ئایینی ئیبراهیمی، دەروازەی هەموو سەرشۆڕییەکان
ئایینی ئیبراهیمی، دەروازەی هەموو سەرشۆڕییەکان
ئایینی ئیبراهیمی چییە؟
ئایینی ئیبراهیمی دەستەواژەیەکی دروستکراوی نامۆیە. بە مەبەستی یەکخستن و کۆکردنەوەی هەر سێ ئایینی «موسڵمان و جـ.ـوولـ.ـەکە و کریستیان» کە ڕەواجی پێ دەدریت و وا دەناسێنرێت کە لێبوردەیی دروست بکات و کێشە هەزار ساڵەکان بنبڕ بکات کە ڕوویان داوە لەنێوان ئەم ئایینانەدا، بە تایبەت ئامانجی سەرەکی لێی پەکخستن و گۆڕینی ئایینی ئیسلامە بەو جۆرەی کە لەگەڵ بنەما ڕۆژئاواییەکاندا یەکانگیر بێت، بە هەمان شێوە سەرکوتکردنی قەزییەی فـ.ـەلـ.ـەستین و ئاساییکردنەوەی دۆخی داگیرکاریی دەوڵەتی زایـ.ـۆنـ.ـی لەسەر خاکی فـ.ـەلـ.ـەستین.
لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە یەکێک لە هاوکێشە سەختەکان کە کیانی زایـ.ـۆنی پێوەی دەناڵێنێت، ئەوەیە چۆن بتوانن بە شێوەیەکی دوورمەودا مانەوەی خۆیان بەرقەرار بکەن لەسەر ئەو خاکەی کە داگیریان کردووە.
لە کاتێکدا وەکوو خاڵێکی ڕەشی نامۆ، وەکوو خانەیەکی شێرپەنجە لە نێوەندی جیهانی ئیسلامیدا داچەقیون بە زەبری ئیمپیریالی بەریتانی و لە پاشاندا بە پاڵپشتی ملیاران دۆلاری ئەمریکی هەوڵیان بۆ شتانێکی زۆر داوە کە مەترسیدارترینیان بڵاوکردنەوەی چەمکی «ئایینی ئیبراهیمی»یە کە ئەم چەمکە چەند دەیەیە کاری لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا خاڵێک بدۆزنەوە لەگەڵ موسڵماندا هاوبەش بن و لەو نامۆیی و غوربەتە دەربچن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێی کەوتوون.
پرۆژەی ماڵی ئیبراهیمی چییە؟
ساڵی ۲٠۱۹ لە ئیمارات لە کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای برایەتیی مرۆیی ئەم پرۆژەیە ڕاگەێندرا کە ماڵێک بۆ هەر سێ ئایینەکە دروست دەکرێت، واتە کەنیسەیەک و مزگەوتێک و پەرستگایەکی جووەکان لەژێر یەک سەقفدا کۆکرایەوە و، کرا بە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی دژیەکەکان.
بە هەمان شێوە پرۆژەی ماڵی ئیبراهیمی بەمەوە نەوەستا، بەڵکوو ڕایانگەیاند هەوڵی کۆکردنەوەی ئایینە بتپەرستییەکانیش دەدەن، لە کۆکردنەوەی بودایی و ئایینی هیندۆسی.
پێشتر و لە کاتی جەنگەکاندا کاتێک ئاگربەست و ڕێکەوتنی جەنگی واژوو دەکرا لەنێوان وڵاتە عەرەبییەکان و قەوارەی زایـ.ـۆنی، ڕێکەوتنەکان ناودەنران بە ناوی شارەکانەوە، بەڵام ڕێکەوتننامەیەک کرا بە ناوی «ئەبراهام» لە ساڵی۲٠۲٠ لەنێوان ئـ.ـیسـ.ـڕائیل و ئیمارات و بەحرەین. کە خودی دانانی ئەم ناوە دەستپێکێک بوو بۆ ئاساییکردنەوە (تطبیع) و ڕشتنی ژەهری ئایینی ئیبراهیمی.
ئەم ئایینە هیچ کرۆکێکی ڕۆحانی نییە، پرۆژەیەکی سەدا سەد ئەمریکی -زایـ.ـۆنی- عالەمانییە، بە مەبەستی ئەوەی ئایین ببێت بە پردێک بۆ مەرامە سیاسییەکان.
ئەم پرۆژەیە لە خودی خۆیدا -وەک باسمان کرد- کۆکردنەوەی دژیەکەکانە، چونکە دژیەکەکان مەحاڵە پێکەوە کۆ بکرێنەوە بەپێی یاسای لۆژیک، ئایینی ئیسلام کە بنەماکەی لەسەر یەکتاپەرستی کۆ بووەتەوە لە هەمان کاتیشدا ئایینی مەسیحی باوەڕی بە سێ خودایی هەیە یاخود (Trinity). بە هەمان شێوە یـ.ـەهودییەت پێی وایە عیسا (علیە السلام) پەیامبەر نەبووە و تەنیا بانگەشەکار بووە، بەڵام ئایینی مەسیحی هەموو ئایینەکەیان لەسەر کەسایەتی عیسا (علیە السلام) دروست کردووە و کردوویانە بە خودا.
چۆن دەکرێت ئەم دژیەکیانە کۆبکرێنەوە لەژێر یەک چەتردا؟
وەڵامیش بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە لە ڕاستیدا نایانەوێت کۆ بکرێنەوە وەکوو ئەوەی کە هەن، بەڵکوو لە بنەڕەتدا ئامانج لێی گۆڕینی دەستەواژەی ئایینە و، نەرمکردنەوەی بە جۆرێک کە تەنیا ببێت بە ڕووکەشێک و باگراوەندێکی کولتووری و هیچی تر، ئەمەش بە دابڕینی لە بەها و کرۆکەکانی.
مەترسییەکانی ئەم پرۆژەیە چییە؟
دابەشی دەکەین بۆ دوو مەترسی
مەترسیی ئایینی:
١/ دەبێتە هۆی ئەوەی ئایین لەجیاتیی کرۆکە ڕۆحییەکەی کە تێیدایە، ببێت بە دەستکەلایەک بۆ مەرامە دیبلۆماسی و سیاسییەکان و مامەڵەی پێوە بکرێت.
٢/ ئایینی ئیبراهیمی هۆکارە لەوەی ئیسلام هاوبەش بکرێت لە حەقیقەت، بە جۆرێک حەقیقەتەکەی دابەش بکرێت بەسەر ئایینەکانی تریشدا، لە کاتێکدا ئایینی حەق لە لای خودا تەنیا ئیسلامە.
٣/ هەوڵێکە بۆ پەکستنی یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی بەوەی کە بەشێکی زۆر لە یاسا شەرعییەکان ڕەت دەکاتەوە لەبەر ڕچاوکردنی ئایینەکانی دیکە.
مەترسیی سیاسی:
۱/ هۆکارە بۆ تەنیاکردنی دۆسەی فـ.ـەلـ.ـەستین و دابڕینی لە ئوممەت و، گەیاندنی ئەو پەیامەی کە ئەمە کێشەیەکی عەرەبی نییە، بەڵکوو فـ.ـەلـ.ـەستینییەکان خۆیان بەرپرسن.
٢/ گۆڕین و شێواندنی هۆشیاری باو: کیانی داگیرکەر هەوڵ دەدات ئەو تێگەیشتنە باوەی کە هەیە لە جیهانی ئیسلامی بیگۆڕێت و خۆی ڕووسپی بکاتەوە لە داگیرکەرەوە بۆ دراوسێ، لە دوژمنەوە بۆ پورزا -لەڕووی جێنێتیکەوە-.
۳/ ئاساییکردنەوەی ئابووری:
لەڕێگەی پەرەپێدان بە پرۆژەی ئاشتەوایی ئابووری
بۆ ئەم مەبەستە ئیمارات کە سەرەڕمی ئەم پڕۆژەیەیە کۆمەڵێک پاڵفتەکاری ئایینی دەکات و هەندێک گرۆ و دەستە بەکار دەهێنێت بۆ برەودان بەم بیرۆکانە بە تایبەتی برەودان بە تەسەووفی مۆدێرن و سەلەفییەتی مەدخەلی ـ جامی و، سپۆنسەری ماددی و مەعنەوی، ژمارەیەک رێکخراو و ناوەندی فیکری کە لە کۆتاییدا ڕەواج دەدەن بە ئایینی ئیبراهیمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کیاندا،
وەکوو ڕێکخراوی (طابە) کە ڕێکخراوێکە کار دەکات بۆ بەکارهێنانی توراسی تەسەووف و گونجاندنی بەو جۆرەی کە دەگونجێت لەگەڵ مۆدێرنەدا.
مەرکەزی هیدایە، کار دەکات بۆ ئاشتەوایی و نەهێشتنی توندوتیژی ئایینی -وەکوو بانگەشەی دەکەن- و چەندین ڕێکخراو و ناوەندی ڕۆشنبیری دیکە.
ئیمارات بۆچی وا دەکات؟
ئیمارات بە تایبەت ئەمارەتی ئەبوو زەبی بە شێوەیەکی ستراتیژی و بەرژەوەندخوازی ئابووری لیبڕاڵن، لەژێر کاریگەریی هەژموونی دۆلار، هەوڵی ئەوەیان داوە کە زۆرترین سەرنج بهێننە سەر خۆیان و ڕۆژئاوا سەرسام بکەن، تاوەکوو ببن بە پردێکی ئابووریی جیهانی.
بۆیە بێجگە لەم ڕێکەوتنە بە هەمان شێوە ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئەمریکاشدا هەیە تاوەکوو لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکەن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ڕووسیادا، بۆیە لێرەش نزیکترین دۆستی ئەمریکا بکات بە دۆستی خۆی و مەرایی بۆ بکات. بێگومان بە قازانجێکی گەورە کۆتایی دێت بۆ ئیمارات.
ئەگەرچی تەشکیلەی یاسادانانی ئیماراتی جیاوازە و دابەش دەبێت بەسەر چەند ئیمارەیەکدا کە یاساکانیان جیاوازن، وەکوو ئەمارەتی (شەرجە) کە یاساکانیان موحافزکارانەیە و بەو جۆرە نییە کە لە ئەبوو زەبی هەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت یاسا فیدراڵییەکانیان لەسەر بنەما لیبرالییەکان دامەزراندووە لەبەر ئەو هۆکارانەی باسمان کرد.