بۆچی هەموو جار سەڵاحەددین!؟
بۆچی هەموو جار سەڵاحەددین!؟
لەوانەیە لە مێژوودا کەسایەتی وەک سەڵاحەددین وێنەی نەبێت کە بە جارێک دۆست و دوژمن ددانی خێری پێدا بنێن، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک ڕۆژهەڵاتناس و مێژوونووسی ڕۆژئاوایی هەوڵ دەدەن بە جۆرێک ڕەگەزی سەڵاحەددین ببەنەوە سەر خۆیان، بە هۆی سەرسامییان بە کەسایەتیی سەڵاحەددین.
بەڵام لەم نێوانە کۆمەڵێکی قەومچی و سیکۆلاری سەرەپارچەی کورد و عەرەب، زوو زوو هێرشێکی منداڵانە دەکەنە سەر سەڵاحەددین. کە ناوەڕۆکی قسەکانیان لەوانەیە شایەنی هیچ بەدواداچوون و وەڵامدانەوەیەک نەبێت، بەڵام پاڵنەری دەروونی و فیکرییان لەوەیە جێی سەرنج بێت.
باشە، بۆچی دەبێت ڕقیان لە سەڵاحەددین بێت؟
لەوانەیە باسەکە ئەوە بێت سەڵاحەددین مێژوو و شووناسێکی سەختیان بیر بخاتەوە. ئاخر لە تێڕوانینی قەومچییەکەوە سەختە کە کوردێک لەوسەری دونیا دووەم قیبلەی موسڵمانان ئازاد بکات و حوکمی نیوەی ئوممەتی ئیسلامی بکات.
زیندووکردنەوەی وەها شوناسێک کە سنوورە وەهمییەکانی «سایکس بیکۆ» و جەستەی پەرتکراوی ئوممەت ببڕێت و خەونی یەکپارچەیی ببوژێنێتەوە. کارەساتێکی گەورەیە لەبارەی یەکێک کە لەسەر پەرتەوازەیی و دروستکردنی شوناسی ساختە بژی، بۆیە لێیان مەگرن!