ئایین لە دیدی دۆرکهایم دا

ئایین لە دیدی دۆرکهایم دا

نوسینی : ئاڤار قەرەداغی ئەمیل دۆرکهایم (1858-1917) دۆرکھایم فەیلەسوف و زانای گەورەی فەڕەنسی بواری کۆمەڵناسی بوو، ئەوە دۆرکھایم بوو مەنھەجێکی تایبەتی بۆ کۆمەڵناسی دانا. دۆرکھایم کتێبێکی دەربارەی...

ئایین لە دیدی دۆرکهایم دا

نویسندهئاستانەئاستانە
بیست و دو دقیقه برای خواندن ۸۵۵۸ بازدید ۱۹ مارس ۲۰۲۰

نوسینی : ئاڤار قەرەداغی

 ئەمیل دۆرکهایم (1858-1917)

دۆرکھایم فەیلەسوف و زانای گەورەی فەڕەنسی بواری کۆمەڵناسی بوو، ئەوە دۆرکھایم بوو مەنھەجێکی تایبەتی بۆ کۆمەڵناسی دانا. دۆرکھایم کتێبێکی دەربارەی میتۆدەکانی کۆمەڵناسی دانا بەناوی (قواعد المنھجیىة السوسیولوجی). دەربارەی ئایینیش بەشداری کارای کردووە و ھەوڵیداوە لەڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە شرۆڤەی ئایین بکات. لەو بارەیەشەوە کتێبێکی نووسیوە بەناوی (شێوە سەرەتاییەکانی ژیانی ئایینی)، ئەم کتێبەی لەساڵی 1912 نووسیوە، ھەروەھا یەکێکی تر لە کتێبە بەناوبانگەکانی کتێبی (خۆکوشتن، 1897)، ھەروەھا دەربارەی دابەشکردنی کار کتێبێکی گرنگی ھەیە بەناوی دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتی، کە لە ساڵی 1893 نووسیویەتی. (علم الادیان، الماجدی، ص 144-148).

دۆرکھایم نووسینەکانی کۆمت دی سان سیمۆنی خوێندۆتەوە، کە بیریارێکی سۆسیالیستی سەرەتای ساڵانی 1800 بوو، بڕوای وابوو پێویستە ھەموو ئیمتیازەکان بە دەستی دەوڵەتەوەبن. فەیلەسوفی ناوداری فەڕەنسیش ئۆگست کۆمت کاریگەری زۆری لەسەر دۆرکھایم ھەبووە. لە سەردەمی لاوی دۆرکھایمدا دوو ناو دەرکەوەتن ئەوانیش ئێرنیست ڕینان، کە بایەخێکی زۆری دەدا بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە ھەردوو ئایینی یەھودی و مەسیحییدا، ڕینان لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانی پەیمانگای باڵای مامۆستایان دیارییەکی زۆر نائاسیی بوو بۆ دۆرکھایم، ئەویش مێژوونووسی کلاسیکی نۆما دینیس فوستێل دی کۆلانگیس بوو، کە کتێبێکی کاریگەری نووسی بە ناوی شارە دێرینەکە لە ساڵی 1864، لەم لێکۆڵینەوەیەدا کۆلانگیس شیکردنەوەیەکی زۆر نزیکی ژیانی شارە یۆنانی و ڕۆمانییەکانی بۆ خوێنەرانی کردووە بە دیاری، کە نەک تەنھا ئەوەی پیشانداوە کە چۆن ژیانی ئاسایی بەڕێوە دەچێت، بە پیشاندانی نەریت و ڕۆتینی ئاکارێکی پارێزکار، بەڵکو پیشانی داوە کە ئەم نەریت و ڕۆتینانە، ئاوێنەی باوەڕەکانی ئایینە فرە خواییەکان کراو دۆرکھایم بە شێوەیەکی سروشتی لەسەر ئایدیاکانی ئەم بیریارانە بۆچوونە تاییبەتییەکانی خۆی. بیناکرد، بەڵام بارودۆخی ژیانی مۆدێرنی فەڕەنسا شتێکی تریشی گرتبووە خۆی، وەکو زۆربەمان دەزانین، لە کۆتایی ساڵانی 1800 ەکاندا، فەڕەنسا و ئەورووپا بە دوو شۆڕشی گەورەدا تێپەڕین. یەکێکیان ئابووری بوو: شۆڕشی پیشەسازی، ئەویتریش سیاسی بوو: شۆڕشی فەڕەنسی و میراتگرەکانی.(حەوت تیۆری دەربارەی ئایین، ل 154-155)وەک دەبینین بارودۆخ و شۆڕشەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بۆچونەکانی دۆرکھایم داناوە، سەرکوتکردنی توندوتیژانەی کۆمۆنۆی پاریس لە ساڵی 1870، کاریگەری لەسەری داناوە، ھەموو ئەمانە وای لەدۆرکھایم کرد بەدرێژایی تەمەنی سەرقاڵی بیرکردنەوە بێت لەوەی، کە چۆن جمھوریەت دەتوانێت ھەلومەرجێک دروستبکات کە تێیدا ھاوڵاتیان پێکەوە ببن بە خاوەنی چەند بەھایەکی ھاوبەش و ژیانی کۆمەڵایەتیانی لەسەر ڕێک بخەن. لێرەوە پەنا دەبات بۆ چەمکی لایستێ و تەنانەت دەبێت بە ئەندامی فیدراسیۆنی لاوانی لایک و پەیوەنیەکی بەھێز لەگەڵ ژۆرێسدا دادەمەزرێنێت و پشتگیری پرۆژە سۆسیالیسمی ھیومانیست دەکات کە خودی ژۆرێس پاڵەوانی یەکەمی بوو، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا دۆرکھایم ھەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستوخۆ تێکەڵ بە سیاسەت نەبووە.(ئایین چییە، باخەوان، ل 181)

 دەتوانین بڵێین دۆرکھایم سەرنجی ئەم چوار نموونەیەی دا، لە ئەنجامی شۆڕش و گۆڕانکاتییەکان کە لە سەردەمی دۆرھکایمدا ڕوویدا، ئەوانیش – 1  لە جێگای سیستەمە کۆمەڵایەتییە پێشینەکەی ئەوروپا، کە پێوەستەکانی خێزان، کۆمەڵگا، باوەڕی ئایینییشی دەگرتەوە، پەیمانێکی نوێ دەرکەوت، کە تێیدا سودی تاییبەتی و پەیوەندیی سودمەندیی دراویی بڵاو بووەوە.

 – 2 لە جیھانی ئاکار و ڕەفتاردا، ئەو بەھا پیرۆزانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن کەنیسەوە سەلمێنراون لە لایەن ئایدیای تازەترەوە کێبڕکێیان دەکرێت، کە جەخت دەکەنە سەر ئەقڵ نەک باوەڕی ئایینی، ئەم ئایدیا نوێترانە ئارەزووی کامەرانی ئەم ژیانە دەکەن، نەک ھیوای بەھەشت یاخود ترسان لە دۆزەخ کە لە ژیانێکی تردا بەڕێوە بێت.

– 3لە پانتایی سیاسەتدا، دەرکەوتنی جەماوەرە دیموکراسییەکان لە بنکەی کۆمەڵگاوە، لەگەڵ حکومەتێکی بە دەسەڵاتی مەرکەزی لە لوتکەدا، سروشتی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتییان گۆڕیوە، تاکەکان خۆیان بینییەوە لە مامۆستا ئاکارییەکانی کۆنیان جیادەبنەوە- خێزان، گوند، کەنیسە،- جێھێڵراون بۆ ئەوەی ڕێنماییەک لەناو پارتێکی سیاسییدا، جوڵانەوەیەکی جەماوەریی دەوڵەتدا بدۆزنەوە.

– 4لە ڕووبەری کاروباری تایبەتیدا، سەربەستییەکی نوێی تاکەکان لە چوارچێوەی پێشویانی جیاکردنەوە و ھەلی گەورە و سەرجڵیی گەورەی پێبەخشین. لەپاڵ ئەوەیشدا فرسەتی خۆشگوزەرانی زیاتر و بەدەستھێنانی خودییش زیادی کرد، لەگەڵ ھەستکردن بە تەنھایی و گۆشەگیری.(حەوت تیۆر دەربارەی ئایین، ل 156-157)

دۆرکھایم ھەوڵی داوە لە نووسین و ڕوانینەکانییدا، بەدوای ھۆکاری بنەڕەتی ئەو گۆڕانکارییانە بگەڕێت و شیکردنەوەیەکی درووست پێشکەش بکات. دیاردەی کۆمەڵایەتی لای دۆرکھایم لە بەشی یەکەمی کتێبی ڕێساکانی میتۆدی کۆمەڵناسی، دۆرکھایم بەرەو دیاریکردنی سروشتی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان چوو، پێش دەستپێکردن بە دیاریکردنی ڕێساکانی ئەو میتۆدەی لە توێژینەوەکانیدا بەکاریدەھێنێت. دۆرکھایم دەڵێت دیاردەی کۆمەڵایەتی ھەموو ئەو شتانە نییە کە لە کۆمەڵگادا روودەدات، خواردن، خەوتن، خواردنەوە، تێڕامان، وڕێنەکردن دیاردەی کۆمەڵایەتی نین. بۆیە دۆرکھایم چەند نمونەیەک دەھێنێتەوە لە بارەی دیاردەی کۆمەڵایەتییەوە، دەڵێت: ڕێوڕەسم، دروشمە ئایینیەکان، نەریتەکانی کۆمەڵگا، سیستەمی ھاوسەرگیری، تەڵاق و خزمایەتی، ژن و ژنخوازی و تێرکردنی سێکسی و ئەرک و مافەکانی تاکەکان لە خێزان و کۆمەڵگا دیاردەی کۆمەڵایەتین. (تیۆرە کۆمەڵایەتییە پێشوکەوتووەکان، ل 298)

  بۆ ئەوەی بە دروستی لە دیدی دۆرکھایم بگەین، سەرەتا پێویستە بزانین مەبەستی لە دیاردەی کۆمەلایەتی چیە؟ –1 دیاردەی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی بابەتییە و بوونێکی تایبەتی لە دەرەوەی ھەستی ئەو تاکانە ھەیە کە تێبینی دەکەن و ھەستی پێدەکەن، چونکە لە دروستکراوی ئەوان نییە، بەڵکو ئەوان لەو کۆمەڵگایەدا وەریدەگرن کە تێیدا پەروەردە دەبن.

– 2 دیاردەی کۆمەڵایەتی شتێک نییە بەرھەمی بیرکردنەوەی تاک بێت، بەڵکو ھەڵقوڵاوی ژینگەی کۆمەڵایەتییە و پێش لە دایک بوونیان ھەیە.

 –3دیاردەی کۆمەڵایەتی وەک شتە. ئەمە ئەو خەسڵەتەیە کە دۆرکھایم لە دامەزراندنی کۆمەڵناسی پشتی پێبەستووە. چونکە فاکتە کۆمەڵایەتییەکان بە فاکتەکانی جیھانی دەرەکی چواند.دیاردە کۆمەڵایەتییەکان شتگەلێکی دەرەکین سەبارەت بە ھەستی تاکەکان. تاک دیاردەی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و بۆی ملکەچ دەبێت و، خۆی بەدەستەوە دەدات وەک ئەوەی ھێزێکی دەرەکی ھەبێت. ئەویش بێتوانایە لە گۆڕینی دیاردە، یاخود پێچەوانەکردنەوەی ئاڕاستەکەی، تا ئەوکاتەی فاکتەری بابەتی ویستی خۆی بەسەر تاکەکان دەسەپێنێت و وایان لێدەکات ڕەفتار بکەن بەپێی حوکم و دەقەکان، ھەروەک ئەمە حاڵەتی ئایین زمان و یاسایە.

– 4دیاردەی کۆمەڵایەتی خەسڵەتی پابەندێتی، یاخود ناچاری ھەیە، بەو مانایەی کە لەبەر ئەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە ھەست، یاخود بیرکردنەوە ولەدەرەوەی ویژدانی تاک بوونی ھەیە، بۆیە دەبێت خۆی بەسەر ھەست و ڕەفتاری تاکەکە بسەپێنێت. بەزانینی ئەوەی کە زۆرجار تاک ھەست بەو ناچارییە ناکات، چونکە ئەو وەڵامی دیاردەکان دەداتەوە لە ڕێگای نەریت و ترادسیۆنەکان.

 – 5دیاردەیەی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی مرۆییە، دروست دەبێت بە دروستبوونی کۆمەڵگا. بەم خەسڵەتەش لەو دیاردانە جیادەبێتەوە کە زانستە سروشتییەکان توێژینەوەی لەبارەوە دەکەن وەک ماتماتیک و فەلەکناسی و فیزیا و کیمیا و بایلۆجیا و جیۆلۆجیا و جوگرافیا...ھتد. بەھۆی ئەوەی کۆمەڵگای مرۆیی وەک شاھانشایەکی بچوک لەنێو گەردوونێکی گەورەدا، ئەو گەردوونەش ملکەچی یاسای جێگیر و پێوستە لە چەندین زانستی سروشتی پێفەیشتوو، بۆیە کۆمەڵگای مرۆیی ملکەچی ئەو یاسا کۆمەڵایەتییانەیە کە گوزارشت لە خۆی دەکات لەسەر شێوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی کە نەوەکانی کۆمەڵگا تێیدا دەژی. 

6 – دیاردەی کۆمەڵایەتی جیادەکرێتەوە بەوەی گوزارشتە لە ئامرازەکان و ڕێساکان و بارودۆخەکانی بیرکردنەوە و کاری مرۆیی. ئەو خەسڵەتەش سیفەتی مرۆییمان بۆ دیاری دەکات، وەک چوارچێوەیەک بۆ دیاردەی کۆمەڵایەتی.

 – 7دیاردەی کۆمەلایەتی جیادەبێتەوە بەوەی کە لەخۆوەیە، بەو واتایەی کە تاک یاخود تاکەکان دروستیان نەکردووە، بەڵکو دروستکراوی کۆمەڵگایە و بەشێوەی عەقڵێکی گشتی دێتە سەر شانۆ. 

–8 دیاردەی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی گشتییە، گشتگیری ئەو دیاردەیەش بەرھەمی خەسڵەتی ناچارییە کە پێی جیادەکرێتەوە. دیاردە دەبێتە گشتی چونکە خۆی بەسەر تاکەکان دەسەپێنێت لەسەرجەم لایەنەکانی کۆمەلگا، یاخود لە ھەندێک ناوچەدا. 

9 – دیاردەی کۆمەڵایەتی جیادەکرێتەوە بەوەی کە خەسڵەتی بەیەکەوە گرێدانی ھەیە. بەو مانایەی کە ھەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەیەکەوە گرێدراون لەگەڵ دیاردەیەکی تر لەکاتی ئێستادا، وەک پەیوەستی دیاردەی ئابوری بە دیاردەی سەربازی و سیاسی. ھەروەھا دیاردەی کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامییان ھەیە بە درێژایی ئەو قوناغە مێژووییانەی کە کۆمەڵگا پێیدا گوزەردەکات. (تیۆرە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووەکان، ل 299-301)

دەتوانین لەو خاڵانەی خستماننەڕوو بزانین دۆرکھایم چۆن دەڕوانێت بۆ دیاردەی کۆمەڵایەتی، دیاردەی کۆمەڵایەتی مرۆییە، واتە بان سروشت نییە، دیاردەی کۆمەڵایەتی جەبرییە، ئیختیاری نییە، دیاردەی کۆمەڵایەتی فاکتە... لە دیدی دۆرکاییمەوە کۆمەڵگا سەنتەرە نەک تاک، دەڵێت: ئەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەسنیشان دەکات ئێمە نین، ئەو ستراکتۆرە مۆراڵیانەیە کە لە مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانماندا دروستبوون و پێش لە دایکبوونی ئێمە لێرەن و دوای مردنی ئێمەش درێژە بە تەمەنی خۆیاندەدەن. ئەوە ژیانی تاکانەی ئێمە نییە کە ژیانی کۆمەڵایەتی درووستدەکات، بەڵکو ئەوە ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ژیانی تاکانەی ھەر یەکێک لە ئێمە درووستدەکات. (ئایین چییە، باخەوان، ل 184)

دۆرکھایم پێی وایە تاک زمان و ئایین و نەریت و ترادسیۆنەکان و پێوەرەکان و ئارەزووەکانی لە گروپ وەردەگرێت، ئەو گروپانەی پەیوەندیان لەگەڵ دەبەستێت و کارلێکیان لەگەڵ دەکات. فێربوونی ئەو دیاردە و ئەزمونە کۆمەڵایەتییانەش لە میانەی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتییبونەوە ئەنجام دەدرێت، کە لە قوتابخانە و کۆمەڵگای لۆکاڵی وەریدەگرێت. (تیۆرە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووەکان، ل 302- 303( ئێستا تاڕادەیەک دیدی دۆرکھاییمان ڕونکردۆتەوە دەربارەی کۆمەڵگا و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، ھێدی ھێدی دەچینە نێو بابەتەکەمانەوە ئایین لە دیدی دۆرکھاییمەوە. ئایین لە دیدی دۆرکھاییمەوە دۆرکھایم لە کتێبی شێوە سەرەتاییەکانی ژیانی ئایینی و خۆکوشتندا، لە سەر ئەو بۆچوونە پێدادەگرێت کە پێناسەی وردی دیاردەکان لە لێکدانەوە و شڕۆڤەی کۆمەڵناسانە گرنگترە. دۆرکھایم پێی وایە، لەنێوان پێناسە و ڕوونکردنەوەی تیۆریدا پەیوەندییەکی بەرچاو و حاشاھەڵنەگر ھەیە، ئەگەر بە ڕوونی پێناسە بکرێن، لە ئەنجامدا ڕوونکردنەوە زۆر بە ئاسانی جێبەجێ دەکرێت.

 میتۆد و شێوازی زاڵ لە کتێبی شێوە سەرەتاییەکانی ژیانی ئایینی بەم شێوەیەیە، سەرەتا چەمکەکان پێناسە دەکات، داواتر ڕەخنە لە توێژینەوەکانی پێش خۆی دەگرێت و ڕەتیان دەکاتەوە، لە کۆتاییشدا بیر و بۆچوونەکانی خۆی دەسەلمێنێت. (کۆمەڵناسی ئایین، علیزادە، ل 38-39) دۆرکھایم ئایین دەبەستێتەوە بە سروشت و گەوھەری گرووپە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئایین ئەوەندە پەیوەستە بە کۆمەڵگاوە کە بەبڕوای دۆرکھایم، ڕەگ و ڕەچەڵەکی تەواوی چەمک و گوتەزا و چینەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئایین. (تیۆرەکانی کۆمەڵناسی، غوڵامی، ل101)، ھەر ئەم ڕوانینەیە ھەندێك لە ھاوڕێ ھەرە نزیکەکانی لێی توڕە ببن، زۆر بەڕوونیش لە نامەیەکی جۆرج لاپی لە (7 مێی 1897) بۆ بۆگلێی ھاوڕێی دەنووسێت: دۆرکھایم ئێستا ھەموو شتەکان بە ئایین ڕاڤە دەکات. ھەموو شتەکان. قەدەغەکردنی ژنخوازی لە نێوان خانەوادەیەکدا، تەنانەت خەمۆکیش دەباتەوە سەر ئایین.(ئایین چییە، ل 186-187)، ھەر لەبەر ئەمەشە دۆرکھایم لە بری توێژینەوە لە ئایینە گەورەکانی وەک ئیسلام و مەسیحییەت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاییترین ئایینەکان. دۆرکھایم ھەوڵدەدات بە جۆرێک پێناسەی ئایین بکات ھەموو ئایینەکان بگرێتە خۆی، بە بڕوای دۆرکھام پێناسەی ئایین لە سەر بنیاتی باوەڕ بە جیھانی نادیار و سەروو سروشتی بۆتە ھۆی ئەوەی ناسینی ئایین لە لایەن زانایانەوە تووشی ئاستەم و دژواریبێت و ناسینی دروستی ئایین بە دی نەیەت.(تیۆرەکانی ئایین، ل 101)، دۆرکھایم پێی وایە پێناسەیەکی درووست نییە کە بڵێین ئایین باوەڕبوونە بە بونەوەرە ژوور سروشتییەکان، لە وێنەی خودا و خوداوەندەکان. چەنکە لە بنەڕەتدا ئەو کەسانەی لەژیانی سەرەتایی وچاخە بەراییەکاندا ژیاون بەو شێوەیە بیریان نەکردۆتەوە. لە ژیانی بەراییدا خەڵکی نەھاتون بیر لە جیھانی جیاواز بکەنەوە، وە جیھانیان دابەش نەکردوە بۆ جیھانی ژوور سروشتی و جیھانی سروشتی. ئەوەی وابیردەکاتەوە خەڵکە ئاییندارەکانی نێو کلتورە پێشکەوتووەکانن، ھاوچەرخەکان زۆر لە ژێر کاریگەری گریمانە و یاسا سروشتییەکانی زانستدان، لە کاتێکدا خەڵکە بەراییەکان وانین، بەلای ئەوانەوە ھەموو ڕوداوەکان چ سیحر ئامێز و چ ئاسایی ھەردووکیان سەر بەیەک چەشنن. لەوەش زیاتر چەمکی خوداوەند بۆ خۆی گرفتێکە، چونکە ھەموو ئاییندارەکان باوەڕیان بە بوونی خوداکان نییە، ئەگەر چی باوەڕیان بە ژوور سروشتیش ھەبێت. بۆ نمونە بوداییەک، نکوڵی لە بوونی خودا دەکات، لە کاتێکدا خەڵکانی تر بەشێوەیەکی ڕۆتینی مومارەسەی ئەو ڕۆتینانە دەکەن، کە بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە ڕۆحەکان یان خواوەندەکانەوە نییە. (حەوت تیۆر دەربارەی ئایین، ل 166-167)، کەواتە بەلای دۆرکھاییمەوە شتێکی حاشا ھەڵنەگرە ئایین پێویستی بە پێناسەیەکی تازەتر ھەیە، وەلێ لە ھەنگاوی یەکەمدا پێویستە دەستبەرداری پێناسە کۆنەکە ببێت. دۆرکھاییم بە دوای شتێکدا دەگەڕێت کە لە ھەموو ئایینەکاندا ھاوبەشبێت و زۆرترین تەرکیزی لەسەر بێت، دۆرکھایم پێی وایە ھەموو ئایینەکان جیھان و شتەکان دابەش دەکەن بۆ بەش، پیرۆز و ناپیرۆز، ھەربۆیە پێناسەی ئایین دەکات و دەڵێت: سیستەمێکە لە باوەڕ و ئاکاری پەیوەست بە شتە پیرۆزەکان، ئەو باوەڕ و ئاکارانەی کە ھەموو پێڕەوکارانی لە چوارچێوەی کۆمەڵێکی یەکگرتوودا کۆدەکاتەوە. (تیورەکانی کۆمەڵناسی ئایین، ل 101)، دۆرکھایم لە پێناسەکەیدا سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ دوو خاڵی جیاکەرەوەی ئایین لە شتەکانی تر ئەوانیش:

‌أ – جیاکردنەوەی جیھان بۆ دوو بەش: بە بۆچونی ئەو لە ئاییندا جیھان جیادەکرێتەوە بۆ پیرۆز(ساکریە)، وە ناپیرۆز (پروڤان) واتە ھەموو شتێکی ناپیرۆز و نائایینی دەگرێتەوە. بەگشتی ئەم بۆچونە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ھەموو شتەکان بەشکراون بۆ پیرۆز و ناپیرۆز، بۆنمونە لە کۆندا عەرەبی پێش ئیسلام بەلایانەوە باش نەبوو لە دوای نیوەڕۆ کار بکەن، چایان دەخواردەوە و قسەیان دەکرد، بەڵام کارنا. ھەروەھا تەنانەت ڕۆژەکانی ساڵیش دابەشکراون بۆ پیرۆز و ناپیرۆز بۆنمونە ڕۆژی 13 مانگ بە ڕۆژێکی شوم دادەنرێت لەلای ئێرانییەکان لەسەرەتای ھەموو ساڵیکی ئێرانی. یاخود گۆڕی کەسێک پیرۆزدەکرێت و دەستلێدان و جۆرێک لە ئاھەنگ گێڕان لەدەوری شتێکی پیرۆزە. پروڤان یان ناپیرۆز بەواتای ئەوە نایەت شتێکی پیسە، یان خراپە، بەڵکو شتێکی مادی و ئاساییە. (تأریخ معریفة الادیان، لە الاعمال الکاملة لشریعتی،ج8 ، ص 160-161(.

ب – کۆبونەوە لە گروپێکدا: لە توێژینەوە کۆمەڵناسی و ئەنسرۆپۆلۆییەکانی پێشیندا پێیان وابوو کە ئایین و سیحر یەک شتن، وە ھەر دووکیان بە یەک شێوە کاردەکەن، بەڵام زانایانی نوێی کۆمەڵناسی و بەتایبەتی دۆرکھایم دەڵێن لە بنەڕەتدا سیحر و ئایین دوو شتی تەواو جیاوازن و دژی یەکن، سیحر حاڵەتێکی تاکییە، بەڵام ئایین وێنەیەکی کۆمەڵی و گرووپی وەردەگرێت. ھەموو طقوس و سروتەکان بەشێوەیەکی گرووپی ئەنجامدەدرێن، وە تاکەکانی کۆمەڵگە وا دەڕوانن کە ئەم کارانە پیرۆزن، ھەروەھا یەک ھەست و شعوریان ھەیە، ئامادەن ھەندێکیان لە پێناو ھەندێکی تریان بکەنە قوربانی، وەک چۆن ئامادەن لە پێناو گروپیش خۆیان بە قوربانی بکەن. بەڵام سیحر کاردەکات بۆ ھێنانەدی بەرژەوەندی تاک بەپێچەوانەی ئایینەوە، ئایین دەتوانێت یەک ڕۆحی گشتی دروستبکات و پیرۆزیەکی تایبەت ببەخشێت بە کۆمەڵگا.(تأریخ و معرفة الادیان، لە الاعمال الکاملة لشریعتی، ج 8 ،ص 185-187(. جیاکردنەوەی پیرۆز و ناپیرۆز بە واتای ئەوە نایەت کە پیرۆز باشە و ناپیرۆز خراپە، ب ئەم جیاکردنەوەیە جیاکردنەوەیەکی ئاکاری نییە، دەشێت پیرۆز باش بێت یان جراپ بێت، وە شتی ناپیرۆزیش دەگونجێت باش بێت یان خراپ بێت. پیرۆز بە گشتی لە پاڵ ئەو شتانەدا سەرھەڵدەدات کە لۆمەڵگا گرنگییان پێدەدات، بەڵام ناپیرۆز بە گشتی پەیوەندی بە کاروبارە تایبەتییەکانی تاکەکانەوە ھەیە.(حەوت تیور دەربارەی ئایین، ل 167-168)، تەوتەم: وشەی تۆتەم بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1791 بە کارھێنرا لە لایەنج.لونگ، لە سەرەتادا وا گومان دەبرا کە تەوتەمیەت پەیوەستە بە ھۆزەکانی ئەمریکاوە، بەڵام لە ساڵی 1841 توێژەر ‌غری ئەوەی خستەڕوو کە مومارەسەی ھاوشێوە ھەیە لە نێو ھۆزەکانی ئوستورالیا.(موسوعة تاریخ الادیان، ج1 ص 43)دۆرکھایم کە پێناسەی ئایین دەکات و پێی وایە ئایین جیاکردنەوەی پیرۆزە لە ناپیرۆز. وە پێی وایە کە ئەو پێناسانەی تر کە بۆ ئایین کراون پێناسەی درووست و تەواو نین، دۆرکھایم پێی وایە بۆ ئەوەی بە ڕێکی و درووستی لە ئایین و جەوھەری ئایین بگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاییترین شێوەی ئایینداری، بە بۆچونی دۆرکھایم ھۆزەکانی ناوەڕاستی ئوستورالیا کۆنترین و سادەتریین ھۆزن، بە بەراورد بە ھۆزەکانی تر، دۆرکھایم ھۆزەکانی ناوەڕاستی ئوستورالیا وەردەگرێت و دەیانکاتە بنەما و بنەڕەتی توێژینەوەکەی، دۆرکھایم سەرنجی دا ئەو ھۆزانە سیسەمێک لە نێویاندا ھەیە گرنگیەکی گەورەی ھەیە لەژیانیندا، ئەویش سیستەمی ھۆزە، پەیوەستی و پێکەوەیی ئەو ھۆزانە لەڕێگەی خوێنەوە نیە، بە ڵکو ناوێک بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، ئەو ناوە شتێکی مادیی دیاریکراوە، کە ھۆزەکە لە ژێر سێبەریدا پێکەوە پەیوەست دەبن، بەو شتە دەوترێت تەوتەم، ئەو تەوتەمە تەوتەمی یەک بە یەکی ھۆزەکەیە، ھەموو ھۆزێکیش تەوتەمێکی تایبەت بە خۆی ھەیە، تەوتەم ھەندێک جار ئاژەڵە یان ڕووەکە، ھەندێک جاریش مادەیەکی مردوە، تەوتەمەکە خواردن و کوشتنی حەرام دەبێت لە لایەن ھۆزەوە، جگە لە چەند بۆنەیەکی دیاریکراو کە دەتوانن تەوتەمەکە بخۆن و ڕاوی بکەن، ئەگەر کەسێکیش تۆتەمەکەی خوارد ئەوا سزای مردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، چونکە بە بۆچونی ئەوان ئەو تۆتەمە میرۆزە و نابێت بچێتە شوێنێکی نا پیرۆزەوە، بەڵام ھەندێک لە ھۆزەکان بۆ ھەندێک لە تاکەکانیان کە دەگەنە تەمەنێکی دیاریکراو ڕێگەیان پێدەدرێت ئەو ئاژەڵە یان ڕووەکەکە بخۆن. (العقیدة الدینة نشأتھا و تطورھا، ص 68-69، بە دەستکاریەوە.) دۆرکھایم سەرنجی دا کە لە ھۆزە سەرەتاییەکانی ئوستورالیا گیانەوەرەکانی تر جگە لە تەوتەمەکە، ھەموویان نا پیرۆزن و ھۆزەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی بیانکوژێت و بیانخوات، بەڵام گیانەوەرە تەوتەمەکە نا، چونکە ئەو پیرۆزە، بە تەواوەتی لە ھۆزەکە قەدەغەکراوە، جگە لە بۆنە دیاریکراوەکاندا نەبێت کە وەک بەشێک لە نەریتە تایبەتەکان ئەنجامدەدرێت، بە شێوەیەکی سورتئامێز دەکرێت بە قوربانی و دەخورێت. بەمەش خودی ھۆزەکە بە پیرۆز لە قەڵەم دەدرێت، چونکە لەگەڵ تەوتەمەکەدا بووە بەیەک. (حەوت تیۆری دەرباەری ئایین، ل 171) بە بۆچونی دۆرکھایم تەوتەم بەرھەم نیە، درێژکراوەی فۆڕمێکی بنەڕەتیتری ئایین نیە، ئەو خۆی سەرچاوەیەکە ھەموو شێوەکانی تری پەرستشی ئایینیی چ ئانیمزم بێت یان پەستنی خواوەندەکان، ئاژەڵ، ڕووەک یاخود ئەستێرەکان بێت لە تەوتەمەوە سەرھەڵدەدەن. لە یەکەمین تێڕوانیندا وا دەردەکەوێت تەوتەمیزم یەکێک بێت لە تەرزە باوەکانی ئایین: جۆرێک لە پەرستنی گیانەوەر یان ڕووەکە نەک زیاتر، بەڵام دۆرکھایم پێ دادەگرێت و پێی وایە کە ئێمە کاتێک لیی ورد دەبینەوە، دەردەکەوێت شتێکی تەواو جیاوازە، شوێنکەوتوانی قەلەڕەش ناچن بۆق یان تووتی سپی بپەرسن، بەڵکو خەریکی پەرستنی ھێزێکی نەناسراوی نا کەسی دەبن، لە ھەریەکێک لە وانەدا بوون دەدۆزنەوە، بەڵام لەگەڵ ھیچیاندا تەبا نابن.( حەوت تیۆری دەربارەی ئایین، ل 173)، تەوتەمیزم دەبێتە ھێزێکی بێ شووناسی ناکەسی و خۆی فڕیدەداتە نێو بوونی ھەر یەکێک لە باوەڕدارەکانی، بە بێئەوەی تێکەڵ بە ھیچ کامیان ببێت. ھیچ کەسێک لە باوەڕدارەکان ناتوانێت بە تەواوی دەستی لێ گیر بکات، چونکە ھەمیشە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە ھەموو لایەک خۆی دەردەخات، ھەر باوەردارێک پێیوایە کە خاوەنیەتی، بە بێئەوەی ھیچ کەس خاوەنی سەد لە سەدی بێت. لێرەوە تەوتەم دەبێت بە خودا، بەڵام خودایەکی ناکەس و بێ ناو و بێ مێژوو. (ئایین چییە؟، ل 200) لێرەوە دۆرکھایم دەگاتە ئەوەی کە خودا و ھۆز یەک شتن، سەرەتا ئەوەمان خستە ڕوو کە دیاردەی کۆمەڵایەتی چی دەگەیەنێت، وتمان دیاردەی کۆمەڵایەتی جەبریە و ئیختیاری نییە، دۆرکھایم ھەموو شت دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگە، ھەر بۆیە ڕەخنە دەگرێت لەوانەی کە ئایین یان ھاوسەرگیری و خێزان دەگەڕیننەوە بۆ فیترەت، دەلێت: ھیچ یاسا و ڕێسایەکی ڕەوشتیمان نییە لە خودی خۆیدا، بەڵکو ئەوە کۆویژدانە ھەموو شتێک دەگۆڕیت لە ژیانی تاك، وە دەسەڵاتی ھەیە بەسەریاندا و ھەڵیان دەسوڕێنێت، وە دەیسەپێنێت بەسەریاندا لە بیروباوەڕ و رەفتار..(حول التأصیل الاسلامی للعلوم الاجتماعیة، ص 105، بە دەستکاریەوە) بە کورتی تەوتەم لە یەك کاتدا ھێمای خواوەند و ھۆزیشە، چونکە خوداوەند و ھۆز یەک شتن، لە فۆڕمێکی تۆکمەدا دڵسۆزی بۆ خوداوەندێکی نێر یان ژنە خوداوەندێک ئەوەیە مرۆڤەکان گوزارشت لە دڵسۆزی خۆیان بۆ ھۆزەکەیان بکەن. (حەوت تیۆر، ل 175) لەم ڕوانگەیەوە ئایین داھێنراوێکی کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگە دای ھێناوە، خودا خودی کۆمەڵگایە، ئەوە کۆمەڵگایە بەرز بۆتەوە و براوەتە ئاسمان، ئەوەش لە پێناو پاراستن و بەرژەوەندی کۆمەڵگادا بووە، ھەروەھا ڕەوشت و خێزان و پرۆسەکانی ھاوسەرگیری ھەموویان کۆمەڵگا دیاریکردون و بوعدێکی بان سروشتیان نیە، خودا بوونی نیە، ئایینەکان دروستکراوی دەستی کۆمەڵگان.ڕەخنە لە دۆرکھایم دۆرکھایم وەک ھەر زانایەک و توێژەرێکی بواری کۆمەڵناسی ڕوو بەڕووی ڕەخنە بۆتەوە، کە دەتوانین بە چەند خاڵێک بیانخەینە ڕوو:

1- دۆرکھایم خەسڵەتی بەرچاوی لێکۆڵینەوەکەی بایەخدانە بە یەك دانە کلتور، واتە کۆمەڵگا ڕەسەنەکانی ئوستورالیا، ئایینیشی ھەر بەو ئاقارەدا لێکداوەتەوە، دۆرکھایم پشت بە ڕاپۆرتە ئەتنۆگرافییە زۆر ناودارەکانی سیبنسەر و فیلین دەبەستێت. بە شێوەیەكی تۆکمە تۆکمە تیۆرەکەی لەسەر ئەو بەڵگانە دادەمەزرێنێت کە ئەوان دەستیان خستوە... ئەم خەسڵەتە لاوازی ناوەکی تیۆرەکەی دۆرکھایمە، ھەر لەسەردەمی خۆشیدا ڕەخبەی لێ گیرا، گاستۆن ڕیچاردی سۆسیۆلۆجیست، کە پێشتر لەگەڵ دۆرکھایمدا کاری کردبوو، بە وردی ڕاپۆرتە ئوستورالیەکانی تاقیکردەوە و دەریخست کە دەتوانرێت ئەو بەڵگانە لە چەند جێگایەکدا تەواو بە پێچەوانەی بەرئەنجامەکانی دۆرکھایمەوە بسەلمێنرێت، ڕایگەیاند کە بەشی زۆری تیۆریەکەی دۆرکھایم پێش ئەوەی سەیری ڕاپۆرتە ئوسورالیەکان بکات داڕێژراوە، جگە لەوەی ھەندێك پرسیار دەکەن کە ئایە ڕاپۆرتە ئوسورالیەکان بۆ خۆیان دروستن؟(حەوت تیۆر، ل 196-197)، ئەو پرسیارە گرنگە ئایە بە ڕاست خودی ڕاپۆرتەکان بۆخۆیان دروستن؟ ھەموو ئەو تیۆریانەی لەسەر ھۆزە سەرەتاییەکان بیناکراون جێگەی گومانن، چونکە ئەو کەسانەی چونەتە ئەو سوێنانە لە ھەموو ڕویەکانەوە نەیانتوانیوە توێژینەکانیان ئەنجامدەن لەسەر ھۆزەکان، جگە لەوەی گەشەنەکردنی زمان بە شیوەیەکی بەرچاو ڕەنگە ڕێگر بووبێت لە تێگەیشتن لەو ھۆزانە، بەتایبەت کە ئەو ھۆزانە خاوەنی کەلەپورێکی نوسراو نین، ئەمەش وادەکات تێگەیشتن لەو ھۆزانە ئاسان نەبێت و گومان بکرێت لەو زانیاریانەی لەسەریان دەگویزرێتەوە بۆمان. نمونەشمان ھەیە کە دوو زانا توێژینەوەیان لەسەر یەک شوێن کردوە و ئەنجامی جیاوازیان داوە پێمان، مستر مان چەند ساڵیک لە دورگەکانی ئاندمان توێژەنەی کرد و، لە ساڵی 1882 توێژینەوەکەی بڵاو کردەوە، دواتر مستر براون لە ھەمان شوێن واتە دورگەکانی ئاندمان توێژینەوەی کرد و لە ساڵی 1922 توێژیەوەکەی بڵاو کردەوە، زۆرینەی زۆری کتێبەکەی براون پێچەوانەی کتێبەکەی مستر مان بوو. (الدین، ص 148) ھەروەھا بەشێک لە توێژەران گومان لەوە دەکەن، کە ئەو ھۆزانەی دۆرکھایم بە سەرەتاییترین ھۆزیان دادەنێت وا نەبێت، یەکێک لەو توێژەرانە ڕؤبێرت شمیتە کە لە ئوستورالیا توێژینەوەی کردوە و گەیشتوە بەوەی کە ئەو ھۆزانە بە پێچەوانەی بؤجونی دۆرکھایمەوە، پێشەکوتورین و گەشەسەندو ترین ھۆزەکانن، کۆنترین ھۆزەکان ھۆزەکانی باشوری ڕۆژھەڵاتن، کە ئەو سیستەمی ئەلقابی ئاژەڵییەیان تێدا نییە، لە ھەمان کاتدا لە لای ئەوان باوەڕی خودای باڵا بوونی ھەیە بە شێوەیەکی ڕوون. (الدین، ص 150(.

2- بە پێچەوانەی دۆرکھایمەوە چەند توێژەری دی ئەوەیان خستۆتە ڕوو، کە بیرۆکەی خودای باڵا لە نێو زۆرێک لە ھۆزە سەرەتاییەکاندا ھەبووە. ئەندرێ لانج باوەڕی خودای باڵای لە لای ھۆزە ھەمەجیەکانی ئوستورالیا خستۆتەڕوو، ھەروەھا ھەمان بیری لە لای ھەمەجیەکانی ئەفریقیا و ئەمەریکاش خستۆتە ڕوو. شریدەر باوەری خودای بالای خستۆتە ڕوو لە لای ئاریە کۆنەکان، برۆکلمانیش لە لای سامیەکانی پێش ئیسلام ھەمان باوەڕی دووپات کردۆتەوە. ھەریەک لە لاڕواھ و کاترفاج ھەمان باوەڕیان لەلای ھۆزەکانی ناوەراستی ئەفەریقیاخستۆتە ڕوو. (الدین، ص 110(جگە لەوەی زانای بە ناوبانگی بواری ئایین و زمان و ئەنسرۆپۆلۆجیستی نەمساویی وفیلھیلم شمیدت، ھەستاوە بە توێژینەوەیەک لەسەر ھۆزە سەرەتاییەکان، پرۆژەکەی لە ساڵی 1912 دەستپێکرد و لە ساڵی 1954 کۆتایی پێھێنا، لە دووتویی 12 بەرگدا. واتە بۆ ماوەی 32 ساڵ پێوەی خەریک بووە، شمیدت لە ئەنجامی توێژیەوەکەیدا گەیشتە ئەو باوەرەی کە ھۆزە سەرەتاییەکان بە گشتی باوەڕیان بە خودایەکی تاك ھەیە لە ئاسمان، خودایەک خاوەنی ھەموو چاکەیەکە و زانستی بێ ئەندازەیە. شمیدت باوەری وا بوو کە ھۆزە سەرەتاییەکان لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە یەک خودا ھەبوە، دواتر بەرەو فرە خوایی ڕۆشتون، بە پێی توێژیەنەوەکەی شمیدت کۆنترین سیستەمی ئایینی یەکتاپەرستی بووە. (علم الادیان، ص 235( جگە لەوەی شمیدت دەڵێت: کە بەشێک لە ھۆزەکان بە سیتەمی تەوتەمدا نەڕۆیشتون و پێی ئاشنا نین، لەگەڵ ئەوەشدا ئاییندارن و ئایینیان ھەیە.(نفسیة الالحاد، ص 35(ھەروەھا ئیدوین ئۆلیڤەر جەیمس ئەنسرۆپۆلۆجیستی بەریتانی ھاورایە لەگەڵ لانج و شمیدت و، لە خستەنە ڕووەکەیان و پەیڕەوی لەو بۆچونە دەکات کە خودای تاقانەی بەرز بنچینەیە لەلای مرۆڤی سەرەتایی، لە ئێستایشدا ئەمە بارودۆخی ھۆزە سەرەتاییەکانی سەر زەویە، کە ھێشتا لەسەر ڕاوشکار و کۆکردنەوەی بەروبومەکان دەژین، ھۆزەکانی ئەپۆرجیناڵ لە ئوسوتورالیا و فوێگیانس لە ئەمریکای باشور و ھۆزەکانی کالیفۆڕنیا، کورتە باڵاکان لە ئەفرقیا، ھەموو ئەو ھۆزانە پارێزگارییان لە سەرەتایی خۆیان کردوە و بە ھیچ قۆناغێکی پەرەسەندندا تێنەپەڕیون. ھەروەھا ئینرایچ بەھەمان شێوە دوای توێژینەوەکەی لەسەر ھندیە سورەکان ئەنجامیدان گەیشتە ئەو باوەرەی خودای تاکی باڵا بنەرەتە. فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک سچێڵینگ لە کتێبەکەیدا فەلسەفەی میسۆلۆجیا، پێی وایە لەسەرەتادا یەکخواپەرستی ھەبوە بەر لەوەی بچێتە قۆناغی فرە خوداییەوە. (ئیلحاد گرفتێکی دەروونیە، ل 104( ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە خودی دۆرکھایمیش ئاماژەی بەھەمان باوەڕ کردوە لەلای ھۆزەکانی ئوستورالیا، دۆرکھایم دەڵێت: بەشێک لە ھۆزەکانی ئوستورالیا گەیشتون بە باوەڕی خودای باڵا، یان خودای تاك، ئەو خودایە بوویەکی ھەربوویی و ئەبەدی بووە، خۆر و مانگ و ئەستێرەکان بە فەرمانی ئەو سوڕاون، ھەورەگرمە و بروسکەی ناردوە، ئاژەل و ڕوەکی دروستکردوە، مرۆڤی لە خۆڵ دروستکردوە و ڕوحی کردوە بە بەریدا، مرۆڤی فێرکردوە و پەرستشی بۆ داناوە و دوای مردن لێپرسینەوە لە مرۆڤ دەکات لەسەر کردەوەکانیان. دۆرکھایم پێی وایە بە پێچەوانەی باوەڕی تایلۆرەوە، ھەموو ئەم باوەرانە لە موژدەدەرە مەسیحیەکانەوە وەرنەگیراون. (الدین، ص 151( وەك دەبینین بۆچونەکان ھەمەچەشن و فرەن، بۆیە زۆر نازانستییە ئەو بۆچونانەی دۆرکھایم، کە لەسەر ئەو ھۆزانە وەری گرتون لە سیبنسەر و گیلینەوە وەک ڕاستیەکی ڕەھا تەماشا بکرێن، چونکە بۆچونی پێچەوانە ھەن و ئەوانیش بەڵگەیان پێێە، تەنانەت ئەندرۆ لانگ کە خوێندکاری تایلۆر بوو، دوای توێژیەوەیەکی قوڵ لە کتێبەکەیدا صناعة الدین، 1898، گەیشت بەوەی زۆرێک لە ھۆزە سەرەتاییەکان باوەڕیان بە ھێزی باڵا ھەبوە، یانی ڕۆحی گەورە، یان خودای دروستکەر، ھەر بۆیە بەتوندی دژایەتی تیۆری تایلۆری مامۆستای کرد، رەخنەی لە زنجیرەی پەرەسندنەکەی تایلۆر گرت، کە پێی وایە لە ڕۆحانیاتەوە ڕۆیشتوە بۆ فرەیی و دواتر بۆ یەکخواپەرستی. توێژینەوەکانی لەسەر ھۆزەکانی باشوری ئوستورالیا و سامانگی مالیزیا ئەنجامدا، کە ھۆزانێکن پەرستشی سروشت یان گەورە لە نێویاندا نییە، ھەر ئەمەش دەکاتە نمونە بۆ بە درۆخستنەوەی وێنە تەتەوریەکەی تایلۆر، لانگ پێی وابووە کە مرۆڤ شتێکی دروست کردوە لۆژیکیەن بۆ ئەوە چوە کە دەبێت کائینێک ھەبێت شتاناێک دروستبکات مرۆڤ پێی دروست نەکرێت، ھەرچەند لانگ پێی وایە مرۆڤ ئایینی ھێناوەتەدی.( میشیل مسلان، علم الادیان، ص 65(. کۆتایی ئەم ڕەخنەیە بە وتەیەکی ئەنسرۆپۆلۆجیستی ھۆڵندی ناسراو لە بواری ئەفریقیا ئاڕنۆڵد ڤان جینیبی دەھێنین، ئاڕنۆڵد دەڵێت: لە ماوەی دە ساڵدا سەرلەبەری شیکردنەوەکەی دۆرکھایم بۆ ماددە ئوسورالیەکە بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە، ئەمە گەورەترین خەرمانی فاکتە ئەتنۆگرافیە بێکەڵکەکانە کە تائێستا بینیبێتم. (حەوت تیۆر دەربارەی ئایین، ل 197(

 3- دۆرکھایم پێی وایە مرۆڤی سەرەتایی نەیتوانیوە بیربکاتەوە، واتە بەشیوەیەکی ھۆکاری بیربکاتەوە و بگەڕیت بە شوێن دروستکەردا، یان بیر لە دیاردەکان و بونەوەر بکاتەوە. بەڵام ئەوە پوچەڵ بۆتەوە، جەستین باریتی دەروونناس بیرکردنەوەی ھۆکاری لای منداڵیش دەسەلمێنێت نەک گەورە، باریت دەڵێت: ڕەنگە جیاوازی نێوان منداڵان وکەسانی پێگەیشتوو بریتیبێت لە ڕیزبەندی شتەکان کە مەبەستەکان دەدرێنە پاڵیان، خەڵکی بە ھەموو تەمەنەکانەوە پێشبینی ئەوە دەکەن کە بەسەکانی ئاژەل یان درەخت مەبەست و ھۆکاریان ھەیە، ھەروەھا ئامێر و ئامراز و دروستکراوەکانی تری مرۆڤ ھۆکار و مەبەستیان ھەیە. باریت ئاماژە بە چەندین تاقیکردنەوە دەکات کە پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە. بۆ نمونە تاقیکردنەوەیەکی کیلیمنمان بۆ دەخاتەڕوو، کە دوو کەسی خەیاڵی بەناوەکانی بێن و جەین پێشەکەش بە بە منداڵان کرد، یەکێکیان دەیوت کە شتێک بۆ مەبەستێک دروست بووە، ئەوی تر لەگەڵی ناکۆک بوو، منداڵە جوار بۆ پێنج ساڵانەکان پرسیاریان لێکرا کامیان ڕاستن، بین یان جەین. ڕەنگە سەرسوڕھێنەربێت ئەم منداڵە ئەمریکیە چوار بۆ پێنج ساڵانە ھاوران کە شتە سروشتیەکان و زیندووەکان ھاوشیوەی شتە دەستکردەکانی مرۆڤ بۆ مەبەستێک دروستکراون. (لە دایكبوون بە باوەرداری، ڵ 53-55)زۆر نمونە ھەن لە کتێبەکەی باریت، کە منداڵان دەتوانن بیر لە خوداش بکەنە و منداڵ بە سروشت باوەڕدارن. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو بۆچونە بۆخۆی ناڕێکە کە پێمان وابێت مرۆڤە سەرەتاییەکان نەیانتوانیوە بیر لە بوون بکەنەوە، بەڵکو بیریان لێکردۆتەوە، بوونی ئەو ھەموو ئەفسانەیە لە ھەموو کلتورە جیاوازەکان، دەرخەری ئەو ڕاسیەن مرۆڤە سەرەتاییەکان بیریان کردۆتەوە و بە دوای وەڵامی پرسە وجودیەکانیش گەڕاون، جا بە شیوازی جۆرا و جۆر گوزارشتیان لێکردوە.

4- یەکێکی تر لە ھەڵەکانی دۆرکھایم ئەوەیە کە مادەم ئایین ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی ھەیە، ىریاری داوە ئایین تەنھا ڕۆڵی کۆمەڵایەتیە، ئەمەش دروست نییە، یەکێک لە ڕۆڵەکانی ئایین کۆمەڵایەتیە، نەک ئایین تەنھا لە چوارچێوەی ڕۆڵە کۆمەڵەیتیەکەیدا قەتیز بکرێت، ئەو ڕوانینیەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت دۆرکھایم ھەموو دیاردەکان لە چوارچیوەی کۆمەڵگادا شیکار دەکات، لە ژێر سێبەری کۆویژداندا، وەک لەسەرەتاوە خستمانەروو دیادرەی کۆمەڵایەتی لای دۆرکھایم جەبریە، کۆ ویژدان دەیسەپێنێت بەسەر تاکدا، لێرەوە دەڵێت ئایین ھەمان ئەو کۆ ویژدانەیە سەرخراوە بۆ ئاسمان، ئایین لە روانگەی دۆرکھایمەوە ئاڕاستە دەکرێت، کارتێکراوە، نەک کارتێکەر بێت، واتە ئایین لە لایەن کۆمەڵگاوە ئاڕاستە دەکرێت ئاراستە ناکات.خوێندنەوەکەی دۆرکھایم دەچیتە چوارچێوەی خوێندنەوە یەک دووریەکانەوە، ئەو جۆرە خوندنەوانەش خوێندنەوەیەکی ئاسان و کەموکورتن، لەم زەمەنەشدا کە زۆرێک لە زانستەکان ئەوەمان بۆ تۆخ دەکەنەوە کە ناکرێت تاکە خانەیەک لە خۆوە ھاتبێتە بوون، ئەوا داماوییە بە خوێندنەوەیەکی یەک دووری دۆرکھایم قەناعەت بکەین. 5 – عەلی شەریعەتی ڕەخنەیەکی ورد لە دۆرکھایم دەگرێت، شەریعەتی دەڵێت: زانایانی وەك تایلۆر و سیبنسەر و مۆلەر ئەوەیان خستۆتەڕوو کە لە ئوستورالیا و ئەمریکای باکور ھۆزێک باوەڕ و ئایینی ھۆزێکی تری وەرگرتوە، وە ئەوەیان بەیان کردوە کە چۆن ھۆزێک کاریگەر دەبێت بە ئایینی ھۆزێکی دی لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون پێێ. ئا لێرەدا دژیەکیەک ھەیە لە فکری دۆرکھایمدا، ئەگەر تەوتەم درەوشانەوەی قەومی و کۆمەلایەتی بێت، ئایینیش جگە لەوە شتێکی دی نەبێت، چۆن ھۆزێک ئامادەیە تەوتەمی ھۆزێکی دی وەربگرێت کە گوزارشتە لە گیانێکی کۆمەڵایەتی جیاواز؟ چۆن لە ھەمانکاتدا تەوتەمێک دەبێتە ئاڵا و پێناس و جیاکردنەوەی ھۆزی ئەلف لە ھۆزی با، بەڵام ھۆزی ئەلف تەوتەمی ھۆزی با وەردەگرێت؟ کاتێک دۆرکھایم و خوێندکارەکەی فیلیسن چالیە، پێمان دەڵێن لە ویلایەی ملانزی پێنج ھۆزی لێکدابڕاو ھەن، واتا پێنج کۆمەڵگای جیاوازمان ھەن، پێویستە پێنج تەوتەمی سەربەخۆشمان ھەبێت، وە پێنچ گیانی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ، ھەتا لێک جیاببنەوە و ھەر یەکە و گوزارشت لە خۆی بکات. ئا لێرەدا کاتێک ئەو ھۆزانە باوەر و نەریتی یەکتر وەردەگرن دەبێت بڵێین تەوتەم درەوشانەوە و پەیوەستی تاکە بە کۆمەڵەوە، بەڵام ھەستی ئایینی ھەستێکی جیاوازە. (الاعمال کاملة لشرعتی، ج 8، تریخ ومعریفة الادیان، ص 152-154)ئەگەر نمونەیەک لەسەر ئەمە بھێنینەوە، کورد خاوەنی ھەستی نەتەوەیی و ئالای تایبەتی خۆیەتی، ئەڵمانیەکیش بەھەمان شێوە، ئەڵمانیا ئاڵای کوردوستان قبوڵ ناکات، بە پێچەوانەشەوە، بەڵام فکر و کلتور وئایینی یەکتر کاریگەری دەبێت لەسەرییان دەشگونجێت قبوڵی بکەن و پەیڕەوی لێبکەن، ئالاکە تەوتەمەکەیە، کە تەیبەتە بە ھۆز یان گەلێکی تایبەت، بەلام ئایین جیھانییە و پەیوەست نیە بە ھۆز و گەلێکی تایبەت و دەگوێزرێتەوە و لەلایەن گەلە جۆراوجۆرەکانەوە وەردەگیرێت.


سەرچاوەکان

حەوت تیۆر دەربارەی ئایین، دانیاڵ ل. پاڵس، و. ئاوات ئەحمەد، 2007.
ئایین چییە؟ دانیاڵ ھێرڤیۆ لێژێ، ژان پۆڵ ویلەم، ئیروان دیانتەڵ، میشیل لووی، و. عادل باخەوان، سەردەم، سلێمانی، 2007.
تیۆرە کۆمەلایەتیە پێشکەوتووەکان، د.ئیحسان محمد حەسەن، و. دیدار ئەبوزێد، چاپخانەی ڕۆژھەلات، 2010.
کۆمەڵناسی ئایین، خالید عەلیزادە، ناوەندی گوتار، سەقز، 1395.
تیۆرەکانی کۆمەڵناسی ئایین، ئەحمەد غولامی، چاپەمەنی مانگ، 2017.
ئیلحاد گرفتێکی دەروونیە، عمرو شەریف، و. موزەفەر عەوڵا قەسرێی، تەفسیر، 2019.
لەدایکبوون بە باوەرداری، جەستین باریت، و. ئاراس عیزەدین، ناوەندی ڕێنوین، 2019.
علم الادیان، خزعل الماجدی، مؤمنون بلا حدود، 2016.
علم الادیان، میشال مسلان، ترجمة. عزالدین عنایة، کلمة و المرکز الثقافی العربی، 2009.
الدین بحوث ممھدة لدراسة تاریخ الادیان، محمد داراز، مؤسسة اقرا، 2007.
العقیدة الدینیة نشأتھا وتطورھا، فرج اللە عبدالباری، دار الافاق العربیة، 2006.
نفسیة الالحاد، پول سی. فیتز، ترجمة. مرکز دلائل، 1438. الاعمال الکاملة، مجلد8، تاریخ ومعرفة الادیان، علی شریعتی، ترجمة. حسین النصیری، دار ابن طاووس، طبعة 3، 2010.
حول التأصیل الاسلامی للعلوم الاجتماعیة، محمد قطب، دار الشروق، طبعة2، 2006.

مترجم
ئاستانە
ئاستانە
تهیه‌کننده
ئاستانە
ئاستانە

بیشتر از ئیلحاد

مشاهده همه