یان نابێت هەرگیز شەڕیان لەگەڵ بکەین، یان دەبێت بۆ هەتا هەتایە شەڕیان لەگەڵ بکەین!

یان نابێت هەرگیز شەڕیان لەگەڵ بکەین، یان دەبێت بۆ هەتا هەتایە شەڕیان لەگەڵ بکەین!


«پیت هێگسێت» وەزیری بەرگریی ئێستای ئەمریکا لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی «جەنگی خاچپەرستی ئەمریکی» لە ساڵی ٢٠٢٠، دیدگای خۆی بۆ ئیسلام بەپوختی خستووەتە ڕوو و دەڵێت:


ئیسلام نە ئایینی ئاشتییە و نە ئایینی توندوتیژییە؛ بەڵکوو ئایینی خۆبەدەستەوەدانە. وشەی ئیسلام خۆی بە واتای خۆبەدەستەوەدان بە خودا و پەرتووکەکەی خودا و، سوننەتی پێغەمبەر موحەممەد (️ﷺ) دێت وەک چۆن لە فەرموودەکاندا هاتووە. بۆ ئەوانەی بەوردی پەیڕەوی لە ئایین دەکەن، دەقی قورئان و فێرکارییەکانی پێغەمبەر موحەممەد (️ﷺ) بێهەڵەن و گومان هەڵناگرن، ئەمەش دەقی ئیسلام دەکاتە ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینە.


ئەوەی وا دەکات بابەتەکە ئاڵۆزتر بێت، ئیسلام تەنیا ئایین نییە، بەڵکوو سیستەمێکی حوکمڕانییە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی لە فۆڕمە جۆراوجۆرەکانیدا و سیستەمێکی دادوەری و تاوانکارییە، هەروەها شێوازێکی ژیانی ڕۆشنبیرانەیە بۆ ئەو موسڵمانانەی پابەندن بە دینەکەیان؛ ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئیسلامیزم و ئیسلامی سیاسیی زاڵ ناتوانن لەگەڵ هیچ سیستەمێکی تری حوکمکردن بەئاشتییانە پێکەوە بژین.


موسڵمانەکان خاوەنی پەرتووک و کەلەپوور و سەرکردە و گێڕانەوەیەکی مێژوویی چەسپاون کە (١٤٠٠) ساڵ تەمەنی هەیە.


ئەمریکا مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ ئیسلامیزمدا هەیە. وەک «برایان کیلمید»ی هاوڕێ و هاوپیشەم لە کەناڵی «فۆکس ئاند فرێندز» لە پەرتووکە پڕفرۆشەکەیدا نووسیویەتی: «تۆماس جێفرسۆن» و چەتە دەریاییەکانی تەڕابلوس، ئەو جەنگە لەبیرکراوەی مێژووی ئەمریکای گۆڕی. لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ دا چەتە دەریاییە موسڵمانەکان لە باکووری ئەفریقاوە هێرشیان کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا، دەریاوانەکانیان بەدیل دەگرت و وەک کۆیلە ڕایان دەگرتن.


چەند دیبلۆماس و سیاسییەک بە «تۆماس جێفرسۆن» و «جۆن ئادەمز»یان وت: "هێرشبەرەکان بڕوایان وایە کە قورئان دەڵێت: هەموو ئەو گەلانەی ددان بە دەسەڵاتەکەیاندا نانێن گوناهبارن و، هەر موسڵمانێک کە لە شەڕدا بکوژرێت بە دڵنیاییەوە دەچێتە بەهەشتەوە." جۆن ئادەمز وتی: "یان نابێت بە هیچ شێوەیەک شەڕیان لەگەڵ بکەین، مەگەر بڕیارمان دابێت بۆ هەتا هەتایە شەڕیان لەگەڵ بکەین." 


بە ڕاستیش لەو قسانەیدا ڕاستی کرد، ئەمریکا ئەو کات شەڕی لەگەڵ کردن و شکستی پێ هێنان، بەڵام تا ئێستاش هەر شەڕیان لەگەڵ دەکەین!


ئەحمەد مەولانا

4/9/2025 8:51:04 PM