کۆرۆنا، سەرمایەداری، و بە پەیژەکردنی ئازارەکانی مرۆڤ!
لەدەستدانی کار، مایەپوچبوونی کارگەکان، داڕووخان لە بۆرسەکاندا، هەڵاوسانی ئابووری.
ترسێک بە ناو گەلانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، جاڕ دەدرێت بۆ هەڵکوتانە سەر بازاڕەکان لە ئیتاڵیا، وە ئاڵۆزی و شەڕ و کوشتن لە ئەمریکا لەسەر ئاڵتونی کۆرۆنا بە واتای:کلێنسی تەوالێت، خەڵک پەلاماری یەک ئەدەن لە مارکێتەکاندا لەسەر پاکەتێک کلێنس.
پارەی پاشەکەوتکراوی خەڵک بە کاردەهێنرێت، خاوەن کارەکان بێکار دەبن، پڕۆژە گەشەکردووەکانی دوێنێ و پێرێ ئەمڕۆ مایەپووچ دەبن، هەمووان لە ڕێی داڕوخانی ئابووریدان.
بەڵام تەنها یەک سوودمەند بوونی هەبوو: دەوڵەمەند و کارگە سەرمایەدارە_ (الرأسمالية)_گەورەکان، باشە بۆچی قەیرانی کۆرۆنا کاری 30ملیۆن فەرمانبەری ئەمریکی لەناوبرد کەچی لە هەمانکاتدا 308ملیار دۆلاری خستە سەر حسابی دەوڵەمەندەکان هەر لە ئەمریکادا.
باشە سیستمی سەرمایەداری چۆن سەیری کارەساتە مرۆییەکان دەکات؟ وە چۆن لەو بارودۆخەدا وەبەرهێنان دەکات تا قازانجێکی زۆر زیاتر بکات لە زەرەر؟
جیهانێک لە دڕندەیی..
ترسێک دڵی ئەورووپییەکانی داگرت.
وە کۆمەڵێک دیمەن کە بە خەیاڵماندا نەدەهات لە ڕاستیدا ڕوویدا.
لە بەریتانیا ژمارەی حاڵەتەکانی کوشتن چەندقات بوویەوە لە ماوەی سێ هەفتەی یەکەمی کەرەنتینەدا.
وە لە ئەمریکادا خەڵک تەنها لە خەمی ڕزگاریدان، وە خاوەن کارەکان تەنها بەشوێن قازانجدا دەڕۆن.
کۆمەڵێک بەهای وەک (هاوخەمی و برایەتی و بەرپرسیارێتی هەڵگرتن) هەر لە باسدا نەماون، لۆژیکی بەربەرێتی و قازانج پەرستی گیراوەتە بەر جا زەرەر لە هەر شتێک و هەر کەسێک بدات ئەوان بێخەمن.
خاوەن عەقار و پڕۆژەکانی خانووبەرە لە ئەمریکا بێکاربوونی خانمان بە هەل دەزانن و داوای خزمەتگوزاری سێکسی لەو ئافرەتانە دەکەن کە شوققەیان بە کرێگرتووە لە بەرێتی مانەوەیان لەو شوققە و عەقارانەدا.
جا لە کەنەدا هەفتانە 500 خاوەن کێڵگە هەڵدەستن بە ڕژاندنی 5ملیۆن لیتر شیر بۆ ئەوەی پارێزگاری لە جێگیربوونی نرخی شیر لە بازاڕەکاندا، لە کاتێکا کە ساڵانە 9 ملیۆن مرۆڤ لە برسان دەمرن.
کێڵگەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەمان کار دووبارە دەکەنەوە بۆ پاراستنی نرخ لە بازاڕەکاندا، کۆی بڕی ئەو هێلکانەی لەناوئەبرێن تەنها لە یەک هەفتە و تەنها لە یەک کێڵگەدا 750هەزار هێلکەیە.
لەوانەیە هیچ کەس ڕێگەیەکی باشتری نەبیستبێت بۆ پاراستنی نرخ و بەفیڕۆنەدانی ئەم بڕە زەبەلاحە و سوودلێوەرگرتنی لە هەمانکاتیشدا قازانجێکی گەورەشی لەگەڵبێت، کە ئەم ڕێگەیەش بریتییە لە (سیستمی وەقفی ئیسلامی).
جا مسوڵمانان بە درێژایی مێژوویان هەرکات بڕی عەمبارکراویان گەشتبێتە ئاستی (خۆژێنی) پەنایان بردۆتە بەر حەبسکردنی کێڵگەکان لە فڕۆشتن و بە میرات بردن، وە بەرهەمی ئەو کێڵگانە دابەشکراوە بەسەر هەژار و کەمدەستەکاندا.
بۆ نموونە شیریان وەقف کردووە و لە ڕێگاکاندا دایانناوە کە ئەوانەی هاتووچۆ ئەکەن و تێپەڕ ئەبن لێی بخۆنەوە.
هەروەها ئوتێل و شوێنی مانەوەیان وەقفکردووە بۆ ڕێبواران.
تەنانەت بۆ ئەو سەگە وێڵانەی کە خواردنی خۆیان بۆ نادۆزرێتەوە، زیادە بەرهەمەکانیان داوە بەوانە، تا ئەو خواردنە فڕێنەدرێتە سەر زەوی و بەبێ سوود لەناوبچێت.
ئەوە ئەو هاوسۆزی و کەفالەتە کۆمەڵایەتییەیە کە لە جومگە جیاجیاکانی شەریعەتی ئیسلامییەوە هەڵدەقوڵێن،هەمان ئەو بەهایانەن کە شارستانییەتی ڕۆژئاوا ونیکردوون وە شوێنێک بۆ ئەم مانایانە نادۆزێتەوە لە جیهانی مادی تاکدا، ئەمە هەر ئەو مانایانەن کە بیروباوەڕی ئیسلامی جوڵاندوونی و ئەو هەستە بەرزانەی پێکهێناوە بە هۆیەوە کە ئاگایان لەو حاڵەتە وورد و تەسک و دەگمەنانە هەیە، لە هەموو سووچەکانی کۆمەڵگاو و هەر کایەیەک لە کایەکانی ژیاندا.
ئێمە بمرین و دۆلار بژی!!!
پاراستنی تەندروستیمان گرنگترین ئامانجە، وە دوورکەوتنەوەمان لە مەترسی ئەرکی ئەم قۆناغەی ئێستەیە.
ئەی وانییە؟
لە ڕاستیدا لە سیستمی سەرمایەداریدا وانییە!!!
چونکە ژیانی مرۆڤەکان هیچ نرخێکی نییە لە بەرامبەر بەردەوامیدان بە تێڕژانی دۆلار بۆ ناو باخەڵی دەوڵەمەندەکان.
هەروەک سەرۆک شارەوانی تەکساس بە ڕاشکاوی وتی:"باپیرانی ئێمە ژیانیان کردۆتە قوربانی ئابووری، کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش وەک ئەوان بکەین"
کەواتە با ئێمە بمرین و دۆلار بژی، ترامپ هاواری ئەمە ئەکات و سەرمایەداریش جاڕ بۆ ئەمە دەدات.
Jeremy warner
کە ڕۆژنامەوانێکی بەریتانییە وتارێکی نووسیوە و باس لەوە دەکات کە مردنی بەتەمەنەکان هەلێکی زێڕینە بۆ بارسووککردنی خەرجییەکانی دەوڵەت کە بە هۆی بیمەی تەندروستی و ژیاندنی بەساڵاچووەکان باری قورسبووە.
هەروەها (June andrews) کە مامۆستای زانکۆیە و بەرپرسی حکومی بووە پێشتر بە ڕاشکاوی وتویەتی کە ئەم ڤایرۆسە (بەسوودە) بۆ (کوشتنی) ئەو بەساڵاچووانەی کە قەڕەوێڵەی چاودێری ووردییان لە نەخۆشخانەکان گرتووە.
هەر لە کۆنەوە لە زۆرێک
نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا پڕۆتۆکۆلی وەرگرتنی قەڕەوێڵەی چاودێری وورد گۆڕدراوە بە مەبەستی پێشخستنی گەنجان بەسەر بەتەمەنەکاندا، بەڵکو پیرەکان بە هاوڵاتی پلە دوو بژاردەکرێن.
مرۆڤایەتی خەریکە چی لێ دێت؟
ئەم وەحشیگەرێتییە چییە کە تێیدا دەژین.
پڕەنسیپەکانی قازانج پەرستی ئامادەیە کە (بێ سوودەکان لە کایەی ئابووریدا) بکوژێت، تەنها لە پێناو جەمدانی پارە بۆ خاوەن سەروەتەکاند.
بۆچی ئاوازی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن لە:(پەتاکە تەنها بەتەمەنەکان دەگرێتەوە) گۆڕا بۆ:(خۆشبەختانە پەتاکە تەنها بەتەمەنەکان دەگرێتەوە)؟!
ئەم سیستمە پیر و پەککەوتە و بێ تواناکان تەنها وەک کۆمەڵێک بەکاربەری بێ بەرهەم و بێنرخ دەبینێت لە سیستمی ئابوریدا، جا کێشە نییە کە ئەم (زیادە و بێ سوودانە) لەناو بدرێن.
کەواتە ئەم سیستمە سەرمایەدارییە کە پیروپەککەوتەکان لەناودەبات لەپێناو سوڕانەوەی ئاشی قازانجی خۆی، جیاوازی چییە لەگەڵ نازییەکان کە لاواز و بەتەمەنەکانیان دەکردە قوربانی مانەوەی ڕەگەزی ئاری!؟
دیسان نازییەکان کە تاقیکردنەوەیان لەسەر ڕەگەزە نائارییەکان دەکرد،خراپەیان چی زیاترە لە پێشنیارەکەی سەرۆکی یەکەی چاودێری وورد لە نەخۆشخانەی(کۆشین) لە پاریس کە ووتی با تاقیکردنەوە تایبەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کیشوەری ئەفریقا بخەینە کار و ئەفریقییەکان وەک مشکی تاقیگە بەکاربێنین؟
باشە مرۆڤایەتی بۆ تا ئەم سنوورە سەرگەردان بووە دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گەشتۆتە لوتکەی ڕۆشنگەرایی شارستانی؟
تۆ بڵێی ئەم چاڵە چەند قوڵ بێت کە سیستمی سەرمایەداری ئێمەی تێهاویشتووە.
ئەمە لە کوێی سیستمی فیقهی ئیسلامییەوەیە کە نرخ ئەدا بە ژیانی مرۆڤەکان تا بەرزترین ئاست کە بکرێت.
چونکە پاراستنی گیان(نفس) مەبەستێکی پیرۆزی شەریعەتە کە گەورە و بچووک و زانا و عەوام و پیاو و ژن تێیدا یەکسانن.
ئەمە جوانییەکانی شەریعەتی پیرۆزە.
ئەو شەریعەتەی کە سەرمایەداری و ستەمگەرایی شوێنیان گرتۆتەوە،جیهان زۆری لەدەستدا بە هۆی ئەمەوە، ئای جیهان چەندەی دۆڕاند بەهۆی خوارکەوتنی مسوڵمانانەوە؟
بۆتە جیهانێک کە شەڕ تەنها بۆ قازانج دەکات، وە ڕۆحی مرۆڤەکان دەکاتە قوربانی مشتێک پارە.
جیهانێک کە تێیدا هەژار دەمرێت لە پێناو دەوڵەمەند، وە لاوازەکان فڕێئەدرێنە سەر شەقامەکان بۆ مانەوەی بەهێزەکان.
ئەوە جیهانی سەرمایەدارییە.
ئەو جیهانەی کە خوداکەی دۆلار و شەریعەتەکەی قازانجە.
بە خامەی/إسماعيل عرفة

ئەوەی پێویستە لەسەر کۆڕۆنا بیخوێنینەوە .
کۆرۆنا، سەرمایەداری، و بە پەیژەکردنی ئازارەکانی مرۆڤ! لەدەستدانی کار، مایەپوچبوونی کارگەکان، داڕووخان لە بۆرسەکاندا، هەڵاوسانی ئابووری. ترسێک بە ناو گەلانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، جاڕ دەدرێت بۆ...
ئەوەی پێویستە لەسەر کۆڕۆنا بیخوێنینەوە .
کۆرۆنا، سەرمایەداری، و بە پەیژەکردنی ئازارەکانی مرۆڤ! لەدەستدانی کار، مایەپوچبوونی کارگەکان، داڕووخان لە بۆرسەکاندا، هەڵاوسانی ئابووری. ترسێک بە ناو گەلانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، جاڕ دەدرێت بۆ...
نووسەر
ئاستانە
پێنج خولەک خوێندنەوە ٦٥١٢ بینینەکان ١٧ حوزەیران ٢٠٢٠



