کوشتاری خێزانی، هۆکار و چارەسەر

کوشتاری خێزانی، هۆکار و چارەسەر


ئەو جۆرە ڕووداوی کوشتنانە پێی دەڵێن (Familicide)، بە عەرەبی (الإنتحار الأسري) کە یەکێک لە ئەندامی خێزان -کوڕ یان کچ، هاوسەر یان هاوژینەکەی- ئەو کارە دەکات و لە کۆتاییش لە زۆربەی حاڵەتەکان خۆیشی دەکوژێت. ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا ئەو حاڵەتانە ڕوو دەدەن، لە عێراق و کوردستانیش ماوەیەکە ئەم حاڵەتانە ڕوو لە زیاد بوونن.


ئەگەر بکوژەکە -کور یان کچ- بێت جیاوازە لەوەی کە -هاوسەر یان هاوژینەکەی- بێت، ئەگەر کوڕ بێت, هەر لە منداڵییەوە چەندان هۆکار پێکەوە وا دەکەن کەسایەتییەکی خێزانکوژ دروست ببێت، وەکوو: «خراپیی باری ئابووری، تووندوتیژیی خێزانی، هەبوونی کێشەی خێزانی، توشبوون بە دەستدرێژیی سێکسی، خراپیی ئەو ژینگەیەی کە ئەو کەسەی تێدا گەورە بووە، نەخۆشیی دەروونی و .... چەندان هۆکاری تر» ئەوانە هەموویان وا دەکەن دەروونێکی وێران دروست و ئامادە بکەن کە ئەم ڕووداوە چاوەڕواننەکراوانە درووست ببن.


ئەم جۆرە کەسانە ئاساییە لە هزر و بیرێکی وەها بگەڕێن کە ئەو بۆشاییە دەروونییەیان پڕ بکاتەوە، چ وەکوو هزر و بیرێکی ئایینی تووند، یانیش ئیلحاد، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکە بەوەی کە ئەم هەڵسوکەوتە ڕاستەوخۆ پاڵنەرەکەی فڵانە شتە، بەلاڕێدا بردنێکی ڕوون و ئاشکرایە، چونکە باسەکە فرە ڕەهەندە و لە پاڵنەرێک و دووانەوە نایەت.


لەجیاتیی ئەم تۆمەت بەخشینەوە و ساغکردنەوەیە، پێویستە بیر لە چارە و بەدواداچوونی هۆکار و پاڵنەرەکان بکرێتەوە، بە تایبەتیش لەم بارودۆخە قورسەی کۆمەڵگە کە چەندین قەیران تەنگی پێ هەڵچنیوە.


هۆشیار ئیسماعیل


#ئاستانە_Astana

 

3/24/2025 2:18:29 PM