چیرۆکی بازاڕە ئازادەکەی ئەمریکا
چیرۆکی بازاڕە ئازادەکەی ئەمریکا
بۆ چەندین ساڵ، ئەمریکا جیهانی بە باشییەکانی بازاڕی ئازاد سەرسام دەکرد و، وەک چارەنووسێکی حەتمی پێشکەشی کردووە کە ناکرێت لێی دەرباز ببیت. داوای لە وڵاتان کردووە کۆتوبەندەکان لاببەن و دەرگای بازاڕەکانیان بکەنەوە لەژێر دروشمی کێبڕکێ و گەشەسەندن. ئەوەی ناتوانێت کێبڕکێ بکات دەبێت بەبێدەنگی چارەنووسی خۆی قبوڵ بکات، ئەگینا دۆزەخی کۆمۆنیزم چاوەڕێی دەکات.
بەڵام ئێستا، ئەمریکا لە هەموو ئەو بنەمایانە پاشەکشە دەکات. سنووردانان دەسەپێنێت و کۆمپانیاکانی خۆی دەپارێزێت، ئەو «دەستە نادیار»ەشی ساڵانێکە هەمووان ڕادەپێچێت بۆ بازاڕی ئازاد هیچ نەبووە جگە لە دەستی خۆی، هەروەها ئەو بانگەشانەش تەنیا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی بوون، نەک بنەمای گشتگیر.
هۆکارەکەشی زۆر سادەیە: سەرهەڵدانی هێزە ئابوورییە نوێیەکانە کە ناتوانێت ڕکابەرییان لەگەڵدا بکات و بازاڕەکانیان پڕ بکات لە کاڵای خۆی، هەروەک چۆن پێشتر لەگەڵ ژاپۆن کردی، کاتێک هەستی کرد کاڵای ژاپۆنی بازاڕی ئەمریکی گرتووە، ئەمڕۆش بە شێوەیەکی توندتر دەیکات، چونکە مەترسییەکە ئێستا سەروەری و بوونی ئەوی بەرکەوتووە و هەست دەکات ناتوانێت لەسەر تەختی ئابووریی جیهان بمێنێتەوە و شوێنی خەریکە لەق دەبێت.
ئەم دژیەکییەی ئەمریکا بۆ هەموو دروشمەکانی دیکەش درێژ دەبێتەوە. وەک: «مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی» کە وەک چەکێک بەکار دەهێنرێن کاتێک خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هێزە گەورەکان دەکەن و، فەرامۆش دەکرێن کاتێک لەگەڵیان ناکۆک دەبن. مرۆڤدۆستی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن کاتێک بەهێزەکان پەیڕەوی دەکەن و، دەربڕینێک لە لاوازی کاتێک ئەوانەی هێزیان نییە پەنای بۆ دەبەن.
#ئاستانە_Astana