تیرۆری فیکری؛ کاتێک «جیاوازی» دەکرێتە «خیانەت»

تیرۆری فیکری؛ کاتێک «جیاوازی» دەکرێتە «خیانەت»

تیرۆری فیکری؛ کاتێک «جیاوازی» دەکرێتە «خیانەت»

نووسەرئاستانەئاستانە
دوو خولەک خوێندنەوە ٨ بینینەکان ٢٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦

تیرۆری فیکری؛ کاتێک «جیاوازی» دەکرێتە «خیانەت»


ئەمەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت، جۆرێکە لە «تیرۆری فیکری». ئەم جۆرە تیرۆرە گوللە بەکار ناهێنێت، بەڵکوو «وشە» و «تۆمەت» بەکار دەهێنێت بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتیی بەرامبەر. فەزایەک دروست کراوە کە تێیدا پێوەر بۆ نیشتمانپەروەری بریتی نییە لە خزمەتکردن و پەرۆشی بۆ کوردستان، بەڵکوو بریتییە لە «کۆیلەبوون» بۆ بتێکی داتاشراو و فیکرێکی دیاریکراو، کە بریتییە لەوەی: «ئەوەی لەگەڵ من نەبێت و دژی من قسە بکات، وەک ئەوە وایە دژایەتیی گەل و نەتەوە و خاک و نیشتمانی خۆی دەکات».


ئەو بیرکردنەوەیەی لە ئێستادا باڵادەستە، دەیەوێت بە زۆر وا لە خەڵک بگەیەنێت کە «کوردایەتی» و «نیشتمانپەروەری» موڵکی تاپۆکراوی ئەوانە. هاوکێشەکەیان زۆر ترسناکە: «یان وەک من بیر دەکەیتەوە، یان تۆ دوژمنی گەل و نیشتمانیت!».


کاتێک دێیت و ڕەخنە لە دیاردەیەکی نامۆ دەگریت، یان دەتەوێت سنوورێک بۆ سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان دابنێیت -بەتایبەت لە ئێستادا-؛ یەکسەر مەکینەی میدیایی و سوپای ئەلیکترۆنییان دەکەوێتە گەڕ. هەرچی بێتە سەر زمانیان نایگەڕێننەوە، هەرچی بیانەوێت دەیکەن و، شوێنکەوتەیەکی کوێرانەی بتەکانی سەردەمن.

ئەوان نایەن بە بەڵگە و مەنتق وەڵامت بدەنەوە، بەڵکوو پەنا دەبەنە بەر چەکی «ئیرهابی فیکریی بەرانبەر».


ئەم تیرۆرە فیکرییە لە ئێستادا دەیەوێت «تاکی بێدەنگ» دروست بکات، نەک «تاکی هۆشیار». ئەوان دەیانەوێت تاکی کورد وا لێ بکەن کە شەرم بکات لە دەرخستنی شوناسی ئیسلامییەتیی خۆی، لە ترسی ئەوەی پێی نەگوترێت «جاشی بێگانە» یان «شوێنکەوتەی عەرەب».

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە: گەورەترین خیانەت لە نیشتمان ئەوەیە کە میللەتەکەت بە ناوی ئازادییەوە بەرەو هەڵدێری دەمارگیریی نەتەوەیی و بێباوەڕی ببەیت.


جا لەم جەنگە دەروونی و فیکرییەدا، دۆڕاو ئەو کەسە نییە کە جنێوی پێ دەدرێت یان تۆمەتبار دەکرێت؛ دۆڕاو ئەو کەسەیە کە لەژێر فشاری ئەواندا ڕەنگ و دەنگی خۆی دەگۆڕێت و، لە ترسی قسەی خەڵک، قسەی خودا دەشارێتەوە.


با ئەوان بەردەوام بن لە بەخشینەوەی تۆمەتەکانیان و دروستکردنی بتە نوێیەکانیان، ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر بنەما نەگۆڕەکانمان. چونکە دواجار، مێژوو بە دەنگی بەرز و ڕوون دەنووسێتەوە: کێ خەمخۆری ڕاستەقینەی ئەم خاک و نەتەوەیە بوو بۆ ئەوەی سەرفرازیی دنیا و قیامەت ببن و، کێش بازرگانیی بە هەست و سۆزی ئەو خەڵکە دەکرد بۆ مەرامەکانی خۆی.


سەربەرز بن و مەترسن، چونکە ئێوە خاوەنی پەیامێکن کە زەوی و ئاسمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نەک تەنیا پەیامێک کە پارچەزەوییەک بە پارچەیەکی ترەوە دەبەستێتەوە.

وەک چۆن ئیبراهیم (عليه السلام) لە بەردەم بتەکاندا تەنیا وەستا، بەڵام مێژووی گۆڕی.


ئامادەکردنی: ئیبراهیم حوسێن


#ئاستانە_Astana

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە سیاسەت

هەموویان ببینە