تاوانە خوێندنەوەی تاکڕەهەندیی تاوان

تاوانە خوێندنەوەی تاکڕەهەندیی تاوان

تاوان یەکێکە لەو کردانەی هەر لە دێر زەمانەوە مرۆڤ بەرانبەر ڕەگەزەکەی خۆی ئەنجامی داوە. تاوانی کوشتن هێندە ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، دەیان تیۆری لەسەر دروست بووە هەتا بتوانن بەشێک لە پاڵنەر و هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوان بە شێوەیەکی گشتی و کوشتن بە شێوەیەکی تایبەت لێک بدەنەوە.
لەو نێوەندەشدا خۆکوشتن یەکێکە لەو کردە پڕ توندوتیژییانەی کە زانایان لە بوارە جیاوازەکان هەوڵیان داوە خوێندنەوەی بۆ بکەن و لە ڕیشەکانی ئەو توندوتیژییە تێبگەن. بە جۆرێک کردەی خۆکوشتن بە بەرزترین ئاستی توندوتیژی ناو براوە، چونکە مرۆڤ دەگاتە ئاستێک کە دەستی بچێتە خۆی و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، لە کاتێکدا ژیان لە لای مرۆڤ زۆر خۆشەویستە و هەموو هەوڵێک دەدات هەتا ساتێک زیاتر لە ژیاندا بمێنێتەوە.

بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە تاوان، دەیان تیۆر دروستبوون کە هەریەکە هەوڵی داوە لە ڕوانگەیەکەوە شیکردنەوە بۆ کردەی تاوان بکات و هۆکار و پاڵنەرەکانی دیاری بکات. 
تیۆری بایلۆجییە:
 تیۆری بایلۆجی "لۆمبرێنزۆ" ڕابەرایەتیی دەکات، هەروەها کەسانی تری وەک "هۆتۆن" سەر بە هەمان تیۆرن، ئەم تیۆرە سەرنجیان لەسەر لایەنە بایلۆجییەکانە، کردەی تاوان دەگەڕێننەوە بۆ پێکهاتەی بایلۆجی مرۆڤ، ئەوەی پاڵ بە تاوانبارەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی پێکهاتە بایلۆجییەکانە کە مرۆڤ هەر لە کاتی لەدایکبوونییەوە هەڵگری ئەو خەسڵەتانەن، لۆمبرێنزۆ دوای ئەوەی هەستاوە بە تەشریحی تاوانباران و وردبوونەوە لە زیندانیان کە هەستاون بە کردەی تاوان، لە کۆتاییدا سیزار لۆمبرێنزۆ دەگاتە ئەوەی کە تاوانبار (موجریم) لەدایک دەبێت بۆئەوەی ببێت بە تاوانکار، بەلای ئەوەوە تاوانکاران بە شێوەیەکی گشتی هەڵگری یەک جۆر خەسڵەتن، لە ڕووی جەستەییەوە هەموویان یەک جۆر پێکهاتەی جەستەییان هەیە، یان نزیکن لە یەکتر، لۆبرێنزۆ چەندین سیفەتی دیاری کردووە، بۆ نموونە: سەریان گەورەیە، دەست و پەنجە و پەلەکانیان درێژن، چەناگەیان درێژە، موویان زۆرە، دەموچاویان کەم مووە، بەڵام قەنافسیان پڕ مووە، تاتۆیان کردووە ... 
بەپێی ئەم تیۆرە تاوانبار هەر لەدایک بوو بە تاوانباری لەدایک دەبێت، جۆرێک لە حەتمییەت هەیە لەم تیۆرەدا، چونکە تاوانبار لە ڕووی جەستەیی و پێکهاتەی مێشک و دەماغیەوە دروست بووە هەتا ببێتە تاوانبار، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بکەوێتە بەر ڕەخنەی زۆر، وە هەژار بێت لە لێکدانەوەی زۆرێک لەو تاوانانەی دەکرێت. 
 
تێۆری دەروونی:
 زانایانی ئەو بوارە پێیان وایە کە ئەوەی وا دەکات مرۆڤ بەرەو تاوان بڕوات و ببێتە تاوانبار هۆکارە دەروونییەکانن، ئەویش بەو ساناییە نییە، بەڵکوو پێکهاتە و دروستبوونی کەسایەتی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەتا گەورەبوونی وا دەکەن مرۆڤ بەرەو تاوان بڕوات، بە تایبەتی تێکچوونی کەسایەتیی تاک و دابەشبوونی کەسایەتی، یان توشبوونی بە نەخۆشیی و تەنگەژە  دەروونییەکان، دەروونناسان لەنێو خۆیاندا جیاوازن و هەموویان وەک یەک و بە یەک جۆر خوێندنەوە ناکەن بۆ پاڵنەرەکانی تاوان لە لای تاوانکار.
بەشێک لە دەروونناسان گرێیەکانی منداڵی دەکەنە هۆکارێک بۆ دروستبوونی تاوان، بە هۆی ئەو گرێ دەروونییانەی منداڵ لە منداڵیدا تووشی دەبێت و چارەسەر ناکرێت، کەسایەتی ئەو منداڵە تووشی شڵەژان و تێکچوون دەبێت، ئەوەش وا دەکات ئەو کەسە زیاتر ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی تاوان.
هەروەها باس لە سەدمە و ئەو دۆخە ناهەموارانە کراوە کە کەسێک لە ساتێک لە ساتەکانی تەمەنیدا تووشی دەبێت و کاریگەریی لەسەر دادەنێت، هەروەها باس لە کاریگەری و بەهێزیی لاساییکردنەوە کراوە لە لای منداڵ، بە جۆرێک منداڵ ئەو تاوان و لەڕێ دەرچوونانەی گەورەکان ئەنجامی دەدەن هەڵی دەگرێت و لە تەمەنێک لە تەمەنەکاندا ئەزموونی دەکاتەوە، بە تایبەت ئەگەر ئەو تاوانانە کەسانی دەستڕۆیشتوو و دیارەکانی کۆمەڵگا ئەنجامی بدەن ئەوا زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە بە تەواوی کۆمەڵگادا، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەردەوام تاوانی نوێ دابهێنرێت.
هەروەها لەم قوتابخانەیەدا قسە لەسەر ڕەمەکەکان (غەریزە)ـی مرۆڤ کراوە، کە هەندێک لەو ڕەمەکانە بە‌هێز دەبن لە تاکێکدا و، بە هۆی لاوازیی کەسایەتییەوە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات و دەبێتە هۆی ئەنجامدانی تاوان و دەستدرێژی بۆسەر دەوروبەر.
ئەمە جگە لەوەی کە باسی چەند نەخۆشییەکی دەروونی کراون کە هۆکارن بۆ ئەنجامدانی تاوان، بۆ نموونە نەخۆشیی "سایکۆباتی"، بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوان ناو دەبرێت، هەروەها باسی نەخۆشی "سایکۆسس (زوهان)" دەکرێت کە بە هەمان شێوە هۆکارن بۆئەوەی ئەو کەسانەی تووشی دەبن تاوان بکەن، یان خۆیان بکوژن، هەروەها نەخۆشیی "شیزۆفرینیا" کە کەسایەتی مرۆڤ دابەش دەبێت، بە یەکێک لە هۆکارەکانی تاوان دادەنرێت. هەرچەند دەبێت بزانین ئەم نەخۆشییانە خودی خۆیان هۆکاریان هەیە و نابێت ئەو هۆکارانە لەبەرچاو نەگرین.

تیۆری ئەندامی (جەستەیی):
ئەم تیۆرە تیشک دەخاتە سەر ئەندامەکانی جەستە، بەپێی لایەنگارنی ئەم تیۆرە هۆکاری تاوان و لادانەکان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەموکورتی لە یەکێک یان زیاتر لە ئەندامەکانی جەستەی ئینساندا، جا ئەندامەکانی دەرەوە بێت، یان ئەندامەکانی ناوەوی مرۆڤ بێت.
بۆ نموونە باس لە لاوازیی ئەقڵی دەکەن، کەسێک کە هەر لە زگماکەوە لە ڕووی ئاستی ژیرییەوە لاواز بێت، ئەوا ئەگەری هەیە کەمتر پابەند بێت بە ڕێسا و دابونەریتەوە، زۆرتر تووشی لادان و تاوان دەبێت، هەرچەند لە ڕووی واقیعەوە کەمتر ئەم کەسانە تووشی تاوانی گەورە دەبن، زیاتر ئەو کەسانەی ئاستی زیرەکییان بەرزترە لە تاوانی قورسەوە دەئاڵێن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسانەی لە ڕووی ئەقڵییەوە لاوازن ئاسانتر دەتوانرێت ئیستیغلال بکرێن و لە کردە تاوانکارییەکاندا بەکار بهێنرێن و ئاراستە بکرێن بۆ مەبەستی خراپ.
هەروەها باس لەوە دەکەن ئەو کەسانەی کێشە لە یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەیاندا هەیە، ڕەنگە ئەو کەمییەی لەو ئەندامەدا هەیەتی ببێتە هۆکارێک و پاڵی پێوە بنێت هەتا بەرەو تاوان بچێت، بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە لە لایەن دەوروبەرەکەیەوە بشکێنرێتەوە و هەستی خۆبەکەمزانینی بۆ دروست بکرێت، هەروەها ئەو کەمییە ببێتە هۆی ئەوەی کە بە بەشێک لە ئامانجەکانی نەگات، یان لە پرۆسەیەکی سۆزادریدا بەو هۆیەوە شکست بهێنێت و ڕەت بکرێتەوە، ڕەنگە ئەوە وای لێ بکات بەرەو تاوان و کردەی تاوان بڕوات و هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت.
هەروەها باس لە ناڕێکیی ڕژێنەکان دەکەن، دەڵێن ئەگەر کەسێک گرفت لە ڕژێنەکانیدا هەبێت دەبێتە هۆی تێکچوونی میزاج و هەستی تاوانی بۆ دروست دەبێت.

تیۆری کۆمەڵایەتی: 
لایەنگرانی ئەم تیۆرە، تاوان دەگەڕێننەوە بۆ پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕوانگەی لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیەوە مرۆڤ هەر هەنگاوێک هەڵدەگرێت، یان کردەیەک ئەنجام دەدات، ئەوا کردەیەکی کۆمەڵایەتی ئەنجام داوە، کۆمەڵگا ڕێکخراوە بە سیستەمێک، کە لە لای کۆمەڵناسەکان سیستەمی کۆمەڵایەتی پێ دەوترێت، لەم سیستەمەدا دابونەریت و دیاردە کۆمەڵایتییەکان چوارچێوەیەک دروست دەکەن بۆ کۆمەڵگا و، ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە ناچار دەبن پێوەی پابەند بن، لە ئەگەری لادان لەو چوارچێوەیە بە لادەر ناو دەبرێن و تووشی سزای کۆمەڵایەتی دەبن.
لەم ڕوانگەیەوە هەندێک کات سیستەمە کۆمەڵایەتییەکە هێندە بەهێزە و کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی هێندە توند دەبێت کە بەشێک لە ئەندامەکانی بەرگەی ئەو کۆنترۆڵە توندە ناگرن و بەرەو تاوان دەڕۆن، یان پاشەکشە دەکەن لە ئەندامێتییان لە کۆمەڵگادا و هۆیەک بۆ بوونیان نادۆزنەوە، بۆیە خۆیان دەکوژن. 
هەندێک جاریش بە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکە و لاوازبوونی کۆنترۆڵە کۆمەڵایەتییەکە وا دەکات ڕێژەی تاوان لە کۆمەڵگادا بەرز ببێتەوە، چونکە لە لایەک کارلێکە کۆمەڵایەتییەکە لاوازە و لە لایەکی ترەوە سیستەمەکە هێندە بەهێز نییە کە ئەندامەکانی کۆمەڵگا بگرێتە خۆی و کۆنترۆڵیان بکات، بۆشاییەک دروست دەبێت جۆرێکە لە فەوزا و بێسیستەمی، لەم دۆخەدا هەم تاوان بە هەموو جۆرەکانییەوە زیاد دەکات، هەم ڕێژەی خۆکوشتن بەرز دەبێتەوە، بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەی کە دەیانەوێت دەست لە کولتوورەکەی خۆیان بەربدەن و بچنە نێو کولتوورێکی ترەوە، ئەم دڕانە کولتوورییە کە هێشتا کۆمەڵگا بەتەواوی دەستی لە کولتوورەکەی خۆی بەرنەداوە و نەشچووەتە نێو کولتوورێکی ترەوە، واتە پێیەکی لێرەیە و پێیەکی لەوێیە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە پرۆسەی تاوان لە کۆمەڵگادا زیاد بکات، وەک دەشزانین دەرچوون لە کولتوورێک و چوونە نێو کولتوورێکی ترەوە پرۆسەیەکی درێشخایەنە و پێویستی بە دەیان ساڵ و زیاتریشە.
ئەمە جگە لە ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و مەیخواردنەوە و قومار و، ئەو چالاکییە نەرێنیانە کە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر تاک و کۆمەڵگا بەجێ دەهێڵن و پاڵنەری بەهێزن لە ئەنجامدانی تاواندا.

تیۆری ئابووری: 
لایەنگرانی ئەم تیۆرە گرفتی ئابووریی و کەمدەرامەتی دەکەن بە پاساو و هۆکار بۆ ئەنجامدانی کردەی تاوان، بە جۆرێک پێیان وایە کە ئەو ستەم و نادادییەی لە کۆمەڵگادا دروست دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە پاڵ بە تاکەکانی کۆمەڵگاوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی تاوان، بە تایبەت لەو دۆخەی کە لە بەرانبەر کارێکی زۆردا کرێیەکی کەم دەدرێت بە کرێکار و کاسبەکان، ئەمەش وا دەکات تووشی نامۆبوون و بێزارییان بکات لەو دۆخ و سیستەمە و، هەوڵی گۆڕینی بدەن، هەندێک جاریش دەست دەبەن بۆ تاوان و کوشتن، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕێگریی و دزی لە کۆمەڵگادا، بەکورتی لە لای ئەمان بە شێوەیەکی گشتی تاوانەکان ڕەگوڕێشەیەکی ئابوورییان هەیە.
   
تیۆری جوگرافی: تیۆری جوگرافی باسکردنە لە کاریگەرییەکانی جوگرافیا و کەش و هەوا لەسەر میزاج و جەستە و کەسێتیی تاک و کۆمەڵگاکان، بەپێی ئەم تیۆرە خەڵکی ناوچە گەرمەکان زیاتر ڕووبەڕووی تاوان دەبنەوە، بە تایبەت تاوانی کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی، چونکە کەشوهەوای گەرم وا دەکات مرۆڤ توڕە و هەڵەشە بێت و نەتوانێت بەباشی کۆنترۆڵی هەست و سۆز و هەڵچوونەکانی بکات، جگە لەوەی بە هۆی کەش و هەوای گەرمەوە لایەنی غەریزی زیاتر بجوڵێت و ببێتە هۆی ئەنجامدانی تاوان.

تیۆری فەلسەفی:
بابەتی دونیابینی و تێڕوانینەکانی مرۆڤ نابێت نادیدە بگرین، بە تایبەت کە ئەو دونیابینیەی هەر مرۆڤێک هەڵیدەبژێرێت لە ژیانیدا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کردار و ڕەفتارەکانی، بە جۆرێک ڕەنگڕێژی ژیانی دەکات، ئەگەر کەسێک پوچگەرا بێت و هیچ مانایەک لە ژیاندا نەبینێت، ئەوا ئاسانترە بۆ ئەو کەسە هەتا خۆی بکوژێت یان تاوان بکات، هەتا کەسێک کە ژیان مانادار دەبینێت و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرانبەر هەر توانێک کە ئەنجامی دەدات.
بۆیە دونیابینییەکان کاریگەری گەورەیان هەیە و نابێت نادیدەی بگرین لە پرسی تاوان و لادانەکان لە کۆمەڵگادا.

تەکنەلۆجیا: بابەتی تەکنەلۆجیا ئێستە بابەتێکی زۆر گرنگ و کاریگەرە، ناتوانین خۆمان لە تەکنەلۆجیا ببوێرین، بە تایبەت ئێستا جیهان بچووک بووەتەوە و هاتووەتە نێو دەستی هەر یەکێک لە ئێمەوە، تەکنەلۆجیا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕەفتار و کردارەکانی ئێمە، هۆکارە بۆ ئەنجامدانی دەیان تاوان و بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەیان گرووپی تاوانکاریدا، جگە لەوەی هەر لە ڕێگای تەکنەلۆجیاوە هەر لە تەمەنی منداڵەوە بیگرە هەتا کەسێکی گەورە تەمەن، بەردەوام بەر دەیان دیمەنی توندوتیژ و، کردەی تاوانکاری دەبینەوە، لە کارتۆن و ئەنیمییەکانەوە، هەتا فیلمەکانی هۆڵیود، ڕووبەڕووی دەیان و سەدان فیلمی توندوتیژ و خوێناوی دەبینەوە کە هەمووی کاریگەریی هەیە لەسەر لایەنی دەروونی و ڕەفتاریمان، جگە لەوەی زۆرێک لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە ئاشنا دەبن بەدەیان ڕەفتار و فکری شاز و، دووبارەی دەکەنەوە و بانگەشەشی بۆ دەکەن.
ئەمە جگە لەوەی ئێستا بە هۆی تەکنەلۆجیاوە و هۆکارەکانی گەیاندنەوە بەخێرایی هەموو ئەو تاوانانەی دەکرێن لە کۆمەڵگادا بڵاو دەکرێنەوە و هەمووان دەیبیستن و قسەی لەسەر دەکەن، بێگومان ئەمەش کاریگەریی زۆری دەبێت.

دەرەنجام:
لە دوای خستنەڕووی ئەم تیۆرانە با ئێستا دەرەنجامگیرییەک بکەین بۆ دۆخی ئێستای کوردستان بە گشتی، لەم ماوەیەدا چەندین حاڵەتی کوشتن بە شێوەی جۆراوجۆر ڕووی دا، لە لایەک کەسێک چوار کەسی خیزانەکەی خۆی کوشت، لە لایەکی تر کەسێک پێنج کەسی خێزانەکەی و خۆشی کوشت، لە لایەکی تر پێنج کەسی تر کوژران کە هەموویان سەر بە خێزانێک بوون، دواتر سێ کەسی تر کوژران ... ئەم ڕووداوانە زۆر نزیک لەیەک ڕوویان دا، ئەمە جگە لەوەی پرۆسەی خۆکوشتنیش بە هەمان شێوە بوونی هەیە و حاڵەتەکانی خۆکوشتن کەم نین.
لێرەدا دەبێت بپرسین ئایە هۆکار چیە ئەم کردەی تاوانە لێرە ڕوو دەدات؟ ئێمە دەتوانین بە کام تیۆر لێکدانەوە بکەین؟ بێگومان هیچ یەکێک لە تیۆرەکان بەتەنیا ناتوانێت لێکدانەوە بکات بۆ کردەی تاوان، بەڵکوو هەموویان دەبێت وەربگرین، چونکە دەگونجێت لە پرۆسەیەکی تاواندا زیاتر لە هۆکار و پاڵنەرێک بوونی هەبێت، بۆیە ناکرێت ئێمە تەنیا یەک هۆکار وەربگرین و تاوانەکەی پێ لێک بدەینەوە، سادەکردنەوەی تاوان کارێکی زۆر هەڵەیە و نابێت بچینە ژێربارییەوە.
ئەگەر زیرەکانە مامەڵە نەکەین، هەر ئەو لێکدانەوەیەی ئێمە پێشکەشی دەکەین ڕەنگە خۆی ببێتە هۆکارێک بۆ لادان، چونکە ئەگەر کەسێک بەتەواوی پێ لەسەر یەک لایەن دابگرێت ئەوا تووشی کێشەی گەورە دەبێتەوە و زۆر جار دەکەوێتە نێو دژیەکی زۆر قووڵەوە، بۆ نموونە ئێمە ئەگەر تەنیا تیۆری بایلۆجی وەربگرین و بیدەین بەسەر کۆمەڵگادا، ئەوا هەر خودی ئەو تیۆرە دەبێتە هۆکارێک هەتا تێڕوانینمان بگۆڕێت بۆ کەسانێک کە بەشێک لەو سیفەتانەی بۆ کەسی تاوانبار دیاری کراون تیایاندا هەبێت، هەر ئەم تیۆرە دەبێتە هۆکارێک بۆ دابەشکردنی تاکەکان لەسەر بنەمای بایلۆجیا و، حوکمدانی ئەخلاقی لەسەر ئەو بنەمایە، کە ئەمە خۆی لە دونیای فەلسەفە و واقیعیشدا کێشەی زۆری ناوەتەوە و دەیان مەجزەرەی لێ کەوتووەتەوە.
ئەوانی تریش بە هەمان شێوە نابێت یەک یەک وەربگرین، بە تایبەت لە تاوانی فەردییدا ئاسان نییە شیکردنەوەی بە تاک ڕەهەندی، کاتێک هۆکاری کوشتنێک دەدەینە پاڵ دیدێکی ئایینیی و گوتارێکی دیاریکراوی ئایینیی توند و، سادە و ساکار دەڵێین هۆکاری کۆتاییهێنان بە خێزانێک و خودی خۆشی توندڕەویی ئایینیی بووە، ئەمە هەم ستەممان لە قوربانییەکان کردووە، هەم ستەممان لە کۆمەڵگا کردووە کە بەهەڵەیدا دەبەین و دەبینە هۆکارێک کە نەتوانین بەباشی لە پاڵنەر و هۆکارەکانی ئەو تاوانە تێبگەین و بەدوای چارەسەرەکەیدا بگەڕێین، هەم ستەممان لە ئایینەکەش کردووە کە کردەیەکی ئاوا مەترسیداری دەدەینە پاڵ، ستەممان لە خۆشمان کردوە کە باز دەدەین بەسەر دژیەکییەکاندا و بە لێکدانەوەیەکی ئاوا سادە ڕازی دەبین.
لە ڕاستیدا زۆر هۆکاری شاراوە ڕۆڵ دەبینن لە پرۆسەی تاواندا، زۆر جاریش ئەو تاوانە قورسانە حاڵەتێکی عەفەویی نین بێن و بڕۆن، بەڵکوو پێشینەی هەیە، هەر لە تێکچوونی لایەنی دەروونیی تاک و خراپیی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر یان مەی، یان ڕەفتارێکی شاز، وەک پۆڕن و هاوڕەگەزبازی، خراپیی لایەنی ئابووری، شکستهێنان لە پەیوەندیی سۆزداری، سەروەت و سامان، دووری لە خودا، زۆر تەماشاکردنی شەڕ و دیمەنی توندوتیژ، کاریگەربوون بە دیدێکی توند و پەڕگیر ... هەموو ئەمانە دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو، بۆیە نابێت ئێمە پەلە بین لە لێکدانەوەی تاوانەکان، بە جۆرێک هێشتا خوێنی قوربانییەکان وشک نەبووەتەوە ئێمە یەک دونیا شێکردنەوەمان کردووە، شیکردنەوەکانیش لەسەر بنەمایەکی فشۆڵ کراون و هیچ بناغەیەکی زانستییان نییە.
بە تایبەت لە هەندێک دۆخدا کە کەسی تاونبار سیمایەکی ئایینیی هەیە، زۆر بەئاسانی دەڵێن هۆکاری تاوانەکە ئایینەکەیە، دەڵێن بە هۆی ئیسلامەوە، یان دیدێکی ئیسلامییەوە تاوانەکە کراوە، ئەمە لە کاتێکدا لە تاوانی تاکەکەسیدا زۆر قورسە بیبەستینەوە بە ئایینەوە، لە دۆخی کردە ڕێکخراوەکاندا وەک خۆتەقاندنەوە، یان ئەو تاوانانەی گرووپێک پێی هەڵدەستێت، وەک ئەوەی داعش ... دەکرێت تەرکیزمان لەسەر پاڵنەرە ئایینییەکە هەبێت، بەڵام لەو دۆخەشدا ئەگەر ئەو تەفسیرەشمان قبووڵ کرد، هێشتا دەکەوینە هەڵەیەکی زۆر گەورەوە ئەگەر هۆکارەکانی تر پشتگوێ بخەین و وەلای بنێن.
بەڵام لە کردەیەکی کوشتندا کە ڕێکخراو نییە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئاراستەکراوە، یان پاڵنەرێکی ئایینی هەبێت، بەستنەوەی بە ئایینەوە هەڵەیەکی گەورە و سەرلێتێکدەرە، کاتێک کەسی کوژراو هیچ ئاماژەیەک یان هیچ کردەیەکی ئەنجام نەداوە کە دژبێت بە تێڕوانینە ئایینییەکە، هەروەها بکوژیش لە ڕووی خزمایەتییەوە لێیەوە نزیکە، چۆن لەم دۆخەدا بابەتەکە سادە دەکرێتەوە بۆ کێشە لەسەر ڕیش یان شتێکی هاوشێوە؟ چ خوێندنەوەیەک دەتوانێت باوەڕ بە هۆکارگەلێکی ئاوا سادە و سانا بکات؟ بە تایبەت کە چەند کەس بوونەتە قوربانیی و کەسی بکوژیش خۆی کوشتووە، ئەمە چۆن ئاوا سادە لێک دەدرێتەوە؟ چۆن ئاوا خوێندنەوەیەکی سادە دەتوانێت تاوانێکی ئالۆز و قورس شی بکاتەوە؟ چۆن لەو دژیەکییە خۆمان دەرباز بکەین کە تاوانبار لەسەر ڕیش پینج کەسی کوشتووە، کەچی دواتر خۆشی دەکوژێت؟ پاشان بۆچی هەموو خێزانەکە ئەوەی لەوێدا ئامادە بووە هەموویانی کوشتووە؟ ئەمە بە چ تەفسیر و لێکدانەوەیەکی ئایینی شی دەکرێتەوە؟ بۆیە نابێت ڕق و ناکۆکیمان لەگەڵ ئایین، یان مەلا و ڕەوتێک ببێتە هۆی ئەوەی کە ڕازی بین بە شیکردنەوەیەکی لەم جۆرە.

منیش لێرەدا نامەوێت هیچ شیکردنەوەیەک پێشکەش بکەم، چونکە ئەوە پێویستی بەوەیە بە پاشاخانی فکری، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی و جەستەیی تاوانباردا بچینە خوارەوە، لەگەڵ پاشخانە کولتوورییەکەی ئەو ناوچەیەی کە تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە، جگە لەوەی کولتووری ئەو ناوچەیەش دەبێت لەبەرچاو بگرین کە تاوانبار تێیدا ژیاوە.
من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم هۆکارەکانی تاوان زۆرن، هەر لە دووربوون لە خودا و پابەند نەبوون بە شەریعەتەکەیەوە، هەتا هەموو ئەو هۆکارانەی تر کە پێشکەشم کردن، دەبێت بشزانین هەندێک تاوان هێندە قورسن کە ناکرێت جگە لە کەسانی پسپۆڕ قسەی لێ بکەن، بە تایبەت ئەویش دوای بەدواداچوونی ورد و لێکهەڵوەشاندنی تاوانەکە و خویندنەوەی پاڵنەر و هۆکارەکانی، ئەوسا خستنەڕووی چارەسەرەکانی هەتا جارێکی تر دووبارە نەببنەوە.
ئاخر تاوانی (familicide) (ئیبادەتی خێزانی) کردەیەکی هێندە پڕ توندوتیژییە کە بکوژ هەڵدەستێت بە کۆتاییهێنان بە ئەندامانی خێزانەکەی، زۆرینەی جاریش بە کوشتنی خۆشی کۆتایی دێت، ئەم کردەیە کە بکوژ دەستدرێژ دەکات بۆ نزیکترین کەس لەخۆیەوە، ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە لە هاوخوێنی خۆین، لەوان نزیکتر نییە لێیەوە، کەچی دەیانکوژێت و گرنگی بە ڕەگەز و تەمەنیشیان نادات، بەڵکوو هەرچی بێتە بەردەستی دەیانکوژێت! لێرەدا بپرسین، ئایە هەر بەڕاست ئەمە کردەی کەسێکە کە ئێمە پێی بڵێین کەسێکی تەندروست؟ یان نەخێر ئەم کەسە کە ئەم کردەیە ئەنجام دەدات یەک دونیا کێشەی قووڵی هەیە و کەڵەکە بووە و چارەسەر نەکراوە، هەم خۆی کەمتەرخەم بووە، هەم دەوروبەرەکەشی کە خەمیان نەخواردووە و هەوڵیان نەداوە چارەسەری بکەن.
بۆیە پێش ئەوەی هەر کەسەمان و لە لای خۆیەوە بکەوینە شیکردنەوە، دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکەین و هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بدەین لە کۆمەڵگادا، بە تایبەت دەبێت هەموومان لەوە تێبگەین کە لە کێشە خێزانیی و دەروونییەکانماندا، لەبریی ئەوەی بچین بۆ لای شێخێک، یان جندەرکەرێک، کە هیچ سودێکمان پێ ناگەیەنێت، پێویستە سەردانی پسۆڕی کۆمەڵایەتی و دەروونی بکەین، چونکە نە شێخەکە و نە جندەرکەرەکە ناتوانن چارەسەرمان بکەن، بگرە زۆر جار گرفتەکە قورستر و تونتر دەکەن، بەڵکوو سەردانی کەسی پسۆری دڵسۆز بکرێت، چونکە هەندێک دۆخ پێویستی بە خواندن و خستنە ژێر دەرمانەوە هەیە هێندە دۆخەکەی قورسە، ئەگەر لەو دۆخەدا جێ بهێڵرێت، زیان بە خەڵکیش نەگەیەنێت ئەوا دوور نییە زیان لە خۆی بدات و خۆی بکوژێت.
هەروەها کار بکەین بۆ دوورکەوتنەوە لە فیکری توند و پەڕگیر لە هەر لایەکەوە بێت، هەروەها هۆشداری بدەین لەسەر کاریگەری خراپی دۆخی سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، فیکری و ئایینیی کۆمەڵگا، بە جۆرێک فەوزایەک دروست بووە و لە هەموو ڕووەکانەوە خەڵکی ماندووتر دەکەن لەم دۆخە قورسەدا، لە بریی ئەوەی ببنە مایەی ئارامیی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی، لێکترازان و پەشێوییەکان زیاتر دەکەن.
لە کۆتاییدا تیشک دەخەمە سەر ئەوەی تاوانەکان هەر پاڵنەر و هۆکارێکیان هەبێت، ئەوا بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و ئایینی و یاسایی لەسەر تاوانبار هەڵناگرن، بۆیە نابێت هیچ کات ئێمەش بەو ئاراستەیەدا بڕۆین کە تاوان وەک شتێکی حەتمی سەیر بکەین و وا دابنێین کە کەسی تاوانبار بەرپرسیار نییە لە بەرانبەر تاوانەکەیدا، بەڵکوو ئێمە باس لە هۆکار و پاڵنەرەکان دەکەین، کە دەگونجێت زۆرێک ئەو هۆکار و پاڵنەرانەیان بێتە پێش و تاوانەکەش نەکەن و مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵدا بکەن، بۆیە ئەم خستنەڕووەی ئێمە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی نییە لەسەر تاوانبار، بەڵکوو ئێمە بەرپرسیارێتی دەدەین بەسەر تاوانبار لە لایەک، هەروەها بەرپرسیارێتی گەورە دەدەین بەسەر تەواوی کۆمەڵگا، بە هەموو دەزگا و یەکەکانییەوە کە دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و خەمی ئەم تاوانە قورسە هەڵبگرن و ڕێگە نەدەن جارێکی تر دووبارە ببنەوە، ئەویش بە تێگەیشتن لە تاوان و هۆکارەکانی و بنبڕکردن و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی تاوان لە کۆمەڵگادا. 

 

4/2/2025 3:34:52 PM