو ئەو سەقەت و سقووتانەی پێشوو هەن بە زیادەوە، ئەم بابەتی جێندەرە ڕەنگە قەومی (لوط)یش قبووڵیان نەبێت، لە ئێستادا بتەکانی سەردەمی ئیبراهیم زۆرن، بەڵام چەکوشیان دەوێت.


ئەگەر لە سەردەمی مووسادا یەک مانگای زەرد هەبووبێت، ئێستا مانگاکان ڕەنگیان زۆرە.

بۆیە هەریەکە و کەلێنێک بگرن، ئەوەی تەنیا دژایەتی هاوڕەگەزبازی دەکات، ئەوا ئەرکی پێغەمبەرێکی لەئەستۆ گرتووە. ئێستا بتەکان زۆرن، زۆر کەس لەبەر بژێویی ژیانیان هانایان بۆ بتی سەردەم هێناوە و چەکیان بۆ هەڵگرتوون؛ ئەگەر چەکوشێک هەڵبگرین و هەوڵی شکاندنیان بدەین، ئەرکی باوکی پێغەمبەرانمان لەئەستۆ گرتووە.


دوژمن زۆرە و ئەرکمان قورسە، لە کام مەیدانەدا دەتوانن، ئەسپی خۆتان تاو بدەن.


پێش هەموو شتێک، جەمعییەتی ئیسلام بپارێزن و جارێ واز لە براکانتان بهێنن، بەدەستەجەمعی دەتوانین ڕووبەڕووی هەموویان ببینەوە، بەڵام بە تەنیا ناتوانین! ناکرێت لە بەرانبەر ئەم هەموو دوژمنەدا، تیرەکانمان ئاراستەی براکانمان بێت! بۆیە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو برایانەتاندا بکەن کە ئەرکی پەیامبەرانیان هەڵگرتووە و، هەوڵی پاراستنی کەلیمەی خوداپەرستی دەدەن.


تاکە قەومێک کە ئێستا دەستی بە کەلیمەی (اللە)وە گرتووە، قەومی پێغەمبەر موحەممەدە (ﷺ)، بۆیە کارێک بکەن کە شانازیتان پێوە بکات لای خودا و لە قیامەتدا شەفاعەتتان بۆ بکات.


زەکەریا ژاکاو

#ئاستانە_Astana

9/14/2024 9:19:07 PM